Draw Media

تێرۆری تاکەکەسێک، یان تێرۆرێکی دەستەجەمعی؟

تێرۆری تاکەکەسێک، یان تێرۆرێکی دەستەجەمعی؟

2020-11-02 17:03:13


مەریوان وریا قانع

(بەشی دووھەم لە سێبەش)

دیاردەی کوشتن و سەربڕینی کەسانیتر بەناوی ئیسلامەوە، شتک نییە لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا لە فەرەنسا لەدایکبووبێت، ئەم دیاردەیە لە دونیای ئەمڕۆدا مێژوویەکی درێژتری ھەیە. لە دونیای عەرەبیدا پەلاماردان و کوشتنی چەندان ڕۆشنبیر و نووسەرو ڕۆژنامەنووس و چالاکەوان لە ساڵانی ھەشتاوە تا ئەمڕۆ ھەیە و بەردەوامە. لیستی ناوی کوژراوەکان درێژە: حسێن مەروە و مەھدی عامل لە لوبنان، فەرج فۆدە لە میسر، ‫ناهض حتّر‬ لە ئەردەن، ‫شكري بلعيد لە تونس‬، عمر بنجلون لە مەغریب، محمد البراهمي لە تونس، محمد بنعيسى والمعطي بوملي لە مەغریب، ھەموویان بە دەستی ئیسلامییە توندڕەوەکان کوژراون. با واز لە ھەڕەشەی کوشتن بھێنین کە ڕووبەڕووی دەیان نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکەوانی جیاواز کراونتەوە. ھەواڵدانی کوشتنی نەجیب مەحفوزیش بە چەقۆ و، عبد الله القصيميش ھەردەچێتە ئەم ڕیزەوە. ڕەوایەتی ئەم کوشتانانە ئەوەیە ئەو کەسانە قسەی خراپ و ناشیرینیان دەربارەی ئیسلام کردوە و نووسیوە، یان بێدین و کافرن.
لە ناو ئەوروپاشدا مێژووی ئەم جۆرە کارانە نزیکەی دوو دەیەیەک دەبێت. ساڵی ٢٠٠٥ محمەد سدیق خان و گروپەکەی لە ناو میترۆکەی شاری لەندەدندا ٥٢ کەسی مەدەنیان کوشت. ڕەوایەتی کارەکەیان بۆ کوشتنی ئەو خەڵکە مەدەنییە ئەوەبوو کە دەوڵەتی بریتانیی ”پەلاماری موسڵمانەکان ئەدات لە ھەموو جیھاندا“. ئەوانیش بەو کارەیان ”برا و خوشکە موسڵمانەکانیان دەپارێزێن“. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا تاوانی ئەو خەڵکە مەدەنییە چییە کە لەناو میترۆدا و لەکاتی چونیان بۆ سەرکارەکانیان دەیانکوژن؟ وەڵامەکەی ئەوەبوو ”ئەوانە لە ھەڵبژاردندا بەشدرابوون و دەنگیان بەو حکومەتە داوە.“
لە ھۆڵەنداش محەمەد بوێری، کە گەنجێکی مەغریبیی بوو، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ”تیۆ ڤان کۆخ“ ی لە ناوەڕاستی شاری ئەمستردام کوشت و دوای کوشتنەکەی خەریکی سەربڕینی بوو، ئەویش ھەمان شتی دووبارەکردەوە. ئەویش باسی ئەوەی دەکرد ئەو نووسەر و فیلمسازە ھۆڵەندییە، کە لە خانەوادەی نیگارکێشی ھۆڵەندیی بەناوبانگ ڤان کۆخ ە، قسەی ناشیرینی بە ئیسلام وتوە و سوکایەتی بە دین کردوە. جگە لەمە محەمەد بوێری پێیوابوو ئیسلام لە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە لە.ژێر ھێرشی خۆرئاوادایە.
لای زۆرینەی ھەرەزۆری ھێزە ئیسلامییەکان و لای ئەوانەی بەدوای ھێنانەوەی بەھانەدا بۆ ئەم جۆرە کارانە دەھێننەوە بەردەوام بەرگریی لەوە دەکرێت کە ئەم کردانە کردەی تاکەکەسین و ئەوانەی پێیھەڵدەستن ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. ئەنجامدەرانی ئەم کارانە کەسانی شێت و نەزانن و تاوانەکانیان دوورە لە ئیسلام وەک دینی زیاد لە ملیارێک مرۆڤ. بەبۆچوونی من ئەم تێڕوانییە لەزۆر سەرەوە ھەڵەیە، ھەڵەیەکی گەورە و ترسناک. ئەم فۆرمە لە تێرۆر بەھیچ جۆرێک کورتناکرێتەوە بۆ تێرۆرێکی تاکەکەسیی تەنھا، بەڵکو بەشێکە لە ”گوتارێک“ی دینیی سیاسیی و ”کۆمەڵەیەکی گوتاریی“ش ھەن بە دەوری ئەو گوتارەدا دروستبوون. سادەتر بدوێین جۆرێک لە شیکردنەوە و تەفسیرکردن بۆ ئیسلام ھەیە کە لە سەدەھا کتێب و نووسراو و دەیەھا پێگەی ئەلکترۆنیی و میدیای تایبەت و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی و مزگەوت دا ئامادەن و ھەن و بەسەر یەکەوە ئەو گوتارە توندڕەوەیان دروستکردوە کە لەپشتی کردەی تێرۆرەوە ئامادەیە. ”کۆمەڵەیەکی گوتار“یش ھەن کە لە سەدان و ھەزاران مەلا و خوێندەواری دینیی و واعیز و بانگخواز و چالاکەوانی دینیی و سیاسیی پێکھاتوون کاریان بڵاوکردنەوە و ھێنانە ناو واقیعی ئەو گوتارە دینیی سیاسییە. کورتکردنەوەی ئەم گشتە گەورەیە بۆ کاری تاکەکەسێک ھەڵەیە و ھەڵەیەکی گەورەش. لەھەموو خراپتر ئەوەیە ئەم بەتاکەکەسیکردنە ڕێ لەوەدەگرێت ئەو کێشانە ببینین کە لەناو تەفسیرێکی دیاریکراوی ئیسلام خۆیەوە وەک دین دێن و بە جیھاندا بڵاودەبنەوە. کە باس لە ئیسلام دەکەم، باس لە تەفسیرێک لە تەفسیرەکان دەکەم، کە ھەڵگری خوێنڕشتن و سوکایەتیکردنێکی ھەمەلایەنە بە ھەر کەسێک لە خۆی نەچێت. کەس نەیگوتوە و ناشڵێت ئەو ملیار و نیو موسڵمانەی لە جیھاندا ھەن ھەموویان تێرۆرستن، کەس نەیگوتوە و ناشڵێت ئیسلامی دایکی من و دایکی خەڵکانێکی زۆری تر، لەم فۆرمە لە تێرۆری دینیی بەرپرسیارە، ئەوەی دەگوترێت، ئەوەیە فۆرمێک لە ئیسلام لەمڕۆدا دروستکراوە و بەزۆر شوێنی دونیاشدا بڵاوکراوەتەوە، کە ئەنجامدانی تێرۆر و سەربڕینی مرۆڤەکانی تر، یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکیی و ھەمیشەییەکانیەتی. ئینکارکردنی ئەم ڕاستییە سادەیە، بەشێکە لە ستراتیژیەتی سەرلێشێواندن و ڕێگەگرتن لە بنەبڕکردنی دیاردەکە.
ھەڵگرانی ئەم گوتارە توندڕەوە کەسانێکن باوەڕیان بەوەیە ئیسلام لەژێر ھەڕەشەدایە، موسڵمانان لە ھەموو لایەکەوە پەلامارئەدرێن، پیلانێکی نێودەوڵەتیی و جیھانی دژ بە ئیسلام لەئارادایە. ئەمەش بە تەنھا دژ بەم موسڵمان یان ئەو موسڵمانی تر نا، بەڵکو دژ بە ھەموو ”ئومە“ی ئیسلامی، سەرجەمی ”ئۆمەتی محەمەد“. جگە لەمە ئیسلام بە بەردەوامی لەبەردەم سوکایەتیپێکردن و ناشیرینکردندێکی پلان بۆدانراودایە. لە ھەموو لایەکەوە تاوانی بەرامبەر دەکرێت. بۆیە جیھاد لە فۆرمە سەربازیی و میلیتاریەکەیدا، پەلاماردانی ئەو جیھانە کافرە، سەربڕین و کوشتن، وەڵامێکی دینیی و سیاسیی ڕاستەقینەیە بەو دۆخە.
ئەم گوتارە پێیوایە ئیسلام و موسڵمانەکان بەتایبەتی لەژێر ھێرشێکی سیستماتیک و ڕێکخراوی خۆرئاوا و زایۆنیزم و خاچپەرستە تازەکانی جیھاندان. ھەموو ناکۆکییە ئەتنیی و سیاسیی و مێژوویەکانی ناو جیھان، وەک ناکۆکی دینی دەبینن و لێکئەدەنەوە. بۆ نموونە کێشەی فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان وەک کێشەیەکی دینی وێنادەکەن، ھەمانشت بە نیسبتە کێشەی کشمیرەوە، یان تەنانەت کێشەی کورد لە تورکیادا. ئەمانە پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ھێزێکی مارکسیی کافر و دژە دین وێنادەکەن و ئەردۆگان وەک پیاوێکی لەخواترس و موسڵمانێکی ڕاستەقینە.
بە مانایەکی تر، لە پشتی ئەم کردە تێرۆریستیانەوە وێناکردنێکی جیھان و وێناکردنێکی ئیسلام و وێناکردنێکی کارادانەوەی ڕاستەقینە ئامادەیە، کە ھەموویان بەشێکن لە کارێکی دەستەجەمعیی و پێکەوەیی. گوتارێک ھەیە کە بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی لەلایەن زۆرینەی ھەرەزۆری ھێزە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسییەوە باوەڕپێکراوە و بەشێواز و زمانی جیاواز، گەشەی پێئەدرێت و بەرگریلێدەکرێت. بۆیە مەسەلەی پەنابردن بۆ تێرۆر و توندوتیژیی ھەرگیز کردەیەکی تاکەکەسیی دابڕاو نییە لەو شتانەی باسمکرد. لەمەشدا لۆژیکێکی دوولایەنەی پەڕگیر، لۆژیکی کێشانی ھێڵێکی شاقوڵیی لەنێوان پاک و پیس، ڕەش و سپی، باش و خراپدا، کاردەکات. ئەم لۆژیکە جیھان بۆ دوو یەکەی دژ بەیەک دابەشدەکات. لە سەرێکەوە ئیسلامێکی ڕاستەقینە و پاکژ کە دواھەمین پەیامی خودایە بۆ ھەموو مرۆڤایەتیی، لەسەرەکی دیکەوە دونیایەکی دژە ئیسلامیی و دژەدین ئامادەیە، کە چەند بەگژ موسڵمانەکاندا دەچێتەوە، ئەوەندەش بەگژ خودادا دەچێتەوە، دونیایەکی جاھیلیی.
ئەم لۆژیکە دوولایەنە تەنھا پەیوەندیی بەوەوە نییە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا یان فەرەنسا یان وڵاتانی تری خۆرئاوا لە قازانجی ئەم یان ئەو وڵاتی موسڵماندا نییە، یان لەم یان لەو کێشەدا وڵاتانی خۆرئاوا دەداتە پاڵ لایەنێک کە دژ بە وڵاتێکی موسڵمان یان چەند وڵاتێکی موسڵمانە. ئەوەی ئامادەیە دەرەنجامی ئیشکردنی ئەو لۆژیکە دوولایەنە و ئەو وێناکردنە ڕەش و سپییە تایبەتەی جیھانە.
ئەم گوتارە دینییە داخراوە وا لە ھەڵگرەکانی دەکات نەتوانن لەگەڵ کەسانیتردا کە لە خۆیان ناچن بژین، نەتوانن تەنانەت ئەو فۆرمانەی دینداریش قبووڵبکەن کە لەخۆیان ناچێت، دایاندەخات بەسەر خۆیان و بەسەر ئەو فۆرمەدا لە دینداریی و پەیوەندیی، کە ناتوناێت لەگەڵ ئەوانیتردا پێکەوەبێت بژیی. یان دەبێت ئەو کەسانەی تر وەک ئەمانی لێبێت، یان گەر وەک ئەمانی لێنەھات، یان لەناویانببەن، جا چ بە کوشتن و وێرانکردن بێت، یان لەناو ھیرارکیەتێکی ئینسانیدا جێگیریانکەن، کە وەک مرۆڤی پلە دوو و پلە سێ مامەڵەبکرێن. ئەمانە لەباتی قسەکردن لە ھاوڵاتی یەکسان، باس لە گەڕاندنەوە بۆ سیسمتی ”ئەھلی زیمە“ و ”ئەھلی کتێب“ دەکەن و ئەم لۆژیکە بۆ ڕێکخستنی جیاوازییە دینیی و فیکریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەسەر دونیادا بسەپێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand