شیوەنێک بۆ شەهیدان یان شیوەنێک بۆ یەکێتی
2020-11-21 16:15:49
سەنگەر عەبدولسەمەد
ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی رۆژی یادکردنەوە و بیر هێنانەوەی زیاتر لە 20 هەزار شەهید و هەزاران شەهیدی کەمئەندامی زیندووە . ڕۆژێکی هێندە گەورە و گرنگە ناکرێ لەم رۆژەدا سەری ڕێز و وەفاو بۆ هەر دڵۆپێک لە خوێنی گەشی هەر شەهیدێک دانەنوێنین ، لەپاڵ ئەمەشدا ئاسان نییە بێدەنگی هەڵبژاردەمان بێت لەبەرامبەر پیرۆزی خوێنی گەشیان ، چونکە ئەوان بۆ خاک بۆ نیشتیمان لەژێر ناوی یەکێتی شەهید بوون .
بەڵام لەدوای ئەوان و لە ئێستادا ئەرکی کەسوکار و نەوە بێ نازەکانیان و هاوڕێی و دڵسۆزان و تێکۆشەرانی رێبازەکانیان زۆر قورس و پێویستە بۆ گەڕان بەدوای کۆمەڵێک وەڵامی داخراو قەتیس کراو لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە ، کە رۆژانە کۆمەڵێک پڕسیاری زۆر گرنگی بێ وەڵام ، بەڵام زۆر سادە و ساکار لە زهن و فکری هەموواندا خول بە چواردەوری یەک بازنەدا ئەخولێتەوە .
لە سادەترین پرسیاردا ئایا ئەو جیاوازیانە کامانەن کە سەرکردایەتی یەکێتی لە نێوان رژاوی دڵۆپی خوێنی هەر شەهیدێک دەیگرێتە بەر ؟ ئایا هەموو شەهیدان بەیەک چاو و بە یەک شێوە سەیر کراون و دەکرێن ؟ ئایا بەشێوەیەکی گشتی کەسوکاری شەهیدان پێویستیەکانیان مادین یان زیاتر مەعنەوین ؟ ئایا زۆری شەهیدان لە خانوو و لە خانەوادەی خانووە قورەکان نین ؟ ئەو پرسیارانە و کۆمەڵێک پڕسیاری تر لێکدانەوەی وەڵامەکەی لای نەوە و کەسوکاری شەهیدان خۆیانن و بۆ ئەوان جێیان دەهێڵین !!
ئەی شەهیدە زیندووەکان لە کوێن ئایا توانراوە ئاوڕی پێویست و ئاگردانیان گەرموگوڕ بکرێ ، تاکو ئەو ساتەی ئەو بەشە جەستەی کە ماویانە ئەویش بەخاک دەسپێردرێت ؟
لەم یادەدا نامەوێ هەستی زیندووی نەوەو کەسوکاری شەهیدان و شەهیدە زیندووەکان نادیدە بگرین ، بۆیە لێرەوە لە ووژدانی سەرکردایەتی دوای کۆنگرەی نوێبوونەوە دەپرسین لەکۆی 124 هەڤاڵتان ، لەپاڵ هەوڵی دابینکردن و دابەشکردنی ئیمتیاز لەماوەی یازدە مانگی کارکردندتاندا ، توو ووژدانتان ئایا توانیوتانە تەنها سڵاوێکی یەکێتیانە بگەیەننە چەند ماڵی شەهید ، کە زۆرینەیان لە خانووە قوڕەکانن و پێداویستی و ڕاگرتنی هەستەکانیان زۆر پێویستە ئەگەر بە سڵاوێکش بێت .
لەکۆتاییدا ووشە زۆرە بۆ نووسین و قسە زۆرە بۆ کردن ، بەڵام لەم رۆژەدا لەپاڵ سەری ڕێز و وەفا نواندن بۆ شەهیدان لە سەرکردایەتی یەکێتی دەپرسم ئایا شیوەنمان بۆ شەهیدان بێت یان بۆ یەکێتی .