هەرێم بێدەنگ بێت چاکترە
2020-08-12 09:25:18
هیوا سەید سەلیم
تا دێت ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان ئاشکراتر دەبێت، لە دوایین ئۆپڕاسیۆنی سوپای تورکیا بە ئاشکرا باس لە پلانی ستراتیژی تورکیا بۆ فراوانکردنی سنووری وڵاتەکەی لەسەر حسابی خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەی حەفتانین بنکە و قەرقۆڵی سەربازی تازە لەو شوێنانە دادەمەزرێن کە دەستی سوپای تورکیای پێدەگات.
ئۆپراسیۆنەکەی ئەمجارەی سوپای تورکیا بەدەرە لە چوارچێوەی رێکەوتنی سنوورداری نێوان تورکیا – عێراق، کە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لە نێوان هەردوو لا واژۆکراوە، بگرە لە زاخۆوە تا برادۆست و قەندیل و شارباژێر لە سلێمانی کراونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، لەو بۆردومانانەشدا سوپای تورکیا دەست لە ئامانجی سڤیل ناپارێزێت، ژن و منداڵ بە ئامانج دەگرێت، رووداوەکەی کونەماسێ بە نموونە.
لەبەرامبەر سیاسەتی داگیرکاری و دووژمنکارانەی دەوڵەتی تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستێکی تەوفیقی وەرگرتووە، بۆیە زۆر جار لە پەنای ئیدانەکردنی بوونی هێزەکانی pkk هەڵویستەکانی حکومەت و لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان والێکدەدرێتەوە کە ڕەوایەتی دەداتە هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا.
راستە لە هەرێمی کوردستان دەوڵەتی تورکیا pkk دەکاتە بیانوو، بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای تورکیا و سیاسەتەکانی ئەو ولاتە بکەین ئەوا تێدەگەین تورکیا نەک تەنیا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بگرە لە تەواوی جیهان سیاسەتی فراوانخوازی پەیڕەو دەکات، بەشێوەیەک کە دەیەوێت ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوو لە دوای دۆڕانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دواتریش لە چوارچیوەی ڕێکەوتنامەی لۆزان لەدەستی داوە ئێستا بۆخۆی بیگێڕێتەوە.
تورکیا لەیەک کاتدا لە لیبیا تا دەریایی ناوەڕاست و ئەرمینیا و سوریا و ناوجەکە پەیرەو لەو سیاسەتە فراوانخوازیە دەکات.
بۆیە دەەپرسین ئایا لە لیبیا هێزی pkk بوونی هەیە کە تورکیا هێزی بۆناردووە و کێشە لەو وڵاتە درووست دەکات؟ ئایا لە نێوانی ئەرمینیا و ئازرباینجان هیچ بنکە و بارەگایەکی pkk بوونی هەیە؟ یان لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست پاپۆڕی سەربازی pkk هەیە کە تورکیا پەلاماری ئەو ناوچەی داوە؟!
ئەوە هەر باسی رۆژئاوایی کوردستان ناکەین چونکە تورکیا دەمێکە ڕایگەیاندووە لەهەر سوجێکی دونیا کورد ببێتە خاوەن دەستکەوت ئەوا ئەوان دژی دەوەستنەوە.
لیرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە تورکیا لە باشوور و رۆژئاوایی کوردستان کێشەی لەگەڵ کورد هەیە، و بۆیە چاوی بڕیوەتە خاکەکەی، بۆیە دەبینین بە ئاگر و ئاسن شەڕی کورد دەکات، لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەش ئەگەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و حکومەت و تەنانەت پەرلەمانیش ناتوانن هەڵوێستی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورکیا ئیدانە بکەن با بێ دەنگ بن چاکترە .
رووداوی شەهیدکردنی دوو فەرەماندەی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سیدەکان و هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو رووداوە، ئەوەمان پێدەڵێت کە هەرێمی کوردستان تەنانەت لەبەرامبەر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەفسەرکانیشی هەڵوێستێکی شەرمنانەی دەربڕیوە.
دواجار دەڵێین ئەگەر ئەو شەڕەتان پیناکرێت، لێگەڕێن با بەغدا شەڕە سیاسی و دبلۆماسیەکەتان بۆ بکات، هەڵوێستی ئێستای بەغدا لە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر، و ئیدانەکردنی شەهیدکردنی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و حکومەت، هەڵوێستێکی جیگای تەقدیرە دەبێت کورد لە بەغدا پشتیوانی لەو هەڵوێستە بکات، بە تایبەت کە پۆستی هەستیاری سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە لای کوردە.