واقعبینی، یان ملكه‌چی بۆ واقعی حاڵ؟!
2021-03-30 10:11:29
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
ناتوانرێ واقعبینی له‌كایه‌ی سیاسه‌تدا، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ "واقعبینیی سیاسی Political Realism" بۆ كۆمه‌ڵێك مانای نه‌خوازراو و نه‌شیاو كورتبكرێته‌وه كه كه‌س قبوڵیان ناكات مه‌گه‌ر نه‌زان و لاوازه‌كان!. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، تۆ ناكرێ واقعبینی له‌سیاسه‌تدا یه‌كسان بكه‌یت به خۆڕادهستكردنێكی به‌لاش به‌وه‌ی كه واقعی حاڵ به‌سه‌رتدا ده‌یسه‌پێنێت، یان بێ هیچ هه‌ستێكی ره‌خنه‌گرانه، یان رۆشنبیرییه‌كی تیۆریی و ئارگۆمێنێكی عه‌قڵانی، واقعت به كۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه هه‌ن و سه‌روه‌رن، قبوڵ بێ.
له‌م سه‌رنجه تیۆرییه‌دا، ده‌مانه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر تێزێكی ئایدیولۆژیی دژه واقع، یان هه‌ر بیروباوه‌ڕێكی شۆڕشگێڕیی، یان هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی یۆتۆپی و ئایدیاڵێكی مرۆیی، ره‌خنه له واقعبینیی سیاسی بگرین. راسته ئه‌و پێودانگ و پێوه‌رانه‌ش، بۆ سه‌یركردنی واقع، بێ سوود نین و به‌شی خۆیان كاریگه‌رن، به‌تایبه‌تی كه مرۆڤ زۆرجار ناتوانێ بێ خه‌یاڵ و بێ ئایدیاڵ بژی، ناشتوانێ به‌رگه‌ی واقعێك بگرێت كه دژ به به‌رژه‌وه‌ندی و خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانی بێت.
ئێمه ئه‌م تێزانه ئه‌سه‌لمێنین و دژی نین، له‌بنه‌ڕه‌تیشدا، مرۆڤ، له‌جیهانی هاوچه‌رخدا، كه به‌قۆناغێكی پێشكه‌وتووی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت و زانست و ته‌كنه‌لۆژیاو په‌یوه‌ندیكردن Communication وه‌رچه‌رخانی یه‌كجار گه‌وره‌یان بۆی دروستكردووه، هێشتاو تا ئێستاش بونه‌وه‌رێكه له‌وه ناكه‌وێ كه شوێنكه‌وتووی هه‌ندێ تایپی نوێی بیری ئایدیۆلۆژی بێ!، ئه‌مه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر، به‌هۆی كه‌وتنی نازیزم و فاشیزم، ئاسه‌واره‌كانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م(1939-1945ز)، روخانی دیواری به‌رلین(1989ز)، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤێت و بلۆكی سۆشیالیزم، بڵاوبوونه‌وه‌ی گهردونییانهی به‌هاكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی، یان سه‌رهه‌ڵدانی جیهانگیرییه‌وه Globalization، باوه‌ڕبوون به‌ئایدیۆلۆژیا سه‌رتاسه‌رییه‌كان، یان ئه‌وه‌ی جان لویتار Lyotard ( (1924-1998پێی ده‌ڵێ، "حیكایه‌ته گه‌وره‌كان/ Master-narrative" ته‌واو له‌ق بووبێت و باوی نه‌مابێت و بووبێته جۆرێك له‌جۆره‌كانی دۆگمایی-ش.
به‌مانایه‌كی تر، راسته هێشتا ئایدیۆلۆژیا، هه‌روه‌ك ئۆگست كۆنت(1798-1857ز) پۆلێنی ده‌كات، قۆناغێكی به‌سه‌رچوو نییه له‌مۆدێلی فكری مرۆیی، به‌ڵكو له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، ئایدیۆلۆژیا، به‌شێوازی نوێ و جیاواز، هه‌ندێجاریش كلاسیكی و بگره ههمهجییانهش، به‌رده‌وامه!، هه‌روه‌ك له ره‌فتاری گروپه بنهڕهتخوازهكاندا Fundamentalism ده‌یبینین، یان له دروشمی گروپه راستڕه‌وه رادیكاڵه‌كان.
به‌م مانایانه، ره‌خنه‌ی تیۆری له‌چه‌مكی واقعبینی سیاسی لێره‌دا، به‌مانای ره‌خنه‌ی زانستییه له پرسی به ئایدیۆلۆژیاكردنی ئه‌م چه‌مكه، رووتكردنهوهیهتی له‌و ساته مێژووییانه‌دا كه ده‌كرێته بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی ئایدیۆلۆژی، یان ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی و هه‌ژموونگه‌رایی بسه‌پێنرێت و ئه‌م سه‌پاندنه‌ش به واقعێكی نۆرماڵ و بێ گرفت وێنا بكرێت: چ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه كه دڵخوازی واقعی حاڵن و ئه‌یانه‌وێ واقعێكی دیاریكراو، بێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك، درێژه‌ی هه‌بێت!، چ ئه‌وانه‌ش كه به‌پاساوی واقعبینییه‌وه، بهواقع رازی ده‌كرێن!.
ره‌خنه‌ی زانستییش لێره‌دا، به‌مانای ره‌تكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژی نییه له‌واقع، ته‌نانه‌ت جێگره‌وه‌شی نییه. جیاوازیی نێوان ره‌خنه‌ی زانستی و ره‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژی له واقع ئه‌وه‌یه كه، یه‌كه‌میان مژده‌ی واقعێكی باشتر له‌به‌رامبه‌ر واقعی حاڵ به‌كه‌س نادات. ره‌خنه‌ی زانستی گره‌نتیی گۆڕینی واقع به واقعێكی لهقوتونراوی شیاوتر ناكات!، ئه‌و له‌باشترین حاڵ‌دا كۆمه‌ڵێك پێشنیاز‌و راسپارده‌ی هه‌یه كه گرێی ده‌داته‌وه بهمێژووییهكی دیاریكراوه‌وه، وه‌كو راستیی ره‌هاش نایاننوێنێت ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك راستییه‌كی به‌شه‌كی(جزئی/Partial) و شایه‌ن بهپیاچوونهوهو راستكردنه‌وه ده‌یانخاته‌ڕوو، له‌كاتێكدا كه دووه‌میان، واته ره‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژی وانییه. ئه‌م تایپه له ره‌خنه، زۆرجار، به‌ڵێنی به‌رپاكردنی(به‌هه‌شت)ێك به مرۆڤه‌كان ده‌دات له‌ئاست(دۆزه‌خ)ی واقعێكی دیاریكراودا، به‌هه‌شتێك كه بۆ ئێستا‌و هه‌تاهه‌تایه به‌رده‌وام بێت!.
ره‌خنه‌ی زانستی له واقعبینیی سیاسی، به‌پشكنینی واقع ده‌ستپێده‌كات. سروشتی زانستیش هه‌ر ئه‌مه‌یه كه ئیشده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت و بنه‌ماكانی واقع بناسێت، ئه‌ویش له‌رێی سه‌رنجدان و زانینی دیارده گۆڕاو و نه‌گۆڕه‌كان/یان دره‌نگ گۆڕاوه‌كانی ناوییه‌وه، له‌رێی تێگه‌یشتن له‌چییه‌تی دیارده‌كانی ناو واقع و ستراكتۆرهكانیانهوه، له رێی بنكۆڵكردنی هۆكارو فاكته‌ره‌كانی پشت ده‌ركه‌وتنییه‌وه له‌و فۆرمه‌ی مێژووییه‌ی كه تیایدا هه‌یه.
واته واقع و ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌خاته ژێر كۆمه‌ڵێك پرسیاره‌وه‌و ده‌پرسێ: چه‌ندیان زاده‌ی بیری مرۆڤن و چه‌ندیان بیری مرۆڤیان ناچار به تایپێكی دیاریكراوی بیركردنه‌وه كردووه؟، كامیان به‌رهه‌می ئیراده‌ی ئازاده‌و كامیان جه‌بری؟، كامیان له‌دایكبووی فیزیكهو كامیان ئه‌ودیوی فیزیكMetaphysics ؟، به زمانی ده‌رونشیكاریی فرۆید(1856-1939ز)،كامیان له‌ئاكامی ئاگاییه‌و كامیان نائاگایی؟، به زمانی ماركس(1818-1883ز) كامیان ده‌رهاویشته‌ی سهرخانهو كامیان ژێرخان؟ به‌زمانی جان بۆدریارد-یش(1929-2007ز) چی‌یان واقعی راسته‌قینه‌یه‌و چییشیان سه‌رو واقعه، واته دروستكراوی ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری-ییه Mass media و .. هتد؟.
روونتر بڵێین، ره‌خنه‌گرتن له واقعبینی سیاسی، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا، به مانای شیتاڵكردنێكی تیۆرییانه‌ی واقعه بۆ هه‌ڵماڵینی ده‌مامكه ده‌سه‌ڵاتخوازی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی. ئه‌م پرۆسه‌یه له‌كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت ده‌شێت یارمه‌تی خاوكردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسی و ئایدیۆلۆژییهكانیش بدات، به‌تایبه‌ت له‌دۆخی قه‌یرانه درێژخایهنهكاندا كه تیایاندا تێزه ئایدیۆلۆژییه‌كان و گوتاره فشۆڵهكان، به‌بۆنه‌ی شكستهێنانیان له‌دیاریكردنی زانستییانه‌ی واقعدا، له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانیشدا شكست ده‌هێنن و، بگره زۆرجار سه‌ر له به‌ریه‌ككه‌وتنی توندوتیژو خوێناویشهوه ده‌رده‌هێنن.
بایه‌خی ئه‌م پرۆسه‌یه له‌وه‌شدایه كه به‌كارهێنانی ئایدیۆلۆژییانه‌ی چه‌مك و زاراوه‌كان ئاشكراده‌كات، له‌مه‌رامه ده‌سه‌ڵاتخوازی و هه‌ژمونگه‌رایی و سیاسییه‌كانیان رووتیاندهكاتهوه. له‌گه‌ڵیدا، كه‌س به‌ناو و به بیانووی واقعبینی سیاسییه‌وه ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ویتردا ناسه‌پێنێت، هیچ گروپێكیش به‌ئاسانی ناتوانێت ئه‌م چه‌مكه بكاته پاساوی خۆتهسلیمكردن به‌واقعی حاڵ و حاڵی واقع، به‌ڵكو بڕێك ره‌خنه‌گرانه‌و هۆشیارانه‌تر به‌ری ده‌كه‌وێت.
كێشه‌یه‌كی ئه‌مڕۆی باشوری كوردستان له‌وه‌دایه كه، به‌ناوی واقعبینیی سیاسییه‌وه، خه‌ریكه مرۆڤی ئێمه‌و گروپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ملكه‌چی واقعی حاڵی وڵات ده‌كرێن!. یان له‌ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی گوتاره ئایدیۆلۆژییه‌كان و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه دژ به‌یه‌كه‌كاندا، سازان له‌سه‌ر واقعی حاڵ ده‌كرێت كه خه‌ریكه كورتده‌كرێته‌وه بۆ دانیشتنی نێوان هه‌ندێ كاراكتهرو به‌رده‌وامبوون و درێژه‌كێشانی ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و هیچیتر!، دۆخێك، كه له‌خودی خۆیدا، گومانی گه‌وره له بێگوناهیی واقع دروستده‌كات..!
ئێمه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستاندا، له‌جێی سازان و یه‌كڕیزییه‌ك كه واقعی حاڵ به‌هه‌موو قهیرانهكانییهوه درێژه پێ بدات و شه‌رعییه‌تێكی ناڕاسته‌وخۆ به گه‌نده‌ڵییه‌كان بدا‌و (پرۆژه‌كانی چاكسازی) په‌كبخات، پێویستیمان به موفاته‌حه‌ی راشكاوانه‌و راستگۆیانه‌ی یه‌كتره، پێویستیمان به ململانێكه كه ئه‌م واقعه تێپه‌ڕێنێ و بگۆڕێت، ئه‌و واقعه‌ی كه هه‌یه نه‌كرێته واقعێكی قه‌ده‌ری و باڵاده‌ست و به‌رده‌وام، هه‌موو سازشكردنێك له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپه‌ش، بێ هیچ گومانێك هه‌م پێچه‌وانه‌ی كرده‌ی سیاسه‌ت خۆیه‌تی كه كرده‌یه‌كی عه‌قڵانییه‌و له‌رێی ململانێ و گۆڕینی واقعه‌وه به‌ها وه‌رده‌گرێت، هه‌م پێچه‌وانه‌ی ویستی گه‌لانیشه كه بریتییه له پێشكه‌وتن و چه‌ق نه‌به‌ستن له پنتێكی مێژوویی دیاریكراودا.