Draw Media

چۆن لەم زەلکاوە دەربچین؟

چۆن لەم زەلکاوە دەربچین؟

2020-12-12 16:25:03


خالد سلێمان
وەسفی ئەو زەلکاوەی کە حوکمڕانیی لۆکاڵی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا دروستی کردوە، ئاسانەو ماندوبونی ناوێت. نەک تەنها هاووڵاتیانی کوردستان، بەڵکو هەر کەسێکی بیانی بۆ جارێکیش سەردانی کوردستان بکات، ئاسانە لەو بۆشاییە فراوانە تێبگات کە جیهانی حوکمڕانان لە جیهانی ئاسایی خەڵک جیا دەکاتەوە. لەوانەیە وەسفی نوسەری ئەمریکی مایکڵ ڕۆبن، باشترین زەڕەبین بێت بۆ گەورەکردنەوەی وێنەکەی کوردستان کە دەڵێت: <کوردەکان دان بەوەدا دەنێن کە باج لەوە زیاتر دەدەن کە لە سویسرا دەدرێت، بەڵام خزمەتگوزاریەکان وەک ئەوانەی سۆمالن، بەدەربڕینێکی تر هەولێر بوەتە شاری ڕیستۆرانەکانی جیهانی یەکەم، بەڵام خەستەخانەکانی هی جیهانی سێیەم>. 
بە کورتی و کرمانجی سیاسەت لە کوردستاندا، وەک زەلکاوێکی لێهاتوە، نە ئاوی تێدەڕژێ و نە ئاویشی لێ دەردەچێ. لە مناڵیدا گۆمێکی لەو شێوەیە لە خوار لادێکەمانەوە هەبو، لەگەڵ ئەوەی بچوک بو، ژمارەیەک کیسەڵ تیایدا دەژیان، مەگەر بە شەوان بیانتوانیبایە سەر لە ئاوە پیس و لێخنەکە دەربهێنن، چونکە بەردی ئێمەی مناڵان لە دەرەوە چاوەڕوانی دەکردن. ئەو زەلکاوە بچوکە هەمو ساڵێک بەئاوی باران تەمەنی خۆی درێژ دەکردەوەو ئیتر نە کیسەڵەکان دەمردن و نە یاریەکەی ئێمەی مناڵانیش کۆتایی پێدەهات. حوکمڕانێتی کوردی زۆر دور نیە لەو زەلکاوە بچوکە، لە دوای هەر وەرزێکی توڕەبون و بێزاریی خەڵک، بەسیاسەتی پاڕانەوە لەوانەی تا دوێنێ وەک دوژمن تەماشایان دەکردن، وزەی ساڵێکی تر دەداتەوە بەرخۆی. هەڵبەتە لە لایەکی ترەوە دەست ناپارێزێت لە بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی دژی هەر ناڕەزایەتییەک؛ ئەوان وەک کیسەڵەکانی ناو زەلکاوە کۆنەکەی ئێمەی مناڵان تەماشای خەڵک دەکەن.
یەکێک لە گرفتەکانی خۆپیشاندان ئەوەیە کە پێشنیارەکان بۆ دەرچون لەم زەلکاوەی حوکمڕانیی کوردیی، یان زۆر خەیاڵییە یان زۆر پۆپۆلیستانەیە. ئەگەر لەمەی دوەمەوە دەست پێبکەین دەگەینە ئەو بۆچونەی کە تا ئێستا ژمارەیەک لە ناوەندی میدیاو کولتوریی کوردیدا پێیان وایە عیراق بەهەشتەو هەمو شتێک لە بەغدا چارەسەر دەبێت، لە کاتێکدا پایتەخت و شارەکانی تری عیراق لە بچوکترین خەسڵەتی شارێتی و ژێڕخانی خزمەتگوزاری بێبەشن. هەڵبەتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، سوچێکە لە سوچەکانی چارەسەر، موچەی فەرمانبەران بۆ نمونە. 
ئەی چی لە گرفتەکانی تر بکەین: ژمارەیەکی زۆر زۆری گەنجی بێکار، بازارێکی فشەڵ، بونی مافیایەکی ئابوریی حزبیی کە تەندروستی و ژینگەو خۆراک و پەروەردەو هەمو جومگەکانی تری داگیرکردوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران کە نیوەیان فەرمانبەری حزبین و بونەتە بار نەک بەسەر حکومتەوە، بەڵکو بەسەر فەرمانبەرانی بوارە سەرەکیەکانی وەک پەروردەو تەندروستی کشت و کاڵ و ..هتد. کوشتنی کەرتی کشتوکاڵ و ڕاهێنانی خەڵک لەسەر ئەوەی فەرمانبەری بێبەرهەم بن خەسڵەتێکە لە دیمەنە گشتیەکەی حوکمڕانێتی کورد. داهێنانی مۆدێلێکی ئابوریی کە حزب تیایدا برا گەورەیەو لەوە زیاتر هیچ بنەمایەکی نیە، بەڵام هەمو سەرچاوەی داهاتی کوردستانی کۆنترۆڵکردوە. هەر لەناو ئەم زەلکاوەی دەسەڵاتدا، ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست خۆی وەک جێگرەوە پیشان دەدات، بەڵام بەبێ هیچ ڕوانگەیەک تروسکاییەک هیوا بەخەڵک ببەخشێت.
چارەسەرەکان، نە مەحاڵ نە ئاسانیش؛ بەشێکیان لە بەغدان و بەشی هەرە زۆریان لە کوردستانن. لەوانەیە یەکێکیان ئەوەبن ئابوری وڵات لەم مۆدێلە حزبییە جەردەییە ڕزگار بکرێت و توانابون جێگەی (تەوریسی ئابوریی) بگرێتەوە. هەڵبەتە تەوریسی ئابوری لێرەدا پەلێکە لە پەل و پۆی تەوریسی سیاسی. ئەمەش ئەرکی بزوتنەوەیەکی مەدەنی پشودرێژە، لەسەر ئەو شێوازەیەکی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروست بو. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان میکانیزمەکەی لە پێناو ئامانجی سیاسی خۆیدا بەکارهێناو لە کاتێکی پێوانەکراودا گەڕایەوە ناو هاوکێشەی تەوریسی سیاسی و ئابوری. بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیایی ئەم بزوتنەوەیەدا زۆر باسی موڵک و مافی گشتی دەکرا، کەچی ڕوبەرێکی زۆری لە موڵکی گشتی لەناو شاری سلێمانیدا کردە موڵکی حزبی. ئەمە هۆکارێکی نەمانی متمانەی خەڵک بو بە ئۆپۆزسیۆن.
دەرەچەیەکی تر بۆ ڕزگاربون لە زەلکاوەکە، ڕزگارکردنی دامەزراوەکانی حکومەتە لە سوپایەک لە فەرمانبەری حزبی. هەڵبەتە ئەمە پێویستی بە پلانێکی تۆکمەیە، چونکە دەرکردنی دەیان هەزار فەرمانبەری حزبی، ئەبێتە هۆی زیادکردنی کێشەکان، بەڵام بەشێکیش دەبێت لە خستنەگەڕی توانا مرۆییەکان لە بری قەتیسکردنیان لە فەرمانگەی بێبەرهەمدا. هەر لە میانەی ئەم خاڵەدا گرنگە باس لە سەرمایەداریی حزبی بکرێت، کە میدیاو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکی کۆمەڵایەتییان داگیرکردوە. 
لەوانەیە یەکێک لە چارسەرە سەرەکیەکان تەسلیمکردنی فایلی نەوت و داهاتەکانی گومرک بێت بە حکومەتی عیراق بەتەواوەتی، چونکە ئەم دو داهاتە سەرچاوەی بەشێکی زۆری زەبەلاحبونی هەژمونی حزبی و بنەماڵەیین لە کوردستاندا. وشککردنی سەرچاوەکان بەشێکە لە وشککردنی توانای دەسەڵات لە بەکارهێنانی میکانیزمی بەردەوامبون لە گەندەڵی و هەروەها وشککردنی توانای میلیتاریزەکردنی کردنی دەسەڵات و توندوتیژیی. ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا گرنگەو مانادارە، مافی گشتی و موڵکی گشتییە؛ مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ڕوبەری گشتی جیاناکرێنەوەو سەرچاوەی داهاتەکانیش مافی گشتین. مانەوەی خەڵک لەم دو ڕوبەرەدا، وزەی لەدایکبونی سیاسەتن لە کوردستان.
پاڵەپەستۆکانی ئەم دواییەی خەڵک و ناوەندەکانی میدیای دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، وایانکرد بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەسەر ڕێککەوتنێکی گوماناوی نەوت لەگەڵ تورکیا، بێنە قسەو زانیاری جیاواز لەسەر ڕێککەوتنەکە بدەن کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بێدەنگیان هەڵبژاردوە. کەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کە هێشتا ڕوبەرێک ماوە بۆ پاڵەپەستۆو بێدەنگ نەبون لەسەر دەسەڵات و ئەم مۆدێلەی خۆحەشاردان لە زەڵکاودا.
لەسەرەتاکانی ساڵانی (2000)ەوە، دەسەڵات توانیویەتی هەمو جۆرێک لە ناڕەزایی کپ بکاتەوەو کۆتایی پێ بهێنێت؛ ئەی چی بکرێت؟ لەوانەیە مانگرتنێکی مەدەنی دڕێژخایەن و پشودرێژ بۆ بەدەستهێنانی ئەو خاڵانەی باسکران و سنوردارکردنی دەسەڵاتێکی بەپەروا لە نابوتی و گەندەڵیدا، ڕێگەیەکی تر بێت بۆ دروستکردنی دەرەچەیەک بۆ دەرچونی ئاو لەم زەلکاوەو وشکنەبونەوەی، وەک چۆن زەلکاوەکەی مناڵیی ئێمە وشک بوەوەو ئێستا بوەتە وشکەڵانێک؛ نە ئاوی تیا ماوەو نە کیسەڵ. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand