Draw Media

ئایاسۆفیاو ئایائاشتی

ئایاسۆفیاو ئایائاشتی

2020-07-28 11:29:05


پەیكار عوسمان

 

ئەوەی کە لەگەڵ ئینسانیەتی ئینسان و خوایەتی خوایا دێتەوە، ئەوەیە کە شتەکان لەتەنیشت یەکابن و یەکتر تەواوبکەن، نەك لەسەر یەك دانرێن و یەکتر بسڕنەوە. مزگەوت و کەنیسەو مۆزەخانەش، ئەبێ ئاسۆیی هاوشانبن، نابێ ستوونیی سواریەك بکرێن. ئەوەی کە لەسەر یەکیان دائەنێ و سواریەکیان ئەکات، نە هۆشیاریی مرۆڤ و ئینسانیەتە، نە ویستی خواو دینە. ئەوە سەقافەتی جەنگەڵ و هاوکێشەی بەهێزو لاوازو حەزی دەسەڵاتدارێتی و جەهلی مێگەلە.

کەنیسە نابێ بکرێ بە مزگەوت، مزگەوتیش نابێ بکرێ بە کەنیسە، هەردوکیشیان نابێ بکرێن بە مەتحەف. ئەوەی کە کەنیسە ئەکات بە مزگەوت، لە ئیسلام تێنەگەیشتووە. ئەوەشی کە مزگەوت ئەکا بە کەنیسە، لە مەسیحیەت تێنەگیشتووە. ئەوەشی کە پەرستگا ئەکات بە مەتحەف، دیندارەکە چەنێك لە دین تێگەیشتووە، ئەمیش هەرئەونە لە علمانیەت حاڵیبووە!

ئیسلام ئەڵێ مزگەوت ئەبێ لەسەر تەقوا دامەزرێ. تەقواش خۆپاراستنە لە شەڕو ستەمکاری و پێشێلکردنی مافی ئەویتر. سەیرکە پێغەمبەر کە چووە مەدینە، مزگەوتی لە جێگای پەرستگای یەهودییەکان دانەنا، لەولاترەوە دروستی کرد. دەی ئەوە ئیمپراتۆرو تاغوت و ستەمکارەکانن کە پەرستگایەك لەسەر پەرستاگایەکی تر دائەنێن، نەك پێغەمبەرو مرۆڤە چاك و هۆشیارەکان. پرسیارەکەش ئەوەیە، تۆ لەسەر دینی پەیامبەریت، یان لەسەر دینی سوڵتان؟

مەسیحیەتیش لە کورتترین پێناسەدا یەعنی ئاشتی. دەی ئاشتیش ئەوەیە کە مافی ئەویتر لەسەر چاوە نەك لەژێر پێ. ئا لێرەوە، حروبی سەلیبی و کوشتوبڕو کردنی مزگەوتەکان بە کەنیسە.. ئەمانە لە ڕۆحی ڕەشی داگیرکەرەوە هاتوون، نەك لەڕۆحی سپی مەسیحێکی ڕزگارکەرەوە.

علمانیەتیش ئازادی باوەڕە نەك زەوتکردنی باوەڕی دینی. کۆتاییهێنانە بەداگیرکاریی کایەی دین بۆ سەر کایەکانی تر، نەك هێرشی پێچەوانەو داگیرکردن و سرێنەوەی خودی کایەی دین، کە ئەک دووانە هەر یەك شتە. بردنەوەی دینە بۆ ناو پەرستگاو بۆ ناو ئازادی ئینسان، نەك پێشێلی ئازادی ئینسان و کردنی پەرستگاکەی بە مەتحەف و هۆڵی شانۆ!

ئەوەی کە مزگەوت ئەکا بە کەنیسەو ئەوەی کە کەنیسە ئەکا بە مزگەوت و ئەوەی کە پەرستگا ئەکا بە مەتحەف، هەرسێکی یەك عەقڵە. عەقڵێك کە لەسەر بنەمای (هێزو زاڵێتی) بنیاتنراوە. ئەمەش عەقڵێکی چەپەڵەو هەر ستەم و فەسادو سەردەست و بندەست بەرهەمئەهێنێ. ئێمەش ئەبێ هەموو فۆڕمە دینی و نادینی و ڕاست و چەپەکانی ئەم عەقڵە نزمە تێپەڕێنین، بۆئەوەی هەڵکشێن بۆ عەقڵی باڵای پێکەوەژیان. خواش لە دۆخی کەماڵدایەو پێویستی بە هیچ نیە بۆ خۆی. ئەگەر شتێکی بوێت بۆ ئێمەی ئەوێ و ئەو شتەش هەر ئەوەیە کە واز لە عەقڵی جەنگەڵیی هێزو عەزەڵات و زاڵێتی بهێنین و سەرکەوین بۆ عەقڵی باڵای یەکترقبوڵکردن و ماف و یەکسانی و پێکەوەژیان.

دین و علمانیەت و خواو ئینسانیەت و عەقڵ و ئەخلاق، لە جەوهەردا، هەمووی هەر ئەوەی لێمان ئەوێ، کە ئاسۆیی دەس بخەینە ناو دەسی یەك. بەڵام لە توێکڵداو لە ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی و حەزی سوڵتەو غەریزەی زاڵێتیدا، شتەکە هەر شەڕو ڕق و داگیرکارییەو هەر ئەوەی لێمان ئەوێ، کە ستوونیی پێ بنێین بە سەری یەکتردا.

ئەساسی مولك عەدلە، نەك خیلافەت و ئیمپراتۆریەت و هەر جۆرێکی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازیی. تۆ بە هێزو زاڵێتی و داگیرکردنی دنیا، ناگەیت بە عەدالەت، ئەگەیت بە فۆڕمە ئیسلامییەکەی ستەمکاریی. چونکە "داگیرکاریی" ستەمکارییەو عەدالەتیش لەسەر ستەمکاری دانامەزرێ!
عەقڵی زاڵێتی هەر زاڵم و مەزڵوم بەرهەمئەهێنێ. دەی ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین، کە زاڵم و مەزڵوم بین. ئێمە تەنیا بۆئەوە هەین کە ئینسان بین. تەنیا لە هۆشیاریشدا ئەتوانین ئینسابین و دۆخی کەڵبەو هێزو زاڵێتی تێپەڕێنین.

تۆ موسوڵمانێکی هۆشیاربە ئینسانیت. تۆ مەسیحییەکەی هۆشیاربە ئینسانیت. تۆ علمانییەکی هۆشیاربە ئینسانیت. کە تۆ هۆشیاربوویت بەوەی کە خۆت ئینسانیت، ئیتر هۆشیاریت بەوەی کە ئەویش ئینسانەو پێکەوەژیانی لەگەڵا ئەکەیت.
بەپێچەوانەوە کە تۆ خۆتت وەکو ئینسان نەناسی، ئیتر ناتوانی ئەویش وەکو ئینسان بناسیت. ئاخر "ئینسان" شتێکە تەنیا لەناو خۆتدا ئەناسرێ و تەنیا عەقڵی خۆت ئەتوانێ پێتی بناسێنێ. ئایدۆلۆژیا ناتوانێ ئەوەت بۆ بکات. کە عەقڵت فڕێداو خۆتدایە دەست ئایدۆلۆژیا، ئیتر لەسەر هەر ئایدۆلۆژیایەك بیت، هەر هەمان ماهییەتیت. ئیتر تۆ یەك هەستت هەیە بەرامبەر ئەویتر، تەنیا ڕق. ئیتر تۆ یەك حەزت هەیە، تەنیا حەزی سەرکەوتن بەسەر ئەویتردا. ئیتر ئێوە یەك شت هەیە کە لەگەڵ یەکا بیکەن، تەنیا شەڕ!

ئینجا بینا گەورەو عەجایەبەکانی وەکو ئەهرامەکان و کەنسیەو مزگەوت و پەرستگاکان، کە بۆمان ماوەتەوە، لەڕاستیدا ئەونەی کە ڕەمزی ستەمکارین، ئەونە شتێکی حەزاری نین! ئەمانە خواستی ستەمکارو تاغوتەکانی مێژووەو بە ڕەنج و خوێنی ستەملێکراوان دروستکراون. تەنیا بۆ پیشاندانی هێزو دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێك، نەکئەوەی لە خواستێکی ئیلاهی یان ئینسانییەوە هاتبێ! ئاخر پێغەمبەر مزگەوتەکەی خۆی بە پەلکە خورما دروستکرد، نەك بە پایەی گەورەو زێڕو زەخرەفەو چەوسانەوەی خەڵکەکە! ئەمە نەك هەر لە دنیای کۆندا، بەڵکو لە دنیای مۆدێرنیشدا هەروایەو بینا زەبەلاحەکانی ناو شارەکان، تەنیا لە ڕووکەشدا نیشانەی ئاوەدانی و پێشکەوتنن، لە ناوەڕۆکدا هەر نیشانەی ستەمکاری و ناعەدالەتین. مەسەلەن هەر دوو کیلۆمەتر ئەولاتری بینا بەرزەکانی هەولێرو سلێمانی، خەڵکێکت هەیە کە نان نیە بیخوا!

هەموو ئایدۆلۆژیایەك مژدەی بەهەشتێك ئەهێنێ و دۆزەخێك ئەخولقێنێ. لەڕاستیدا "حەزارەتی مرۆیی" ئینسان، حەزارەتی عەقڵە نەك ئایدۆلۆژیا. ئەوەنیە ئەم ئایدۆلۆژیا سەرکەوێ بەسەر ئەو ئایدۆلۆژیادا، ئەوەیە کە عەقڵ سەرکەوێ بەسەر ئایدۆلۆیادا.
ئەم ئایدۆلۆژیا سەرکەوێ و ئەم دین سەرکەوێ و ئەو دەوڵەت سەرکەوێ.. تا ئێرا هەمان تاسوحەمامەو هەرکەس بیباتەوە، هێشتا هەر "حەزارەتی ئاژەڵیی" مرۆڤەو هەموومان تیایدا دۆڕاوین. تا ئێرا شتەکە وەکو ناو غەسالە وایەو غەسالە بەهەرلایەکا بسوڕێ، هەر هەمان یارییەو هەر هەمان کارئەکات. کەچی ئایدۆلۆژیست وائەزانێ ئەگەر بەلای ئەودا بسوڕێ، شتێکی موهیم ڕووئەداو تەنیا لەو کاتەدا جلەکان پاكئەبنەوە! لەڕاستیدا فەزیلەت ئەوەنیە لە کوێ ی ناو غەسالەکەدابیت، چونکە کە دەسی کرد بە خولانەوە، هەموو شوێنێکی وەکو یەکە. فەزیلەت ئەوەیە کە یەکجار لە یارییەکەو لە غەسالەکە بێیتە دەرەوە.

"حەزارەتی مرۆیی" مرۆڤ، لەوێوە دەستپێئەکات کە هەموومان ئەو شەڕی زالێتییە کۆتایی پێبێنین و هەموومان لەناو خۆماندا عەقڵ سەرخەین بەسەر ئایدۆلۆژیادا، بۆئەوەی شەڕەکانی دەرەوە کۆتایی پێبێ و بکەوینە ناو ئاشتی تەواو. (ادخل فی السلم کافە). ئاخر تا لە ئایدۆلۆژیا دەرنەچیت، ناکەویتە ناو ئاشتی. چونکە ئایدۆلۆژیا خۆی شەڕە! هەموو ئایدۆلۆژیایەك شەیتانێکت بۆ دروستئەکاو تۆ ئەبێ شەڕی لەگەڵا بکەیت. شەڕەکەش شەڕی دەسەڵات و زاڵێتییە نەك شەڕی حەق و عەدالەت. بە دەلیلی ئەوەی، کە ئیتر تۆ لەو شەڕەدا، بە ڕەشی خۆت ئەڵێ ی سپی و بە سپی ئەو ئەڵێ ی ڕەش و حەق و عەدالەتێك لە گۆڕێدا نامێنێ!

تۆ تا لە خۆپەرستی و بەرژەوەنیپەرستی دەرنەچیت، ناکەویتە ناو ئاشتی. تەنیا لە عەقڵیشدا ئەتوانی لەمانە دەرچیت، چونکە ئەمانە شەڕن و تۆش تەنیا لە عەقڵدا ئەتوانی لەوەتێبگەیت کە ئەمانە شەڕن. بەرژەوەندیپەرستی و خۆپەرستی دۆخی باڵای تۆ نیەو تۆ تەنیا لە عەقڵدا ئەتوانی خۆت بخەیتە ژێر پرسیارەو ببینیت کە تۆ لەوێدا لە نزمیدایت.

ئینجا دیوەکەی تری ئایەتی (ادخل فی السلم کافە) ئەشێ بەمجۆرەبێت، (ادخل فی العقل کافە) یان (اخرجوا من الایدولوجیات کافە).
هەمووی هەر شەڕی ئەوەئەکات، کە بتباتە ناو ئایدۆلۆژیاکەی خۆی. تۆش ئەبێ تەنیا شەڕی ئەوەبکەیت کە بچیتە ناو عەقڵی خۆت. کە لە ئایدۆلۆجیا دەرچویت و داخڵی عەقڵبوویت، ئیتر لەوە تێئەگەیت، کە دانانی شتەکان لەسەر یەکتر شەڕەو بوونیان لە تەنیشت یەکا ئاشتییەو لێرەشدا ئیتر تۆ ئاشتییە ئاسۆییەکەت بۆ گرنگە، نەك سەرکەوتنە ستوونییەکان کە هی هەر لایەكبن، فەرقی نیەو هەر شەڕە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand