بەڕێوەبردن و دەوڵەت، عەقڵی دەوڵەتداری پێویستە، نێچیرڤان بارزانی وەکو عەقڵی دەوڵەتداری

2020-07-30 17:44:46

بەهرە حەمەڕەش
بەدرێژایی مێژوو کورد، لە پێناو مافە مرۆیی و سیاسییەکانی خەباتی کردووە. لەم پێناوەدا چەندین جار روو بەرووی جینۆساید بووەتەوە، بەڵام هەمیشە کەلێنێکی گەورە لە تێگەیشتنی هزری بۆ چەوساندنەوە و سەربەخۆیی هەبووە. بە ئاگا یان بێئاگا، لە مێژوودا و تا ئەمڕۆ دووبارەبووەتەوە.
بە ئاوڕدانەوەیە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی دەبینی، هەمیشە یەکتر قبوڵنەکردن و دژایەتی یەکتر تا ئاستی سڕینەوە ئامادەیی هەبوویە/ هەیە. زۆرێک لە رۆژهەڵاتناسانیش، ئەو مێژووە دەگێڕنەوە، کە "کوردەکان ئامادەبوون تەنازول بۆ دوژمن بکەن، بەڵام بەرامبەر یەکتر کەلە رەق بوون"! 
ئەگەرچی زانینی هۆکاری ورد و ئامادەیی رق لە ناو کورددا، وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو و چەوسێنراوە، پێویستی بە لێکۆڵێنەوە و توێژینەوەی زانستییە، بەڵام دەکرێت هەندێ خاڵ وەکو رەهەندی سەرەکی باس بکەین، کە بە خوێنی کورددا هاتووچۆ دەکەن.
سەرکردە بە کەسێک دەگوترێ، کە درک بە واقیع و دۆخی کۆمەڵگەکەی بکات و ئامادەبێ لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا قوربانی بدات و تەنازول بکات. ئەو بۆ خەڵکەکەی بژیت و بۆ ئەوان رێککەوتن بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە. کەلەرەقی خەسڵەتی سەرکردەنییە، چونکە ئەو بەرپرسیارێتی لەوە سەختترە کە دنیابینی تەسک بێت.
ماوەی چەند مانگێکە پارتی و یەکێتی هەوڵی دانیشتن و کۆبوونەوە دەدەن، چەندجارێکیش ئەم کۆبوونەوەیە دواخراوە، لە کاتێکدا ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لە گەرمەی قەیرانەکاندان، کە کۆرۆنا کێشەی ئابووری سەرچاوەکەیەتین. لە کاتێكدا سەرکردە و شارەزایانی جیهان، هەموو هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە بە کەمترین زیان خستۆتەگەڕ، حزب و خەڵكی ئێمەش وزەیان لە شتی لاوەکی و زیانمەنددا خەرج دەکەن.
ئەگەر ئێمە گلەیی لە حزبەکان بکەین، ئەی شەڕە پەڕۆی خەڵک چی؟ بەداخەوە ئێمە لە سەر نەبوونی ئەم تایبەتماندی سەرکردەی واقعی تا ئێستا باج دەدەین.
لەناو کورددا سەرکردەی لە خۆبووردوو و نەرمکێش هەن، بەڵام بەداخەوە نەبووەتە دیاردە، بەڵکو لە حاڵەت تێنەپەڕێوە. هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا، کە بە رۆڵی مێژوویی خۆی هەڵدەستێت نموونەی ئەم جۆرە عەقڵەیە، کە دەتوانرێت بە عەقڵی دەوڵەتداری پێناسەی بکرێت. سەرۆکایەتی هەرێم، وەکو چەترێکە و دەربڕین و دڵنیایی هەموو حزب و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە دەرئەنجام دەبێتە دڵنیایی بۆ حزبەکان و خەڵك. ئەم رۆڵە مێژووییەی ئێستا کاک نێچیرڤان بارزانی دەیبینێت، لە میێژووی کورددا نمونەی کەمە، بۆیە دەبێت کەسانی وەکو ئەو نەک هەر رێگرییان لێبکرێت، بەڵکو ببنە جیی شانازی و هەموان هاوکاری بن بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان. راستە ئەو، وەکو گەنجێک ئەم توانا و هەوڵانەی هەیە، بەڵام رێگاکەی دژوارە و زۆرترین کۆسپی بۆ دروست دەکرێت، ئاشکراشە کە هەمیشە تێکدان لە بنیاتنان ئاسانترە.
ئەو رۆڵەی کە ئێستا سەرۆکی هەرێم دەیبینێت، بە دڵنیایی بە پێی ئەزمون و شارەزایی ئەوە، دەزانێت کە رەوش و ئاستی کۆمەڵگەی ئێمە تا کوێیە، هەروەها درک بە مەترسی و کۆسپە دەرەکی و ناوخۆییەکان دەکات، ئەو دەزانێت عەقڵی دەوڵەتداری لە عەقڵی کۆمەڵگەیەک، کە پاشخانێکی دیوەخانی و عەشیرەتی هەیە سەختە. ئەو دەزانێت، کە کەلەرەقی کوردی نەگەیاندۆتە هیچ کوێ، بەڵکو لە بازنەیەکدا دەیخولێنێتەوە، بۆیە هەنگاوەکانی بەرەو ئاراستەیەکە، کە دەکرێ هەموو حزبەکان متمانەی پێبکەن، چونکە ئەمە قۆناغێکە و دەبێت کورد بیبڕێت.
لە مێژوودا هەموو ئەو میللەتانەی، کە گرنگی و گوێیان بە عەقڵ، عەقڵانیەت و دیالۆگ نەدابێ، باجی گەورەیان داوە. کوردیش ئەمڕۆ یان سبەی هەردەبێ بگەرێتەوە بۆ عەقڵی دەوڵەتداری و یەکتر قبوڵکردن. کورد لە مێژوودا زۆر هەوڵی رزگارکردنی خاکی داوە، بەڵام هەوڵی رزگارکردنی عەقڵی نەداوە. نە لە کاتی شۆڕش و نە لە دوای شۆڕش بە داخەوە زەمینەسازی و کلتوری دەوڵەتداری دروستنەکراوە. ئێمە هەموومان ئەو لاوازییە دەبینین، کە ئەمڕۆ باجەکەی دەدەین، لەوانەیە لە هەندێ بواردا ریفۆرم هەبێت بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی شۆڕش، وەکو نمونەی یاسای ریفۆرمی جوتیاری، کە لە عێراق ساڵی ١٩٧٠ دەرچوو، بەڵام ئەم یاسایە دەربازی شۆڕشی جوتیاران نەبوو. 
دەبێ بزانین، کە دەرمانی کورد تەبایی و یەکتر قبوڵکردنە، بەپێچەوانەوەش، ئەوەی هەشمانە لە دەستی دەدەین و دەبێ بگەڕێینەوە سەردەمێک، کە قسەکردن بە زمانی کوردی سزای بەدواوە بوو.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand