ئایا پەیامی کازمی هەولێر هێور دەکاتەوە!
2020-09-10 13:23:19
حلمی رەسول رەزا
لە مێژووی هاوچەرخی دوای رووخانی بەعسەوە، هەولێر بەردەوام هاوکار و پشتیوان بوە لە پێکهاتنی کابینە جیاوازەکانی حکومەتی عێراقدا و و رۆڵی هەبووە لەدیاریکردنی حکومەت، ئەوەندەشی پێی کرابێ و بۆی لوا بێت بەرژەوەندی حوکمرانی لەم سەودایەدا بۆ خۆی پچڕیوە، بەڵام هەرکات بەرنامەی حکومەتی عێراق لەگەڵ مەزاجی پارتیدا نەگونجا بێت یەکسەر گومان دروست کردن و پاشان هێرش لە میدیای رەسمی و سێبەر بۆسەر کەسایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دروست کراوە و ئەمەش وەک شەری داکۆکی پرسی کورد وێنا کراوە.
بێ گومان کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا هەر لەسەرەتای دروست بوونی عێراقی دوای سەدامەوە بوونیان هەبوە، ئەوەی زیاتر کێشەکانی قوڵکردەوەو لە مەسەلەی تایبەتمەندێتی کوردەوە گواستراوەتەوە بۆ کێشەی پارەو بازرگانی و نەوت و پرسە سەرەکییەکە کە مادەیەکی دەستوریشی هەبووە پشتگوێ خراوە..
بەکورتی، سەبارەت بەم سەرۆک وەزیرانەی ئێستاش کە مستەفا کازمیە؛ هەولێر بە گومانەوە دەیڕوانیە هەنگاوەکانی (هەرچەندە زۆر بەزوویی پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو پۆستەی لێکرد)، بەڵام بەزوویش ئەوەیان لا دروست بوو کە دژی هەرێمی کوردستان هەنگاو هەڵدەنێت، دیارە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانویست بەهەمان شێوەو رەفتاری جاران مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن. بەداخەوە بێ خەبەر بوون یان تێنەگەیتشبوون کە قۆناغی پێش خۆپیشاندانەکانی عێراق و دوای ئەو رووداوە زۆر لەیەکتری جیاوازن، هەرلەبەرئەوەشە کە دەبێت سەرۆک وەزیرانی نوێ بە میکانیزمی نوێ مامەڵە لەگەڵ هەرێم و تەواوی پرسە گرنگەکانی تری عێراق بکات، دەسەڵاتدارانی هەولێر بەشێک لەگومانەکانیان پەیوەست بوو بەوەی پەیوەندی نزیکایەتی سەرۆک کۆمارو کازمی بەهێزە، لەوەش دەترسان و دیسانەوە ئەو نزیکایەتیە بەقازانجی حزبی بۆ یەکێتی بشکێتەوە، ئەوان لەوە نەگەیشتبوون نزیکایەتی ئەو دوو کەسایەتیە سەمامی ئەمان و زەمانەتی رێککەوتنی درێژ خایەنە و کۆتایهاتنی پینەو پەرۆکردنی کیشەکان دەبێت، خۆ گەر هەرێم ژیرانە مامەڵە بکات، ئێستا باشترین کاتە لەسەر دەستی سەرۆک کۆمار، رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدرێت، وەک ئەوەی کورد ئەڵێت گرێی دەستیان نەخەنە ددانیان.
پێدەچێ سەردانەکەی مستەفا کازمی، مایەی هێورکردنەوە بێت بۆ هەولێر، بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لێدوانی بەرپرسانی پارتی کە دەسەڵاتداری یەکەمینی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، پێیان وایە سەرۆک وەزیران جدیەت بە هەنگاوەکانیەوە دیارەو دەیەوێ لەگەڵ هەرێم رێکبکەوێت، لایان وایە ئەم سەرۆکە جیاوازترە لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو تری خۆی. ئەمێنێتەوە سەر هەنگاوەکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر؛ ئایا دەیانەوێ شەفاف بن و رێکبکەون و خەڵک لەم سەر ئێشەو سەغڵەتیەی ئێستا دەربازبکەن، یان مەبەستیانە مانۆڕ لێبدەن و یەک دوو هەفتەی تر دەست بکەنەوە بە فرۆشتنەوەی کوردایەتی و تەخوین کردنی ئەوانەی دەیانەوێ مووچە لە بەغداوە بێت و بەدەستێکی ئەمین دابەشی بکات. پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ دەسەڵاتدانی هەرێم دەیانەوێت، بازارەکە هەروا شێواو بێت، تاکاری حزبی و شەخسی خۆیان مەیسەر بێت، یان دەیانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵک ئارام بکرێتەوە و ئەو راستیە بسەلمێنن، کە لەرێگەی پێدانی ئیمتیازو رێککەوتنی ژوری تاریکەوە ناتوانن رێککەوتن لەگەڵ بەغداد مسۆگەر بکەن.