Draw Media

هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق: سیناریۆی پێگەی پارتەكانی هەرێم

هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق: سیناریۆی پێگەی پارتەكانی هەرێم

2021-03-09 11:33:27


شیكاری: درەو

لەگەڵ ئەوەی لە بنەمادا سیستمی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیموكراتی ترەو هەل بۆ پاڵێوراوە سەربەخۆكان دەڕەخسێنێت بۆ دەستخستنی كورسی لەدەرەوەی حزبەكان، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتە شیكارییە بۆت دەردەكەوێت، پێگەی لایەنە سیاسییە گەورەكان گەورەترو مامناوەندەكان بچوكتر و دەنگی بچوكەكانیش دەكات ئاردی ناو دڕك.

سەرەتایەکی پێویست
وا بڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز دەبێت بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛ 
یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛
1.    پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتا (پێكهاته‌كان).
2.    پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس.
دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە: 
ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن. 
سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆپاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
بەپێی ئەم ماددەیە:
1.    عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
2.    پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛
3.    کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییه‌كه‌.
4.    کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی، بە مەرجێ:
‌‌ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.
ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.
ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (‌ا، ب، ج، د) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.  

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی دروستکردنی هاوپەیمانیدا
لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری)، نەوەی نوێ)، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کورسیان هەیە، پێگەیان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) شی دەکەینەوە.
بۆ شیکردنەوەکانیش پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین لەبەر ئەوەی:
یەکەم: دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت.
دووەم: ئەو زانیاریانەی لەبەردەستن بە وردی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانە، ئێمە لێرەدا پشتمان بە ئەنجامەکانی بەستووە.
سێیەم: ئەم راپۆرتە تەنیا شیكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشووەو دابەشكردنیەتی بەسەر بازنەكاندا، كە بێگومان لەو ماوەیەدا چەندین گۆڕأنكاری روویان داوەو كاریگەریان لەسەر زیادبون و كەمبوونی دەنگی لایەنەكان دەبێت. 

پێش دەستکردن بە شیکارییەکان، پێویستە چەند تێبینیەک بخەینە ڕوو کە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دەبێت و پێویستە لە بەرچاو بگیرێت، ئەوانیش:
یەکەم: چاوەڕوان دەکرێت هێز و گروپی نوێ بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، بەهێزتیرن گریمانەش لە ئێستادا (هاوپەیمانی هیوا)یە کە لە (١٥) پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەران پێکهاتوون بەم شێوەیە (٥ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان، ٣ پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ، ٢ پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری)، ٢ پەرلەمنتاری یەکگرتووی ئیسلامی، ٢ پەرلەمنتاری پێشووی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری (سەربەخۆ)، ١ پەرلەمانتاری تەڤگەری ئازادی)، کاریگەری ئەم لیستە نوێیەش بەمشێوەیە دەبێت؛
1.    زۆرترین کاریگەری لەسەر دەنگەکانی بازنەکانی پارێزگای سلێمانی بەجێدەهێڵێت، چونکە (١٠) پەرلەمانتاریان لە سنوری بازنەکانی پارێزگای سلێمانی دەنگیان پێدراوە (٤) یان لە بازنەکانی هەولێر و (١) پەرلەمانتاریان لە پشکی پارێزگای دهۆکە.
2.    دوای ئەوەی بەشێک لە دەنگی ناڕازی ئەو بەرەیە کۆدەکەنەوە کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو کە بە (بەرەی بایکۆت) ناسرابوون، کاریگەرییان لە سەر دەنگی پارتە سیاسییەکان بەم جۆرە دەبێت؛
1.    زۆرترین کاریگەری لەسەر دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵێن، بەو پێیەی (٥) ئەندامیان پێشتر لەسەر لیستی گۆڕان بوون، سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەکە توشی جۆرێک لە پاشەکشە بووە، بەهۆی نەبوونی میدیایەکی بینراو لە بەرامبەر میدیا بینراوە کاریگەرەکانی لایەنەکانی تر. لەلایەک ترەوە بەشداری کردنی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لای بەشێک دەنگدەران و هەڵسوڕاوێکی زۆر نیگەرانی دروستکردووەو حکومەتیش لە ئاستی پێویستدا نییە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ناڕازییەکانی ناوخۆی بزوتنەوەکە سەنگەریان لێ گرتووە.
2.    نەوەی نوێ لەدوای بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەو هێزە دەبێت کە زیان بە قەبارەکەی دەکەوێت، لەبەر ئەوەی (4) لە ئەندامەکانی گروپی (١٥) لەسەر پشکی ئەو جوڵانەوەیە بوون بە پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لێی جیابوونەتەوە، ئەمەش جۆرێک لە بێ ئومێدی بۆ دەنگدەرەکانی ئەو جوڵانەوەیە دروست دەکات.
5.    لایەن ئیسلامییەکان (یەکگرتووی و ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری)) دوو هێزی دیکە دەبن لەو هێزانەی کە زیانیان پێدەگات لە دوای بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێوە، چونکە سەرەڕای ئەوەی ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران چونەتە نێو هاوپەیمانی هیواوە، دەنگەکانی ئەوان و ئەو هێزانەی دیکەش لە بازنەکانی پارێزگاکان پەرش و بڵاو دەبنەوە ئاسان نابێت دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی بەدەستبهێنن، جا بە بۆنەی (هاوپەیمانی هیوا)وە بێت، یان هەر جۆرە هێزێکی نوێی دیکە کە بەشداری پرۆسەکە بکات.
8.    پارتی بە پلەی یەکەم و یەکێتی بە پلەی دووەم، سودمەندی سەرەکی سەرهەڵدانی هێزو لایەنی دیکە دەبن لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە هێندەی دیکە دەنگی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی پەرت دەبن، چونکە ئەو هێزانە بەهۆی ئەو جۆرە لە فرە بازنەیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جارێک دەنگەکان پەرت پەرت بووە جارێكی تریش توشی په‌رتبوون ده‌بن.
دووەم: گریمانەی شیکارییەکان لەسەر ئەو بنەمایەیە، پارتە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن کە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان هێناوە. 
سێیەم: ئەو هێزانەی (بەتایبەت یەکێتی و پارتی) کە دەنگەکانیان زیاترە لە هی کاندیدێک یان زیاتر لە بازنەکانی هەڵبژاردن، دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی کاندیدەکانی خۆیان ڕابگرن، وەک ئەوەی ئێمە گریمانەمان کردووە، چونکە لاوازی دەنگی هەر پاڵێوراوێکی لایەنێکی بەهێز خزمەتی بە پاڵێوراوێکی بەهێزی لایەنێکی لاواز دەکات، لە شیکارکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن ئەمە زیانر ڕونده‌بێته‌وه‌.
چوارەم: پاڵاوتنی ئافرەتی بەهێز بۆ ئەو هێزانەی ئەگەری دەرچونیان لە بازنەیەک لاوازە چانسی لایه‌نەکە زیاد دەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسی، لە شیکارییەکانی خوارەوەدا ئەم زیاتر روندەبێتەوە.


دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکان و گریمانەی ئەنجامەکان 

یەکەم: پارێزگای هەولێر
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای هەولێر(١٥) كورسی گشتی و (1) كورسی تایبه‌تی مه‌سیحییه‌كانی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٤) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا) لە خوارەوە شیکردنەوە بۆ هەر بازنەیەکی ئەو پارێزگایە دەکەین.


شیکاری بازنەی (١):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٠.3%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (١٠) هەزار لە دواوەوەیە.
3.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی هەولێر، بە مەرجێک یه‌كێك له‌ پاڵێوراوه‌كانی ئافره‌ت بێت و هاوكات جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، چونکە ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی دەنگەکانی بێتە خوار ئەو ڕیژەیەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەستیهێناوەو هاوکات یەکێتی بە (١) پاڵێوراو لەم بازنەیە بەشداری بکات و سەرجەم دەنگەکانی کۆبکاتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ کاندیدەکەی یەکێتی سەردەکەوێت. 
4.    یەکێتی بۆ ئەوەی چانسێکی لانی کەم کەمیشی هەبێت و لەم بازنەیە (١) کورسی بەدەستبهێن، پێویستە پاڵیوراوەکەی ئافرەت بێت، خۆ ئەگەر پارتی پاڵێوراوێکی ئافرەتی هەبێت و ژمارەی دەنگەکانی لە هی ئەو زۆرتربێت ئەو چانسەشی بۆ نامێنێت.  
5.    هیچ پارتێکی سیاسی جگە لە پارتی کورسی بەدەست ناهێنێت، لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر.


شیکاری بازنەی (2):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی(48.9%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی. 
3.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (3) کورسی لە بازنەی (2)ی هەولێر بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری ئەگەر تەنها (١) پاڵێوراوی هەبێت، بەڵام ئەگەر (٢) پاڵێوراوی هەبێت و هەوڵبدات یەکێکیان ئافرەت بێت، بردنی کورسی دووەمی بەشێوەی کۆتا لاواز دەبێت و مەترسی بۆ سەر کورسی یەکەمیشی دروست دەبێت.
4.    لە بازنەی (٢)ی هەولێر پارتی (٣) کورسی و یەکێتی بە (١) کورسی براوە دەبن و سەرجەم لایەنەکان بێ بەش دەبن لە سەرکەوتنی پاڵێوراویان.


شیکاری بازنەی (3):
1.    لەم بازنەیەدا (3) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (56.6%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (3) هەزار لە دواوەوەیە.
3.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (3) کورسی لە بازنەی (3)ی هەولێر، بە مەرجێک یه‌كێك له‌ پاڵێوراوه‌كانی ئافره‌ت بێت و هاوكات جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، چونکە ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی دەنگەکانی بێتە خوار ئەو ڕیژەیەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەستیهێناوەو هاوکات یەکێتی بە (١) پاڵێوراو لەم بازنەیە بەشداری بکات و سەرجەم دەنگەکانی کۆبکاتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ کاندیدەکەی یەکێتی سەردەکەوێت.
4.    یەکێتی بە پلەی یەک یان هەر هێزێکی دیکە دوای ئه‌و بۆ ئەوەی چانسێکی لانی کەم کەمیشیان هەبێت بۆ ئەوەی یەکێکیان لەم بازنەیە (١) کورسی بەدەستبهێنن، پێویستە پاڵیوراوەکەیان ئافرەت بێت، خۆ ئەگەر پارتی پاڵێوراوێکی ئافرەتی هەبێت و ژمارەی دەنگەکانی لە هی ئافرەتەکانی هێزەکانی دیکە زۆرتربێت ئەو چانسەشیان ده‌سوتێت.  
5.    هیچ پارتێکی سیاسی جگە لە پارتی کورسی بەدەست ناهێنێت، لە بازنەی (3)ی پارێزگای هەولێر.

شیکاری بازنەی (4):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (52.2%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی. 
3.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (3) کورسی لە بازنەی (2)ی هەولێر بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری ئەگەر تەنها (١) پاڵێوراوی هەبێت، بەڵام ئەگەر (٢) پاڵێوراوی هەبێت و هەوڵبدات یەکێکیان ئافرەت بێت، بردنی کورسی دووەمی بەشێوەی کۆتا لاواز دەبێت و مەترسی بۆ سەر کورسی یەکەمیشی دروست دەبێت.
4.    لە بازنەی (4)ی هەولێر پارتی (٣) کورسی و یەکێتی بە (١) کورسی براوە دەبن و سەرجەم لایەنەکان بێ بەش دەبن لە سەرکەوتنی پاڵێوراویان.


دووەم: پارێزگای سلێمانی
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای سلێمانی (١٨) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٥) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا) لە خوارەوە شیکردنەوە بۆ هەر بازنەیەکی ئەو پارێزگایە دەکەین.


شیکاری بازنەی (١):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (35.4%)ی دەنگەکانی هەیە، بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (29.1%) دەنگەکانە. بۆیە دەکرێت بوترێت یەکێک دەبێت لە بازنە پڕ کێبڕکێکانی نێوان ئەو دوو هێزە. دەنگی هەردوو پارتەکە دابەشی (٢) بكه‌ین هێشتا هیچ هێزێکی دیکە لە توانایدا نییە بێتە نێو کێبڕکێکەوە.
3.    بەم ئەنجامە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی لە بازنەی (١)ی سلێمانی و بە هەمان شێوە بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی لە هەمان بازنە، بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانیان ڕابگرێت، چونکە ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی هەر لایەنێکیان دەنگەکانی بێتە خوار ئەو ڕیژەیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان  بە دەستیهێناوە، هاوکات دەبێت پارتی بە (١) پاڵێوراو لەم بازنەیە بەشداری بکات و سەرجەم دەنگەکانی کۆبکاتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ کاندیدەکەی سەردەکەوێت، ئەگەر کاندیدەکەی ئافرەت بێت، ڕەنگە چانسی زیاتری هەبێت. 
4.    کەواتە لە بازنەی (١)ی سلێمانی هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان دەبنە خاوەنی (٢) کورسی.

 

شیکاری بازنەی (2):
1.    لەم بازنەیەدا (3) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا بە هەمان شێوەی بازنەی (١) کێبڕکێکە لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ڕێژەی (37%)ی دەنگەکانی هەیە بزوتنەوەی گۆڕانە کە خاوەنی ڕێژەی (29%) دەنگەکانە. ئەگەر دەنگی یەکێتی دابەشی (٢) بکەین هێشتا جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان هیچ هێزێکی دیکە لە توانایدا نییە لەگەڵیدا بێتە کێبڕکێکەوە.
3.    بەم ئەنجامە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی لە بازنەی (٢)ی سلێمانی و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێتە خاوەنی (١) کورسی لە هەمان بازنە، بە مەرجێک یەکێتی جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت و یەکێک لەپاڵێوراوەکانیشی ئافرەت بێت، بزوتنەوەی گٶڕانیش بە تەنها (١) کاندید بەشداری بکات.
4.    کەواتە لە بازنەی (2)ی سلێمانی یەکێتی دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێنە خاوەنی (١) کورسی.
شیکاری بازنەی (٣):
1.    لەم بازنەیەدا (3) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا کێبڕکێکە گەرم دەبێت لە نێوان سێ لایەنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕێژەی (٢٦%)ی دەنگەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەی (١٩%) دەنگەکان کۆمەڵی دادگەری بە ڕێژەی (١٦%). 
3.    پێویستە ئەو لایەنانە یەکی بە (١) پاڵێوراو بەشداری بکەن، ئەگەر نا دەنگەکانیان پەرت دەبێت و ئەو کورسییەش کە مسۆگەرە لە دەستی دەدەن.
4.    پێویستە تەنها یەک پاڵێوراوی یەکێک لەو سێ لایەنە ئافرەت بێت. ئەگەر نا ئەگەری ئەوه‌ی سێیەمیان دەبێت کورسییەکی لەدەست بدات بۆ دوای ئەوەی خۆی کە ئافرەتە. هەروەک چۆن نابێت دوانیان ئافرەتبن، چونکە ئەوەی دووەمیان دەبێت چۆڵی بکات بۆ پیاوێک کە لەدوای دوو کاندیدەکەی تر زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
5.    بەم ئەنجامە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (١) کورسی لە بازنەی (٣)ی سلێمانی و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێتە خاوەنی (١) کورسی لە هەمان بازنە و کۆمەڵی دادگەریش (١) کورسی دەباتەوە.

شیکاری بازنەی (4):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (40.9%)ی دەنگەکانی هەیە، بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (20.5%) دەنگەکانە. تەنانەت ئەگەر ڕێژەی دەنگی یەکێتی دابەشی (٣) بکەین هێشتا هیچ هێزێکی دیکە جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە توانایدا نییە بێتە هاوشانی.
3.    بەم ئەنجامە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٣) کورسی لە بازنەی (٤)ی سلێمانی و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێتە خاوەنی (١) کورسی لە هەمان بازنە، بە مەرجێک یەکێتی جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانیان ڕابگرێت، سەرەڕای ئەوە یەکێک لە پاڵێوراوەکانی ئافرەت بێت، چونکە لە داوای یەکێتی و گۆڕانەوە کۆمەڵی دادگه‌ری ڕکابەرێکی دیار دەبێت بۆ بردنی کورسییەک.
4.    کەواتە لە بازنەی (٤)ی سلێمانی یەکێتی دەبێتە خاوەنی (٣) کورسی و گۆڕان دەبێنە خاوەنی (١) کورسی.


 

شیکاری بازنەی (5):
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (37.5%)ی دەنگەکانی هەیە، بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (23.9%) دەنگەکانەو ئەویش نەوەی نوێ (١٣.4%)ی دەنگەکانی هەیە. تەنانەت ئەگەر ڕێژەی دەنگی یەکێتی دابەشی (٢) بکەین هێشتا هیچ هێزێکی دیکە جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ لە توانایدا نییە بێتە هاوشانی.
3.    بەم ئەنجامە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی لە بازنەی (٥)ی سلێمانی و بزوتنەوەی گۆڕانیش دەبێتە خاوەنی (١) کورسی لە هەمان بازنە و نەوەی نوێش (١) کورسی ده‌باتەوە، بە مەرجێک یەکێتی جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، سەرەڕای ئەوە یەکێک لە پاڵێوراوەکانی ئافرەت بێت، کورسی دووەمی مسۆگەرتر دەبێت.
4.    کەواتە لە بازنەی (٥)ی سلێمانی یەکێتی دەبێتە خاوەنی (٢) کورسی و گۆڕان دەبێنە خاوەنی (١) کورسی و نەوەی نوێ (١) کورسی.



سێیەم: پارێزگای دهۆک
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا) لە خوارەوە شیکردنەوە بۆ هەر بازنەیەکی ئەو پارێزگایە دەکەین. پاشان ئەنجامی بازنەکانی (١، ٢ ، ٣) پێکەوە شیدەکەینەوە، چونکە ئەنجامەکان تا ڕادەیەکی زۆر لێکەوە نزیکن.


شیکاری بازنەی (١، 2، 3)ی پارێزگای دهۆک:
1.    لە بازنەی (١) چوار پاڵێوراو و لە بازنەی (٢) سێ پاڵێوراو لە بازنەی (٣) چوار پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لە سەرجەم بازنەکانی (١، ٢، ٣) پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێژەی بەرچاو لەپێشەوەی دەنگەکانی هێزەکانی دیکەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (ژمارەی کورسییەکانی تایبەت بە بازنەکان) کراوە، هێشتا هێزەکانی دیەکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە دواوەن.
3.    لە هەر سێ بازنەکە پارتی دەبێت کۆتای ئافرەتان لەبەرچاو بگرێت.
4.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک و (٣) کورسی لە بازنەی (٢) و (٤) کورسی لە بازنەی (٣)، بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت، چونکە ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی دەنگەکانی بێتە خوار ئەو ڕیژەیەی کە لایەنێکی دوای ئەو (بە تایبەت لە بازنەی (١) یەکگرتوو و لە بازنەی (٣) یەکێتی) بە ئەگەرێکی لاوازەوە یەکی بە (١) پاڵێوراو بەشداری بکەن و سەرجەم دەنگەکانیان لەو بازنەیە کۆبکەنەوە ئەوا ڕاستەوخۆ کاندیدەکانی ئەوان سەردەکەون. 
5.    یەکگرتوو لە بازنەی (١) و یەکێتی لە بازنەی (٣) بۆ ئەوەی چانسێکی کەمیشیان هەبێت لەو بازنانە کورسی بەدەستبهێن، پێویستە پاڵیوراوەکەیان ئافرەت بێت، خۆ ئەگەر پارتی پاڵێوراوێکی ئافرەتی هەبێت و ژمارەی دەنگەکانی لە هی ئەوان زۆرتربێت ئەو چانسەشیان بۆ نامێنێت.  
6.    هیچ پارتێکی سیاسی جگە لە پارتی کورسی بەدەست ناهێنێت، لە بازنەی (١، ٢، 3)ی پارێزگای دهۆک و پارتی دەبێتە خاوەنی هەر (١١) کورسییەکەی پارێزگاکە.

تێبینی:
یەکەم: لە حاڵەتی دروستبوون و سەرهەڵدانی هێزی نوێ بۆ نمونە (هاوپەیمانی هیوا) ئەگەر دەنگە نارازیەكانی لایەنەكان لەخۆبگرێت  کاریگەری لەسەرئەنجامەکان دەبێت بە جۆرێک؛
1.    ڕەنگە ئەنجامی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرێژەیەكی زۆر بهێنتە خوارەوە.
2.    کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) و نەوەی نوێ زیان بەر دەنگەكانیان دەكەوێت چونکە دەنگەکانی پاڵێوراوه‌كانی ئەو هێزانە لە پارێزگای سلێمانی پەرت دەکات.
3.     ئەو کورسییانەی بە هۆی هاوپەیمانی هیواوە لە دەست ئه‌و هێزانه‌ دەچن، مسۆگەر نییە بچن بۆ هاوپەیمانی هیوا، چونکە دەنگی ئەوانیش پەرت دەبێت و مەرج نییە بیانگەیەنێت بە ئاستی بەدەستهێنانی چەند کورسییەک.
4.    بەڵام بە هەماهەنگی و هاپەیمانێتی ( گۆڕان و نەوەی نوێ و یەكگرتوو، كۆمەڵ، ناڕازیەكان و هاوپەیمانی هیوا) دەتوانن ژمارەیەكی زۆر كورسی بۆ خۆیان مسوگەر بكەن، بەڵام بە تەنیا بەشداری بكەن، ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیان زۆر لاواز دەبێت.
دووەم: لەگەڵ ئەوەی لە بنەمادا سیستمی هەڵبژاردنەکە دیموکراتی ترەو یارمەتی پاڵێوراوە سەربەخۆکان دەدات بۆ گەیشتن بە کورسی، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو شیکارییەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت، پێگەی لایەنە سیاسییە گەورەکان گەورەترو مامناوەندەکان بچوک و دەنگی بچوکەکان دەکات ئاردی ناو دڕک.
سێیەم: بۆ دەربازبوون لەو گرفتەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش ئەوانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی توشیان دەبێت، بژاردەی هاوپەیمانی جیاواز لە ئارادا دەبێت، بۆیە لە ڕاپۆرتی شیكاری داهاتوودا تیشک دەخەینە سەر سیناریۆ و ئەگەرەکانی هاوپەیمانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران. 
 

سەرچاوەکان
١. دەستوری هەمیشەیی عێراق
٢. یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٩ ی ساڵی ۲۰۲۰
٣. ئەنجامی هەڵبژادنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ۳۰ ی ۹ی ۲۰۱٨
٤. ڕاپۆرتی بەرکەوتی قەوارە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۱، پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن.
٥. درەو میدیا، کورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراقدا؛
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=6937

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand