سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

گرووپی یەکریزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی گروپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی چوار حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

بڵاوکراوەتەوە لە : 4 تشرینی دووەم 2026

گرووپی یەکریزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

 

هەنگاوێک بەرەو دیالۆگ و ڕاوێژی بەردەوام

باوەشێکی کراوە بۆ وتووێژ و هاوپەیمانییەکی چالاکتر

ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی گروپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی چوار حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

بە مەبەستی دۆزینەوەی کۆسپەکانی بەردەم چالاکبوون و کاریگەرترکردنی هاوپەیمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە زیاتر لە هەشت مانگە دامەزراوە، گروپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی هەر شەش حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی کرد بۆ کۆبوونەوە و ڕاوێژێکی ناوخۆیی.

 

پێنج حیزب لە شەش حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی، کە بریتین لە پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند.

تەنها حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ئامادەیی خۆی ڕانەگەیاند. هەروەها، چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەکە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش، بەبێ پێشکەشکردنی هۆکارێک ، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکە کشایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١-١١-٢٠٢٦، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی زوومەوە، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێری لەنێوان گروپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نوێنەرانی چوار حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە شێوەی پرسیار و وەڵام بەڕێوە چوو. پرسیارەکان لەلایەن بەڕێوەبەری لیژنەی یەکریزییەوە ئاراستەی نوێنەرانی حیزبەکان دەکران و ئەوانیش وەڵام و ڕوونکردنەوەکانی خۆیان پێشکەش دەکرد.

پرسیارەکان دەربڕی نیگەرانییەکانی ئێمە لەسەر دۆخی ئێستای هاوپەیمانی بوون. لە نوێنەرانی هەر چوار حیزبەکە  دەپرسرا کە لە بنەڕەتدا تێگەیشتن و چاوەڕوانییان لە هاوپەیمانی چییە؟ بۆچی هاوپەیمانی تا ئێستا نەیتوانیوە لە ئاستی پێویست چالاک بێت؟ بۆچی هەندێک لایەنی ئەندامی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییە ئێرانییانە دادەنیشن کە باوەڕیان بە نەتەوەبوونی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نییە؟ بۆچی لە وزە و تواناکانی کوردانی دەرەوەی حیزبەکان کەڵک وەرناگیرێت؟ هەروەها، سیاسەتی حیزبەکان بەرانبەر بە ئەگەری وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چییە؟

لە وەڵام و ڕوونکردنەوەکانیاندا، نوێنەرانی چوار حیزبەکە لەسەر هەندێک بابەتی گرنگ هاوڕا بوون.

هەر چوار حیزبەکە هاوپەیمانییان بە پێویستییەکی گرنگ و درێژخایەن دەزانی و جەختیان لەوە کردەوە کە وەک پێویستییەکی کاتی سەیری ناکەن. هەروەها، هیواداری خۆیان دەربڕی کە بە پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ لە داهاتوییەکی نزیکدا و، دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکان و ڕێکخستنی میکانیزمی کاری هاوبەش، هاوپەیمانی بتوانێت لە داهاتوودا زۆر چالاکتر و کاریگەرتر لە ڕابردوو دەربکەوێت.

لەسەر بابەتی ئەگەری وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش، هاوڕا بوون کە ئەگەر هەر دەرفەتێک و پێویستیەک بۆ وتووێژ هاتە ئاراوە، نابێت هیچ حیزبێکی ئەندامی هاوپەیمانی بە تەنها و بەبێ بەشداری و هاوئاهەنگیی هاوپەیمانی، بچێتە پڕۆسەی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەبارەت بە هۆکارەکانی چالاکنەبوونی هاوپەیمانی لە ئاستی پێویست لە ماوەی زیاتر لە هەشت مانگی ڕابردوودا، ئاماژەیان بە کۆمەڵێک کۆسپ و هۆکار کرد؛ لەوانە تازەبوونی ئەم ئەزموونە، نەبوونی پەیڕەوی ناوخۆ، جیاوازیی بۆچوونە سیاسییەکان، نەبوونی میکانیزمێکی ڕوونی کاری هاوبەش، جیاوازی لە ئەدەبیاتی سیاسی و هەروەها کاریگەریی هەلومەرج و فشارە دەرەکییەکان.

لە هەمان کاتدا، پێیان وابوو کە بەهۆی گرینگی و ئاڵۆزیی پرسە سیاسییەکان، پێویستیان بە کات و گفتوگۆی زیاتر هەیە و هیوادار بوون بتوانن هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچن.

سەبارەت بە پرسیارەکانی دیکەش، دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێبینی هاتە ئاراوە، کە بە گشتی جێگای ڕەزامەندیی بەشدارانی کۆبوونەوەکە بوو.

ئێمە بەشداریی ئەم چوار حیزبە و ئامادەیییان بۆ گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ هاونیشتمانانی دەرەوەی ڕیزەکانی حیزبەکان بەرز دەنرخێنین و سپاسیان دەکەین.

ئەم ئامادەییە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم هاوپەیمانی، هەنگاوێکی ئەرێنی و شایەنی پشتیوانی و پەرەپێدانە.

هەرچەندە وەڵامەکان بە تەواوی هەموو لایەنەکانی پرسیارەکانیان نەگرتەوە، بەڵام دەرفەتی بیستنی ڕاستەوخۆی بۆچوونەکان، ئاڵوگۆڕی تێبینی و پێشنیارەکان و گفتوگۆ لەسەر گرفتە هاوبەشەکان، بەسوود و گرینگ بوو.

هەم گروپی ئێمە و هەم نوێنەرانی چوار حیزبەکە هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنییان بۆ کۆبوونەوەکە هەبوو.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیارمان کرد کە هاوپەیمانی لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە، پێبەندیی خۆی بە بەردەوامیی کاری هاوبەش دووپات بکاتەوە و ئیرادە و ئامادەیی خۆی بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی نوێ و کاریگەرتر دەرببڕێت.

هەروەها، پێشنیارمان کرد کە لەو بەیاننامەیەدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرینگی ڕەخنەی ئازادانە ، داوا لە هەموو لایەنگرانی حیزبەکان بکرێت لە کەسایەتی‌ شکاندن، سووکایەتی پێکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر و هەر یەک لە ئەندامانی هاوپەیمانی خۆ بپارێزن؛ چونکە ئەم جۆرە ڕەفتارانە، بە تایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا، زیان بە متمانەی نێوان حیزبەکان و بەردەوامیی کاری هاوبەش دەگەیەنن.

نوێنەرانی هەر چوار حیزبەکە پێشوازییان لەم پێشنیارە کرد و بە باشیان زانی. لە بەرانبەردا، ئەوانیش داوای پشتیوانی و هاوکاریی زیاتریان لە ئێمە کرد. ئێمەش ئامادەیی و پێبەندیی خۆمان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی مومکین، لە چوارچێوەی تواناکانماندا، دووپات کردەوە.

لە کۆتاییدا، هیوادارین ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی دیالۆگ و ڕاوێژێکی بەردەوام و بەرهەمدار لەنێوان حیزبەکان و هاونیشتمانانی دەرەوەی ڕیزەکانی حیزبەکان.

هەروەها، چاوەڕوانین لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا هەر شەش حیزبی ئەندامی هاوپەیمانی بەشدار بن، بۆ ئەوەی بە بەشداری و هاوکاریی هەمووان، گفتوگۆ و ڕاوێژەکان لە ئاستی ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە بەرەو پێشنیار و هەنگاوی کرداری بۆ بەهێزکردن و چالاکترکردنی هاوپەیمانی بڕۆن.

 

گرووپی یەکریزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

٣-١١-٢٠٢٦

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 6 خولەک

یەكێتی (50%)ی كورسیەكانی هەولێری لەدەستدا

null
پێش 3 کاتژمێر

كورسیەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ بووە (32) كورسی

null
پێش 3 کاتژمێر

سەرۆكی جێگر و سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران