Draw Media

بێ ئومێدکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن یاریکردنە بە ئاگرێکی ترسناک

بێ ئومێدکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن یاریکردنە بە ئاگرێکی ترسناک

2018-05-14 09:27:49


فرمان عەبدولڕەحمان .....

1

بە پێچەوانەی ئەوانەی پێیانوایە شکستی گۆڕان شتێکی حەتمی بووەو دەرەنجامی سیاسەتەکانی پێشووی بووەو دەنگدەرەکانی سزایان داوە. ئەمە تا سەر ئێسک کورتبینیە تا رادەی کاڵفامی ئاخر بە چ لۆژیکێک رەوایە یەکێتی دەنگی زیادبێنێ کە هەمووی پێنج مانگ نیە فەزیحەو سکانداڵێکی وەکو ۱٦ی ئۆکتۆبەری ئەنجامدابێ ئینجا فەشەلی ئاشکرای هێنابێ لە ئیدارەدانی قەیرانەکاندا و لەگەڵ هاوبەشەکەی لە حکومەت شکستیان هێنابێ لەدابینکردنی موچە کاتێکیش خەڵک داوای مافەکانی کرد بە فیشەک و دژە تیرۆر رووبەرووی خەڵک بونەوە هەموو ئەمانە ئاماژەن کە ئەو هێزەی دەبوو سزا بدرێ یەکێتیە نەک گۆڕان بەڵام ئەی ئەم دەنگانەی چۆن هێنا بەڵگەکان دەریدەخەن کە تەزویرێکی زۆر مونەزەم بەرێوە چووە شتەکەش زۆر بە سادەیی بریتیە لە گۆڕینی چەند کۆدێکی ئەلیکترۆنی ئیدی ئۆتۆماتیکی دەنگەکان لەم لایەنەوە دەچێ بۆ ئەو لایەن لێرەدا گومانەکان لەسەر بەرێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە کە دەوترێ لەگەڵ خانەوادەی تاڵەبانی پەیوەندی بەهێزی هەیەو کاتی خۆی لەلایەن خودی هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەپۆرتکراوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەو ئێستاش پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوانیاندایە. بەڵام رەنگە گەمەکە زۆر لەوە گەورەتر بێت کە پێشبینی دەکرێت یەکێتی بەم فۆرمەی ئێستایەوە دڵخوازێکی گەورەی ئێرانەو ئێرانیش بە هیچ شێوەیەک نایەوێ یەکێتی لە زۆنی سەوزدا لاواز بێ لەبەر ئەوە هاوکێشەکە پەیوەستە بە تەداخولی ئێرانەوە.
بەڵام دەبێ یەکێتی تێ بگات ئەمە ئەلبیسەکە نیەو تەزویرەکە بە حەجمێکە شایستەی قبوڵ نیە هەروەها دەبێ یەکێتی تی بگا ئەمە خۆپیشاندانێکی ئاسایی نیە بە دژە تیرۆرو میلیشیا حیزبیەکان سەرکوت بکرێ و کۆتایی پێ بهێنرێ بەراستی ئێستا تێکچونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی نائارامی و توندوتیژی لە سلێمانی بە پلەی یەکەم سوچی یەکێتیەو ئەو تاوانباری سەرەکیە تێیدا چونکە بێ ئومێدکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن ئاکامی ترسناکی هەیەو دەیان نمونە لە بەردەستە کە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شەڕی ئەهلی و توندوتیژی خوێناوی دروستکردووە.

2

خەڵک چۆن ئومێدی بە دیموکراسیەت و پرۆسەی سیاسی بمێنی بە حساب هێزە سۆشیاڵ دیموکراتەکەی لە هەستیارترین کاتدا کە هەموو خەڵک و لایەنە سیاسیەکان بارگاوین بە جۆش و خرۆش و هێشتا تای هەڵبژاردن قوڵپ دەدات تۆ بێیت لەوکاتەدا بە جۆرەها چەک پەلاماری بارەگای سەرەکیترین لایەن بدەی لەوەش خراپتر چەند لایەنێکی سیاسی لە کۆبونەوەدان لە هەمان بارەگا.. 
چ لۆژیکێکە ئەمە دوای ۲۷ ساڵ هێشتا بە زمانی چەک و دۆشکە رەفتار بکەی جا ئەمە بە حساب رەفتاری هێزی براوە بێ واوەیلا بۆ دۆڕاوەکان. خۆی ئەو هێرشەی یەکێتی لە ئێوارەی ۱۲ی ئایاردا ئەنجامیدا بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر پرۆسەی تەزویرەکه. جا تەماشاکەن 
۲۷ ساڵە شکستیان هێناوە لە حوکمڕانی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ خەڵک بە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوەی مابوو لە ئومێدی دروستکردنی نەتەوە بە مانا سیاسیەکەی تێکوپێکیاندا بەسەر یەکدا ئاخر یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن تەنها پارسەنگی هێزەکان ناگۆڕێت بەڵکو بونیادی نەتەوەو هەستە هاوبەشەکان لە بنەوە هەڵەتەکێنێ ئێستا یەکێتی بە چ پێودانگێک سبەی داوای کۆ دەنگی لە گۆڕان و هێزەکانی دیکە دەکات لە بەغدا. لەسەر ئاستی شەقامیش دەرەنجامی یاریکردن بە دەنگەکان ئەو دەرگا شلوشێوانەی بوغزو کینەو رق زیاتر دەخاتە سەر پشت و دەیانکاتەوە ئەو دەرگایانەی خۆی لە بنەڕەتدا کڵۆم نەدرابون و ئەم مامەڵە ترسناکەی یەکێتی هێندەی تر ئاگر دەنێت بە پوشی ئەو بوغزو کینە فراوانەی ئستا کۆمەڵگەی کوردی بارگاوی کردووە..
هەرچەندە ئاشکراکردنی ئەنجامی پارێزگاکانی هەرێم دواخراون بەڵام دڵنیام سکاڵاو بەیاننامەو ئەو شتانە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت حەتمەن بژاردەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیش ئینتیحاری سیاسیە توندوتیژی و چەکیش خراپترینی خراپەکانە. هەربۆیە بە بڕوای من باشترین بژاردە خەباتی مەدەنیە دیارە ئەوەش کاریگەری سنوردارە لەبەرئەوە هێزەکان ئەم هەڵوێستەی یەکێتی لە نانێکی گەرمدا هەڵگرن بۆ سبەی بۆ کاتی دیاریکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەو دەم یەکێتی خۆی ناچارە بێتەوە بەردەمی لایەنە سیاسیەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand