قه‌یرانی شوناسی جێنده‌ری له‌سیاسه‌تدا
2021-01-14 10:27:12
د. ڤیان فه‌ره‌ج
(مرۆڤه‌كان كه له‌دایك ده‌بن راسته خاوه‌نی ئه‌ندامی سێكسن، به‌ڵام خاوه‌نی جێنده‌ر نین، كه گه‌وره‌ش ده‌بن، جێنده‌ریان نییه، به‌ڵكو جێنده‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجامیده‌ده‌ن.)[1] ئه‌وه‌یه كه ده‌یكه‌ن! له‌به‌شی پێشودا ئاماژه‌مان دا به‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی جێنده‌ری له ژیانی مرۆڤدا له ته‌مه‌نی دوای بیسته‌یه‌م هه‌فته‌ی ناو سكی دایكیه‌وه، ته‌نانه‌ت نزیكه‌ی چوار مانگ به‌ر له‌وه‌ی له‌دایك ببێت، ده‌ستپێده‌كات، چونكه رێك له‌و ته‌مه‌نه‌وه ئه‌ندامی سێكس، یاخود ره‌گه‌زی بونه‌وه‌ره‌كان ده‌ست به دروستبوون و گه‌شه كردن ده‌كات. جێنده‌ریش به‌و پێیه‌ی ئه‌و رۆڵه‌یه تاكه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یگێڕن، زهنیه‌تی گشتی ته‌نانه‌ت به‌ر له‌له‌دایكبوونی كۆرپه، له‌ئاماده‌باشیدا ده‌بێت بۆ له‌خۆگرتنی تاكێكی نوێی سه‌ر به گروپی دوو سێكسه باوه‌كه، هه‌ریه‌كه‌و به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی سێكسی خۆی. بۆیه جێنده‌ر ته‌نانه‌ت دوای له‌دایكبوونیش خۆڕسكانه دروست نابێ و گه‌شه ناكا، به‌ڵكو كۆی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی ده‌وری تاكه‌كان ده‌دا، له خێزانه‌وه وه‌ك بچوكترین یه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵایه‌تی، تاده‌گاته ده‌وڵه‌ت، هه‌موو رۆڵده‌گێڕن له ئاراسته‌كردنی تاكه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌بێته كه‌سایه‌تی و بوونیان. بۆئه‌وه‌ی ببن به‌وه‌ی كه هه‌ن.
جیاوازییه‌كی به‌دیهی هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سێكس له جێنده‌ر؛ سێكس پێكهاته‌یه‌كی بایۆلۆجییه‌و وه‌زیفه‌ی به‌رده‌وامی و دروستكردنه‌وه‌ی ژیانی له‌ئه‌ستۆیه، واتا پایه‌ی به‌رده‌وامی مرۆڤه، به‌ڵام جێنده‌ر لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سێكسه بایۆلۆجییه‌یه‌و ئه‌ندامێكی جه‌سته‌یی نییه، به‌ڵكو ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه جه‌سته‌ییه‌یه كه كار له‌سه‌ر مه‌عریفه ده‌كات و به مه‌عریفه‌ش پێش ده‌كه‌وێ. لای زۆركه‌س وا لێكده‌درێته‌وه جێنده‌ر تایبه‌ته به ژن، به‌ڵام ئه‌مه زۆر دووره له تێگه‌یشتنه دروسته‌كه‌وه، چونكه جێنده‌ر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به مانا سێكسییه‌كه‌ی ژن‌بوون یان پیاوبوونه‌وه. ئه‌وه راسته‌و به‌ڵگه‌ی پێویست نییه بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه گشتییه‌ی جێنده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای بایۆلۆجی سێكسه‌كان بونیاد ده‌نێت ، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه جیاوازییه بایۆلۆجییه‌كان به‌و جۆره زه‌ق بكرێنه‌وه، تا ئاستی دابه‌شكردنی رۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مه‌عریفییه‌كانیش. چونكه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی هه‌تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌و ئه‌نجامدانه كۆمه‌ڵایه‌تییانه دوو سێكسه جیاوازه‌كه پێی هه‌ڵده‌ستن، به نمونه، هۆكاری سوركردنی نینۆك لای كچان و ئه‌نجامنه‌دانی لای پیاوان.[2] به‌پێوه میزكردنی كوڕان و دانیشتنی كچان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. ئاره‌زووی مناڵی كچ به له‌پێكردنی پێڵاوه پاژنه به‌رزه‌كانی دایكی و مناڵی كوڕ به هی باوكی. به‌ڵام تێگه‌یشتنێكی گشتی لای هه‌موو جێنده‌رناسان دروستبووه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی سێكس بایۆلۆجییه‌و جێنده‌ر كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه. جێنده‌رناسان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان له‌لای خۆیان دروستكردووه، كه سێكس له سروشته‌وه به‌رهه‌مهاتووه‌و جێنده‌ر له په‌روه‌رده‌وه، به‌ڵام په‌روه‌رده‌و سروشت تێكئاڵاون و ناتوانرێ هێڵی جیاكردنه‌وه له‌نێوانیاندا دابنرێ له‌وه‌ی له كوێ یاخود له‌كه‌یدا مرۆڤ له سێكسه‌كه‌یه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ جێنده‌ره‌كه‌ی؟ ئه‌مه پرسیارێكی ئاڵۆزه‌و ره‌نگه وه‌ڵامێكی دیاریكراوی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه!
