بۆچی لەم کاتەدا پێویستیمان بە فەلسەفەیە؟
2020-12-12 06:43:32
د شوان نافع خورشید
لە چەندین شارو شارۆچکەی کوردستاندا خەڵکی هاتونەتە سەر شەقامەکان و چەندین کەس بە نارەوایی شەهید کراون.
بەڵام لەگەڵ ئەویشدا ئاشکرایە ئێمە ئامادە نین بۆ شۆرشێک کە ئەنجامەکەی لەوە باشتر بێت لەوەی هەمانە.
ئەگەر هاتوو خەڵکی دڵسوز خۆپێشاندان بکەن و خۆفرۆشەکانیش تێکڵاویان ببن و دەست دەن بە وێران کاری وبێ رێزی کردن، وەک ئەوەی لە سەید سادق روویداوە کادری پارتی سوکایەتی پێکرا، هەر بۆ ئەوەی بیانو بدرێت بە دەسەڵات دەسترێژی گولە بکەن بە ناو خەڵکیدا، توانامان نابێت خەڵکە چاکەکە و خەرابەکە لە یەک جیا بکەینەوە. تەنانەت لەم بارودۆخەی فکری میللەتەکەمان دوور نییە چاکەکە جلەوی خۆی بداتە چەپەڵەکان. ئاشکرایە زۆرینەی چاکەکان پەیوەریان ننیە کە خەڵکە باشەکە بناسن.
ئێمە لە قوناغێکداین ئەگەر وریا نەبین ئەوەی رووی داوە لە سوریا و یەمەن و لیبیادا لای ئێمەشدا روو ئەدات.
چەندین پرسیار هەیە لێرەدا لە خۆمانی بکەین. سەرەکیترینیان ئەوەیە: بۆچی لە ئەوروپای رۆژهەڵات و لە وڵاتێلێک وەک کوریای باشور شیللی و تایوان، کە شورش یان نارەزایەتی دروست دەبوو دیموکراسی دروست ئەکرا و هەموو ئەو وڵاتانە بەرەو ئارامی ئاوەدان بوونەوە چوون. و بۆ لە وڵاتانی لای ئێمە و هەروەها خۆمانیش کە شورشێک روو ئەدات ئەنجامەکەی زۆر خرابتر بوو لە بارودۆخەی کە ویستومانە رزگارمان بێت لێ؟ بەڵکو عیراق و کوردستان و ئەفغانستان شانسێکی گەورەیان بۆ هات کە وڵاتێکی زلهێز دەیان هەزار لە چاکترین سەربازەکانیان دا بەکوشتدا و نزیکەی ١٠ تریلیون زیانی ئابوری ئەدا بۆ ئەوەی دیموکراسیمان بۆ دروست کەن، کەچی رێرەوە پڕ مەینەتی و گەندەڵیمان هەڵبژارد.
دوو جور وڵام هەیە؛ یەکێکیان ئەڵێت ئەمانە هەموو پیلانی ئەمریکا و جولەکەیە و بەگشتی دۆژمنانی ئیسلامە. ئەم رێبازە فکرییە پێشنیارئەکەن کە رزگاربوونمان تەنها لە رێگای ئیسلامە و دروستی کردنی دەوڵەتی ئیسلامی راستەقینەیە. قاعدە و داعشمان بۆ پەیدا بوون مرجعە ئیسلامیەکان رەخنەیان لێیان گرت. کە سەریان نەگرت ووتیان داعش و قاعدە خۆیان دەستکردی ئەمریکا بووە. ئیستاش کە ئیسلامیەک کاری تیروریستی ئەکەن پێمان ئەوترێت ئەوان ئیسلام نین. بەڵام ئێمە جامەورەی ئیسلامان نەبینی برژینە سەر شەقامەکان دژ بە تیروریستەکان هەروەها نەمابینی نارەزایەتیەک دەربرن دژ بەوەی کە بەسەر برا ئیزیدیەکانمان هات.
چۆن ئەتوانین ئەم بۆچوونە هەڵسەنگینین کە ئەڵێ ئیسلام چارەیە وەک ئیخوانەکان ئەڵێن؟ لە راستیدا ئیسلام هیچ کاتێک پێ نەکراوە سیستەمی سیاسی چاک دروست بکات. لە کاتی خلفای راشدیندا، ئەسحابەکان یەککتریان کوشت و هەر لەو کاتەوە خوینرێژی رانەوستاوە لە جیهانی ئیسلامیدا لە نێوان ئیسلامەکان خۆیاندا لە پێناوی دەسەڵاتدا.
ئیسلامیەکان ولام پرسیاریکی زۆر گرینگریان نەداوە؛ چۆن ململانی لەسەر دەسەڵات رێکئەخرێت؟
ململانی لە سەر دەسەڵات یان ئەوەتا بە قورخکردنی دەسەڵات ئەنجام ئەدرێت ئەمەش ستەم و نا دادپەرەوەری بە دوای خۆیدا خۆیدا دەهێنێت لە کوتایشدا خۆی لەرێگا توندوتیژیدا لە ناو ئەچێت. رێکاری دووەمیش ئەوەیە کە شتێک وەک لیبرال دیموکراسی دروستبکرێت.
هەیە پێمان ئەڵێن دیموکراسی هەڵقولاوی ئیسلامە. بەڵام لە ناو ئیسلامدا هیچ کاتێک دیموکراسی نەبووە. خلفای راشدین هەموو بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون و هەمووشیان قریشی بوونە. 'شوری' دیموکراسی نییە بەراستی. دیموکراسی پێش هەموو شتێک پێویستی بە ئازادی بیروباوەر هەیە، و پاراستنی مافی دەنگدەران هەیە، تەنانەت ئەگەر بیروبۆچونەکانیان بە دڵی سەرکردەو ئاین دارەکانیش نەبێ، لیبرال دیموکراسی داوا ئەکات لقەکانی دەسەڵات جیا بکرێنەوە، دەسەڵات قورخ نەکرێت، باوەر بە مێشکی مرۆڤ هەبێت و یاساکانیش مرۆڤەکان داینین کەواتەسەروەری بۆ خەڵکە نەک بۆ ئاین یان هیچ لایەنێکی تر. بەڵام مێشکی ئیسلامی ئیستا وا رێکخراوە کە تاکەکان ئەچنە دژ رخنەگران و تەنانەت چەندین کەسیان کوشتوە لە بەر دەربرینی بیروباوەری ئازاد. (هەڵبەت لە سەرەتادا ئیسلام بە تایبەتی سەرەتای دەوڵەتی عباسیەکان بەم شێوەیە نەبوو. غزالی و ابن تیمیە فکری ئیسلای توندرەویان هێنایە کایەوە و فەلسەفەیان ریشەکێش کرد.).
کەواتە هەروەک لە رابردوودا ئیسلامیەکان نەیتوانیوە سیستەمی سیاسی چاک دروست بکەن لە داهاتوشدا پێان ناکرێت چۆنکە هێشتان وڵامیان نییە کە چۆن ململانی لە سەر دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە رێکئخەن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئیسلام پێی نەکرابێت سیستەمی چاک دروست بکات ئەوە ناگەینێت کە ئەمریکا ئیسرائیل خرابکاری ناکەن لە وڵاتەکانماندا. لە راستیشدا زۆرێک لە سکولارەکانیش باوەریان وایە ئەمریکا و ئسرائیل پلانیان هەیە بۆ داگیرکردنی هەموو جیهان لە پێناو بەرژەوەندی قێزەوەنی خۆیان.
چۆن پێمان ئەکرێت راستیەکە بزانین؟ هیچ وڵامێکی ئاسانمان نییە. خۆ ترامپیش پێ وایە پیلان گیران لە هەموو شوێنیکدا هەن تەنانەت خۆیشی بووەتە قوربانی یەکەم پێلانگیران.
من پێم وایە خەتای خۆمانە کە دوا کەوتوین، ئەمریکا وئسرائیل تەنانەت ویستویانە یارمەتیشمان بدەن. بەڵام ئەشزانم کەم کەس هەیە هاورابن لەگەڵمدا. ئەوکاتەش روو بەرووی کەسێک ئەبم کە هەڵگری بیروباوەری پێچەوانەیە، ئەوا توانای قناعەت پێ هێنانی ئاستەم ئەبێ بۆ من، هەروەک ئەو پێ سەیر ئەبێت کە کەسێکی بەقەی من نەزان یان خۆفرۆش هەبێت لە جیهانەدا.
خۆشبەختانە ئیستاکان هەندێ تێئەگەم سەرچاوەی کێشەکە چییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە مافی بیرکردنی ئازادمان پێ نەدراوە. ئەمەش بەراستی ئەمریکا نییە پێمانی کردبێت. بەڵکو خەڵکە، وەک ئەڵێن رەشورووتەکەیە، مافی بیرکردنی ئازادمان نادەتی. هەر بۆیەش داعش و قاعدە و ئەنسار الاسلام دەرئەکەوون کە سەری خەڵکی ئەبڕن لەسەر جادەکاندا. بۆیە لە لای من ئاشکرایە کە خەڵکە رەشورووتەکەیە داعش دروست. لەبەر بیروباوەری و ئەو رێبازە کە غزالی و ابن تیمیە بۆی داناوین ئێمە نە فێر ئەبین چی لە جیهاندا هەیە و هەردەمیش داعش دروست ئەکەین.
بەڵام پەیوەندی بیرکردنەوەی ئازاد جییە لەگەڵ دروستکردنی بارودۆخێکی باشتر بۆخۆمان.
ئەم جورە پرسیارە پێویستی بە فەلسەفەیە. پێویستە تێبگەین چۆن بوو وا بریتانیا پێش کەوت لە سەدەی ١٧یەمەوە؟ بۆچی ئەسینا یونانی کۆن پێشکەوت؟ ئەگەر پێشکەوتنی ئەوان پەیوەندی بە دیموکرایسیەوە بێت. باشە بۆچی بریتانیا ئەوەنددە پێشێلی مافی مرۆڤی کرد بە داگیرکاری خۆی؟ بۆچی لای ئێمە دیموکراسی دروست نابێت؟ ئایا هەر خەتای ئیسلامە؟ ئایا کامە ئەبێت پێشتر دروست ببێت وڵاتی سەربەخۆ و ئازاد یان دیموکراسی؟
رەنگە یەکێک پێم بڵێ دە خۆت وڵامیان بدەرەوە کێ دەستی گرتووە؟ بەڵام زەمینە دروست کردن بۆ شتێک وەک لیبرال دیموکراسی بە یەک کەسێک ناکرێت. ئەبێت هەزاران بەشدار بن لەوەی ئازادی فەراهەم بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێت بیری جیاواز بکەن. تەنانەت خۆیانیش نەیانەوێت هیچ لە بیروباوەرەکانیان بگۆرن پێیویستە زەمینە خۆش بێت بۆ ئازادی بیروباوەر.
هیوادارم لەمەو بەدوا وتاری کورتی وا دروستکەم کە هەرجاریک دەربارەی پرسیاریک بکۆڵێت.