كێ لەم سیستمەدا زەرەر دەكات؟
2020-12-10 05:47:25
د. نیاز نەجمەدین
تا رادەیەكی زۆر، تەنانەت دەوڵەمەندەكانیش زەرەر دەكەن. بەڵام چیرۆكەكەم لە شوێنێكی دیكەوە دەگێڕمەوە.
لە سەدەی شانزدەدا، ئیسپانییەكان سەرقاڵی دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووتر بوون. خەونی گەڕان و پشكنین و دۆزینەوە و دابینكردنی پێدوایستییەكانی گەشەسەندن لە وڵاتەكەیاندا دەیانگەیەنێت بە مەكسیك و بەشێكی دیكە لە ئەمریكای لاتین. لەناكاو، وەك كۆمەڵێك چاوچنۆكی چڵێس دەكەون بەسەر كانەكانی زێڕ و زیودا و لەو رۆژەوە نەگەڕانەوە سەر ئەو رێچكەیەی گەشەسەندن كە دەكرا بیانگەیەنێت بە باخێكی سەوزتر و گەشاوەتر.
گسكیان لە زێڕ و زیوی مەكسیكدا و بە فەردە و عەرەبانە بەسەر شانی كرێكارە لاتینییەكاندا خستنیانە ناو كەشتییەكانیانەوە و گواستیانەوە بۆ ئیسپانیا.
ئەم ماتریاڵە بەنرخە كە پێگەی ئابوریی وڵاتانی لەسەر وەستا بوو، لە ئیسپانیا ناگیرسێتەوە، وەك میوانێكی دەستبەسەر دێت و خێرا دەیگۆڕنەوە بە پیرە شەرابی هۆڵەندیی و لە یانە تاریك و لێڵەكانی مەدرید و بارشەلۆنەدا بەدەم سەما لەگەڵ كچە ناسكۆڵەكاندا تا مەستبوون پێكیان هەڵدەدات. مەستبوونی ئەوان لە شەودا كۆتایی نەهات و درێژ بووەوە بۆ رۆژیش، وایاندەزانی تا ئەبەد مەكسیك زێڕیان پێ دەبەخشێت و هۆڵەنداش كاڵا كەشخەكانی. لە زێڕ و زیو جگە لە كۆمەڵێك كۆشك و تەلار شتێكی دیكەیان نەخستەسەر سەرمایەی وڵاتەكەیان.
دواتر ئیسپانیا بوو بە نوكتە و پێیان دەوتن: مانگایەكیان هەیە كە چی لە هۆڵەنداوە شیر دەهێنن.
ئەمریكای لاتینی مانگاكەی ئیسپانیا بوو. خێریان لە سەروەتی حەرام نەبینی، بەڵكو ئەوەی بیناشیان كردبوو وردە وردە وێرانیان كرد. دەستەبژێری باڵادەست غەرقی حەوزی خلیسكی كەشخەچێتیی بووبوو، كۆمەڵگەش لەناوەوە وەك خاكێكی ووشك بومەلەرزە قڵیشاندبێتی، قڵیشا بوو.
مۆدێلی ئیسپانیا لە داگیركارییدا بە یەكێك لەو مۆدێلانە دادەنرێت كە تەنانەت خێری بۆ داگیركەرەكەش نەبوو. زۆر لە مێژوونوسان رێكن لەسەر ئەوەی تا ئەمڕۆ شوێنەواری ئەو شێوازی تاڵانییە و بەكارهێنانی، بە ئەدای ئابوری و پێگەی سیاسی ئیسپانیاوە دیارە.
ئەم چیرۆكە زۆرمان لەسەر ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە پێدەڵێت، لەوانە نەوت و توركیا و هاوردە و لەناوبردنی ئەوەی خەریك بوو بینا دەبوو. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنها پوش و پەڵاش پێكەوە ماون و جیا نەكراونەتەوە، كە دەبوو لەبەر سوتان تەنها ئەوان لە یەكتر جیا بكرێنەوە، كۆمەڵگە لە یەك ترازاوە و دوژمنایەتییەكی گەورە بەرپا بووە.
زەلكاوی هەژاریی و بێكاریی و نایەكسانیی ناهێڵن نەك هەژاران بەڵكو كەس ئیسراحەت بكات، ناهێڵن نەك دانیشتوانی وڵاتەكە بەڵكو ئەوانەش جێیان هێشت مەزاجێكی سافیان هەبێت. من بڕوام وایە مێشكی ئەوانەی لە هەندەرانن لەوانە ماندووترە لە كوردستان دەژین.
مەترسییەكە لەوە دەرچووە چینی هەژار تیا بچێت و دەوڵەمەند رزگاری ببێت. بۆ گەیاندنی مەبەستەكەم، لە دووبارەكردنەوەی وتەیەكی فریدریك هایەك باشترم دەستناكەوێت:
بەختەوەریی دەوڵەمەندێك لە وڵاتێكدا ئازادیی تیادا نەبێت كەمترە لە كارمەندێكی ئاسایی لە وڵاتێكی پێشكەوتووی ئازاددا.
سیستمی سیاسیی و ئابوریی ئەوە دیاری دەكات تا چەند بەختەوەر بین، نەك ئاستی سەروەت و سامان. ئەم سیستمەی ئێمە وەك چۆن كارێكی ئاسایی بە خێر و سەدەقە دەبەخشێت بە بێكاران، ئاوا بزنسیش بە خێر و سەدەقە دەبەخشێت بە دەوڵەمەندەكە و دەیەوێت چاوبەرەوژێریان بكات.
هەر ناوێك لەم سیستمە دەنێیت بینێ، ئەوەی روونە ئەوەیە دوژمنایەتیی و دووبەرەكیی لەسەر ئاستێكی فراوان دەنێتەوە: هەژار و هەژار، هەژار و دەوڵەمەند، دەوڵەمەند و دەوڵەمەند دەكات بە دوژمنی یەكتر.
وەك چۆن هێزی تاڵانچیی هەیە، ئاواش هێزی شڕەخۆر هەیە. شڕەخۆر و تاڵانچیی دوو دیوی یەك دراون و رەنگیشە لەوان زیاتر كەسی تر قازانج لەو سیستمە سیاسییە پەككەوتووەی هەرێم نەكات.
بە رێژەی جیاواز ،هەموومان لە بەردەم مەترسییداین، بە رێژەی جیاوازیش ئەكرێت كۆمەكی یەكتر بكەین لە كۆتاییهێنان بەم سیستمە بە كەمترین تێچوو. لای كەم، بەرگریی لە مانەوەی نەكەین.