کاتی پێکهێنانی بەرەی رزگاری نیشتمانیە
2018-05-17 10:09:05
فرمان عەبدولڕەحمان .....
بیست و حەوت ساڵ زەمەنێکی درێژە برایینە.. هێزێک یان دەسەڵاتێک لەو ماوە زەمەنیە درێژەدا لانیکەم ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ میللەتەکەی فەراهەم نەکات ئیدی ئەبێ چ ئومێدێکت پێی بێت.
یەکێتی و پارتی زۆریان دەرفەت پێدرا زیاتر لەوەی کە پێویست بوو.
دەرفەتیان پێدرا شەڕی ناوخۆو شەڕی براکوژی بکەن دەرفەتیان پێدرا شەڕی پەکەکە بکەن دەرفەتیان پێدرا بارەگای حیزب بسوتێنن خۆپیشاندان سەرکوت و خەڵتانی خوێن بکەن دەرفەتیان پێدرا پەرلەمان دابخەن و ئیفلیج بکەن دەرفەتیان پێدرا زیاد لە جارێ تەزویراتی گەورە بکەن لە هەڵبژاردندا. دەرفەتیان پێدرا تا ئاستی مالۆس بوون حەقی خەباتی شاخیان بکەنەوە دەرفەتیان پێدرا مۆڵ و ڤێلاو بینای بازرگانی خاڵی لەهەموو رەهەندێکی ئابوری بونیاد بنێن دەرفەتیان پێدرا بیرە نەوت بەش بکەن پۆستە گرنگەکانی وڵات لە نێوان خۆیاندا بەش بکەن.
نەک دەرفەت بە مەسئولەکانیان بەڵکو دەرفەت بە کوڕی کوڕەکانیشیان درا ببنە وزیرو سەفیرو مسئول دەرفەتیان پێدرا کام سازش و خیانەتەی شەرمهێنە ئەنجامی بدەن لە پێناو مانەوەیاندا دەرفەتیان پێدرا کام پارووی گەندەڵی چەورە بینۆشن نازانم لەم بیست و حەوت ساڵەدا دەرفەتی چیان هەبووەو درێغیان لە ئەنجامدانی کردبێت. ئێستا هەموومان دڵنیاین بیست و حەوت ساڵی تریش دەرفەتیان بدرێتێ و دەسەڵاتدار بن هەر ئەوە دەکەن کە کردویانەو هەر ئەوە بوون کە هەن. نائومێدیەکی تاسەر ئێسک کوشندە کۆمەڵگەو هەرێمەکەمانی بارگاوی کردووە. ئەو رێگایەی یەکێتی و پارتی دەستیان داوەتێ رێگای لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی نەتەوەو شکاندنی شکۆو ئیرادەی نەتەوەیەکە کە شۆرشگێرەکانی هێندەی دوژمنەکانی برینداریان کرووە.
ئێستاو دوای ئەنجامدانی ئەو تراژیدیا شەرمهێنەی ۱۲ی ئایار حبزبەکانی دەرەوەی ئەو تەحالوفە جەهەنەمیەی یەکێتی و پارتی لەسەر باتیڵ زەمەنێکی درێژە پێکیانهێناوە دەبێت هەڵوێست و کرداری جدی و پراکتیکی بنوێنن دۆخەکە هیچی وای بەبەرەوە نەماوە یان ئەم بارە لارە راست دەبێتەوە یان کوردو کوردستان لەسەر هەردوو حیزبی پیرو بەسەرچوی وەک یەکێتی و پارتی بەرەو دۆزەخی نغرۆ بوون دەچێ. ئەزمونی حکومەتی هەرێم لەسەر خەرەندێکی ترسناک گیرساوەتەوەو هەردوو حیزبی پەککەوتوو ئێکسپایەر بێ باکن لەوەی بەرەو هەڵدێر بچێ یان نا تەنها خۆیان بمێننەوە لەوە بترازێ باکیان بە هیچ نیە.
یەکگرتوو کۆمەڵ و هاوپەیمانی و تەنانەت نەوەی نوێش پێویستە بەرەیەکی بەرفراوانی جەماوەری گەورە پێکبهێنن و بە زووترین کات کۆنگرەی رزگاری نیشتمانی ئەنجام بدەن و لە یەکەم هەنگاودا بەرەی رزگاری نیشتمانی رابگەیەنن و پێکەوە خەباتێکی سیاسی و مەدەنی و میدیایی گەورەو بێ سنور لە دژی ملهوڕیە کوشندەییەکانی یەکێتی و پارتی دەست پێ بکەن کات کەم ماوە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگو یەکلاکەرەوە لەپێشە بە بروای من دوا دەرفەتی گۆڕانکاری ئاشتیانەو هێمنانەیە یان کۆتایی بەم دەسەڵاتە ستالینیە دەهێنرێت کە بیست و حەوت ساڵە یەک جۆر ناسۆری بەرهەم دەهێنێ یاخود دەرگای دۆزەخیان لێ دەخرێتە سەر پشت. ئیدی ناکرێ ئەم دۆخی ناعەدالەتی و هەژاری و چەتەگەراییە بەردەوام بێت و بە هەموو شێوەیەک ئەم دوو حیزبە ئەزمونی خۆیان بۆ دەسەڵات درێژە پێ بدەن ئەو زەمەنە تێپەڕی کوردایەتی لێوان لێو بە خیانەت و سەرشۆڕی بە خەڵک بفرۆشرێتەوە دەبێت ئەو قۆرخکاریەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کۆتایی بێت و دەرفەت بە هێزی دیکە بدرێ تاقی بکرێنەوە بۆ ئەم ئامانجەش تەنها میکانیزم دروستکردنی بەرەی رزگاری نیشتمانیە..