Draw Media

دوو پرۆسه‌ و یه‌ك ئه‌نجام

دوو پرۆسه‌ و یه‌ك ئه‌نجام

2018-05-15 07:49:14


نیاز عه‌بدوڵڵا .......

له‌ ماوه‌ی 230 رۆژدا گه‌لانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ هه‌مان په‌نجه‌ی له‌ مه‌ره‌كه‌ب نراو بۆ دوو پرۆسه‌ی جیاواز و دژ به‌یه‌ك بڕیاریان دا، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌مدا به‌ ئاڵای كوردستان و ئیسرائیل، له‌ دووه‌مدا به‌ ئاڵای حیزبه‌كان و عێراق بانگه‌شه‌یان ده‌كرد و دواتریش دڵخۆشییان به‌ هه‌مان شێوه‌ی وه‌ك یه‌ك ده‌ربڕی. له‌ نێوان ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017 و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 12ی ئایاری 2018، سه‌ركرده‌ی ناڕاستگۆی زۆر بیندران كه‌ داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و دواتر جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو دروشمیان بوو، جه‌ماوه‌ری پارته‌كانیشیان وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤی قورمیش كراوبن له‌ هه‌ردوو پرۆسه‌كه‌دا چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان و پرسیاریان له‌باره‌ی ئه‌و داواكارییه‌ جیاوازانه‌ نه‌كرد كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ وێنای كۆتایی داهاتووی كوردستانیان ده‌كرد، پرسیاریان له‌باره‌ی توانای كار و شكستخواردوویی ئه‌زموونی ئه‌وان نه‌كرد له‌ به‌غداد و ناوخۆی هه‌رێم. پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی لاوازبوون و گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافییه‌ت له‌ سیماكانی بوون، قه‌یرانی دارایی و چۆنییه‌تی سیاسه‌تی نه‌وت و ئابووری ببووه‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتر له‌ 20 ملیار دۆلار قه‌رز له‌سه‌ر حكومه‌ت و پاشه‌كشه‌كردنی كۆمپانیایه‌كی نه‌وت له‌ كێلگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت. هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تی نێچیرڤان بارزانی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی روسیا و فه‌رامۆشكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم و عێراق هه‌نگاوی بۆ نرا. ریفراندۆم بووه‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین بۆ حكومه‌تی هه‌رێم تا هۆكاری سه‌رجه‌م قه‌یران و سه‌رنه‌كه‌تنه‌كانی سیاسه‌تی ئابووری بخاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش جارێكی تر ده‌رفه‌ت ره‌خسا بۆ پێكهاته‌ی كابینه‌ی هه‌شت تا له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌كانیان له‌ رێگای حیزبكانیانه‌وه‌ خۆیان وه‌ك فریادڕه‌سی هه‌رێمی كوردستان و پاڵه‌وانێكی وه‌ستاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دارایی و پێشمه‌رگه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان نمایش بكه‌ن. به‌ڵام دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار و ناڕه‌زایه‌تی هه‌شت هێزی سیاسی و پلانی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی شه‌ش له‌و هێزانه‌ به‌هۆی‌ تۆمه‌تی "ساخته‌كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن" جارێكی تر ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان له‌ ناوخۆی هه‌رێم و نه‌گه‌یشتنه‌ خاڵێكی ستراتیجی هاوبه‌ش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌هێزتر ده‌كات له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا. ئه‌م رووداوانه‌ له‌ دۆخێكدان مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی شكستخواردوویی وه‌ك ئه‌نجامی ریفراندۆم له‌ ئارادایه،‌ به‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌هۆی ئه‌دای سیاسه‌تی لاوازی كورد به‌وه‌ كۆتایی بێت كه‌ پێگه‌ی هه‌رێم له‌بری به‌هێزكردن به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ لاوازتر بكات، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاری به‌شداری كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌نگاوێكی گرنگ بوو. بۆیه‌ ئاماژه‌كانی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ ئاسان نییه‌ تیمێكی به‌هێز له‌ بغداد هه‌بێت، به‌تایبه‌ت براوه‌كانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كان ئه‌و هێزانه‌ن بوونه‌ته‌ خولقێنه‌ری كیشه ریشه‌ییه‌كانی‌ ناوخۆی هه‌رێم و پیاده‌كردنی سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ و لاواز له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، ئه‌و هێزانه‌ن كه‌ داواكارییان له‌ به‌غداد هه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی چاكسازی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی بووبن له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌ جیناكۆكه‌كان. به‌ بینینی وێنه‌‌ گه‌وره‌‌ سیاسییه‌‌ پڕ له‌ كێشه‌كه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێم و، بوونی ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و، پیشاننه‌دانی نیازپاكی یه‌كێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات به‌ قبوڵكردنی به‌یه‌كه‌وه‌بوونی سیاسی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی تر، كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چنینه‌وه‌ی هه‌مان به‌رهه‌م و ئه‌نجامی سیاسی له‌گه‌ڵ عێراقی فیدڕاڵ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand