هەدەپە و ئایا سۆفیا
2020-07-19 15:12:48
د. جەعفەر عەلی
(سەرنج لە مەڕ هەندێ خوێندنەوەی سەر بەرەو ژێر)
لە رۆژی ١١ی تەموزی ٢٠٢٠، ئەردۆغان و پارتەکەی لە رێی دادگای باڵای کارگێڕییەوە بڕیاریاندا، کە ئایا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بگۆڕن بۆ مزگەوت و بکرێتە شوێنی خوداپەرستی. دامەزراوەی کاروباری دینی تورکیاش بڕیاریدا رۆژی ١٧ی تەموز، یەکەم نوێژی هەینی تێدا ئەنجام بدرێت.
ئایا سۆفیا، لە ساڵی ٥٣٧ی زاینی وەک کەنیسەیەکی مەسیحییەکان لە کەناری بەشە ئەوروپاییەکەی شاری ئەستانبوڵ دروستکراوە. بۆ ئەو کات گەورەترین باڵەخانەی دونیا و بە پڕ بایەخترین و بەناوبانگترین باڵەخانەی بێزەنتی دادەنرا، وەک دەڵێن: "ئایا سۆفیا، مێژووی بیناکاری گۆڕی". هەندێ نوسەریش وایان پێناسە کردووە، کە نە تەنیا "پێگەیەکی دیاری لە جیهانی مەسیحیدا داگیرکردووە"، بەڵکو "لە تەواوی کەنیسەکانی دونیای مەسیحیش مەزنترە". هەندێ لە مێژوونووسانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئایا سۆفیا، سیمبولی کەلتوری و بیناکارییە و ئایکۆنێکە بۆ شارستانیەتی بێزەنتی و شارستانیەتی مەسیحی ئەرسۆدۆکسی. ئەم کەنیسەیە لە ساڵی ١٤٥٣ لە سەر دەستی سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانی لە کەنیسەوە کراوە بە مزگەوت، لە ١٩٣٤ لە سەردەمی کەمال ئەتاتورک لە مزگەوتەوە گۆڕاوە بۆ مۆزەخانە و ئێستاش لە ٢٠٢٠ ئەردۆگان جارێکی دی بڕیاریدا لە مۆزەخانەوە بکرێتەوە بە مزگەوت.
ئایا سۆفیا، وەک مۆزەخانەیەکی مێژوویی، ناوەند و شوێنێکی گرنگ بوو، کە ساڵانە سەدان هەزار لە گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا سەردانیان دەکرد، لای یونیسکۆش وەک بەشێک لە ناوچە شوێنەوارییە مێژووییەکان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کراوە.
بڕیارەکەی ئەردۆغان هەم پشتیوان و هەم نەیاری خۆی هەبوو، وەکچۆن لەلایەن ژمارەیەک لە موسڵمانانی دونیا، بەشێک لە ناوەندە ئیسلامییەکان، هەندێ حیزبی سیاسی نزیک لە ئاکەپەو ئەردۆغان و بەشێک لە هاوکارە دێرینەکانییەوە ستایشکرا، بە هەمانشێوە لەلایەن هەندێ ناوەند و حیزب و رێکخراوی دی لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیادا رەخنەی لێگیرا و بە کارێکی نادروست و پەلاماردان بۆ سەر ئازادی باوەڕ و ئایینی ئەوانیدی پێناسەکرا.
ئەوەی من دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، ئەوە نییە کە ئایا سۆفیا کەنیسەیە، مۆزەخانەیە، یان مزگەوت، هێندەی سەرنجە لەبارەی بڕێک لەو بۆچوونانەی پێیانوایە، دەبوایە هەدەپە لە بەرامبەر ئەم پرسەدا، پرسی گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، بە خاتری موسڵمانبوونی کۆمەڵگەی کوردی، بە خاتری نەریت، جۆرێک لە هەڵوێست و سیاسەتی پێشانبدایە، زیاتر بڕژێتە بازنەی رازیکردنی خەڵکەوە، نەک داکۆکی لەو پرەنسیپ و دونیابینییەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی و لە دامەزراندنییەوە کاریان بۆ دەکات. واتە پرسیارەکە ئەوەیە: هەدەپە لە بەرامبەر پرسێکی وەهادا، پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانە ئیش بکات، کە لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا هاتووە، یان پێچەوانەی ئەو حەشاماتەی کۆمەڵگە، کە ناونراوە، خەڵک.
جارێ پێش هەموو شتێک ئێمە پێناسەیەکی تایبەت بە خەڵکمان لەبەردەستدا نییە، تا بزانین مەبەست لە خەڵک چییە، خەڵک کێن، یان ئەوانەی داوای رازیکردنی خەڵک دەکەن، مەبەستیان لە خەڵک کێیە؟ ئایا کەس سەرژمێری کردووە، داتایەکی راستەقینە لەبەردەستدا هەیە تا بزانین ئەو حەشاماتە، کە ئەو نوسەرە نەسیحەتکەرانە بە خەڵکیان ناو دەبەن، چەندی بە هەڵوێستە سیاسییە رەخنەییەکەی هەدەپە رازییە و چەندیشی ناڕازی؟
ماناکردنی خەڵک، وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی، تا بڵێی پڕ کێشە و ئاڵۆزە، چەمکێکە لە یەککاتدا بەسەر دەیان گۆشە و خانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا دابەش بووە. ئایا مەبەست لە خەڵک ئەو گروپە لە مرۆڤن کە وەک من بیردەکەنەوە، یان هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆژیا و رێبازی سیاسی و فیکری منن، ئایا خەڵک ئەو گروپەن لە مرۆڤ کە بەهۆی موسڵمانبوونیانەوە دڵخۆشن بە گۆڕینی کەنیسەیەک، مۆزەخانەیەکی مێژوویی بۆ مزگەوت، ئەوانەن کە شادمانن بە گۆڕینی مزگەوتێک، تەکیەیەک، خانەقایەک، بۆ کەنیسە، یان ئەوانەن کە بێزارن بە هەر یەکێک لەم بڕیارانە، یان هەردووکیان و دەرەوەی ئەوانەش هەر خەڵکن؟
خەڵک بەسەر دونیای فیکری، بیرکردنەوەی سیاسی، چین و توێژ و پلەبەندی کۆمەڵایەتی جیا جیادا دابەش بوون و کارێکی ئەستەمە بتوانرێ لە چوارچێوەی یەک پێناسەدا کۆیبکەینەوە. خەڵک هەمیشە دابەش بووە، لەو شوێنەی کە خەڵک بەسەر ئاراستە و بۆچوون و فیکری جیاوازدا دابەش نابێت، لەو شوێنەدا بیرکردنەوە بوونی نامێنێ و لەوێدا مەترسی بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و ستەمکار هەیە. خەڵک جەستەیەکی پارچە پارچەیە و، هێزێک نییە توانای ئەوە لە خۆیدا پێشانبدات و بتوانێت هەموو ئەم پارچە جیاوازانە لە یەک سندوقی ئایدیۆلۆژی و فیکریدا کۆبکاتەوە و چوونیەکی بکات. لێرەوەش بوونی حیزبێکی سیاسی بۆ هەمووان، جگە لە درۆیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی گەورە هیچی دیکە نییە. بۆیە ئەوەی لە ژێر هەر ناوێکدا، لە ژێر قورسایی هەر دونیابینی و ئایدیۆلۆژیایەکدا، وەک تاک، یان حیزبی سیاسی، دوای بیرۆکەی یۆتۆپیانەی رازیکردنی هەموو خەڵک بکەوێت، بە دڵنیاییەوە دەبێ پێچەوانەی ئەو دید و روانینە کار بکات، کە وەک پرەنسیپ و شاڕێگەی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆی لەسەر پێناسە کردووە. هەدەپە لە بڕیاری گۆڕینی مۆزەخانەیەکی مێژوویی بۆ مزگەوت لە ئەستانبوڵ لەبەردەم ئەم کێشەیەدا وەستاوە. یان دەبێ هەڵوێست پێچەوانەی بنەڕەتە فیکری و سیاسییەکانی خۆی پێشانبدات وەک هێزێکی سیاسی، یان دەبێ بەپێی هەندێ بۆچوون و لێکدانەوە، سیاسەتی چەواشە پەیڕەو بکات، تا بە گوتەی هەندێ رەخنەگری هەڵوێستەکەی هەدەپە، (خەڵکی موسڵمان) رازیبکات.
بە بڕوای من هەدەپە لە هەڵوێست وەرگرتن و رەخنەکردنی بڕیارەکەی ئەردۆغاندا رێگە سیاسی و فیکرییە دروستەکەی هەڵبژاردووە. هەدەپە هێزێکی سیاسی چەپە، خاوەن بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیەتی، وەکچۆن رێز لە نەتەوەی کورد و ئایینی ئیسلام و تایبەتمەندییەکانی دەگرێ، بە هەمانشێوە هەوڵی پاراستن و رێزگرتن لە تایبەتمەندی تورک و چەرکەس و لاز و مەسیحی و تەنانەت بێدینەکانیش دەدات ئەگەر هەبن، واتە سیاسەتی بە یەکەوە ژیانی گەلان بە جیاوازییەکانیانەوە بۆ هەدەپە، هەم پرەنسیپە و هەم ماف، نەک بابەتێکی سیاسی و کەرەستەی هەڵبژاردن.
هەدەپە، هێزێکە کاتێک بەرنامە و پرۆگرامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی داڕشتووە، ئەوەی لەبەرچاو بووە، کە لە ناو چ کۆمەڵگە و دۆخێکی کۆمەڵایەتیدا کاری سیاسی دەکات، زانیویەتی لە واشنتن و پاریس و لەندەن و بەرلین نییە و لە هەناوی کۆمەڵگەی تورکیا و قوسایی گەورەشی لە شارە کوردستانییەکانی باکوری کوردستاندایە. کاتێک چەپبوونیشی وەک ناسنامە و فیکری سیاسی پارتەکە دەست نیشانکردووە، دیسان ئەوەی زانیوە، کە هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەی کوردستانیش بەشی هەرە گەورەیان موسڵمانن.
هەدەپە، لە دامەزراندنییەوە لە ٢٠١٢، تا ئێستا لەسەر بنەمای ئەم کارنامە و پرۆگرامە سیاسییە بەشداری لە ململانێی هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی و شارەوانییەکانی تورکیادا کردووە و چووەتە ناو جەماوەری دەنگدەر و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری کردووە و لینکی تایبەت بە دەنگدەرانی دروستکردووە، هەر لەسەر ئەم بنچینەیەش وەک تاکە حیزبی سیاسی ناتورکی لە مێژووی کوردی هاوچەرخدا توانیویەتی بەربەستی دە لە سەدی هەڵبژاردن لە تورکیا تێپەڕێنێ و پەرلەمان بکاتە بەشێک لە سەکۆی بەگژاچوونەوەی ستەمکاری و فاشیزم.
هەدەپە، راستە قورسایی هەرە گەورەی لە شارە کوردییەکانی باکوری کوردستاندایە، بەڵام هەر وەک لە ناوەکەشیدا رووندەبێتەوە (پارتی دیموکراتی گەلان)، خۆی وەک حیزبێکی تورکیایی ناساندووە، نەک حیزبێکی کوردی. هەدەپە پارتێکی سیکۆلارە، دژی جیاوازی دینی، رەگەزی، نەتەوەییە و هێزێکی ژینگەپارێزە. بەڵام هەمانکات خۆی لە کەسایەتییە ئایینیەکان دوورنەگرتووە و سیاسەتێکی نەرمتری سەبارەت بە دین لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە هەوڵیداوە کەسایەتییە دینیەکان بێنێتە ناو هەدەپەوە، لە شارێکی وەک ئامەد چەپبوونی رێگر نەبووە لە پشتیوانی لەو گروپانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە تا ئەندازەیەک بە بۆیەی دینی (ئیسلامی) داپۆشراون. لە ساڵی ٢٠١٥دا چەندین کاندیدی لە ناو عەلەوییەکاندا وەک نوێنەری پارتەکە دەست نیشانکرد و کۆنفرانسی تایبەتیشی سەبارەت بە مێژوو و گرفت و کێشەی عەلەوییەکان، کە زۆرینەیان لە شارەکانی (ئەستانبوڵ، ئەدەنە، بۆرسا، تونجەلی و ...) دەژین، ئەنجامدا. بەڵام ئەوە راستە، کە ئەردۆغان و پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان، بەردەوام و لە تەواوی بۆنە سیاسییە جیاوازەکاندا، هەدەپە بە دژایەتی ئیسلام تۆمەتبار دەکات، روونیشە ئامانجی ئەردۆغان لەم تۆمەتبارکردنەدا بە پلەی یەکەم سیاسییە، نەک دینی. ئەمەش هەمان ئەم هەڵوێستە سیاسییەیە، کە ژمارەیەک نوسەر و ئەکادیمی کورد لە باشور، هەدەپەی پێ تۆمەتبار دەکەن.
