هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی كه‌ركوك ده‌رفه‌ت و له‌مپه‌ر
2020-12-25 07:53:57
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له روانگه‌ی ناسیونالیزمی كوێر بینه‌وه كاتی خۆی زۆر دژی به هه‌رێمكردنی كه‌ركوك بووم ، له‌و باره‌یه‌وه وتاریشم نووسیوه ، ئه‌و كاته پێم وابوو به‌ندی 140ی ده‌ستور جێبه‌جێ ده‌بێت و ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ركوك به دڵ و قودس ناوده‌به‌ن ئاماده نین ده‌ست له بستێكی ئه‌و ناوچه كوردستانیه دابڕێنراوه هه‌ڵبگرن ، دواتر تێگه‌یشتم ده‌رفه‌ته‌كان زۆربه‌ی كورد خۆی له ده‌ستی ده‌دات ، هۆكاره‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه كورد نایانه‌وێ یه‌ك بن ، نایانه‌وێ یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ ده‌رفه‌ته‌كان له ده‌ست نه‌ده‌ن و به سه‌ر به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌كاندا زاڵ‌بن ، له‌و روانگه‌یه‌وه گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پڕۆژه‌ی به ههرێكردنی كه‌ركوك ده‌كرێت یه‌كێك بێت له ده‌رفه‌ته‌كانی ده‌رچوون له بار‌و دۆخی ناجۆر ، ده‌ستوری عیراقی بواری ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك ره‌خساندووه ، به‌ندی 19 زۆر به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌ڵێت " مافی هه‌ر پارێزگایه‌ك یان زیاتره هه‌رێمێك بۆ خۆیان بونیاد بنه‌ن له رێگه‌ی راپرسیه‌وه تێیدا به دوو رێگاش ده‌كرێت ئه‌م داوایه به‌رز بكرێته‌وه:
یه‌كه‌م :به داوای یه‌ك له سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. "ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه"
دووه‌م: داوا‌و واژوی 10% ی ده‌نگده‌ران"
به‌ندی 140ی ده‌ستوری عیراقی بۆ ناوچه دابڕێنراوه‌كان ده‌بوو له 31ی 12ی 2007 ته‌واو با ، نه‌كراو رووبه‌ڕووی ده‌یان له‌مپه‌ر بووه‌ووه،پارتی و یه‌كێتی له بری فشار دروستكردن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه " دڵ و قودس" یان هه‌لا هه‌لا كرد ، خه‌ڵك هه‌یه نانی نه‌بوو بیخوات له سه‌ر حسابی كه‌ركوك و به پاڵپشتی ئه‌و دوو حزبه بووبه ملیار دێرو ئێستاش كه‌ركوك ببێته قه‌ره‌برووت گوێی لێنیه ، له‌و په‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتیدا ده‌كرا هه‌وڵی پێكه‌وه‌یی بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك نه‌یانكرد ، په‌نابردنه به‌ر ماده‌ی 119ی هه‌مان ده‌ستور نهخیانهته نه‌ده‌ستی له پشته‌وه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت وا نیشانی بده‌ن ، خیانه‌ت و ده‌ست له پشت بوون هه‌ق نیه چی تر كاره‌كته‌ری هیچ لایه‌نێكی كوردی باسی بكات ، كه نه‌توانێ كێشه‌ی جوتیاره‌كانی چه‌خماخه‌و په‌ڵكانه‌و ئاواییه‌كانی داقوق چاره‌سه‌ر بكات ، كه به تاپۆی عوسمانی موڵكی كوردن و خه‌ڵكی تر داگیری كردوون ، خه‌ڵك هه‌یه ناتوانێ پارێزگاری له زه‌ویه‌كانی باو باپیری خۆی بكات ، ده‌ستبردنی هه‌ندێك خه‌مخۆریش بۆ ده‌رفه‌تێكی ده‌ستوری به خیانه‌ت ناوده‌بات .
من كاتی خۆی له سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كانی ماده‌ی 140یشم نووسیوه ، بۆیه له‌و بواره‌دا هیچ نه‌بێت به وردی ده‌رفه‌ت و لهمپهرهكانم بینیووه، ناكرێت به‌و هه‌موو كه‌م و كوڕیهشهوه ئه‌و ماده‌یه جێبهجێنهكرابێت و رێگه‌ش به‌وه نه‌درێ بیر له ده‌رفه‌تی تر بكرێته‌وه ، ئه‌و قه‌زاو ناحێیانه‌ی له كه‌ركوك دابڕێنراون ، رووبه‌ڕوی عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و ئه‌نفال و راگوازتن بوونه‌ته‌وه، له مه‌ودای 14 ساڵدا سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی به‌عس نه‌گه‌ڕێنرانه‌وه سه‌ر كه‌ركوك ، له‌وه‌دا دیاره كێ كه‌مته‌رخه‌م و بێئاوه‌ز بوو ، ماده‌ی 119 یان پڕۆژه‌ی به هه‌رێمكردنی كه‌ركوك نه‌ك رێگر نابن له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به راپرسی بۆ سه‌ر كه‌ركوك بگره كاره‌كه ئاسانتر ده‌كه‌ن بۆیه هه‌قه لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان و حكومه‌ت و پارله‌مانی كوردستان پشتگیری ئه‌و پڕۆژه‌یه بكه‌ن ، كاتی خۆیشی كه خوا لێ‌خۆش بوو دكتۆر نه‌جمه‌دین پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی راگه‌یاند له سه‌ره‌تادا هیچ نه‌ما پێی نه‌كه‌ن ، دواتر كه به‌رچاو ڕوونی دایه سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و لایهنهكوردیهكان ئیتر نه‌ك دژ به‌ڵێنی هاوكاریان دا .
هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی كه‌ركوك ده‌رفه‌تێكه بۆ ساڕ‌ێژ كردنی برینی ده‌یان ساڵی شه‌ڕی ناجۆری ناسیونالیستانه‌و تایه‌فه‌گه‌ری ، هه‌وڵێكه بۆ په‌ره‌پێدان و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه ، ناكرێت شكستخواردویهكی نێو هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی پێشتر وه‌ك خیانه‌ت وێنای بكات .
ده‌كرێت ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت ، تۆكمه بكرێت ، كاری وردی له سه‌ر بكرێت و كه‌م و كوڕیه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت ، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی تره بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان ، ئه‌وانه‌ی شوناسیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌و شوناسیان ونه.