نەوەی نوێی شێخ، لە نەوەی نوێی سیاسییەکان دەچێ؟
2021-01-01 21:14:42
عەلی مستەفا کەریم
پاش ریفراندۆم مەسعود بەرزانی وەکو سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ، ئەگەر بە روکەشیش بێت، لە سیاسەت کشاوەتەوە و ئێستە دەسەڵاتی ئەم حیزبە و حکومەتی هەرێمیش لە هەولێر بە دەست کوڕ و برازاکەوەیەتی، کە نەوەی نوێی ئەو حیزبەن. یەکێتی بە هەمان شێوە، پاش مەرگی جەلال تاڵەبانی و ململانێیەکی چەند ساڵە لە فەوزا و باڵباڵێن، ئێستە نەوەی نوێی سکرتێرەکەی، کە قوباد و پاڤێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگین، جڵەوی حیزب و پارە و ئاسایش و پێشمەرگەیان بە دەستەوەیە. لەسەردەمی نەوەی نوێی هەردو بنەماڵە و حیزبدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خراپترین و دژوارترین دۆخی ئابوری و سیاسی خۆیدایە، کە نەکو ناتوانێ موچە دابین بکات بۆ کارمەندانی و موچەخۆرانی، بەڵکو قەوارەکەی، پاش سی ساڵ بە هەڵواسراوی، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە. لەم دۆخە ناهەموارەشدا هەمو ساتێک ئەگەری هەیە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی، کە لەشێوازی ئاشتییانە دەرچوە، داروبەرد بەسەریەکدا بدات. بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئایندە ترسی ئەوەیان لێدەکرێت کە نەکو تەنها دەزگای حکومی و حیزبی و خزمەتگوزاری پەلامار بدەن، بەڵکو ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە ماڵوموڵکی دەوڵەمەند و سیاسییەکان پەلامار بدرێن کە چەندین ساڵە خەڵکی پێیانوایە بە زوڵم و گەندەڵی پێکەوەیانناوە و تەنانەت دەزگا پەروەردەییەکانیش بسوتێنرێن.
ئا لەم دۆخەی نەوەی نوێی سیاسیەکانی هەرێمدا، وەکو ڕێکەوتێکی دیاردەی ئاینی و سیاسی، شێخی کەسنەزانی باوک وەفاتی کرد و کوڕەکەی کە شێخ نەهرۆیە وەکو نەوەیەکی نوێ بەیعەتی پێدرا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کە ئایا نەوەی نوێی تەریقەتی قادری- کەسنەزانی کە شێخ نەهرۆیە تەریقەتەکە و شوێنکەوتوانی بە چ ئاراستەیەکدا دەبات، چ پلانێکی هەیە؟ ئایا شێخ نەهرۆ دەتوانێ تەریقەت ئاراستە بکات و نوێبکاتەوە و رۆڵی ئیجابی پێ بگێڕێ، یان ئەویش وەکو نەوەی نوێی حیزبەکان دۆخی تەریقەت لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەبات؟!
«مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقا»
بەدرێژایی مێژوی ئاینی ئیسلام، یان لەو کاتەوەی کە ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا فۆرمی گرتوە، دو مۆدێل لە ململانێ و رکابەریدان، ئەوانیش مۆدێلی مزگەوت بەرامبەر مۆدێلی تەکێ و خانەقان. مزگەوت پاڵپشتی لە فیقهو شەریعەت کردوە، لە بەرامبەردا تەکێ و خانەقا پاڵپشتییان لە تەریقەت و شێخایەتی کردوە.
تەریقەت و ئاینداری لە کوردستاندا لە شێوازی شێخ و مورید و سۆفیگەری و دەروێشایەتی، کە ناوەندەکەیان تەکیە و خانەقابوە لەو مۆدێلە دێرینەیە کە لە یادەوەری تاک و کۆمەڵی کوردیدا ریشەی پێشینە و قوڵی هەیە. ئەم مۆدێلە چەند سەدساڵێکبوە لە ململانێدا بوە لەگەڵ مۆدێلی دوەمدا کە مەلایەتی و ئاراستەی شەریعەت نوێنەرایەتی کردوە کە ناوەندەکەی لە مزگەوت و حوجرەکاندا بەرجەستەبوە. ململانێی مزگەوت و مەلاکان کە خۆیان بە نوێنەری شەریعەت دەزانن بەرامبەر بە سۆفیگەری و شێخایەتی کە پێیانوایە راستەوخۆ درێژکراوەی نەسەبی پێغەمبەرن و لە تەریقەتەوە بە راستییەکان دەگەن، چەند سەدساڵێک بەتوندی لە هەمو ئاستەکاندا درێژەی هەبوە تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست. لە سەدساڵی ڕابردودا مۆدێلی سۆفیگەری و شێخایەتی لەبەردەم ڕەخنە و هێرشێکی فراوانی فرەلایەندا بوە. مۆدێرنە بە هەمو دیاردە سیاسی و مەعریفییەکانییەوە لە وڵاتە تازەپێگەشتوەکاندا، هێرشێکی توندی کردە سەر دیاردەی ئاینداری، بەتایبەتی سۆفیگەری و شێخایەتی. لە ناو کوردیشدا بە هەمان شێوە، مونەوارانی کلاسیکی کورد، لە شاعیران نالی و حاجی و هتد، ڕەخنەی توندیان لەو مۆدێلە گرت و لە زۆر بواردا بە هۆکاری پاشکەوتنی کۆمەڵیان داناوە. هەروەها لە بازنە ئاینییەکەشدا مونەویرانی وێنەی مەلای گەورە بەشێکی زۆری هەوڵی خۆیان ڕەخنەگرتن بو لەو مۆدێلە. پەیدابونی تەوژمی ئیسلامی سیاسیش، بە هەردو باڵی ئیخوانی و سەلەفیزمەوە، ئەو ڕەخنە ئاینیانەیان لە کتێب و نوسینەوە هێنایە ناو تەوژمی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی سۆفیگەری و شێخایەتی بویە یەکێک لە ئامانجی ئیسلامی سیاسی. لە ڕوی سیاسیشەوە دەرکەوتنی حزبی چەپی کوردی، هەروەها رەوتی رۆشنگەری و مونەورانی کورەد، زەبرێکی توندیاندا لەو مۆدێلە. ئەمانە کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر ئەوەی کە مۆدێلێ سۆفیگەری و شێخایەتی پاشەکشە بکات. ئەمە جگە لەوەی مۆدێلی سۆفیگەری شێخایەتی لەناو خۆیدا توانای خۆنوێکردنەوە و مقاوەمەی نەمابو. بەمجۆرە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە، چیتر مزگەوت جێگەی بە خانەقا و تەکیە چۆڵکرد.
Ali Mustafa sent Today at 13:10
پاش ئەو زەبرانەی لە ناوەوە و لە دەرەوە بەر سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقا کەوتوە بە درێژایی سەدساڵی رابردو، پاش ئەو هەمو هێرش و ڕەخنانەی لەسەر ئەو مۆدێلە هەیە، ئەم چەند ساڵە کەمەی دوایی، خانەقا و تەکییەکان جموجوڵیان تێکەوتوەتەوە و دەیانەوێ ڕۆڵێک ببینن. پرسی گرنگ ئەوەیە کە ئەم جموجوڵ و چالاکیانە هۆکارەکەی ئەوەیە کە سۆفیگەری و شێخایەتی زیندودەبێتەوە و خۆی نوێدەکاتەوە، یاخود ئەوە لایەنە سیاسی و هەواڵگرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەن کە دەیانەوێ رۆڵیان بدەنێ؟
ئایا لە توانای خانەقا و تەکیەدا هەیە بەو دۆخە ناهەموارەیەوە کە سەد ساڵە لە ژێر هێرش و پەلاماردایە و بێ نوێبوونەوە و بێ گوتار و ئایدیایەکی ڕۆشن کە لە ئاست قۆناغەکەدابێت، هەستێتەوە و سود لەو ڕەگوڕیشە کلتوری و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، ببینێت؟
ئەوەندەی لە نمونەی تەریقەتی کەسنەزانیدا تێبینی دەکرێت و دیاردەیەکی نوێیە، یەکەم وەفاتی شێخ عەبدولکەریمە و ناشتن و بە مەرقەدکردنییەتی لە سلێمانی، دوەم بەیعەتدانە بە شێخی نوێ کە تەمەنێکی زۆری نییە و دەکرێ بە نەوەی نوێ بژمێردرێت. لە ناشتنی و پاش ناشتنی شێخی باوک و هوروژمی دەروێشان بۆ تەواف میدیایەکی زۆر و بە مەبەستەوە کەوتنەگەڕ و زومێکی چڕ خرایە سەر شێخی نوێ و جموجوڵەکانی. لەم رۆژانەی دوایشدا زۆرێک سەرکردەی سیاسی و حیزبی میوانی تەکیە و شێخی نەوەی نوێبون. جگە لەم روداوە بچوکانە ئێمە هەست بە گۆڕانکارییەکی نوێ و ریشەیی ناکەین کە نە لە گوتار نە لە پێکهاتەی تەریقەکەدا هاتبێتە ئارا. هەر گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە تەریقەت و پێکهاتەکەیدا پێوستی بە مەرجەعێکی کاریزمایی و بەتوانا هەیە، کە بەلای کەمەوە بە تێپەڕبونی دەساڵێک ئەو مەرجەعە خۆی بناسێنێ، دواتر بتوانێ خۆی و تەریقەتەکەی بسەلمێنێ و پەلدابکوتێت و خۆی نمایشبکات و دواتر هەمو ئەم دەرکەوتانەش کاردانەوە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵی سیاسی و پێکهاتەی کۆڵایەتی بەجێبهێڵێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت چەند دەروێش و شوێنکەوتەیەکی پرشوبڵاوی تەقلیدین، کە دێن بۆ تەواف و دەگەڕێنەوە. ئەم کۆمەڵە دەروێشە زۆر لەوە سادەترن کاریگەری بەسەر پێکهاتەی ئابوری و سیاسی و رۆشنبیری هەرێمدا جێبهێڵن و شتێکی ریشەیی لە هاوکێشەکەدا بگۆڕن. لەلایەکی تریشەوە سۆفیگەری و شێخایەتی بەگشتی هەستانەوەیەکی زۆر قوڵ، مەعڕیفەکی نوێی پێویستە بەسەردەمی نوێ، هەروەها مەرجەع و ڕێبەری بە ئاگا و ڕاستگۆ و خاکی لە گەڵ پەیامەکەی پێویستە کە شوێنکەوتوانی بە ڕێبەری ڕۆحی بزانن و هەست بکەن بەرەو هەقیقەتیان دەبات. بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا دەبینرێت بە تەنها ئەوەیە کە شێخک مردوە و بە ئۆتۆماتیکی کوڕەکەی لە شوێنی دانیشتوە.
ئەوەی لەم سەرەتاوە لێکدەدرێتەوە ئەوەیە کە شێخی کوڕ پێدەچێت پێش ئەوەی بونیە ئاینی و کلتوریەکەی تازە بکاتەوە و قوڵبکاتەوە، پێش ئەوەی تەریقەتمان وەکو تەوژمێکی نوێ و فۆرمێکی نوێ پێ بناسێنێ، پێش ئەوەی ریفۆرم لەو بونییە کۆن و هەڵوەشاوەی کە تەکیە و دەروێشایەتی و شوێنکەوتوانی هەیانە بهێنێتەئاراوە، خۆی بە سیاسەت و گەمەی سیاسی و هەڵپەی موناوەرەکردنەوە خەریککردوە و هەوڵدەدا لەو هاوکێشە هەرێمی و عێراقی و ئەقلیمیەدا گەمەیەک بکات، یاخود لە دەرەوەی خودی تەریقەتەکەوە دەیانەوێ رۆڵێکی ئامادەکراو ببینێ. لە هەردو بارەکەدا رۆڵی لەمجۆرە گەمەیەکی کورتخایەنە و لە ماوەیەکی کەمدا دەرەنجام و پاڵنەرەکانی روندەبنەوە. لە کاتێکدا گەمەی لەمجۆرە ڕەنگە بەرگەی کەمترین گۆڕانکاری و پەلاماری ئیستخباراتی، یان چەکداری بچوک نەگرێت.
بۆیە دۆخی ئێستای سۆفیگەری و شێخایەتی و تەکیە و خانەقاکان لە هەرێمی کوردستاندا لە دۆخی سیاسی و ئابوری و حیزبایەتی باشتر نییە و ڕەنگە نەوەی نوێی شێخیش، لە نەوەی نوێی سیاسیەکانی کوردستان بچێت و ئەو دۆخە کە شێخایەتی و تەریقەتەکە تێیدایە لە خراپەوە بەرەو خراپتر بەرێ