تۆمەتبارکردنی هەدەپە لەلایەن ئەردۆغان و پارتەکەی بە دژایەتی ئیسلام، مێژووەکەی لە بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت کۆنترە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، دۆزەخە فیکرییە تاریکەکەی ناو مێشکی ئەردۆغان و فاشیزمی تورکیش بە هەدەپە ناڕەوێتەوە. هەدەپە لەم بڕیاری گۆڕینەدا هەڵوێستی هەرچی و هەر چۆنێک بێت، هیچ لەو بۆچوونە کۆنکرێتی و پێشوەختەی ئەردۆغان ناگۆڕێت، کە ئەوان وەک هێزێکی سیاسی دژە دین دەناسێنێت. تۆمەتبارکردنی ئەردۆغان بۆ هەدەپە پەیوەندی بەوەوە نییە، کە هەدەپە هێزێکی سیکۆلاری چەپە، هێندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە هەدەپەییەکان بیردەکەنەوە، بیرکردنەوەی ئەوانیش بۆ ئەردۆغان هەرگیز دڵخۆشکەر نییە، چونکە نایانباتەوە ناو ماڵە سیاسییەکەی ئەو، ئەو ماڵە سیاسییەی کە ئەگەر ئەردۆغان تێیدا قسەکەری سەرەتا و کۆتایی نەبێت، نە جێگەی هەدەپەییەکان و نە جێگەی هیچ کەسێکی دیکەی تێدا دەبێتەوە، رەنگە دەرکردنی داود ئۆغلوو، دەرچوونی عەبدوڵڵا گویل و عەلی باباجان کە لە کارەکتەرە دیار و سەرەکییەکانی پارتەکەی ئەردۆغان خۆی بوون، بەس بن بۆ ئەوەی لە فۆرمی بیرکردنەوەی ئەردۆغان و شێوەی تۆمەتبارکردنەکانیشی، باشتر تێبگەین.
لێرەوە ئەو سەرنجانەی کە پێیانوایە دەبوایە هەدەپە لە هەمبەر بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، بە پاساوی زۆرینەی موسڵمانبوونی کۆمەڵگەی کوردی و تورکیایی، ئەگەر پشتیوانی ئەردۆغان نەبێت، لانیکەم بێدەنگی هەڵبژێرێت و دیپلۆماسیانە مامەڵە بکات، بە بڕوای من لە رووی سیاسی و فیکرییەوە بۆچوونێکی سەر بەرەو ژێر و نادروستە. چونکە ئەو بۆچوونە بە دیوێکیدا پێماندەڵێت، ململانێیەک هەیە و پێویستە بکرێت، بەڵام بە خاتری موسڵمانبوون (لە تورکیا)، یان کوردبوون (لە هەرێمی کوردستان)، یان کۆمەڵگەی نەریتی و پاساوی دیکەی لەمجۆرە، نابێ بکرێت. بۆچوونێکی لەمجۆرە هێندەی خودی کۆمەڵگەی نەریتی خۆی، گرفتە لەبەردەم گۆڕانی فیکری و کۆمەڵایەتیدا. هێزی سیاسی بۆ ئەوە دێت، بەپێی دونیابینی سیاسی و فیکری خۆی، مامەڵەی واقیعی باو و کۆمەڵگەی نەریتی بکات، نەک خۆی لە نێو گەرد و تەپ و تۆزی ترادیسیۆن و لێکدانەوە و بۆچوونە تەقلیدییەکندا بهێڵێتەوە. هەدەپە لەم هەڵوێستەیدا، لە نێوان مانەوە لە ناو تەقلید و کارکردن بۆ گۆڕینی، دووەمیانی هەڵبژاردووە، کە رێگە دروستەکەیە.
ئەو رەخنانەی ئێستا لەسەر رۆشنبیران و حیزبە سیاسییەکان هەیە، کە دەبوایە لە دوای دروستبوونی حیزبی سیاسییەوە لە سەدەی بیست، بە هۆی کاری فیکری و سیاسی و ئەدەبی ئەوانەوە، جۆرێک لە ململانێیان لە کۆمەڵگەدا دروستکردبا، لانیکەم ژێرخانی کۆمەڵگەی نەریتی کوردستانی بە ئاراستەیەکی کراوەتر و مەدەنیتردا ببردایە، گومان لەوەدا نییە، نەوەکانی داهاتوو هەمان ئەو سەرنج و رەخنانەیان دەرهەق بە رۆشنبیران و حیزبە سیاسییەکانی ئێستای کوردستان، بە هەدەپەشەوە دەبێت، ئەگەر دەرک بە پێویستیبوونی ململانێکە بکەن، کەم تا زۆر توانای ململانێکەیان هەبێت و خۆیانی لێبدزنەوە.