خەلاقیەتی عەقڵ
2020-12-23 14:38:19
پەیكار عوسمان
سیاسەتی ئێمە، بەقەت تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ سیاسەت. کاتێ ئێمە پێمانوایە سیاسەت یەعنی فڕوفێڵ و درۆ، ئیتر فیعلەن سیاسەت ئەبێتە فڕوفێڵ و درۆ. کاتێکیش کەوای لێدێ، لەڕاستیدا شتێکی غەریب ڕووینەداوە، هەر تێگەیشتنەکەی خۆمانە ڕوویداوە!
ئەشێ ئەو تێگەیشتنە، کاردانەوەبێ بەرامبەر بە خراپەکاریی سیاسییەکان.. بەجۆرێك کە ئیتر لە زیهنی ئێمەدا، سیاسەت یەکسانبووبێ بە شتێکی خراپ. یان ئەشێ ئەو تێگەیشتنە، سیاسییە فێڵبازەکان، خۆیان دروستیان کردبێ و لەناو ئێمەدا چاندبێتیان، بۆئەوەی سیاسەت هەر شوێنی خۆیانبێ و کەسی چاك توخنی نەکەوێ.. شتەکە هەرچۆنێكبێ، تازە ئەو تێگەیشتنەمان هەیە لەگەڵ واقعێکی خراپ. ئەگەر واقعە خراپەکەش بەرهەمی ئەو تێگەیشتنە نەبێت، لانیکەم ئەو تێگەیشتنە، هۆکارێکە بۆ مانەوەو بەردەوامیی واقعەکەو دەرنەچوون لێ ی. چارەسەریش هەر ئەوەیە کە تێگەیشتنێکی تر بۆ سیاسەت دروستبکەین، بۆئەوەی بتوانین سیاسەتێکی ترو لەوێشەوە واقعێکی تر بخولقێنین.
ئاخر کاتێ کە تۆ پێتوایە سیاسەت شتێکی خراپ و گڵاوە، ئیتر ئەوەی کە ئەیکەیت تەنیا جنێودانێکە بە شتە خراپەکە، یان ئەوپەڕی هەڵچوونێکی کاتییەو زوو دائەمرکێتەوە.. بەڵام کاتێ پێتوایە سیاسەت ئەرکی تۆیە، ئیتر ئاسایی، ئەوەش ئەزانیت کە ئەرکەکە، لەوە گەورەترە کە بە جنێوێك ئەدابکرێ و شتەکەش لەوە زیاترە کە هەڵچونێکی کاتیی جاروباربێت. بەڵکو بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی تۆیەو بەرپرسیارێتییش ئەوەیە کە هەمیشەییەو مرۆڤ نابێ لێ ی بپچڕێ، پێچەوانەی هەڵچوون و حاڵەتە سایکۆلۆجییەکان کە شتێکی کاتی و پچڕپچڕە.
یەعنی سیاسەت ئەرکەکەی تۆیە، نەك خراپییەکەی ئەو. کاتێ سیاسەت لە خراپیی ئەودا کورتکەینەوە، ئیتر خۆمان هیچ ناکەین و دنیاکەش هەر وەکو خۆی ئەمێنێتەوە. چونکە گۆڕانکاریی لە ئەرکەکەی ئێمەوە دروستئەبێ، نەك لەوەدا کە هەر بڵیین ئەو خراپەو بەوە ئیکتفابکەین و تەکلیفی ئەرکەکە لەسەر خۆمان لابەین.
سیاسەت پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە، نەك پرۆسەیەکی سایکۆلۆژیی و عاتفییانە. ئارامانەش ئەکرێ نەك تووڕەیانەو ئینفیعالاتییانە. ئاخر لە هۆشیاریدایە کە ئێمە لەوە تێئەگەین (سیاسەت ئەرکەکەی منە، نەك شەیتاندنەکەی ئەو) وەلێ کۆی سیاسەتی ئێمە، کەشێکی سایکۆلۆجییەو لەسەر هەڵچوون و عاتیفەو سڕینی دەسەکە بەودا دامەزراوە..
ئیتر دەسەڵات دەسە چەورەکەی خۆی بە بەغداو دەسی دەرەکییا ئەسڕێ و موعارەزە بە پارتی و یەکێتیدا ئەیسڕێ و ئیسلامی بە علمانیداو علمانی بە ئیسامیداو.. بە نەتیجەش کەس لەناو پاککردنەوەی دەسی خۆیدا نیە، هەمووی لەناو پیسکردنی کراسەکەی ئەودایە. لێرەشەوە ئیتر کراسی هەموومان پیسەو سیاسەتیش ئەبێتە شتێکی پیس و پرۆسەی پیسکردنی گشتی، لەکاتێکا مەفروزە سیاسەت، کەناس و پرۆسەی پاککردنەوەی فەزا گشتییەکەبێت!
هەموو ئاڕاستەکان بێ جیاوازی، هیچیان پێت ناڵێن، سیاسەت تۆی لەناو ئەرکی خۆتدا، هەموویان پێت ئەڵێن سیاسەت تۆیت لەناو شەڕکردن لەگەڵ ئەودا. ئیتر تۆش لەگەڵ هەر کامیان بیت، فەرقی نیەو هەر خەریکی ئەوەیت. هەریەکەیان شەڕکردن لەگەڵ ئەویتری، بۆ یەکسان کردوی بە چاکە. ئیتر تۆ بەدیلی چاکبوونت بۆ دروستبووەو خەریکی ئەوەیت، نەك خەریکی چاکبوون و ئەرکە وجودییەکەی خۆت. لێرەشەوە ئیتر هەموومان لەناو خراپبوونداین و بە هەمووشمان هەر خراپی ئەکەین و ئەم پرۆسەی خراپبوونی خۆ و خراپکردنی دنیایەشمان ناو ناوە سیاسەت!
واز لە هەموو ئاڕاستەکان و شەڕەکانیان بێنە، بۆ جارێکیشبێ لێگەڕێ عەقڵی خۆت شتێکت پێ بڵێت. چونکە تەنیا عەقڵی خۆت، ئەوەت پێئەڵێ کە ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئینسانیی تۆیە. تەنیا عەقڵ ئەوەت پێئەڵێ کە ئەخلاق و ویژدانی ئینسان ئەیخوازێ. ئاڕاستەو ئایدۆلۆجییەکان، تەنیا ئەوەت پێئەڵێن کە شەڕی سوڵتەو بەرژەوەندی ئەیخوازێ.
ئەوەشی کە عەقڵ بۆت دەستنیشانکا، هەر ئەوەیە کە پێویستە بیکەیت و هەر ئەونەش پێویستە بۆ گۆڕینی دنیا. لانیکەم تۆ لەوێدا، ئیتر وزەی سلبی دەرناکەیت و خراپتری ناکەیت. چونکە عەقڵ ڕێنوێنی چاکبوونت ئەکاو لەناو چاکبوونیشا، ئیتر تۆ ئەوەی کە ئەیکەیت چاکە. بەپێچەوانەوە ئایدۆلۆژیا تەنیا ڕێنوێنی شەڕت ئەکاو لەوێدا تۆ ئەو کاتەشی کە چاکیئەکەیت، هەر خراپی ئەکەیت، چونکە شەڕ خۆی خراپە!
هەر لایەو لەشکرێك کۆیلەو مێگەلی خۆی هەیەو تۆش تەنیا بە بیرکردنەوەو گەڕانەوە بۆ عەقڵ، ئەتوانی لەوە دەرچیت و بچیتە ناو هۆشیاری و ئازادی تاقانەی خۆت. هەر ئەونەش کافییەو هەر بەو دەرچوونە، قەبارەی مێگەل و مەڕوماڵات بچوكئەبێتەوەو قەبارەی مرۆڤ و هۆشیاری و ئازادی فراوان ئەبێ. ئەگەر شتێکیش بکرێ لەم قەبارەی دووەمەوە ئەکرێ، نەك لەو مێگەلانەوە کە بەردەوام بەرئەبنە یەکتریی و بوونیان پەیوەستە بە یەکەوەو هێز لە یەکتر وەرگرن!
ئێستا ئیتر دوای ئەوەی کە شتەکان لەناو چەقبەستن و دووبارەبوونەوەیەکی تەواو بێتامدان، ئیتر عاتیفەو هەڵچوون و بژی و بڕوخێ سودی نیەو ئەبێ پەنا بەرین بۆ ئارامی و بۆ عەقڵ. چونکە تەنیا عەقڵ ئەتوانێ شتێكمان پێ بڵێ، کە تازەیەو دووبارە نیە. تەنیا ئارامییش ماڵی عەقڵەو هەناسەی هۆشیاریی تێدایە. تەنیا عەقڵ خەلاقەو ئەتوانێ شتی نوێ بهێنێتە بوون و گرێ ی چەقبەستن بکاتەوە. عەقڵیش لەناو خۆت و ئارامییدایە، نەك لەناو دەنگەدەنگی هیچ گروپ و مێگەلێکدا.