بێده‌سه‌ڵاتی له‌جیاكردنه‌وه‌ی سنوری نێوان ئه‌م جمكه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ره‌هه‌ندێكی بایۆلۆجی ئامانجدار كه بۆ سێكسی نێر یان مێ نییه. سێكس له بنه‌ماوه پێكهاته‌ی چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی ئه‌ناتۆمی (شیكاری)، كرۆمۆسۆمی، ئیندۆكرین (لیمفاوی)یه، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌ش بۆ دیاریكردنی سێكسی تاكه‌كان له‌راستیدا په‌یوه‌سته به بیروباوه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌وه‌ی چی به‌راستی یه‌كێك ده‌كاته پیاو، یاخود ژن.[3] ره‌نگه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر یاخود له سیگمێنتێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ سیگمێنتكی تر ئه‌م بیروباوه‌ڕانه بگۆڕدرێت. ئه‌وه‌ی نێرینه‌یه‌ك ده‌كاته پیاو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن یاخود گه‌شه‌كردودا جیاوازه له‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه گه‌شه‌نه‌كردوو یان تازه‌گه‌شه‌كردووه‌كاندا به پێوه‌ر ده‌بینرێت. له سیگمێنتێكی ئاینی هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كه‌مدا پێوه‌ره‌كان جۆرێكی ترن به‌چاو ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دووه‌مه‌وه، به‌ڵام له خودی كۆمه‌ڵگه‌ی دووه‌مدا، له نێوان سیگمێنتی شارنشین و لادێنشیندا جۆره‌ها جیاوازی له به‌پیاوزانینی نێرینه‌یه‌كدا ده‌شێ بدۆزرێته‌وه. به‌نمونه، تاكێكی هه‌ڵگری كرۆمۆسۆم و لیمفه‌ئه‌ندامی نێرینه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی لادێنشین یان خێڵه‌كیدا، بۆ ئه‌وه‌ی به پیاو بزانرێت، پێویستی به قاره‌مانێتی، چاونه‌ترسی، ئازایه‌تی و توانای هه‌ڵگرتنی باری گران و شه‌ڕكردنه، كه‌چی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارنشینیدا پێوه‌ره‌كان جۆرێكی ترن، به‌نمونه بڕوانامه‌ی خوێندن یاخود هه‌بوونی ده‌ستڕه‌نگینی پیشه‌وه‌ری (ئاسنگه‌ری، زڕه‌نگه‌ری، دارتاشی..تد)، گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی نێرینه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینیدا وه‌ك پیاو جێگه‌ی ببێته‌وه، پیشاندانی خانه‌دانی، پیاوماقوڵی و نواندنی ره‌فتاری لایه‌ق، تاڕاده‌یه‌ك نیشاندانی بێشه‌رمییه‌كی رێزدارانه، هه‌موو پێكه‌وه رسته‌یه‌ك له پیاوه‌تی دروستده‌كه‌ن، خانه‌دانه‌كان خواستی ماره‌كردنی كچه‌كانیان له‌سه‌ر نێرینه‌یه‌كی خاوه‌ن ئه‌م سیافاتانه بۆ دروستده‌بێت. به‌ڵام ژنایه‌تی جۆرێكی تره، توانای كێڵانی زه‌ویوزارو هه‌ڵگرتنی ته‌نه‌كه‌ی قورسی ئاو‌و زمانشیرینی و نێری، له مێینه‌یه‌كی لادێیدا خواستی زیاتر له‌سه‌ره بۆ تاریفكردنی وه‌ك ژن، كه‌چی له‌شاردا، شه‌رم و شكۆ، توانای مناڵخستنه‌وه، شیكپۆشی و ناووناوبانگی خێزان هه‌موو پێكه‌وه مێینه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌وه‌ی به ژنێكی له‌بار بناسرێت.
