ئەزموونی باشور بەرەو کوێ؟!
2020-08-14 14:30:05
بەهرە حەمەڕەش
هەبوونی گەندەڵی و نادادی کێشەی هەرە دزێوەکەی کوردە، بەڵام لەوە دزێوتر هەبوونی ناکۆکی و دووبەرەکی/ تەنازول بۆ دوژمن و سینگ دەرپەڕاندنە بەرامبەر یەکتر. ئەو حزب و سەرکردە کوردانەی، کە بە شورەیی دەزانن دەستی برایەتی بۆ یەکتر درێژ بکەن، بەسەر دەستی دوژمندا دەچەمێنەوە. ئەوە بەو مانایە وەسف ناکەم، کە پێموابێ نابێ دبلۆماسی بن و شەڕ لە گەڵ دەروبەر بکەن، بەڵکو بەو مانایەی، ئەو تەنازولەی بۆ خەڵک دەیکەن بۆ یەکتر بیکەن بەشێکی گەورەی کێشەکان چارەسەردەبێت.
هیچ میللەتێک نییە لەم جیهانە خاوەنی سەدساڵ خەبات و قوربانیدان بێت، جینۆساید کرابێت و نەبووبێتە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ. هەروەها هیچ میللەتێک نییە، دوا ئەنفال و کیمیابارانکردنی داوای هاتنەوەی جەلادەکەی بکات!
ئێمە لە ناوچەیەکین، کە مرۆڤ دۆستی و یاسا تێیدا سەروەر نییە، کانگای گروپی توندڕەوی تیرۆرستی و حوکمڕانی مەزهەبی، نا تەبایە بە هەموو شتێک. داگیرکارانمان، وێڕای دەسەڵاتی حوکمڕانیان بەشێک لە خەڵکەکەشیان باوەڕیان بە چەوساندنەوە و شۆڤێنیەت هەیە. باسی مافی مرۆڤ دەکەن و منداڵی کورد لە زینداندا رادەگرن، لاوی کورد لە سێدارە دەدەن. لە خراپترین دۆخی خۆیاندا، ناسنامە نادەنە هاوڵاتییە کوردەکانیان.
عیراق تا ئێستا بەو عەقڵیەتە حوکم دەکات، کە کوردی ئەنفال و کیمیاباران کرد. لە ریزبەندی وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی دنیایە. تا دوێنێ لە بەغدا لە سەر ناوی عەلی و عومەر گەنج دەکوژران. هەروەها کچی منداڵ بەشودەدرێت و توندوتیژی دژی تۆقێنەر بەرامبەر مرۆڤ دەکرێت، بەڵام بەشێک لە کوردی باشور بەهۆی ناکۆکی حزبییەوە، گروپ دروست دەکەن، داوای نەمانی قەوارەی کوردی و هاتنەوەی جێگرەوەی بابە سەدام دەکەن. لە جیاتی ئەوەی گروپی فشار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، ناکۆکی سیاسی و نادادی دروستبکەن. حکومەت و حزبەکان، ناچار بە ئەنجامدانی چاکسازی بکەن بۆ ئەم مەبەستەش جۆرەها رێگای مەدەنی و ئارام هەیە، کە ئەگەر ئەجێندای حزبی و پۆپۆلیستی تێکەڵ نەکرێت، ئەنجامی دەبێت.
هەمیشە هەوڵ و تێکۆشانی بونەوەر، بۆ ئەوە بووە، کە چۆن بتوانێ رێگا و شوێنی خۆی بۆ دۆزینەوەی دوارۆژ باشتر ببینێ، ئەمە بەشێکە لە فەرهەنگی ژیان، کە مرۆڤ لە رێگەی دەرونی و ماتریالی، خەبات بۆ خۆشگوزەرانی دەکات. ماندوو دەبێت تا بتوانێ بحەسێتەوە و بگاتە ژیانێکی شایستە، نەک خۆی بە شایانی ژێردەستەیی و چەوساندنەوە بزانێ.
ئەو خەونە بەردەستەی، کە ئێستا جێگای هیوای ٤٠ ملیۆن کوردە، ئەزمونی کوردستانی باشورە، ئەم ئەزمونەش وێڕای گەندەڵی لە ژێر فشار و دەستوەردانی دەوڵاتانی دەروبەر و زلهێزەکان. ئەمڕۆ بەهۆی هەبوونی پەترۆڵ و سبەی بەهۆی هەبوونی ئاو. هەروەها هەبوونی مرۆڤ بۆ بابەتی مارکێتینگ، بەداخەوە کورد بووەتە بەشێک لە ئەزمون و گەمەی سیاسی ئەم دەوڵەتانە. مێژووی ئێمە سەلماندویەتی، کە ئەوان درێخیان بەرامبەر زوڵم و چەوساندنەوەی کورد نەکردووە، بەڵام لایەنێکی تری کێشەکە ئەوەیە، کە دەبێ خەڵکی هۆشمەند و وڵاتپارێز، زۆر بەجددی کار و دیالۆگی لە سەر بکات، ئەوەیە کە بۆچی ئێمە لە باشور، کە هەم پەترۆڵ و هەم داهاتی خاڵە گومرگییەکان هەیە، زەوی و زارێکی بە بەرەکەتمان هەیە، دەرفەتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، هەروەها هێزی کار و سەرمایەی مرۆیی هەیە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کە بۆچی ئێمە گەیشتینە ئەم ئاستە؟!
دەمەوێ قسە لە سەر ئەم بابەتە بکەم، تا لە جیاتی کاولکردن، خەڵکی پسپۆڕ و زانا لەم بوارەدا، ئاوڕێکی جددیتر لە سەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم رەوشی نا لەبارە، کە بەرۆکی کوردستانی باشوری گرتووە، بداتەوە لە جیاتی تێکدان خەریکی بنیاتنان بن، چونکە لە ئێستادا هەمووی خەریکی تێکدانە.
راستە ئەمڕۆ پەتای کۆرۆنا هەیە، کە کۆرۆنا پەتایەکی جیهانییە، بەڵام نەبونی موچە و کەم دەرامەتی تایبەتە بە ئێمە وەکو خەڵکی باشور، کە دەبێت لایەنە بەرپرسەکان ئەوانەی، کە حوکمڕانی باشور دەکەن، پێداچوونەوە بکەن، کە بزانن ئایا گرفتی ئێمە لە کوێیە؟ داهات یان خەرجی؟ نەبوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، یان مۆدێلی پۆپۆلیستی و ئەنجامدانی جۆرەها هەڵەی ستراتیژی لەم پێناوە؟