بەڕاست نیشتمان هی هەمووان بوو!
2021-01-02 15:37:27
سروە نوری عەزیز
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو چرپەی مرۆڤە، توورەیی بێدەنگیە کاتێک کە راستی دەدوێت. ئەو "تاوە ئەستێرەیەیە کە هەستی رۆشنایی هەموو ئەستێرەی" ئاسمانی ئەدەبت دەداتێ.
هەندێ کتێب هەن هەر لە لاپەرەی یەکەمیەوە هێشووی وشەکان لە گەردنت دەئاڵێن و لێت دوورناکەونەوە. بە بەردەوامی بە نێو رەز و باخی رووداوەکاندا دەکەویتە پشکنین و هاوکاتیش نازانیت ئەم توولەڕێگایانە بەرەوکوێت دەبەن.
ئەم کتێبە ئاوێنەیەکە سەختی ئازاری وازهێنان لەو خەونانەی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو نیشاندەدا. ئەو خەونانەی کە وازهێنانیان زۆر سەخترە وەک لە بوارنەدان بە خەون بینینیان.
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو، لە نوسینی کاک هەڤاڵ کوێستانی لە چاپێکی نوێتردا، چاپی پێنجەمدا، کەوتە بەردەست خوێنەران. هەر لە لاپەرەکانی یەکەمیەوە رووداوەکان دەبنە ئاوێنەیەک و مێژووی نوێی نەتەوەکەتی تیادا دەبینی. هەندێجار فرمێسک ئاوێنەکە بەتەواوی لێڵدەکات، هەروەک ئەوەی لەنێو زەریایەکەدا مەلەبکەیت و ناشزانیت شەپۆلەکان بەرەو کوێت دەبەن. هەندێ کاتیش خەندە و هیواکانی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەتبەنە نێو جوانیەکانی تێکۆشان و یاخیبوونەوە.
ئەو نەوەیەی کە ئەشقی نیشتمان هەموو جوانی و خۆشی و بەختەوەریەکی ژیانی پێ لەدەستدا، زۆر بە ئاسانی لەگەڵ شەپۆلە ئارامەکانی زەریای بەرینی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەکەوێتە مەلە.
کێ ئەتوانێت رووی نیگەرانی و بێ دەسەڵاتی دایکوباوکی خۆی، لە رووی دایکوباوکی نوسەردا نەبینێ لەو کاتەی کە "ئەڵقەی نارنجۆکی هەواڵی چوونەدەرەوە" بە روویاندا رادەکێشێت. ئەو ئاگرەی نوسەر بەریدەداتە دارستانی هیواوخەونەکانی دایک و باوکی لەکاتێکا ماڵئاواییان لێدەکات، هەر ئەو ئاگرەش جگە لە "زەویەکی سووتەمەرۆ" بەولاوە شتێکی دیکەی لەدوای خۆیەوە بۆ هیچ دایکوباوکێکی ئەو رۆڵانەی، کە نەک هەر خۆی بەڵکو هەموو ئازیزانیشی کردبۆوە قوربانی نیشتمان، بەجێنەهێشت.
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو بە شێوەیەکی زۆر بابەتیانە زرنگی داگیرکەرانی کوردستان و هێزوبێبەزەیی ئەو دینەی کە بۆتە بەهێزترین ئامراز لە چەوساندنەوەو سەرکوتکردنی گەل و وێرانکردنی نیشتماندا، نیشاندەدات.
لە لاپەرەی ١٨ و ١٩ دا نوسەر بەشوێن سمی ئەسپەکانی لەشکرەکەی قەعقاع دا دەمانباتە نێو دۆڵی ئەسحابان و شەری نێوان عەرەبە موسڵمانە داگیرکەرەکان و جەنگاوەرانی کورد. بەراستی بەزەیم بە گەلەکەمدا دێتەوە لە کاتێکا "گۆری ئەسسحابان" بە پیرۆز دەزانرێت و سوجدەی بۆ دەبرێت و گۆری جەنگاوەرانی کورد، ئەو تێکۆشەرانەی کە بەرگرییان لە خاک و خەڵکی خۆیاندەکرد بە کافر دەناسێرین و بەردباران دەکرێن. زرنگی داگیرکەرانی کوردستان واتلێدەکات کە سوجدە بەریت بۆ هێزوبێبەزەیی ئەو دینەی کە تێکۆشەرانت بە کافران پێدەناسێنێت. ئەوەی کە جێگای داخ و نیگەرانیە، مەلا و زانائاینیەکانی کوردستان دەسەڵات و توانای خۆیان لە هاندانی هەستی نیشتمانپەرەوەری و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان بەکارنەهێناوە و بەکارناهێنن. بە پێچەوانەی مەلاکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە کە هەمیشە بەرگری لە دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی خۆیان دەکەن، تەنانەت کوردکوشتنیش لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە حەڵاڵ دەکەن.
لە لاپەرەی١١٧ ئەم کتێبەدا بە خێزانە بەختەوەرەکەی مام ئەحمەد و پوورە کەسکێ ئاشنادەبین. ئەم خێزانە لە ژوورێکی بچوکی قورینەدا لە زەڵێ دەژین. ژوورێک، یا راستر کوخێک کە خاڵیە لە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ژیان و کاروئیشی رۆژانە هاوکات ماڵێکی گەورە لێوانلێوە لەگەرمی و خۆشەویستی. ئەو ماڵەی، ئەو نەوەیەی نیشتمانی لە هەگبەی کۆڵیدا دەگێرا بێبەشکرابوو لەو بۆنەی کە ئارامی و دڵنیایی بە رۆحی دەدا.
ئەوەی کە جێگای سەرنج و تێروانینە، ئەم خێزانە کە لە سنووری ئەو چیایانە، دوور لە شار و شارستانیەت دەژیان، بە شێوازێکی مرۆڤدۆستانە بۆ هاوسەرگیریی کچ و کورەکانیان دەنواری. لە کاتێکا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە وەک رێکخراوێکی مارکسی - لینینی خۆی دەناساند، بیرۆکەی عەشایەری و تێروانینی دینی و کۆنسەرڤاتیزم بەرامبەر کچان و ژنان زۆر سروشتی بوو لەلایان.
مام ئەحمەد و پوورەکەسکێ نەخوێندەوار بوون، لە نێو دٶڵێکدا گەورەببوون و هەر لەوێشدا ژیانیان دەگوزەراند، مەودای بیرکردنەوەیان سنووری دۆڵی زەڵێ یان جێنەدەهێشت، هاوکات جوانترین شێوازی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازانە و لیبراڵیان بۆ چارەسەری کێشەی دڵدارودڵخواز پێرەودەکرد. چەند جوان و چەند بە سادەیی و بێکێشە چارەسەر، بۆ گرفتێکی کۆمەڵایەتی، کە لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتیە، دەدۆزنەوە. هەر بە هەمان شێوەی مینە کاتێک ژنەکەی رەدوو دەکەوێ بەهیچ شێوەیەک بیرلە ئازاردان ناکەتەوە. بەڵکو هەوڵدانیان هەمیشە بۆچارەسەرێکی ئاشتیخوازانەیە بۆ پەسەندکردن و لەیەکترنزیکبوونەوە. لە کۆمەڵگە مرۆڤدۆست و دیموکراسیەکاندا سەخترین سزا لە کوشتنی مرۆڤدا پەیرەودەکرێت. لە وڵاتی ئێمەدا سەخترین سزا لەسەر خۆشەوسیتی پەیرەودەکرێت. خۆزگە لە کوردستانەکەی من و تۆشدا و لە هزری هەموو دایکوباوکێکدا، چارەسەری کێشەی دڵدارودڵخواز ئەو چارەسەرەی مام ئەحمەدو پوورەکەسکێ هەڵدەبژێردرا و لاوان و گەنجان چیتر ژیانیان لێنەدەکرایە دۆزەخ.
وێنە شیعرییە ناوازەکان لە سەردانی کوێستانی مەکێ و رەشماڵی ماڵی کاڵێ مرۆڤ دەباتە نێو دنیای جوانی و پر لەهەستی بێگەردی خۆشەوسیتی. هاوکات پرنسیپەکانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە نوسەری کردۆتە دەروێش بۆی دەرئەنجامێکی جیاواز لەو دەرئەنجامەی کە کاڵێ یا خوێنەر چاوەروانیەتی، لێیدەکەوێتەوە. دەربرینی هەستی خۆشەوسیتی بەو شێوە کراوەیی و راستگۆییە شێوازێکی نوێ و ناوازە لە نێو ئەدەبی بیرەوەری کوردیدا.
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو وێنەی ژیانی لە خۆبووردەیی چەندین پێشمەرگە و کادر و سەرکردەی ئازاو لێهاتووی شۆرشی نوێ، لە شەری پارتیزانیدا دەنەخشینێت. هاوکات هەبوونی ڕێبەرێکی بەتوانا کە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان بخاتە پێش بەرژەوەندیی خۆی و پارتەکەیەوە و شۆڕشی نوێ بگەیەنێتە کەناری ئارام و سەرکەوتن، لە ئامادەنەبوونیدا دەدرەوشایەوە. ئەمەش هۆکارێکی گرنگە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە تا ئێستا پرسی کوردی، لە سنووری شاخەکانی کوردستان تێنەپەراندوە و ئەم پرسەی نەک هەر نەکردۆتە پرسێکی نێونەتەوەیی، بەڵکو نەشیتوانیوە پرسی ئەم گەلە بکاتە پرسێکی نەتەوەیش. لێرەدا گەلی ئیسرائیل م بەیاددێتەوە، یەکێک لە گرنگترین هۆکار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبوونی رێبەر بوو. لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرایل رێبەرەکانیان پرسی جینۆسایدی شەش ملیۆن لە خەڵکی جولەکەیان لە لایەن ئەڵمانیای نازیەوە، بە شێوەیەکی وا ژیرانە، لەگەڵ هێزە براوەکانی شەری جیهانی دووەمدا بەکارهێنا کە هیچ چارەسەرێکی تر بۆ ئەم پرسە جگە لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، نەهێڵنەوە. جێگای داخێکی گرانە کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدو ئەنفال و کیمیابارانیش نەبۆوە هۆی لەدایکبوونی رێبەرێک، کە چیتر نەوەکانی داهاتوو لە ژیان نەتۆرێنێت.
لە کاتی شەری نێوان ئێراق و ئێراندا، لەکاتێکا کە دوو رژێمی داگیرکەری کوردستان خەریکی بێهزکردنی یەکتریبوون و شەری تۆپ و تەیارەیان لە سەرخاکی یەکتر ئەنجامدەدا، سیاسەتمەدارانی نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باشوور و رۆژهەڵات تێکۆشانی سەرەکیان لە پێناوی بێهزکردن و سرینەوەی یەکتریدابوو. لەبری سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە و تێکۆشان بۆ یەک ئامانج و یەکخستن و پێکەوەگرێدانی خەبات و تێکۆشانی باشوور و رۆژهەڵات و بەکارهێنانی تەواوی هێزی خۆیان لەبەهێزکردنی یەکتریدا، بە پێچەوانەوە، زۆربەداخەوە هەریەکەیان پەنادەباتە بەر دوژمن و داگیرکەری بەشەکەی تری وڵات و ئازایانە لە بێ هێزکردن و سرینەوەی یەکتردا تێدەکۆشن.
ئەم ناتەباییە و نەبوونی یەک پەیامی کوردستانی هاوبەش، پرسی کوردی وەک نەتەوەیەکی چەوساوەی بێدەوڵەت لەسەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەچەندین دەیە دوورخستۆتەوە. لەو بروایەدانیم سیاسەتمەدارانی هیچ نەتەوەیەک وەک سیاسەتمەدارانی گەلی کورد توانیبێتیان نەوە لە دوای نەوە بکەنە قوربانی خۆشبەختی خۆیان و بنەماڵەکانیان. ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، راستگۆیانە ئەم ناکۆکیە دەروونیانەی سیاسەتمەداران ئاشکرادەکات. ماڵێکی پەرتەوازە رووخانی زۆر ئاسانە.
لەکاتی بۆردومانکردنی هەڵەبجە و دێهات و شارۆچکەکانی کوردستان بە گازی کیمیاوی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ویستیان بەیانێکی نارەزایی بەرانبەر دەوڵەتی ئێراق دەربکەن و هەڵوێست وەربگرن، بەڵام هەندێ لە دەوڵەتانی عەرەب دژی ئەو هەڵوێستەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بوون و رێگایان نەدا کە بەیانێک لەو شێوەیە ببێتە راستی. (لە بەرنامەیەکی رادیۆی P1 لە شاری ستۆکهٶلم لەسەروبەندی لێدانی رژێمی سەدام دا، بە بەشداری جێگری سکرتێری ئەو کاتەت UN، رەخنەم ئاراستەی UN کرد لە بێهەڵوێستیان بەرانبەر ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، لە وەڵامدا جێگری سکرتێری UN ئەو روونکردنەوەیەی دا). هاوکات هەمیشە سیاسەتمەدارانی کورد، لە شۆرشی ئەیلول و لە شۆڕشی نوێشدا پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بوون لەو کاتانەی شەریان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرپاکردوە. هەروەک لە لاپەرەی ٣٥٣ دا نوسەر هاوسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ دا و پشتگیری مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٦٧ دا بەرانبەر بە رۆڵی وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئیسرائیل نیشاندەدا.
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو راستگۆیانە باس لە مێژووی سەردەمێک دەکات وەک خۆی. سەرکەوتوانە خوێنەر بەرەو رووداوەکان رادەکیشێت، هاوکاتیش واز لە خوێنەر دێنیێت کە خۆی بریار بدات ئەو رووداوانە چۆن ئاوێتەی یەکتری دەبن و کاریگەری لەسەر یەکدی دروست دەکەن.
هونەری هێزی هەڵوێست و ئازایەتی لەوەدایە، کاتێک مرۆڤ بە پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆلەکانی زەریا مەلەدەکات. لەوکاتانەی کە هوشیارە ئەو شەپۆلانە نایانگەیەنێتە کەناری ئارام، بەردەوام نابێت. ئەو کاتەی کە نرخی مرۆڤ هیچ رێزێکی بۆ دانانرێت و سنووری ئازادی بیروباوەر هەروەک سنوورە دەسکردەکانی پارچەکانی کوردستان، بە بەردەوامی لە ژێرچاودێریدایە، نوسەر ئازایانە هەڵوێستی خۆی ئاشکرادەکات و بەردەوام نابێت.
مێژوو هەمیشە لەلایەن هێزە سەرکەوتووەکانی شەڕەوە نوسراوە و دەنوسرێتەوە، هەر بۆیە کتێبخانەی کوردی، بەداخەوە زۆر هەژارە لە مێژووی نەتەوەکەی خۆی. کتێبی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی مێژووی نەتەوەی کورد لە زانکۆ و کۆلیژەکاندا، بۆ ئەو ساڵانەی کە ئەستووری زۆرداری رژێمی بەعس هەموو سنوورێکی بەزاندبوو. لەبەرانبەریشدا نیشاندانی مێژووی پر لە ناکۆکی و دووبەرەکی سیاسەتمەدارانی کورد و پارت و رێکخراوەکان.
ئەم کتێبە دەتوانرێت بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆر بابەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەلایەن مێژوونوسان و لێکۆلەرەوانەوە.
ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو کانیەکی سازگارە لێوانلێوە لە گەوهەر.
بەڵێ ئەو رۆژانە نیشتمان هی منیش بوو.