به‌گشتی ئه‌گه‌ر زۆر له‌باسه‌كه لامان نه‌دابێت، ئان فۆوستۆ ستێرلینگ (٢٠٠٠) ده‌رباره‌ی تێگه‌یشتنی ده‌وروبه‌ر به ژن یان به پیاوناسینی تاكه‌كان له‌لایه‌ن خۆیان و ده‌وروبه‌ریشیانه‌وه له‌م پێناسه‌یه‌دا كورت ده‌كاته‌وه ( ناساندنی كه‌سێك به ژن یان پیاو بڕیارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ده‌شێ مه‌عریفه‌ی زانستی بۆ گه‌یشتنه ئه‌و بڕیاره به‌كاربهێنین، به‌ڵام ته‌نها بیروڕواكانمان ده‌رباره‌ی جێنده‌ر، به‌بێ تێوه‌گلاندنی زانست، ده‌توانێ پێناسه‌ی شوناسی سێكسیمان بكات. هه‌روه‌ك، بڕواكانمان ده‌رباره‌ی جێنده‌ر كاریگه‌ری ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و جۆره مه‌عریفه‌یه‌ی زانایان به‌رهه‌می ده‌هێنن ده‌رباره‌ی سێكس.) بۆیه له‌رووی بایۆلۆجییه‌وه ده‌شێ كه‌سه‌كان به نێر یاخود مێ، پیاو یاخود ژن شوناس بكه‌ین، به‌ڵام چه‌ندان پرۆتۆتایپی تر هه‌ن كه به‌هۆی بڕواكانی خۆیان ده‌رباره‌ی خۆیان، ئه‌م كاره له ده‌ستی بایۆلۆجی( سێكس) ده‌رده‌هێنێ و ده‌یخاته ده‌ست جێنده‌ره‌وه، تاكو له‌و رووه‌وه تاكه‌كان شوناسێك، جیاواز له‌وه‌ی سێكسه‌كه‌یان پێیان ده‌به‌خشێ، بۆخۆیان دروست بكه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی بیركردنه‌وه ببه‌ن كه خۆیان مه‌به‌ستیانه. چونكه به‌ڵگه‌ی زانستی ته‌واو هه‌یه له‌هه‌ر ١٠٠٠ كۆرپه‌ی نێرینه‌ی له‌دایكبوو، یه‌ك كۆرپه پێكهاته‌ی كرۆمۆسۆمی (دوو ئێكس و وایه‌ك)ه، جگه له‌وه‌ی له هه‌ر ١٣٠٠٠ كۆرپه‌یه‌كدا، یه‌كێك گۆڕانی هۆرمۆنی هه‌یه‌و، به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو میوته‌یشن له‌دوای له‌دایكبوونیش به‌رده‌وامه، بۆ نمونه له‌هه‌ر ٦٦ كۆرپه‌یه‌كی كچ یه‌كێكیان گه‌شه‌یه‌كی نارێكخراوی بایۆلۆجی له ئه‌ندامی زاوزێیدا دروست ده‌بێ به‌جۆرێك كلیتریس (قیتكه)ی له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه تا ده‌گاته هه‌رزه‌كاری بۆ ئاستێكی ناته‌دروست گه‌شه‌ده‌كات و هێنده‌ی ئه‌ندامی زاوزێیی نێرینه‌یه‌كی لێدێت.[4]
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، هه‌ر منداڵێكی ناسروشتی له ئه‌نجامی تێكچونی ریزبه‌ندی كرۆمۆسۆم یان هه‌ر ناڕێكییه‌كی تری بایۆلۆجییه‌وه له‌دایك ده‌بێت و كێشه‌ی هه‌بوونی جوت ئه‌ندامی زاوزێی هه‌یه، راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن راوێژكارانی ته‌ندروستی و دایك و باوكه‌وه، به‌پێوه‌ری (درێژ)ی بڕیار له‌سه‌ر سێكسی ئه‌و كۆرپه تازه له‌دایكبووه ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی زاوزێی كۆرپه‌ی نێرینه له‌ژێر دوو سه‌نتیمه‌ترو نیوه‌وه بوو، بێ گوێدانه سیفاته جێنده‌رییه‌كانی له قۆناغه‌كانی دواتری ته‌مه‌نیدا ره‌نگه گه‌شه بكه‌ن تیایدا‌و له‌ئه‌نجامدا پیاوێكی راسته‌قینه‌ی لێ دروستببێ ، راسته‌وخۆ بڕیار له‌سه‌ر گۆڕینی سێكسه‌كه‌ی ده‌ده‌ن بۆ مێینه،. چونكه مێنته‌ڵیتی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌تا ئێستاش پابه‌نده به‌و كلتوره فالوسه‌ی هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا له زهنیه‌تی مرۆڤدا ره‌گی داكوتاوه. ئه‌مه بێگومان ره‌خنه‌ی زۆری جێنده‌ردۆستانه له‌وه‌ی بۆچی له‌كاتێكدا كۆرپه‌ی كچیش هه‌ن كه كلیتریسیان له یه‌ك سه‌نتیمه‌تری قبوڵكراو زیاتره، كه‌چی كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكان و دایك‌و باوكان، خه‌می كۆرپه كوڕه‌كانیان زیاتره سبه‌ی رۆژ پیاوێكی راسته‌قینه‌یان لێ ده‌رنه‌چێت و به بچوكی ئه‌ندامی نێرینه‌ییاندا كۆمه‌ڵگه بڕیار له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره كه‌سییه‌كانیان بدات و خۆشیان دوچاری ئاڵۆزی ده‌روونی بكاته‌وه، له‌وه‌ی كچه‌كانیان ره‌نگه به‌هۆی ئه‌و تێكچونه جه‌سته‌ییه‌وه دوچاری ببنه‌وه.
كلتوری فالوسی، كلتورێكی ره‌گوریشه داكوتراوه‌و له‌سه‌رده‌می به‌ر له شارستانیه‌ته كۆنه‌كانی یۆنان و میسڕیه كۆنه‌كانه‌وه زیاتر له ٧٠٠٠ ساڵ ده‌بێت، كه‌ئه‌ندامی زاوزێی نێرینه به هێمای ده‌سه‌ڵات و سه‌ركه‌وتن ده‌ناسێت. وه‌ك چۆن باران كێڵگه ته‌ڕده‌كات و به‌هۆیه‌وه كشتوكاڵ و سه‌وزایی دروستده‌بێت، ئاوی پیاوانیش له جه‌سته‌ی ژن‌دا به‌رده‌وامی به مرۆڤایه‌تی ده‌به‌خشێ، بۆیه فالوس، كه واتای زه‌كه‌ری پیاوه، خواوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و به‌رده‌وامی ژیانه‌و له‌و سۆنگه‌یه‌وه له‌هه‌ر شه‌ڕێكی براوه‌دا له‌نێو كلتور‌و كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مانه‌دا، هێمای فالوسێك به‌جێهێڵراوه. به‌و واتایه‌ی، چیتر ده‌سه‌ڵاتی فالوس، له خواوه‌ندی ئۆزیریس-ه‌وه سروش و هێز وه‌رده‌گرێت وئه‌مه‌ی دواینیش له‌سه‌ر هێمای مرۆڤێك به ئه‌ندامێكی نێرینه‌ی گه‌وره‌وه ده‌بینرێت. ئه‌م كلتوره به‌درێژایی مێژوو گواستراوه‌ته‌وه ناو كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان و كلتوره ئاینییه جیاوازه‌كان سودمه‌ندبوون لێی له‌رێگه‌ی دروستكردنی سیمبول و لێكچوی فالوسه‌وه هه‌وڵیانداوه ده‌سه‌ڵاتی پاتریاركی نزرگه پیرۆزه‌كانیان بسه‌پێنن. ته‌نانه‌ت له‌زۆربه‌ی فێستیڤاڵ و سروشه ئاینییه‌كانی رۆمانی و شارستانیه‌ته‌كانی تری دوای زایندا درێژه‌ی هه‌بووه تا سه‌رده‌می ئه‌مڕۆشمان، ئه‌گه‌رچی له ئێستادا به خواوه‌ندێك نابینرێ بۆ په‌رستن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌ی پاتریاركی هێشتا له فالوسه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و ئه‌م ئاماده‌ییه شاراوه‌یه‌ی له بڕینی ئه‌ندامه نێرینه‌كه‌ی مناڵێكی میوته‌یتی سێكسی‌دا به روونی ده‌بینرێت.
[1] وێست و زه‌میرمان ١٩٨٧
[2] سالی مككۆنێڵ جینه‌ت، ٢٠٠٣
[3] هه‌مان سه‌رچاوه
[4] سالی مككۆنێڵ جینه‌ت، ٢٠٠٣