خانه‌نشینی سه‌ره‌تای ژیانه یان كۆتایی؟!
2020-09-02 07:18:10
د. ئەرشەد تەها
چه‌تری مووچه‌ی خانه‌نشینی ژماره‌یه‌كی زۆری به‌ساڵاچووی گیرفان به‌تاڵ داناپۆشێت و سیسته‌می مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌شێكی زۆری كرێكاره‌كان ناگرێته‌وه كه له كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن له وڵاتانی دواكه‌وتوو. هه‌ندێكجار ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی چه‌تری خانه‌نشینی نایانگرێته‌وه دوو ئه‌وه‌نده‌ی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ن كه ده‌كه‌ونه ژێر چه‌تره‌كه.
به ساڵاچوونی دانیشتووان دیارده‌یه‌كی گه‌شه سه‌ندووی به‌رده‌وامه و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئاڵنگارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، وه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئابووری جیهان و به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كان و كوالیتی ژیانی خانه‌نشینان و به‌ساڵاچووان. به‌ساڵاچوونی دانیشتووان كردارێكی گواستنه‌وه‌ی دیموگرافییه له به‌رزی تێكڕای له‌دایك بوون و مردن بۆ نزمبوونه‌وه‌ی. به‌مجۆره ژماره‌ی دانیشتووانی به‌ساڵاچوو زیاد ده‌كات به‌ڕێژه‌یه‌كی زیاتر له گه‌شه‌ی تێكڕای دانیشتووان.
به‌هۆی خراپی گوزه‌رانی خانه‌نشینان خانه‌نشینی بۆته دێوه‌زمه‌ی فه‌رمانبه‌ران. فه‌رمانبه‌ران هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی دامه‌زراندنیانه‌وه به ترس و دڵه‌ڕاوكێ چاوه‌ڕێ ی ئه‌و كاته ترسناكه‌ن كه تێیدا خانه‌نشین ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به چاوی كراوه به‌ره‌و مه‌رگ و گۆڕیان به‌رن!
ژیانی ئاسایی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسایی، له ڕۆژهه‌ڵات بێت یان ڕۆژئاوا، له باكوور بێت یان باشوور، له سێ قۆناغ پێك دێت. قۆناغی یه‌كه‌م: قۆناغی منداڵی و خوێندن و خۆ ئاماده‌كردن بۆ ژیان. قۆناغی دووه‌م: قۆناغی كاركردن و هاوسه‌رگیری و پێكه‌وه‌نانی خێزان و دابینكردنی بژێوی ژیان. قۆناغی سێیه‌م: قۆناغی ئارامی و حه‌سانه‌وه دوور له دڵه‌ڕاوكێ و گه‌شتكردن و چێژوه‌رگرتن له ژیان.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی سیسته‌می ئابووری له‌هه‌ر وڵاتێك تێكچوو ئه‌وا قۆناغه‌كانی ژیانی مرۆڤیش ده‌شێوێت. قۆناغی منداڵی و خوێندن ده‌بێته قۆناغی سه‌رگه‌ردانی و دابڕان له خوێندن، قۆناغی كاركردن و دابینكردنی ژیان ده‌بێته قۆناغی بێكاری و گرفتاری و هه‌ژاری و په‌راوێزخستن، قۆناغی خانه‌نشینیش كه پێویسته قۆناغی ئارامی و حه‌سانه‌وه و گه‌شتكردن و چێژوه‌رگرتن بێت له ژیان ده‌بێته قۆناغی زه‌لیل بوون و نه‌خۆشی و هه‌ژاری و دووباره گه‌ڕانه‌وه به‌دوای كار بۆ په‌یداكردنی بژێوی، به‌ڵام كارێك كه له‌گه‌ڵ توانای جه‌سته‌یی و ده‌رونییان ناگونجێت، هه‌ژاری و نه‌بوونی و نه‌خۆشی و ناخۆشی و په‌راوێزخستن و بێ ده‌سه‌ڵات بوون له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه وه‌ك سه‌گی هار به‌رده‌بنه جه‌سته و ده‌روونیان!
له هه‌ندێك وڵات داوا ده‌كرێت ته‌مه‌نی خانه‌نشینی كه‌مبكرێته‌وه تاكو خانه‌نشینان بتوانن دوای ساڵانێكی زۆر له كاركردن چێژ له خانه‌نشینی وه‌رگرن و قه‌ره‌بووی ڕابردوو بكه‌نه‌وه، ده‌ست بكه‌ن به ژیانێكی نوێ و ئاواته به‌دینه‌هاتووه‌كانیان به‌دی بهێنن، وه‌ك گه‌شت و سه‌یران و خلیسكانی سه‌ربه‌فر و به‌سه‌ر بردنی كاتێكی خۆش له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانیان. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و خه‌ونه بۆ هه‌موو كه‌سێك ده‌سته‌به‌ر نییه، له به‌رامبه‌ردا له هه‌ندێك وڵاتی تر داوا ده‌كرێت ته‌مه‌نی خانه‌نشینی درێژ بكرێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌شی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانیان ناكات. تێپه‌ڕ بوونی ته‌مه‌ن چاوه‌ڕوانكراوه و ڕاستییه‌كی نكوڵی لێ نه‌كراوه هه‌رچه‌نده هه‌وڵی دواخستنیشی بده‌ین، بۆیه پێویسته خۆمان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئاماده بكه‌ین. له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونی ئاستی بژێوی و ته‌ندروستی له وڵاته دواكه‌وتووه‌كان ته‌مه‌نی دانیشتووان درێژتر ده‌بێت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌هاتنی ساڵی 2050 ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی 65 ساڵی و سه‌ره‌وه‌تر دوو هێنده زیاد بكات و له (10%) ببێته (20%). ئه‌و كات (80%) به‌ساڵاچووانی جیهان كه ژماره‌یان (1.3) ملیارێك و سێ سه‌د ملیۆن ده‌بێت له وڵاته كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان بژین.
ئایا ئه‌و وڵاتانه ئاماده‌ییان تێدایه بۆ دابینكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی و چاودێری كۆمه‌ڵاتی و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی خانه‌نشینی و به‌ساڵاچوون؟ ئایا كاریان كردووه بۆ دابینكردنی ده‌رامه‌تی پێویست بۆ ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه له ته‌مه‌نی خانه‌نشینی؟ ئایا ئه‌و وڵاتانه ئینساف و دادپه‌روه‌ر ده‌بن له دابه‌شكردنی ده‌رامه‌ت له نێوان نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوو؟
باشترین سیسته‌می خانه‌نشینی له‌جیهان
له‌ڕاستیدا هیچ سیسته‌مێك و سیاسه‌تێكی مووچه‌ی خانه‌نشینی نییه كه بۆ هه‌موو وڵاتان گونجاو بێت. به‌ڵام له جیاتی لاسایی كردنه‌وه‌ی ته‌واوی سیسته‌مێك پێویسته سیسته‌مێكی خۆماڵیمان هه‌بێت گونجاو بێت له‌گه‌ڵ سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و دیموگرافی وڵاتی خۆمان، به سوود وه‌رگرتن له ته‌كنیكه داراییه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌و بواره و گوشراوی بیرۆكه‌كان و فه‌لسه‌فه‌كانیان وه‌ربگرین، تاكو بتوانین باشترین رێگا بدۆزینه‌وه بۆ زیادكردنی داهاتی سندوقی خانه‌نشینی بۆ زیادكردنی بری مووچه‌ی خانه‌نشینی و فراوانكردنی چه‌تری مووچه‌ی خانه‌نشینی تاكو زۆرترین ژماره‌ی به‌ساڵاچووان و په‌ككه‌وته و نه‌خۆش و چینه شایسته‌كانی تری كۆمه‌ڵگا له‌خۆ بگرێت و له ژێر چڕنووكی هه‌ژاری ڕزگاریان بكه‌ین.
پێنوێنی مووچه‌ی جیهانی كۆمپانیای (ملبۆرن میرسیر) له ڕێگای ڕوپێوێكی جیهانی له (37)وڵات كه دوو له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی جیهان ده‌گرێته‌وه له ڕێگای (40) پێوه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیسته‌می مووچه‌ی خانه‌نشینی وڵاتان ده‌كات بۆ زانینی ئاست و توانای دابینكردنی مه‌رجه‌كانی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه بۆ خانه‌نشینه‌كانیان. به پێ ی ئه‌و پێنوێنه سیسته‌می خانه‌نشینی وڵاتی سوید ڕیزبه‌ندنی پێنجه‌می گرتووه له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌رچه‌نده سیسته‌می خانه‌نشینییه‌كه‌ی سیسته‌مێكی گشتگیر و كامڵه و هه‌موو هاوڵاتییان و دانیشتوانی بێگانه‌ش له‌و وڵاته له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌تا ئه‌وانه‌ش كه ڕۆژێك له ژیانیان كاریان نه‌كردووه!
سیسته‌می خانه‌نشینی سوید ژێرخانێكی گشتگیری هه‌یه و زۆربه‌ی ئیمتییازاته باشه‌كان دابین ده‌كات بۆ خانه‌نشینه‌كان، وه‌ك مووچه‌ی خانه‌نشینی جێگیر و هاوكاری شوێنی نیشته‌جێبوون و چاودێری ته‌ندروستی خۆڕایی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به پێ ی ئه‌و پێوه‌ره پۆلێن كراوه له گروپی (B) وه پێویسته هه‌ندێك چاكسازی له سیسته‌مه‌كه‌ی بكات تاكو بگاته ئاستی وڵاتانی پۆلێنكراو له گروپی (A) كه ته‌نها دوو وڵات له‌خۆ ده‌گرێت ئه‌وانیش هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و دانمارك ن، چونكه ئه‌و دوو وڵاته باشترین سیسته‌می خانه‌نشینییان هه‌یه له‌ڕووی ئاست و جۆری خزمه‌تگوزاری و به‌های مووچه‌ی خانه‌نشینی له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
سندوقی خانه‌نشینی وه‌ك به‌شێك له سندوقی سه‌روه‌ری
سندوقی سه‌روه‌ری بریتیه له كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی زیاده‌ی بوودجه‌ی وڵات بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌وه وه‌به‌رهێنان له بازاڕه داراییه‌كان و كرینی پشك و قه‌واڵه‌ی بیانی. سندوقه سه‌روه‌رییه‌كان به مه‌به‌ستی فره‌چه‌شنكردنی داهاتی وڵاته نه‌وتییه‌كانه، چونكه كاتێك نرخی نه‌وت به‌رزه زیاده دروست ده‌بێت له بووجه‌ی گشتی، به‌ڵام كاتێك نرخی نه‌وت دا ده‌به‌زێت كورتهێنان دروست ده‌بێت. بۆیه پێویسته سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات هه‌بێت بۆ پاره‌داركردن له كاتی قه‌یران. له وڵاتانی پیشه‌سازی پێشكه‌وتووش ئه‌م سندوقانه هه‌ن چونكه ئه‌وانیش زیاده‌یان هه‌یه له بوودجه‌ی گشتی.
سندوقه‌كانی سه‌روه‌ری و وه‌به‌رهێنان و خانه‌نشینی بۆ ئه‌وه‌یه كاریگه‌ری قه‌یرانه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه و پارێزگاری له داهاتووی نه‌وه‌كانمان بكه‌ن و ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌یان بۆ دابین بكه‌ن. بۆ نموونه سعودیه له پلانی ستراتیجی (2030) دا هه‌یه سندوقێكی سه‌روه‌ری گه‌وره دا بمه‌زرێنێت به سه‌رمایه‌ی دوو تریلۆن دۆلار تاكو یه‌ك تریلۆن دۆلار له ناوه‌خۆی وڵات بخاته وه‌به‌رهێنان و یه‌ك تریلۆن دۆلاریش له‌ده‌ره‌وه، به‌مجۆره ئه‌و وڵاته (30%) داهاتی گشتی له سندوقی سه‌روه‌رییه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت.
ئامانجه‌كانی سندوقه سه‌روه‌رییه‌كان
پارێزگاری له ئابووری نیشتمانی و بوودجه‌ی گشتی له مه‌ترسییه‌كانی قه‌یرانه‌كان به‌تایبه‌تی له كاتی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له وڵاته نه‌وتییه‌كان.
دابینكردنی دادپه‌روه‌ری له ڕێگای دابه‌شكردنی داهات له نێوان نه‌وه‌كان له ڕێگای زیادكردنی پاشه‌كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوو سوودی لێ وه‌ربگرن.
فره‌چه‌شنكردنی داهاتی حكومی.
زیادكردنی یه‌ده‌گی دراوی بیانی.
دابینكردنی پاره بۆ به‌رنامه‌كانی په‌ره‌پێدانی ئابووری و به‌رده‌وامی دان به په‌ره‌پێدان.
ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانجی سیاسی و ئابووری و ستراتیجی.
چاره‌سه‌ركردنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی داهاتی سامانی سروشتی ئه‌وه‌ی ناو ده‌برێت به (نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی).
سندوقی خانه‌نشینی (Pension Fund)
دامه‌زراوه‌یه‌كی داراییه هه‌ڵده‌ستێت به كۆكردنه‌وه‌ی ڕسوماتی خانه‌نشینی ناچاری و ئیخیاری بۆ ئه‌وه‌ی دواتر دابه‌شی بكاته‌وه سه‌ر خانه‌نشینه‌كان به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و سه‌ربه‌رزانه بۆ خانه‌نشینان و چینه لاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه، وڵاتان ڕوو ده‌كه‌نه دامه‌زراندنی سندوقی خانه‌نشینی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ پاره‌داركردن و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی په‌ره‌پێدان له ماوه‌ی درێژ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته ئالیه‌تی دروست و ئامرازی گونجاو ڕه‌چاو بكرێت بۆ وه‌به‌رهێنان و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ندامانی خانه‌نشین و كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی گشتی.
هه‌ندێكجار كاری سندوقی خانه‌نشینی فراوانتر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی كرێكاره پهككهوتووهكانیش بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سندوقی خانه‌نشینی بڕه پاره‌یه‌كی زۆری تێدا كۆده‌بێته‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن له وه‌به‌رهێنان له بواری جیاواز، له زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی تۆماركراو له بۆرسه‌كانی جیهان پشكیان هه‌یه، گه‌وره‌ترین سندوقه‌كانی خانه‌نشینی خاوه‌نی زیاتر له (20) تریلۆن دۆلارن. ئه‌مه‌ش مانای وایه سندوقه‌كانی خانه‌نشینی له پێشه‌نگی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانن له جیهان. سندوقی خانه‌نشینی به پێی ئه‌و یاسایه كار ده‌كات كه بۆی داڕێژراوه، وه به‌پێی پێویست ده‌توانرێت گۆڕانكاری له كاره‌كانی بكات.
سندوقی خانه‌نشینی بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌ندامانی سندوق ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ یه‌كتری دابین بكه‌ن به پاڵپشتی حكومه‌ت، بۆ دڵنیابوون له دابینكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی بۆ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی. پێویسته پاره‌ی سندوقه‌كه بخرێته وه‌به‌رهێنان بۆ زیادكردنی پاره‌كه و پاراستنی.
سیسته‌می خانه‌نشینی له وڵاتانی عه‌ره‌بی
سیسته‌می خانه‌نشینی له وڵاتانی عه‌ره‌بی ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری جیاواز ده‌بنه‌وه، به تایبه‌تی گۆڕانكاری دیموگرافی كه له ئه‌نجامی كه‌مبوونه‌وه‌ی تێكڕای له‌دایكبوون له ناو خێزانه‌كان درووست ده‌بێت. ئه‌و گۆرانكارییه‌ش بۆته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی سندوقی خانه‌نشینی، ئه‌مه‌ش حكومه‌ت ناچار ده‌كات كورتهێنانی سندوق له ڕێگای بوودجه‌ی گشتی پڕ بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر داهاتی سندوقی خانه‌نشینی ته‌نها لێبڕینه‌كانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بێت ئه‌وا هه‌بوونی سندوقه‌كه هیچ مانا و سوودی نابێت، چونكه ئه‌و لێبڕینانه بچنه‌وه ناو داهاتی گشتی و دووباره دابه‌شبكرێته‌وه یان بچێته سندوقی خانه‌نشینی و دابه‌شبكرێته‌وه هیچ جیاوازی نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زیانیشی ده‌بێت به‌هۆی زیاد بوونی هه‌ندێك خه‌رجی كارگێڕی. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته پاره‌كانی بخرێته پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی پاره‌كه، به‌ڵام پێویسته كرداری وه‌به‌رهێنانه‌كه له لایه‌ن كه‌سانی پسپۆر له وه‌به‌رهێنان سه‌رپه‌رشتی بكرێت و ته‌نها له‌و بوارانه بێت كه مه‌ترسی كه‌مبێت و داهاتی مسۆگه‌ری هه‌بێت.
گه‌وره‌ترین سندوقه‌كانی خانه‌نشینی له جیهان
وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان هه‌موویان په‌نایان بردۆته به‌ر سندوقی خانه‌نشینی به مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی مووچه‌ی چینێكی زۆر گرنگی كۆمه‌ڵگا كه چینی خانه‌نشینانن، چونكه ژماره‌یان به‌رده‌وام له به‌رز بوونه‌وه‌یه به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن له ئه‌نجامی به‌ره‌وپێشچوونی باری ته‌ندروستی و نزمبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ڕووداوه‌كان، له‌به‌رامبه‌ریشدا ڕێژه‌ی له‌دایكبوونی منداڵان له‌كه‌مبوونه‌وه‌یه له هه‌موو وڵاتانی پێشكه‌وتوو. سندوقهكهكانی خانشینی چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی زۆریان هه‌یه، به‌ڵام لێره ناتوانین ئاماژه به هه‌موویان بكه‌ین و ته‌نها به‌كورتی باسی دوو له گه‌وره‌ترین سندوقی خانه‌نشینی ده‌كه‌ین له‌جیهان كه هه‌ردوو سندوقی خانه‌نشینی حكومی ژاپۆنی و نهرویژین.
سندوقی مووچه‌ی خانه‌نشینی حكومی ژاپۆنی (GPIF)گه‌وره‌ترین سندوقی خانه‌نشینی یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان به سه‌رمایه‌ی تریلۆنێك و سێ سه‌د ملیار دۆلار. ئه‌م سندوقه به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی له بواری وه‌به‌رهێنان توانیویه‌تی به‌رده‌وام سه‌رمایه‌كه‌ی زیاد بكات. ته‌نها له چواریه‌كی دووه‌می ئه‌مساڵ (118.4) سه‌د و هه‌ژده ملیار و چوارسه‌د ملیۆن دۆلار قازانجی كردووه له ئه‌نجامی بوژانه‌وه‌ی بازاڕی پشكه‌كان له جیهان. ئه‌م سندوقه وه‌به‌رهێنانه‌كانی كردۆته دوو به‌ش به‌جۆرێك (50%)ی وه‌به‌رهێنانی له بازاڕه بیانییه‌كان بێت (25%) بۆ پشكه‌كان و (25%) بۆ قه‌واڵه‌كان. و (50%)ی وه‌به‌رهێنانی له ناوه‌خۆ بێت (25%) بۆ پشكه‌كان و (25%) بۆ قه‌واڵه‌كان. حكومه‌تی ژاپۆنی ده‌یه‌وێت زیاتر په‌ره به سندوقه‌كه بدات و فراوانتری بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستی كردووه به دامه‌زراندنی زیاتری شاره‌زایانی پرۆفیشناڵی وه‌به‌رهێنان، وه ئامانجێتی هێزی سندوقه‌كه بۆ پاڵپشتی و بره‌ودان به كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان به‌كار بهێنێت.
دووه‌م گه‌وره‌ترین سندوقی خانشینی له جیهان سندوقی خانه‌نشینی حكومی یه له نه‌رویژ، له ساڵی 1990 دامه‌زراوه بۆ پاڵپشتی ئابووری ئه‌و وڵاته له دوای نه‌وت، ئێستا سه‌رمایه‌كه‌ی زیاتره له یه‌ك تریلۆن و سه‌د ملیار دۆلار، وه‌به‌رهێنانه‌كانی ئه‌م سندوقه به‌م جۆره دابه‌ش بووه (50%) له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و (50%) له ئه‌وڕوپا، وهبهرهێنانهكانیشی به‌مجۆره‌یه (60%) كڕینی پشكی كۆمپانیاكان و (35%) قه‌رزی جێگیر و (5%) له عه‌قارات. هه‌روه‌ها ئه‌م سندوقه پشكی هه‌یه له كۆمپانیامانی ئه‌پڵ و مایكرۆسۆفت و گوگڵ. ئه‌م سندوقه ئه‌توانێت تا په‌نجا ساڵی تر مانگانه (600) دۆلار بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی نه‌رویژ (نه‌وه‌ك ته‌نها خانه‌نشینان) دابین بكات به‌بێ هه‌بوونی هیچ داهاتێكی تری حكومی!
له هه‌رێمی كوردستان له‌دوای یاسای چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا سندوقی خانه‌نشینی سێیه‌م هه‌نگاوه له‌سه‌ر ڕێگای ڕاست. له‌ڕێگای سندوقی خانه‌نشینی و به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی وڵاتان ده‌توانین هیوا بگێڕینه‌وه، قۆناغی سێیه‌می ژیان كه ته‌مه‌نی خانه‌نشینی یه بكه‌ینه‌وه دووباره له‌دایك بوونه‌وه به دابینكردنی ئاستێكی بژێوی شایسته و دابینكردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ خانه‌نشینان. با سندوقی خانه‌نشینی بكه‌ینه هۆی سه‌قامگیری ده‌روونی خانه‌نشینان و په‌ككه‌وتووان و چینه لاوازه‌كان كۆمه‌ڵگه، با دووریان خه‌ینه‌وه له نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ی بژێوی ژیان و ته‌ندروستی باش. هه‌رچه‌نده كاره‌كه ئاسان نییه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كاتی هه‌بوونی قه‌یران ده‌ستمان كردووه به‌دامه‌زراندنی سندوقی خانه‌نشینی، به‌ڵام بڕینی ڕێگای هه‌زار كیلۆ مه‌تریش به هه‌نگاوێك ده‌ست پێ ده‌كات، با به‌سه‌رخستنی ئه‌م سندوقه چه‌تری مووچه‌ی خانه‌نشینی فراوان بكه‌ین، با ڕوو به ڕووی هه‌ژاری و ئازاره‌كانی به‌ساڵاچووان ببینه‌وه. با خانه‌نشینی بكه‌ینه‌وه سه‌ره‌تای ژیان، با ئه‌وانیش بۆیان هه‌بێت خه‌ون ببین! ئه‌مڕۆ ئه‌وان له‌ژێر چڕنووكی هه‌ژارین، سبه‌ی ئێمه‌ین، با تۆڵه له هه‌ژاری بكه‌ینه‌وه!