Draw Media

تویتەکەی هۆشیار زێباری و کراسەکەی ئیمام عوسمان

تویتەکەی هۆشیار زێباری و کراسەکەی ئیمام عوسمان

2020-10-18 16:13:57


فەرحان جەوهەر 

 لە مێژوودا کراسەکەی ئیمام عوسمانی کوڕی عەفان رەزای خودای لێبێت ،  بۆتە حیکمەت و زاراوەیەکی سیاسی مێژووی مەزن بۆ دەرس و پەند لێ وەرگرتن ، کاتێ کە بەناحەق شەهید دەکرێ دوایی ئەو رووداوە گەورەیە ئیدی جیهانی ئیسلامی دووچاری هەژان و لێکترازانێکی وا دەبێتەوە کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێ وەک خۆی لێنەهاتۆتەوە ، دووچاری دووبەرەکی و شەڕی گەورەی ناوخۆیی بۆتەوە ، هەر دوای شەهید بوونی ئەو ئیمامە ، معاویەی کوڕی سوفیان کە ئەمیری ولایەتی شام بوو لەو سەردەمەدا ، خۆی دەیویست ببێتە ئەمیری هەموو مسوڵمانان و کێشەی لەگەڵ ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت هەبوو، بۆیە معاویە کراسە خوێناویەکەی ئیمام عوسمانی هەڵگرت و داوای تۆڵەی خوێنەکەی لە ئیمام عەلی کرد ، هەروەک  بەهانەیەک بۆ ئەوەی ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت شوێنی ئیمام عوسمان رەزای خودای لێبێت نەگرێتەوە ، هەستا ولایەتی شامی دابڕی و بەیعەتی نەدایە ئیمام عەلی رەزای خودای لێبێت ، بەو هۆیەوە موسڵمانان لە نێو خۆیاندا دووچاری شەڕی مەزن بوون و بوونە دووبەرە ودابەش بوون تا بە ئەمڕۆدەگات ئەم دابەش بوونە بەردەوامە ، ئەگەرنا ئیمام عەلی لە رووداوی شەهیدکردنی ئیمامی عوسمان زۆر بەری بوو،  زۆریش هەوڵیدا هێرش کەران رابگرێت ،  بەڵام لە توانای کەس نەمابوو، بەکۆمەڵ هێرشیان هێنایە سەر ئیمامی عوسمان و لە کاتی قورئان خوێندنەوەیدا شەهیدیان کرد ،  ئیدی لەو رۆژەوە کراسی ئیمامی عوسمان وەک زاراوەیەکی گرنگی نێۆمێژووی لێهاتووە و بەکاردێت بۆ کارێک کە مەرامی تری شاراوەی لە پشتە .
ئەوەی ئەمڕۆش حەشدی شەعبی تویت و ڵێدوانەکانی هۆشیاری زێباری کردۆتە بەهانە بۆ سووتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا ، مەرام و مەبەستی تری شاراوەی لە پشتە ، یەک لەو مەبەست و مەرامە سەرەکییانە رێککەوتنی شەنگالە ،  حەشدو هاوپەیمانەکانی زۆر نیگەرانن لەو رێککەوتنە ، پێیانوایە کۆتایی هێنانە بە نفوزی ئێران لەو ناوچە گرنگە ، کە دەکەوێتە سەرسنووری عێراق و سوریا و نزیکە لە ئیسرائیلەوە ، واتە دەبێتە هۆی دابڕانی هێلی ئەو هاوپەیمانیەتەی نێوان سوریا و ئێران و حەشدو پەکەکە و حزب وللای لوبنان و روسیا ، کە هەموویان پێکەوە لە شەڕو ململانێدان لە گەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەک هەرلە عیراق بەڵکولە تەواوی ناوچەکەدا ، بۆیە دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا پەکەکە ئاگری شەڕێک لەگەڵ پارتی هەڵگیرسێنێ لەسەر سنوورەکان ،  بۆ کشانەوە یان جێبەجێ نەکردنی ئەو رێککەوتنەو دەرنەکردنی پەکەکە لە شەنگال و دەورووبەری ، هەروەها نامەیەکیش بوو بۆ حکومەتەکەی کازمی کە دەستلێدان لە نفوزو دەسەڵاتی حەشد هێلی سوورە و کەس ئەو مافەی نییە ، دەست بۆ کارێکی وا ببات .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand