Draw Media

بایكۆتی چوونه‌ به‌غدا  

بایكۆتی چوونه‌ به‌غدا  

2018-05-13 19:15:02


 

كامه‌ران بابان زاده‌. 
له‌ دوێنی ئێواره‌وه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆران‌و ژماره‌یه‌كی هێزی سیاسی دیكه‌, كه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌زویرو ده‌ستێوه‌ردانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ده‌نگی ده‌نگده‌رانیان كراوه‌, ده‌یانه‌وێ رێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌, به‌بژاردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بێت به‌ده‌ست هه‌تا دڵنیایی وه‌ربگرن, ئه‌گه‌ر نا ئه‌نجامه‌كان ره‌تبكه‌نه‌وه‌, له‌گه‌ڵا چه‌ند رێوشوێنێكی دیكه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌كه‌ هه‌روا مایه‌وه‌, نه‌بووه‌ جێگه‌ی دڵنیایی ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌, پارتی دیموكرانی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان, نه‌بوونه‌ جێگه‌ی متمانه‌‌و پرۆسه‌كه‌ به‌ ناهه‌مواری مایه‌وه‌, بژارده‌یه‌كی زۆر باش له‌به‌ر ده‌سته‌ ئه‌ویش بایكۆتی ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ به‌غدا له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ به‌ به‌شداری نه‌كردنی نوێنه‌ره‌ ده‌رچووه‌كانییان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان.. ئه‌م بایكۆته‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتی سیاسی گه‌وره‌ چونكه‌:
1- به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا به‌ته‌نیا بخرێته‌ ئه‌ستۆی (پارتی)‌و (یه‌كێتی).. ساخته‌كاری ده‌كه‌ن بۆ چوونه‌ به‌غدا فه‌رموو ئێمه‌ ناچین‌و ئێوه‌ به‌ته‌نیا ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ هه‌ڵبگرن.
2- پارتی‌و یه‌كێتی كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن‌و ناكۆكیه‌كانیان له‌ به‌غدا زیانی گه‌وره‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان داوه‌, ناكۆكن له‌ سه‌ر خواسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداو سیاسیه‌تێكی یه‌كگرتووی روونیان نیه‌, كه‌چی بۆ ده‌ستكه‌وته‌ حیزبیه‌كان ته‌باو كۆكن ئه‌مجاره‌ پییان بووترێت فه‌رموو پێكه‌وه‌ ده‌تانخه‌ینه‌ ژێر به‌رپرسیاریه‌تی.
3- هیچی دیكه‌ موزایه‌ده‌ی جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌وه‌ نه‌كه‌ن, فه‌رموو ئێمه‌ له‌ كوردستانین و ئێوه‌ له‌ به‌غدان.
4- بۆ یه‌كه‌م جار موعاره‌زه‌ بوون له‌ به‌رانبه‌ر یه‌كێتی‌و پارتی له‌ به‌غداش به‌كاربهێنرێت‌و به‌شدار نه‌بن له‌ گه‌ڵیان..
5- تاوانی كه‌م بوونه‌وه‌ی كورسیه‌كانی كورد له‌ به‌غداش بخرێته‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی‌و پارتی, خۆیان به‌رپرسیار بن له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: 
ئه‌گه‌ر هیچ كام له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران‌و هاوپه‌یمانی‌و یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵا ئه‌و بووچوونه‌دا نه‌بوون, ئه‌وه‌ من لێره‌وه‌ زه‌مانه‌ت ده‌ده‌م, كۆمه‌ڵ وه‌كو تاكه‌ هێز ببێته‌ ئه‌و پێشه‌نگه‌‌و نه‌چێته‌وه‌ به‌غدا, دڵنیام سه‌رمه‌شقیه‌تی هه‌نگاوێكی زۆر باش ده‌كات‌و قازانج ده‌كات..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand