Draw Media

ده‌نگدان له‌ مافه‌وه‌ بۆ ئه‌رك و پێویستی

ده‌نگدان له‌ مافه‌وه‌ بۆ ئه‌رك و پێویستی

2018-05-11 20:45:11


نیاز عه‌بدوڵڵا
ساڵانێكه‌ به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان (په‌رله‌مان) له‌كه‌دار و بێ نرخ بكرێت، بۆیه‌  31ی ئاب و 30ی حوزه‌یران و 10ی ئۆكتۆبه‌ر و چه‌ندین هێرش به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتاران ئه‌نجامدرا و له‌ چه‌ند قۆناغێكدا ته‌مه‌نی په‌رله‌مان به‌بێ هه‌ڵبژاردن درێژكرایه‌وه‌‌، به‌و ئامانجه‌ی ته‌واوی هێز و پایه‌كانی حوكمڕانی بكه‌ونه‌ ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.
له‌به‌رئه‌وانه‌ ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌كییه‌ی هاووڵاتی كه‌ به‌شدارییه‌ له‌ بڕیاری حومكڕانی له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ بیانووه‌كانی بوونی شه‌ڕی ناوخۆ و رێككه‌وتنی ستراتیجی و بوونی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی زه‌وت كرا.
به‌هۆی خیانه‌ت و تاوانه‌كانی پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی 13 ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌وه‌ ناو ژیانی هه‌ڵبژاردن و به‌شداری هاووڵاتی له‌ بڕیاری سیاسی ده‌وڵه‌تی عێراقی نوێ بوو، بۆیه‌ به‌هۆی عێراقه‌وه‌ هه‌رێم كه‌وته‌ ناو ئه‌مری واقعی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌. ئیستاش دوای 13 ساڵ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌مان ده‌رفه‌تی زێڕینی 2005ه‌ بۆ ناوخۆی هه‌رێم و خه‌باتی سیاسی هه‌رێم له‌ عێراقی فیدراڵ. ئێمه‌ له‌ماوه‌ی 26 ساڵدا خاوه‌نی 4خولی په‌ر‌له‌مانین و ئه‌وان له‌ ماوه‌ی 13 ساڵدا خاوه‌نی چواره‌م خول.
گرنگه‌ ئه‌و بێ ئومێدییه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن خراوه‌ته‌ ناو دونیای سیاسی ئێمه و ژیانی سیاسی له‌گه‌ڵ عێراق،‌ 12ی ئایار به‌ به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بیڕه‌وێنینه‌وه‌.
ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌ڵبژاردن هیچی له‌ ماناكانی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و یاسا و هێنانه‌ پیشه‌وه‌ی هێزی نوێ نه‌گۆڕیوه‌ هه‌ڵه‌ن‌، چونكه‌ له‌ رابردووش به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بوو چه‌ندین یاسای گرنگ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچوون و هێزی سیاسی نوێی مه‌ده‌نی هاتنه‌ بوون و چه‌ند حیزبێك له‌ كێشی به‌شداری سیاسی پارتی و یه‌كێتی دوور كه‌وتنه‌وه‌ وه‌ك یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌ تا خه‌باتێكی سیاسی جیاواز له‌ ساڵانی رابردووی پارتی و یه‌كێتی په‌یڕه‌و بكه‌ن. 
به‌شداری ئێمه‌ وه‌ك تاك له‌ هه‌ڵبژاردن ژماره‌یه‌كی فه‌رامۆش كراو نییه، به‌تایبه‌ت كه‌ رێفراندۆم-ی 25ی ئه‌یلول پێگه‌ی كوردی له‌ ئاستێكی چۆنایه‌تییه‌وه‌ لاواز كرد و گۆڕی بۆ‌ ئاستێكی ژماره‌یی، به‌و مانایه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كان رۆڵ ده‌بین له‌ خه‌باتی سیاسی داهاتوومان.
بۆیه‌ به‌شداری ئێمه‌ وه‌ك هاووڵاتی له‌ ده‌نگدانی 12ی ئایار جگه‌ له‌وه‌ی پیاده‌كردنی یه‌كێك له‌ مافه‌كانمانه‌ له‌ بڕیاری سیاسی، ئه‌رك و پێویستییه‌كه‌‌‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ناو ژماره‌ گه‌وره‌كه‌دا هه‌بین، پاشان ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان له‌ حوكمڕانی له‌ رێگای فشاری مه‌ده‌نی و چاودێریییه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی گۆڕانكاری به‌رین. نابێت به‌ ئاسانی ده‌رفه‌ت بده‌ین به‌ بێ ئومێدكردنی هاووڵاتییان هه‌موو رێگاكانمان لێبگرن و زمانی چه‌ك بكه‌نه‌ رێگای چاره‌سه‌ر و خه‌باتی سیاسی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand