کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران
2018-05-09 08:19:23
د. سەردار عەزیز
یەکەم، ئەم رێککەوتنە لە سەر بنەمای ئەو دیدەوە هاتبوو کە ئەگەر باش بێت لە گەڵ ئێراندا ئەوا ئێرانیش باش دەبێت. ئەم دیدە زیاتر دیدێکی هەناو دیپلۆماسی ئەوروپیە، بەڵام ئۆباما زۆر نزیک بوو لە دیدی لیبرالی ئەوروپیەوە بۆ دیپلۆماسی، بۆیە هەوڵی بۆ ئەوە بوو کە چۆن لە رێگەی نەرم و چاکەوە ڕەفتاری ئێران بگۆڕێت.
دوو، کێشەی ئۆباما ئەوەبوو کە ڕۆشنبیربوو. وەک ڕۆشنبیرێک زۆر ڕەهەندی ئاڵۆزییەکانی دەبینی و لە ئەنجامدا فشار و شەڕ و هێزی وەک بژاردەیەکی گونجاو نەدەبینی بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵێک کێشەی ڕەگدار و ئاڵۆز. لە هەمانکاتدا زۆر لە ژێر کاریگەری کەلتور و مێژووی ئێراندا بوو، بۆیە وەهای دەبینی کە لە داهاتوودا ئەمریکا و ئێران دەتوانن ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، بە شێوەیەکی باشتر، لە دۆستە عەرەبەکانی ئەمریکا.
سێ، ترەمپ تەنها نیە، بەشێکە لە ئەو قوتابخانەیەی کە بڕوای وەهایە کە فشار و هێز ڕەفتاری نەیارەکان دەگۆڕێت نەک چاکە و نەرمی. ئەمە بە تایبەتی لە ئێستادا ترەمپ بڕوای وەهایە کە مامەڵەی ڕەقی ئەو لە گەڵ کیمی کۆریای باکور بوە هۆکاری گۆڕینی ڕەفتاری ئەو. لە ڕاستیدا ڕازی بوونی چین بە دانانی ئابلۆقە لە سەر کۆریای باکۆر هۆکاری سەرەکی گۆڕینی ڕەفتاری کیم بوو.
چوار، بەرەی عەرب ئیسرائیل زۆر لە ئۆباما ناڕازی بوون و وەهایان بیردەکردەوە زاڵبونی ئێران دەرئەنجامی ڕەفتارەکانی ئەمریکایە، بۆیە دژ بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بوون. دیارە پاش رێککەوتنەکە ئێران زیاتر باڵادەستبوە لە ناوچەکەدا، ئەوان هەموو ئەم باڵادەستیە لە دەرئەنجامی ریککەوتنەکەوە دەبینن.
پێنج، وەک دەزانن، کە ڕێککەوتنەکە پرسی چەکی ئەتۆمی جوادکردبوەوە لە پرسەکانی تری وەک هەژەمۆنیەت لە ناوچەکە، چەکی تەقلیدی، پرسە نەرمەکانی تری وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ. ئێستا ئەمریکا و دۆستە عەرەب و جولەکەکانی دەیانەوێت ئەم پرسانە بهێننەوە ناو رێککەوتنێکی ترەوە. ئێران دەبێت رۆکێتی بالسیتی نەبێت و واز لە هاوکاری هێزە دۆستەکانی بهێنێت لە ناوچەکە و خۆی قەتیس بکات بە ناو سنوری خۆیەوە. ئەمە بۆ ئێران سەختە چونکە ئێران بڕوای وەهایە کە ئەگەر لە دەرەوە شەڕ نەکات ئەوا لە ناوەوە شەڕی پێدەگێڕن.
شەش، ترەمپ لە کشانەوەی یەکێک لە بنەماکانی تری سەردەمی ئۆبامای هەڵوەشانەوە، ئەویش ئەمریکا بە هاوکاری لە گەڵ ئەوانیتردا ئیدارەی دونیا دەکات. کشانەوە ئەمریکا دەخاتە ژێرفشار دۆستەکانیەوە، وەک لە سەفەری سیاسیە ئەوروپاییەکاندا بینیمان بۆ ئەمریکا. بەڵام ترەمپ دەیەوێت ئەمریکا وەها پێشان بدات کە ناکەوێتە ژێر فشاری کەسەوە. تەنها کاتێک هاوپەیمانی دەکات کە ئەوانیتر لە گەڵیدا هاوڕابن، نەک ئەمریکا لە بچێتە سەر ڕای ئەوانیتر. ئەروپاییەکان لە بەردەم دوو بژاردەدان: یەکەم، دەرکردنی یاسای نوێ کە ڕێگە بە کۆمپانیا ئەوروپیەکان بدات سەرباری ئابلۆقەی ئەمریکی کار لە گەڵ ئێراندا بکەن، بە دڵنیایەوە ئێران هەوڵی ئەمە ئەدات لە گەڵ ئەوروپیەکاندا، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە ئەوروپیەکان هەوڵی ئەوەبدەن کە ئەمریکا ڕازی بکەن کە بە کردار بڕیارەکانی جێبەجێ نەکات. دیارە ئەوروپاییەکان پەیوەندی خۆیان لە گەڵ ئەمریکادا تێک نادەن بۆ ئێران.
حەوت، ترەمپ کشانەوەکەی پێشخست لە بەر کۆریای باکور. لە کاتی قسەکردنی ترەمپدا پۆمپیو لە ئاسماندابوو بۆ سەردانی کۆریای باکور، پێش گەیشتنی پەیامەکە گەیەنرابوو. هەرچەندە یەکێک لە ڕەخنەکان لە ترەمپ دەگیرا ئەوەبوو ئەگەر ئەمریکا لە رێککەوتنی ئێرانی دەکشێتەوە ئەوا چۆن کوریای باکور باوەڕی پێبکات کە لەگەڵیدا رێکبکەوێت، بەڵام بڕیاری کشانەوەکەو گەیشتنی پۆمپیو ئەو ڕەخنەیەی پوچکردەوە.
هەشت، ئێران وەها هەوڵ ئەدات کە دەیەوێت بەرگری بکات. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش زەریف لە یوتویب لێداوانێکی بڵاوکردەوە تێکەڵەیەک بوو لە هەڕەشە و پاڕانەوە. بەڵام ئێران بژاردەی کەمە، چونکە نایەوێت پاڵپستی ئەوروپی لە دەست بدات، هەتا پەرچەکردار مامەڵە بکات ئابوریەکی زیاتر دادەتەپێ، ڕەنگە دڵیشی بەئەوە خۆش بێت کە ئەمریکا بە ئاسانی ناتوانێت رێگری بکات لە کڕیارانی نەوتی ئێران واز لە کڕینی نەوتی ئێران بهێنن.
نۆ، ئەمە سەرەتای شەڕێکی ساردە، کە ئابلۆقە و رێگری و فشار و میتۆدی تر دژ بە ئێران بەکاردێت. ئایا ئێران لە بەرامبەردا چیدەکات؟ ئابلۆقەکانی بە گشتی پایزی ئەمساڵ جارێکی تر دەسەپێنرێنەوە.
دە، ترەمپ گەرچی ئەم ململانێیەی دەست پێکرد بەڵام نایەوێت پارە و سەربازی ئەمریکی تیادا بەکاربهێنێت. ئایا پارەی کەنداو و سەربازی میسری و چەک و تەکنەلۆجیای ئەمریکی دەتوانن ئەم ململانێیە بەڕێوەبەرن؟