سیستەمی سیاسی لە کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان
2021-01-02 08:18:45
ساری أبوبکر زەڵمی
دەکرێت بڵێین لەکوردستاندا یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە مێشکی زۆرێک لە تاکەکانی کوردستاندا گوزەر دەکات ئەوەیە کە (ئایا بۆچی کوردستان گەشتوەتە ئەم قۆناغەی ئێستا؟ بۆچی کوردستان لە پاش 30ساڵ حوکمداری هێشتا یەکێکە لە ووڵاتە دواکەوتوەکانی جیهان و دانیشتوانەکەی دەناڵێنن بە دەست هەژاری ونەبوونی و بەدەست نەهێنانی مافە سەرەتاییەکانیانەوە؟، بۆچی لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پەیدا بووە بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا بۆتە ھۆی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد؟، ئایا بۆچی هەڵبژاردنەکان هیچ کاریگەرییەکیان نیەو گوزەرانی خەڵک هەمیشە بەرەو خراپتر دەڕووات وەک ئەم بارودۆخە خراپەی کە ئێستا تێیدا دەژین)، لەم بابەتەدا بە بەراوردێک بە بارودۆخی سیاسی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان بەشێک لە وەڵامەکان بەکوورتی دەخەمە ڕوو.
کۆریای باشوور لەساڵی 1997 هاوشێوەی ئێستای هەرێمی کوردستان توشی قەیرانێکی دارایی بوو كە هۆکارەکەی قۆرخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کردن بە شیوازێکی تاکڕەوانە بوو. ئەم قەیرانە زیانی بە زۆربەی کەرتەکان گەیاند لەم ووڵاتەدا، بەڵام دواتر ئەوقەیرانی داراییە بو بە وانەیەک بۆ لۆمە کردن و بەخۆداچونەوەی دامەزراوە سیاسی و دیموکراسیەکان و هەست کردن بە کەمو کوڕییەکانیان، وە ڕاچڵەکین بوو لەو خەوەی کە فەرمانڕەوایی بە شێوازێکی تاکڕەوی و قۆڕخکاری ئەنجام بدرێت.
لە پاش کەمتر لە یەک ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە، هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجامدرا و لە ساڵی 1998 دا (کیم دائە جونگ) بوو بە سەرۆک کۆمار. کە پێشتر سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنەکان بوو بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ, لەپاش کێبەرکێیەکی بەهێز خەڵکی کۆریای باشور لە ساڵی 1998 دا وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، لە پاش 10 ساڵ و لە ساڵی 2008 خەڵکی کۆریای باشوور جارێکی تر سەرۆک کۆماریان گۆڕی و (لی میونگ باک) کرا بە سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی کۆریای باشوور، ئەوەی گرنگە بیڵێم لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا هێزی سوپا و حیزب خۆیان بە دوور گرت لە هەڵبژاردنەکان و بە شێوازێکی دیموکراسی بەڕێوە چوون، حکومەتی (کیم دائە جونگ) بە شێوازێکی خێرا کاری کرد بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی ووڵات و چاودێری کردنی ئابوری و دارایی ووڵات و کۆتایی هێنان بە قەیرانەکان، وە گرنگی تەواوی دا بە چاککردنی سیستەمی موچەو باشکردنی مووچەی خانەنیشینی و هاوکاری هەژارەکان کە گەورەترین کێشە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بابەتەیە .
حکومەتی کۆریای باشوور دواتر دەستی کرد بە چاکسازی لە ئابووری ووڵاتدا و تا ڕادەیەکی زۆر باش بەرەو پێشی برد، وە چاکسازی کرد لە سەرجەم کەرتەکانی ووڵاتدا، وە هەروەها چاکسازی کرد لە یاساکانی ووڵاتدا بە یاسای هەڵبژاردنیشەوە.
لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرجەم حزب و پارتە سیاسیەکان کێبەرکێیان دەکرد بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان، وە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەمیشە لە هەوڵدا بوون بۆ وشیارکردنەوەی لایەنەکان لە دوورکەوتنەوە لە تەزویرات و گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا، وە هەموو لایەک هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵات بدەن، پێچەوانەی ووڵاتی خۆمان کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە خزمەتی دەسەڵات و حیزبدان و هۆکارن بۆ گەشەکردنی گەندەڵی.
دەسەڵاتی ( لی میونگ باک) بەردەوام بوو تا پێنج ساڵ و دواتر لە ساڵی 2013 لەسەر کار لابراو (پارک جیون هی) کرا بەسەرۆک کۆماری ووڵات و پاش ناڕەزایی دەربڕینێکی چەند مانگەی خەڵکی کۆریای باشور سەرەنجام لە مانگی ئازاری ساڵی 2017 بەتۆمەتی گەندەڵی ئیداری و ئابوری لەلایەن پەرلەمان و دادگای باڵای کۆریای باشورەوە لە کار دوورخرایەوە. و لە پاش ئەو (مون جای ئین ) کرا بە 19یەمین سەرۆک کۆماری مێژووی کۆریای باشور کە بە دەنگی هاوڵاتیانی کوریای باشور هەڵبژێردراو كرایە سەرۆک کۆماری ووڵات، کە کاندیدی حزبی دیموکراتی کوریای باشوربوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
گرنگە ئەوە بڵێم ئەم سەرۆک کۆمارە لە یەکەم بڕیاری سەرۆک کۆماریدا لە ساڵی 2017 لە ووتارێکیدا ڕایگەیاند: "پێکهێنانی دەوڵەتێکی شەفاف بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ هەموو جیهان لە سەرەکیترین بەرنامەکانمە". ڕاشیگەیاند: "تەنیا پێوەر بۆ دانانی بەرپرسانی حکومی ئاستی پسپۆڕی و تواناکانیان دەبێت". چونکە دڵنیابوو لەوەی کە غیابی پسپۆڕی و ھوشیاری و ئاستی زانستی ئەم نوخبەیە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ھەست بەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقی و شەرمە گەورەیە نەکەن و لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ لەناو پڕۆسەی سیاسیدا پەیداببێت. بەجۆرێک کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا دەبێتە ھۆکایی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد، وەک ئەوەی كە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک بەدی دەکرێت.
دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر بە ووردی مێژووی ئەم ووڵاتە و سەرجەم ووڵاتانی پێشکەووتوی جیهان بخوێنینەوە دەبینین هۆکاری سەرەکی بەرەوپێش چوونیان بریتیە لەوەی کە دژی قۆڕخکردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی تاکلایەنە وەستاونەتەوەو چەسپاندنی دیموکراسی و بەدیهێنانی شەفافیەت و دژایەتی کردنی گەندەڵیان کردۆتە کاری لە پێشینەیان.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1991تا ئێستا دەسەڵاتی سەرەکی و کاریگەری ناو حکومەت و پەرلەمان هەمان دەسەڵات و هەمان سیاسەتە، وە قۆرخکردنی دەسەڵات گەشتۆتە ئاستێک کە ئامانجی سەرەکی سیاسەت فەرامۆش کراوە و میلەت نوقمی هەژاری و نەبوونی کراوەو هیچ مافێکی نیە بە مافە سەرەتاییەکانیشەوە کە مووچە یەکێک لەو مافانەیە، لە لایەکی تریشەوە هەڵبژاردن کە بە یەکێک لە هێماکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دادەنرێت و بە یەکێک لەو ئامرازە گرنگانە دادەنرێ کە هاووڵاتیانی هەر ووڵاتێك لە کاتی ناڕەزاییەکاندا و بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانیان ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیانەوە بەشداری لە دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن، چونکە بەپێی کەلتووری سیاسی و سیستەمی دیموکراسی دونیای نوێ، ھەروەھا لەناو فەلسەفەی سیاسیدا مرۆڤ ئامانجی باڵایە، کۆی شتەکانی دیکە "سیاسەت، ئاین، زانست...ھتد" وەسیلەو ئامرازن و دەبێ بچنەوە خزمەتی ئەو ئامانجە باڵایەوە كە مرۆڤە.
وەک چۆن لە ووڵاتانی پیشکەوتووی جیهاندا سیاسەت، بریتیە لە ھونەری باڵا و ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، ھەروەھا وەگەرخستنی تواناکانە بۆ بەدیھێنانی پێداویستە گشتیەکان بەباشترین شێواز، کە مرۆڤ تیایدا مومارەسەی ئازادیەکانی خۆی دەکات وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژی و عەقڵانی، لەم نیگایەوە سیاسەت ئامرازێکی گرنگە و دووبارە دەچێتەوە خزمەتی مرۆڤ کە ئامانجە باڵاکەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەت ئەو واتایە ناگەیەنێت و بەڵکو سیاسەت داماڵراوە لەو بەها جوانانە، هەڵبژاردنەکانیش وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی بە سیاسی کراوون و بەکاردەهێنرێن بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە چەندین ساڵە ووڵات بەڕێوە دەبەن.
لە زۆربەی ووڵاتانی دونیادا دانانی سیستەمی هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان دادەنرێت. وە ئەو ژینگە و زەمینەیەی کە تێیدا سیستەمی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێت، بەئەندازەی خودی هەڵبژاردن گرنگە، لە هەموو جیهاندا هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە خەڵک نوێنەری خۆی بۆ چەند ساڵێک دیاری بکات تاوەکو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا خزمەتی بکرێت. سەرەڕای ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی تاک لەم دەوڵەتەدا کە سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە بڕیاردان، لە چارەنوسی ژیانی خۆی و گەلەکەی کە بیەوێت بە کام ئاڕاستەیدا ببات، کە زیاتر خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایەتی. لەهەمان کاتیشدا هەر زوو ئەو لایەنەی کە براوە بووە دەست دەکات بە دروستکردنی حوکمەت و لەماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی پلانی کارەکەی دەخاتە ڕوو.
بەڵام لە کوردستادا کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، نە بۆ خزمەتکردنە، نە بۆ خۆشگوزەرانیە و نە تاکیش گرنگی و پێگەی خۆی هەیە وەک ووڵاتانی پێشکەووتو، بەڵکو هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان تەنها بۆ ئەوەیە کە بە جیهان بڵێن ئێمە گەلێکی دیموکراس خوازین و گوێ لە ڕای گەل دەگرین، بەڵام لە ڕستیدا گوێگرتن لە ڕای گەل ئەو کاتەیە کە هەڵبژاردن خزمەتی گەلی پێبکرێت وەک پێشتر باسمان کرد لە کۆریای باشوور بە هۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ گۆڕانکارییەک ئەنجامدراوە و چەند جار سەرۆکەکان گۆڕان و لەسەر کار لابران و بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە چ پێشکەوتنێک بەدیهێنراوە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دابڕانێکی مۆڕاڵی و فیکری و مەعریفی قوڵ بۆتەوە، نەک ھەرئەمە بەڵکو بەرەو ئاستێکی نزمی کۆمیدی دابەزیوە، لە ئێستادا سیاسەت بەکۆمەڵێک ئامرازی سەیر بەستراوەتەوە بەدونیای مەجازیەیەوە، بەجۆرێک ئایدۆلۆژیای سیاسی بەتەواوی دابەزیوە بۆ ڕووبەرە گشتیەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیەکان، لەدواجاردا گاڵتەجاڕی و داڕمانی سیستەم و ئەخلاقی سیاسی شێوازێکی دیکەی ئەم کۆمیدیایەیە کە ئەم ئەزموونە سیاسیەی هەرێم خوڵقاندویانە. بۆیە دەکرێت بڵێین بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991تا ئێستا هۆکاری سەرەکیە بۆ دروست بوونی ئەم قەیرانە سەختەی کە دروست بووە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ووڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و جوگرافیایەکی گونجاوی هەیە بۆ بازرگانی کردن و بەرەوپێش بردنی ئابووری ووڵات، بەڵام بارودۆخی سیاسی هەرێم وای کردووە کە هەموو کەرتەکانی ووڵات دوابکەون و بگەنە ئەم قۆناغەی ئێستا. بە ووتەیەکی نیکۆلا ماکیاڤیلی ئیتاڵی کۆتایی بە بابەتەکەم دەهێنم کە دەڵێت: جۆرێک لە گروپ و نوخبەی سیاسی هەن کە باوەڕیان بە بەکارھێنانی گشت ڕێبازێکە بۆ مانەوەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی شکست خواردووی خۆیان، لەوانە (فەلسەفەی ئەخلاق، ئایین، ھێزو سوپا، پیلان و خەڵاتاندن و فێڵ، درۆ و بەرتیل و جاسوسی، خۆسەپاندن... ھتد).
* ماستەر لە پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووریدا