قسەیەک لەسەر ئاستى خوێندنى باڵا وپەيوەندى بە خەمەکانی کۆمەڵگەوە
2020-11-28 14:25:42
پ.ى.د. مؤفةق خاليد ئيبراهيم
لەسەر ئاستی دونیا، دو دونیابینی و تێڕوانینی تەواو لێک جیاواز لەهەمبەر زانکۆ و ڕۆڵیان لەناو کۆمەڵگەدا هەن:
گروپی یەکەم: ئەم گروپە بەچەند هۆكارێكى جياواز ڕۆڵى زانكۆكان بە گرنگ نابينن، هەندێك پێيان وايە زانكۆ نەيتوانيوە لە خەمەكانى كۆمەڵگە ناوچەييەكان نزيك و هاوتەریب بێت، هەندێكى تر پێيان وايە خوێندنى باڵا هەر بۆ دەستەبژێرێكەو هەمو كەس لەبەر زۆرى تێچوەكەى دەستى پێڕاناگات. هەندێكى تر پێيان وايە لە دەرەوەى زانكۆ مرۆڤ دەتوانێت سەركەوتوتربێت نمونەش بە (Steve Jobs or Terry Gou) كە دو ملياردێرن و لە دەرەوەى خوێندنى باڵا پێگەيشتون، دەهێننەوە. ديارە لە ئێستادا بۆچونێكى تريش لەناو مامۆستا و دەرچوە كۆنەكاندا پەيدابوە، کە پێيان وايە تەكنەلۆژيا و ديوە نەرێنییەکەى كاريگەرى زۆرى لەسەر خوێندن بەجێهێشتوە، بەجۆرێك كە پێش بەردەست بونى تەكنەلۆژيا خوێندكارێكى زانكۆ بۆ هەر بابەتێكى لە هەر ساڵێكدا، پێويست بوە چەندين سەرچاوە بخوێنێتەوە، بەڵام ئێستا بە گەڕانێكى كەم زانياريیەكەى دەست دەكەوێت، كە زۆرجار ڕەنگە باوەڕ پێكراويش نەبێت و لە لاى خوێندكارەكە دەبێت بە ڕاستيیەكى باوەڕپێكراو، چونكە سەرچاوەى جياوازى نەخوێندۆتەوە.
گروپى يەكەم، هۆکاری ئەمە بۆ پێکهاتەی زانکۆکان و شێوازی کارکردنیان دەگێڕنەوە، چونكە زیاتر گرینگی بەو بابەتانە دەدەن، کە ژمارە دروست دەکەن و دواتر بتوانن ئەم ژمارانە لە ڕيزبەندییە جیهانییەکان بەکاربهێنن بۆ پێشاندانى كاريگەريیان. کە زۆرێک لەو بوارانەی خزمەتی ڕاستەوخۆ بە کۆمەڵگە ناوچەييەكان دەکەن، لەلایەن ناوەندەکانی ڕیزبەندیکردن لەبەرچاو نەگیراوە.
گروپی دوەم: ئەم گروپە پێیان وایە نەخێر زانکۆكان توانیویانە ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن و دەڵێن ئەگەر زانکۆ نەبوایە، کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبێل و هەتا هەویری ددان ششتنیشمان نەدەبو، خاوەنى ئەم قەبارە لە زانياريیە كەڵكەبوەکان نەدەبوين، بە جۆرێك ئێستا وا گريمانە دەكرێت، كە ڕۆژانە زياتر لە ٤٥٠٠ كتێبى نوێ دەربچێت (جگە لەو كتێبانەى كە لە هيچ دەزگايەك ژمارە وەرناگرن). ديارە لە نێوان ئەم دو بۆچونەى سەرەوەش بۆچونى مام ناوەند هەيە، كە هيچ كام لە بۆچونەكان نە بەتەواوى ڕەتدەكاتەوە و نەبەتەواويش قبوڵيان دەكات. بەڵام لە ميانى گەڕانمان هيچ بۆچونێكى جدييمان بەرچاو نەكەوت كە بەتەواوى دژى بونى زانكۆبێت.
ئەگەر بێینە سەر کوردستانیش، ئەوا دەتوانين ئاوا وێناى دۆخەكە بكەين: زانکۆکان هەر لە دەستەی کارگێڕیەوە تا وانەبێژ و فەرمانبەران ماندون بەدەست ڕاییکردنی ئەرکی ڕۆژانە هەر لە بەڕێوەبردنى ئەو ژمارە زۆرەى خوێندكار، كە ڕۆژ دواى ڕۆژ لە زيادبوندايە. قورسى دۆخى ژيانى ڕۆژانە و ڕاييكردنى ئەركە زانستى و كارگێڕيیەكان و ئەنجامدانى توێژينەوەى زانستى، كە لە ئێستادا ژمارەی توێژینەوەکانی مامۆستایان بەراورد بەچەند ساڵى ڕابردو، بەڕێژەى (٣٠٠٪) زیادی کردوە.
بەڵام هێشتا هەمان ئەو ڕەخنانەى لەسەرەوە باسمان كردن بە زياتريشەوە ئاراستەى زانكۆكان دەكرێت، ئەم ڕەخنەیە هەندێک جار ئازارێکی دەرونی لای مامۆستایان و توێژەران دروست دەکات، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەم ڕەخنەیە دو باری هەیە، کە بە بارێکیاندا ڕاستە و بە بارەکەی تردا هەڵەیە و قسەیەکی هەڕەمەکیە.
بارى يەكەم: ڕەخنەکە ڕاستە و پێويستە هەڵوەستەى لەسەر بكرێت، چونکە ڕاستە ئێستا ژمارەيەكى زۆرى توێژينەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆرينەيان يا لەبەر لاوازى كەرتەكانى وەكو پيشەسازى ناتوانرێت جێبەجێ بكرێن و ئەنجامەكانيان بەکردارى ببينرێت. يا هەندێكيان پەیوەستنين بە كێشە ناوچەييەكان و زياتر لێكۆڵينەوەيە لە گرفتە جيهانيەكان (كە ئەمەشيان گرنگە و وەكو دەوترێت دنيا گوندێكە دواى شۆڕشى پيشەسازى و تەكنەلۆژى)، يا ئەگەر پەیوەندیداریش بن بە ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە بەڵام زۆرینەیان بەزمانێک دەنوسرێن، کە کە بەشێکى زۆرى خەڵکی لێیان تێناگات و بۆیەش ناتوانیت کاریگەری گەورەو بەرچاو دروست بكات. ئەمە وێڕاى نەمانى سەليقە بۆ خوێندنەوە، كە ديسان ئەمەش دياردەيەكى تا ڕاددەيەك جيهانيیە.
هەرچى پەيوەنديشى بە ئاستى خوێندكاران و دروستكردنى كارامەييە تياياندا، ئەوا وێڕاى پێويستى ڕيفۆرمى بەردەوام(كە ماوەى چەند ساڵێكە ئەمە خەمى يەكەمى زانكۆكانە)، كێشەى سەرەكى زۆرى ژمارەى خوێندكاران و سنورداريى تواناى زانكۆكانە لە ڕوى داراييەوە وخراپى بژێوى مامۆستايان وفەرمانبەرانە.
بارى دوەم : ئەم ڕەخنەیە هەندێک جار لەلایەن خەڵکێکی تر ئاراستە دەکرێت، کە تێگەیشتن و لێکدانەوەی بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی زانکۆ و کێشە و گرفتەکانی تێگەیشتنێکی سادە و ڕوکەشانەیە، ناتوانیت یان سەلیقەی ئەوەی نییە بەهۆکاری کێشەکاندا ڕۆبچێت و ڕۆڵی زانکۆکان وەک هەرشتێکی تر ڕەت دەکاتەوە.
ئەم جۆرە ڕەخنە هەڕەمەكيە، ڕەخنەیەکی بێ ئارگومێنتە و لە دەربڕینەکانەوە دەتوانين جۆری ڕەخنەکە بناسینەوە (بۆ نمونە دەوترێت جا زانکۆ چییە؟ بون و نەبونی زانکۆ وەکو یەکە! زانکۆ نەبوایە خەڵک دۆخی باشتر دەبو!) بەڕای من ئەم جۆرە لە ڕەخنەیە بەهۆی سادەیی و سەرچیغيەکەی دەکرێت بەهەند وەرنەگیرێت، بەڵام جۆری یەکەم لە ڕەخنە دەبێت هەمومان بیری لێبکەینەوە بە دوای چارەسەریدا بگەڕین، و كاربكەين تا خوێندكارانمان شارەزايى زياتر بەدەست بهێنن، تا بتوانن ڕكابەرى بكەن لە بازاڕى كارداو هەميشە ببن بە كەسانێك كە خەمى گشتى بە خەمى خۆيان بزانن.
