سیاسه‌ت و قوربانی، له شێخی نه‌هرییه‌وه تا دیمرتاش..
2021-02-28 20:09:56
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
ئه‌سته‌مه تیۆرێ، یان میتۆدێكی فكریی دیاریكراو هه‌بێت كه تیایدا ستایشی سیاسه‌ت بكات وه‌ك كایه‌ی فه‌زیڵه‌ت و چاكه‌خوازی، یان به‌های چه‌سپیو و رێسای رێزلێگیراوی كۆمه‌ڵگه‌یی كه سه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقن.
سیاسه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌روه‌ك زانای سیاسیی ئه‌مریكی، د‌یڤید ئیستۆنDavid Easton(1917-2014ز)، ده‌یڵێ، "وابه‌سته‌ی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و سامان و به‌ڕێوه‌بردنیان"، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژێرخانی سیسته‌مه، یان سه‌رچاوه‌ی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان حوكمڕان و حوكمكراودا، ئه‌وا زۆركات وێنه‌یه‌كی پڕ له‌هه‌ڵكشان و داكشانی هه‌یه. ناسه‌قامگیریی ئه‌م وێنه‌یه‌و زۆرجاریش زاڵبوونی خراپه‌كارییه‌كانی سیاسه‌ت و ئه‌زموونه تاریكه‌كانی به‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانیدا، واده‌كه‌ن كه، له‌كۆتاییدا، سیاسه‌ت، كایه‌یه‌كی پڕ ململانێ، مه‌ترسیدار، هه‌ندێجاریش خوێناوی و تراژیدی بێت!.
ئه‌وانه‌ی كه سیاسه‌ت ده‌كه‌نه پیشه، زۆرجار گیرۆده‌ی ئه‌م وێنه خۆڵه‌مێشییه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت ده‌بن و كه‌م جاریش هه‌یه نه‌بنه قوربانی!، یان لانیكه‌م، نێوبانگیان نه‌شكێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر براوه‌ش بن!. سیاسه‌ت خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كایه‌ی ململانێ و هێزه، بوار نادات، هیچ سیاسییه‌ك هه‌ڵبكه‌وێت كه تا سه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی ئه‌و، بكه‌ر بێت. ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كه ویستبێتیان ره‌هه‌ندی ئه‌خلاقیی سیاسه‌ت به‌هێز بكه‌ن، یان، لانیكه‌م، ئه‌م چالاكییه مرۆییه بكه‌ن به‌نێوه‌ندی ئاشتكردنه‌وه‌ی ئایدیاڵه مرۆییه باڵاكان له‌گه‌ڵ ده‌سكه‌وته كاتی و قۆناغییهكاندا، یان ئیراده‌ی هێزو زلهێزه‌كاندا، دره‌نگ یان زوو، شكستیان هێناوه، یان سه‌ری خۆیان تیا چووه!، یان به نائومێدی سه‌ریان ناوه‌ته‌وه!. سیاسه‌ت، ئیتر ئاوایه‌و هه‌رواش بووه!، هه‌ندێجار، له(قومار) ئه‌چێت، براوه‌و و دۆڕاوی گه‌وره‌ی تیایه، به‌ڵام هه‌ر له‌مۆركی(قومار)دا ئه‌مێنێته‌وه: ئه‌وه‌ی، هه‌ندێجار، مومكین بێت ته‌نها شوێنگۆڕكێی (دۆڕاو) و (براوه)كانه‌و هیچیتر.
ته‌نانه‌ت زانست و مه‌عریفه‌ی سیاسی، بۆ كایه‌ی سیاسه‌ت و حوكمڕانان، له‌گه‌وهه‌ردا، بۆ ئه‌وه نین حوكمڕانییه‌كی باشتر به‌ڕێوه‌ببرێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌ستووركردنی هه‌ژموون و هێزی زیاترن."نیچه"ی فه‌یله‌سوف(1844-1900ز)، ئه‌و نهێنییه‌ی رووت كردبووه‌وه كه خودی زانینیش ده‌شێت بچێته خزمه‌تی هێزو ده‌سه‌ڵاته‌وه!. ئه‌و، به‌ساده‌یی، ئه‌یپرسی:"بۆ ئه‌مانه‌وێ بزانین؟ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بین". لای نیچه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتۆنیزم و مه‌سیحییه‌ته‌وه، به‌هێزبوون خۆی، فه‌زیله‌ته!. لای ئه‌و، لاوازه‌كان، له‌م جیهانه‌دا، جێیان نابێته‌وه، ئه‌خلاقیش، داواكاریی لاوازه‌كانه!.
سیاسه‌ت، به‌م پاشخانه فكرییه‌وه كه هێشتا، لانیكه‌م، له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌لۆژیكی یاسای دارستان، ره‌واجی هه‌یه، له‌كۆتاییدا، یان ئه‌وه‌تا سیاسه‌تمه‌دارانمان بۆ ده‌كاته سته‌مكار، یان قوربانی، یان نا‌ئومێد!.
سیاسه‌تمه‌داری كورد، له‌په‌یوه‌ندیدا، به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا، به‌شه قوربانییه‌كه‌ی جیهانی سیاسه‌ته، چونكه سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ قه‌واره‌و دابه‌شكراوه. كه‌م سیاسیی كورد، له‌م ئاسته‌دا ده‌دۆزیته‌وه كه دواجار، نه‌بووبێته قوربانی، یان به ناكامی سه‌ری نه‌نابێته‌وه. مێژووی یه‌ك سه‌ده‌و نیوی كورد، مێژووی له‌سێداره‌دان، تیرۆركردن، گرتن و كوشتن، سه‌رنانه‌وه‌ی سیاسییه‌كانێتی به نائومێدی!. له‌شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموده‌وه بیگره، تا قاسملۆ، مه‌لا مسته‌فا، مام جه‌لال، نه‌وشیروان مسته‌فا. له‌زیندووه‌كانیش، ئاپۆو دیمرتاش و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی تر‌ى باكور.