دوای ئەم لێکدانەوە کورتەی سەرەوە، چارەسەر چییە؟ چی بکرێت تا زانکۆکان زیاتر وابەستە بکەین بە خەمەکانی کۆمەڵگەوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێن: پێويستە زانكۆكان ئەو ئامانجانە ديارى بكەن كە زياتر لە خزمەتى كۆمەڵگەو كۆمەڵگەى ناوچەييش نزيكتريان دەكاتەوە، لە ساڵی (٢٠١٥) بەشی ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (١٧) ئامانجی دیاریکردوە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development) کە بریتین لە (نەهێشتنی هەژاری، نەهێشتنی برسێتی، تەندروستی باش و ژیانی شایستە، نەهێشتنی نایەکسانی، گرینگیدان بە ژینگە، ژیانی ئاژەڵانی کێوی...هتد)، پێویستە هەوڵ بدرێت کارکردنی زانکۆکان لەهەر یەک لەو بوارانەدا بکرێت بە ژمارە و لە ڕێزبەندییە جیهانیەکاندا جێگایان بکرێتەوە، کە لە ئێستادا دەزگای (Times Higher Education) هەوڵ دەدات جێگەی ئەم بابەتە بکاتەوە. دواتريش لە ڕيزبەندييە ناخۆييەكاندا كارى لەسەر بكرێت.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە هەوڵێکی زانکۆی ڕاپەڕین بدەین، کە ئەنجومەنی زانکۆ بەبێ گوێدان بە قازانجی ماددی پڕۆژەی (زانکۆ بۆ هەموان)ی پێش چەند ساڵێک پەسەندکرد، کە بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر رێژەی کەم ئەندامێتيان بگاتە (٧٠٪) ئەوا لە هەمو کرێیەکی خوێندن و لەهەمو رسوماتێک بەخشراون. زانکۆ خۆی پابەندکردوە، کە هەمو ئاسانکارییەکی تریان بۆ بکات تا بەئاسانترین شێوە بتوانن دەستیان بەهەمو شوێن و خزمەتەکانی زانکۆ ڕابگات، لەماوەی ساڵانی ڕابردو بە ئێستاشەوە دەیان خوێندکار لەم پڕۆژەیە سودمەند بون.
دیارە ئەمە تاکە شت نییە کە زانکۆ کردبێتی لەو بوارانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدان، بەڵکو نمونەیەکە، کە دەکرێت هەمو ئەمانە لە ڕیزبەندیەکاندا جێگەیان بکرێتەوە و هاوشانی ئەژمارکردنی (هۆکاری کاریگەر -Impact Factor) ی توێژینەوەکان و ژینگەی کەمپەس و کتێبخانە و ...هتد) ئەمانەش بکرێن بە ژمارە و کاریگەری لەسەر ڕیزبەندی دابنێن، ئەمە وادەکات کە زانکۆکان لەمەشدا بچنە کێبڕکێى یەکتر.
ئەوەى لە كۆتاييدا دەمەوێت ئاماژەى پێبدەم ئەوەيە: سەرەڕاى هەمو گفتوگۆكان ئێستا زانكۆكان وەكو ناوەندێكى سەرمايەگوزارى مەعریفى سەيردەكرێن، وڵاتان تێگەيشتون زانكۆكان دەتوانن گەشەى بەردەوامى ئابورى و سياسى و كۆمەڵايەتى فەراهەم بكەن. هەر بۆيە زۆرێك لە وڵاتان و دامودەزگا جيهانيیەكان بودجەى زۆر دەخەنە خزمەتى زانكۆكان، بۆ نمونە يەكێتى ئەوروپا لە ڕێى زانكۆكانەوە دەيەوێت ئابوريیەكى بەهێزى بنياتنراو لەسەر مەعریفە (knowledge- based Economy) دروست بكات، بەردەوام لەڕێگەى بودجەيەكى زۆرەوە هانى زانكۆكانيان دەدات بۆ نوێبونەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش خۆى زانكۆيەكى دروست كردوە تا ببێت بە مۆدێلێك بۆ چاولێكردن(European Institute of Innovation and Technology)، ئەمە جگە لەو بەخشينە زۆرانەى كە زانكۆكان بۆيان دێت لە لايەن خەڵكەوە.
*سەرۆكى زانكۆى ڕاپەڕين