Draw Media

  دوو  پرسیار لە سەرۆكی حكومەت 

  دوو  پرسیار لە سەرۆكی حكومەت 

2020-07-17 22:24:33


ساڵح ژاژڵەیی
لەم نوسینەدا دەمەوێت دوو پرسیار لە بەڕێز مەسرور بارزانی بكەم و هێوادارم وەڵامێكی رَونمان دەست كەوێت . پرسیارەكانم ئەمانەن : 
1- ئەگەر بەڕێزتان خۆتان بە سەرۆكی حكومەتی كردستان دەزانن ، لە ئێستادا سنووری دەسەڵاتەكەتان دەگاتە كوێی هەرێمی  كوردستان ؟؟؟. 
 سنووری دەسەڵاتی  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە  ساڵی 1992 لەگەڵ دوای ڕیفراندۆم زۆر جیاوازەو وەكو  قوماشی ناو ئاو تێ چوەو چۆتەوە ناو یەك و بەردەوام  لە بچوك بونەوەدایە وەكو چۆن قوماشەكە  لەگەڵ هەموو شتنێكدا  كورتر دەبێتەوە .  لە سایەی سەری مەسعود بارزانییەوە  كە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا  نێوەی زیاتری خاكی كوردسانی لە دەست داو بە خەڵكی دەگوت  هەڵ دەپەڕن دادەپەڕن و چی دەكەن بیكەن .
بەناوی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی كوردستانەوە و دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی  و مۆركردنی گرێبەستی  نەوت و گاز لەگەڵ توركیا بۆ ماوەی  50  ساڵ ،  هەرێمی كوردستانتان خستە ڕەهنی ئەو گریبەستانە بێ‌ ئەوەی گوێ‌  بۆ قسەی كەس بگرن و بە بڕیاری بنەماڵەی بارزانی  ئەوە كرا .لە ئێستادا هەرێمی كوردستان هیچ سەربەخۆییەكی سیاسی و ئابوری  نەماوەو لە لایەك ڕەهنی توركیایەو لە لایەكی تریشەوە  تەسلییم بە بەغدا  بونەوە . 
ئەوەتا توركیا  بە بیانوی پەكەكەوە زۆرینەی ناوچەكانی بادینانی داگیر كردوە .  زۆر سەیرە حكومەتی عێراق هاتۆتە دەنگ . میدیاكانی وڵاتانی جیهان باسی ئەو دەست دریٍژیەی توركیا دەكەن ، بەڵام ئێوە هەر باسیشی ناكەن و مێشتان میوان نییە .  ئەمەش دوو گومان دروست دەكات  یەكەم : توركیا ڕازی نییەو پێی خۆش نییە حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوت ڕێك كەوێت  بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هەر بە ژێر دەستەیی توركیا بمێنێتەوە و پا بەندبێت بە ڕێكەوتنی 50 ساڵەی  نەوت و غاز لەگەل َتوركیا .  
دووەم: پارتی پەكەكە بە مەترسی دەزانێت  بۆ سەر ئایندەی خۆی و گومان دەكرێت  پارتی  ئاسانكاری بكات بۆ ئەوەی سوپای توركیا قەندیل داگیر بكات . گێگیركردنی هێزی پارتی لە زینوی وەرتی ، ئەو گومانە پشت ڕاست دەكاتەوە . 
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین  لە ئێستادا سنووری جوغرافی  هەرێمی كوردستان  برێتییە  لە چەند شارێك و  هیچ قوڵایی جوغرافی نەماوە و لە هەموو لایەكەوە بە دوژمن دەورەدراون و ناوشارەكانیش  كراونە  مۆڵگەی جاسوسی  ئەو دوژمنان .
كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی  كوێی هەرێمی كوردستانە ؟؟ چما هیچ شوێنێك ماوە هەتا ئەو سەرۆكی بێت ؟؟  لە هەموشی سەیرتر ئەوەیە خاوەنی21   وەزارەتە  بۆ دانیشتوانێك كەژمارەیان لە 5 ملیۆن  تێپەڕ ناكەن . 
لە كاتێكدا  وڵاتی چین   18 وەزارەتی هەیە ، ئەمەریكا 14 وەزارەتی هەیە . سویسڕا تەنها 8 وەزارەتی هەیە  . بەڕاست ئەمە لە گاڵتەی مناڵان ناكات ؟  خاوەنی دوو بست ئەرزماوێت  و  21  وەزارەتت هەبێت  و موچەی  فەرمان بەرانت  پێ نەدرێت و  نانی  شیوت نەبێت و بە قەدەر توكی سەریشت قەرزدار بێت  . لەو لاشەوە بە حسابی لیستی موچە خاوەنی  زیاتر لە 400  هەزار پێشمەرگە بێت  و لە سەروی هەموو ئەمانەشەوە 7 هەزار ئاوارەی سوری چەكدار كراون و مانگانە بڕی سی َملیار و نیو لە بودجەی گشتییان بۆ خەرج دەكرێت گوایە بۆ رَۆژی تەنگانە . ئاخر  ڕۆژ  لەم ڕۆژە تەنگانەتر هەیە  جەنابی سەرۆك ؟؟؟.   
پرسیاری دووەم : ئایا بەڕێز مەسرور بارزانی  سەرۆكی حكومەتی كێیە ، واتە خۆی بە سەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پارێزەری مافەكانیان دەزانێت ، یان بۆ بەرژەوەندی  بنەماڵەو حیزبەكەی  بۆتە سەرۆكی حكومەت ؟؟؟.  ئەگەر خۆی بە سەرۆكی هاوڵاتیان دەزانێت ، ئەوەتا  7 مانگ تێ دەپەڕێـت  لە سەڵی 2020  تا ئێستا موچەی دوو مانگی موچە خۆران دراوە ئەویش بە نێوە ناچڵی .  
خەڵك بە تەواوی هەژار بوە.  ئەگەر موچەی پێ دابین ناكرێت  بۆچی واز ناهێنێت و داوای لێبوردن لە خەڵك  ناكات  و بچێتە ماڵی خۆی ؟؟ كە ئەوە ناكات مانای ئەوەیە  ئەو بۆ بەرژەوەندی خۆیی و بنەماڵەی و حیزبەكەی سەرۆكی حكومەتە و هاوڵاتیان لای ئەو وەكو میگەلە مەڕ وان و بەتەنگیانەوە نییە .  
 ئەی كەواتە  ئەم حكومەتەی  هەرێم  بۆچی هەیە ؟؟؟.  ئیشی ئەم هەموو وەزیر و گوزیر و جێگر وەزیر و  سەرۆكی دەستەو  ربەڕیوەبەری گشتی  ڕاوێژكاری گاڵتینە بۆ موچە وەرگرتن و لەشكرێك لە فەرمانبەری بندیوار  كە لەو حكومەتە كارتۆنیەدا جێگایان بۆ دۆزراوەتەوە و بونە مشەخۆر بەسەر بودجەی گشتی هاوڵاتیانەوە  .
 هەرێمی كوردستان لە ڕێگای 4 دەسەڵاتی  سەرەكییەوە بەڕێوە دەبرێت كە ئەمانەن : دەسەلاتی تەشریعی  . دەسەڵاتی تەنفیزی واتە ئەنجمومەنی وەزیران . دەسەڵاتی دادوەری . سەرۆكایەتی هەرێم.  هەموو ئەم دەسەڵاتانە بە تاوای لە ژێر دەستی پارتیدان و چۆنیان بوێت و چۆن لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت ئاوا ئاشەكە دەگێرن . 
پارتی لە پەڕلەماندا لە ڕوی ژمارەوە زۆرینەیە . لە دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەماندا زۆرینەیە . كەواتە پڕیارەكانی پەڕلەمان لە دەستی پارتێدایە. كەواتە ئەم پەڕلەمانە بۆتە پەڕلەمانێكی كارتۆنی و چیتر نوێنەری   دەنگدەران نەماوە و پەڕلەمانی پارتییە بە تەنها. 
 ئەوەتا  بڕیاریان دا كە پارێز بەندی لەسەر پەڕلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر لابەرن  لەبەر ئەوەی باسی گەندەڵی بەرپرسەباڵاكانی پارتی كردوە ، لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی پەڕلەمان یەكێتیە . 
سەرۆكی حكومەت پارتییە . هەرچی وەزارەتە گرنگەكان  هەیە وەكو سەرچاوە سروشتییەكان و ناوخۆ و داد  و پۆستە گرنگەكانی تر هەیە هەموی لە دەستی پارتیدایە . وەزارەتی داد لە دەستی پارتیدایە  داواكاری گشتی و دادوەرەباڵاكان  پارتین . 
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بە بڕیاری خۆی  ڕیفراندۆم ئەنجامداو نیوەی خاكی كوردستان لە دەست دەدات ، بەڵام  داواكاری گشتی وەزارەتی داد بێدەنگ بون  . ئەو هەموو دزی و تاڵانیانە لە گومرگەكان دەكرێـت و بە یەرچاوی هەموانەوە قاچاخچییەتی نەوت لە لایەن بەرپرسەكانەوە دەكرێت ، بەڵام داواكار گشتی نقەی لێوە نایەت .
بەڵام لەبەر  ئەوەی سۆران عومەر باسی گەندەڵی بەرپرسانی پارتی كردوە ، پارێزبەندی لەسەر لادەبرێت . وەزیری داد بڕیارەكەی سەرۆكی پەڕلەمانی هەڵوەشاندەوە . ئەو هەموو خەڵكە تیرۆر دەكرێـت و ئەشكەنجە دەدرێن ، بەڵام داواكاری گشتی بێدەنگە . كورت و كرمانجی دەسەڵاتی دادوەری  تایبەتە  بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی .  
 هەرچی لە بەرژەوەندی ئەواندابێـت ئەوە دەكەن .  دامەزراوەی سەرۆكایەتی بەناو هەرێمیش  بە هەمان شێوە بۆتە تاپۆی بنەماڵەی بارزانی . دوای 29 ساڵ حوكمڕانی تا ئێستا ئەم هەرێمە خاوەنی دەستورێك نیەو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكراوە و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ : 
 بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت  یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە ویست و ئارەزوی خۆیان هەموار بكرێت و خاوەنی زۆرترین دەسەڵاتبن . چونكە ئەوان پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بە موڵك و تاپۆی  خۆیان دەزانن . 
ئەگەر هەموو جومگە ئەساسیەكانی  حكومەتی هەرێم لە دەستی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا نین خۆیان بە حاكمی ئەم هەرێمە نازانن  ، ئەی چۆن  توانییان  ڕێگا  لە سەرۆكی پەڕلەمان بگرن بچێتەوە  بۆ ناو هەولێر؟  
ئەی چۆن وەزیرەكانی  گۆڕانیان دەركرد ؟ ئەی چۆن ڕێگایان لە كۆسرەت ڕەسوڵ گرت لە بازگەی دێگەڵە بچێتەوە هەولێر لە كاتێكدا ئەو جێگری سەرۆكی  هەرێم بوو ؟ ئەی چۆن  چەندین جار لە بازگەی دێگەڵە   ڕێگایان لە ئەندام پەڕلەمانەكان دەگرت بچنەوە هەولێر ؟ .   كەواتە  حكومەتی هەرێمی كوردستان  تەنها  بۆ ناو هەیەو هەموو شتێك لە دەستی پارتی دایەو  هەر كاتی بیانەوێـت  ئەندام پەڕلەمان و  وەزیرەكانی لایەنەكانی تر دەردەكەن . 
لێرەدا  پرسیارێكی تر دێتە پێشەوە. ئەی كەواتە ڕۆڵی یەكێتی و حیزبەكانی تر چییە لەو حكومەتەدا ؟ ماوەی 29 ساڵە  یەكێتی و پارتی بەیەكەوە  حكومەت پێك دێنن . ناو بەناویش حیزبەكانی تریش بەشداری دەسەڵاتیان كردوە. 
یەكێتی خاوەنی هێزی تایبەت بە خۆیەتی و سنورێكی تایبەت  بە خۆشی هەیە . بۆیە پارتی ناتوانێت  بە تەواوی یەكێتی پەراوێز بخات و بیخاتە دەرەوەی دەسەڵات . بەڵام  یەكێتی  شەریكی دەسەڵات نەبون ، بەڵكو  بەشداری دەسەڵات بون . واتە بەرژەوەندییەكانیان لەو حكومەت بەقەدەر پارتی نەبوە ، بەڵام بەشی خۆشیان هەبوە . 
واتە بەرژەوەندی مادی  یەكێتی و پارتی بە یەكەوە هێشتۆتەوە . بەڵام  بەشداری پێكردنی  حیزبەكانیتر  لە حكومەتدا لە لایەن پارتییەوە  تەنها بۆ بێدەنگ كردنیان بوە.  هیچ ڕول َو كاریگەرییەكیان لەو حكومەتە نەبوە.   لە ئەنجامی ئەو شیكردنەوەی سەرەوە دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە : 
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بنەڕەتەوە حكومەتێكی كارتۆنی بوە . چەترێك بوە  بۆ شاردنەوەی دوو ئیدارەیی یەكێتی و پارتی . لە ژێر ئەم چەترەدا  پارتی و یەكێتی بە جوتە  سامانی هەرێمی كوردستانیان  تاڵان  دەكەن  .
 لە ئێستادا  لە هەموو كاتێك زیاتر پڕۆسەی  تاڵان كردن  لە گەرم و گوڕیدایە . بە ئاشكرا داهاتی گومرگەكان  لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵات دارەوە  بەتاڵان دەبرێت .  ئیفلاسیان بە هەرێمی كوردستان كرد .خەڵكیان خستە سەر ساجی عەلی. 
2-   ئەو حكومەتەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا  بەناو هەیە بۆ ئەم مەبەستانە  پێك هێنراوە  :یەكەم جێكردنەوەی زۆرترین كادیری ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە  لەناو دام و دەزگاكانی حكومەتدا  بۆ ئەوەی  هەر یەكەیان بتوانن زۆرترین  كادیری حیزبی خۆیان بیدەنگ بكەن . ئەگەر ئەمە وانییە  5 ملیۆن كەس لە پانتاییەكی  زۆر كەمدا چ پێویستییەكی بە 21 وەزیر و چەندین دەستەو دام و دەزگای تر هەیە كە هەر پێویست نین؟؟؟.
 دووەم : پارتی زیرەكانە سیاسەتی ( فرق تسد) ی لەگەڵ حیزبەكانی تر بەكار هێناوە  جارێك بەشدارییان بە یەكگرتوی ئیسلامی كردوە لە حكومەتدا . جارێكی تر جیا بەجیا  بەشدارییان  بە كۆمەڵی ئیسلامی و  بزوتنەوەی گۆڕان كردوە . بەڵام  ئەوان  هیچ ڕۆڵێكیان نەبوە و لە پێناوی وەرگرتنی پۆستدا  بەشداری حكومەتیان كردوە   . بەو هۆیەشەوە  بەردەوام ئەو حیزبانە زیانیان كردوەو جەماوەری خۆیان لە دەستداوە  .    
3- لە سەرەتاوە وتمان حكومەتی هەرێم تەنها ناوەو  ناوەرۆكی نییە . بەڵام لە ژێر ئەم ناوەدا توانراوە گرێبەستەكانی نەوت و غاز لەگەڵ كۆمپانیاكان  مۆر بكرێت سامانی ئەم وڵاتە تاڵان فرۆش بكەن . لە ژێر ئەم ناوە كارتۆنیەدا  توانیویانە هەندی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر دروست بكەن .
 خۆ ئەگەر ناوی  حكومەتی هەرێم نەبوایا ، بەدوور نازانرێت  یەكێتی و پارتی وەكو دوو حیزب یان دوو گروپی تیرۆریستی  ناویان بخرێتە لیستی تیرۆرەوە . خۆ ئەوان لە پەكەكەو حیزبوڵلای لوبنانی گرنگتر نەدەبوو .
دڵنیام ئەگەر هەمو كوردستان  لە لایەن توركیاوە داگیر بكرێت و بە بنەماڵەی بارزانی بڵێن  هەوڵیر و دهۆك و زاخۆ بۆ ئیبڕاهیم خەلیل  با هەر لە ژێردەستی ئێوەدابێت و بازرگانیتان مسوەگەر بێت و كۆمپانیاكانتان كاری خۆیان بكەن و وەكو جاران نەوتی خۆتان بە قاچاخ  ڕەوانەی توركیاكەی خۆتان بكەن . 
 ئەو كاتیش مەسرور بارزانی دەست بەرداری  پۆستەكەی نابێت . چۆنكە ئەوان لە سەرەتاوە كاریان بۆ پارە كردوە . ئەگەر ئەم قسەیەی من ڕاست نییە ، چۆن دوای 29 ساڵ حوكمڕانی  و ئەو هەموو سامانەی ئەم وڵاتە ، حاڵی هاوڵاتیان  دەگاتە ئەم ئاستەی ئێستا .
 ئەگەر ئەوانە  هیچ ویژدانیكیان هەیە ، هیچ هەستێكی مرۆڤایەتییان هەیە ، هیچ عورفێكی كۆمەڵایەتی و كوردایەتیان  هەیە ،  هیچ ئەتەكێتی سیاسیان هەیە ، چۆن ئاوا ڕی َبە خۆیان دەدەن هەموو سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان بەرن و خەڵك هەژار بكەن . 
ئایا  بەڕاست ئەوانە  مرۆڤن  یان دڕەندەن ، ئاخر كەی تیر ِدەخۆن ؟؟؟ . دوا قسەشم ئەوەیە بەڕاستی ئەوان حەقی خۆیانە ئاوا مامەلەی  ئەم میللەتە  بكەن و شایستەی ئەوەن  زۆر لەوە خراپتریان بەرامبەر بكەن .
 پەندێكی كوردی هەیە كە دەڵێت :خوا تا كێو نەبینێت بەفری تێناكات . ئێ كەواتە ئەم پەندە ڕێك  بە قەدوو باڵای گەلی كوردا دەبڕێت . تا میللەت ئاوا بێت ، دەبێ سەركردەی ئاوای هەبێت . ئەلبێرت كاسۆ دەڵێت : كاتێك خۆت بڕیارت دابێ كۆیلەبیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادێت  بۆ بكەم . 
لە لایەكی تریشەوە   جێی پرسیارە سەبارەت بەو بێدەنگییەی لە لایەن ڕۆشنبیران و نوسەران و زۆرێك لەو كەسایەتیانەی كە پێشتر خۆیان  بە خەمخۆری ئەم نیشتمانە دەزانین و هەمیشە ڕەخنەیان دەگرت و بە نوسیەنەكانیان  جەماوەریان هوشیار دەكردەوە . سەردەمانێك ئەوانە خاوەنی قسەو بۆچونی  خۆیان بون . خەڵك گوێ ی لێدەگرتن و دەسەڵاتیش لێیان دەترسا .
بەڵام سەیرەكە لەوەدایە بە یەك جار هەموو ئەو دەنگانە نەمان . چ هۆكارێك  لە پشتی بێدەنگ بونی  ئەو هەموو دەنگە ناڕازیانەی  ئەو خاوەن قەڵەمانەیە لەم كاتە هەستیارەدا كە :  هەرێمی كوردستان لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیدا  بە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردا گوزەر دەكات . ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر خراپ و وەكو دوو دوژمن مامەلەی یەكتری دەكەن .
 هیچ پەیوەندییەكیان   لەگەڵ یەكتری نەماوە . سەیرەكە لەوەدایە  هەردوكیان پێكهاتەی سەرەكی حكومەتی  هەرێمی كوردستانیشن  .   كار ئاوا بروات  هەرێمی كوردستان  بە فیعلی دوو  لەت  دەكەن و  ئەمیان بەرەو بەغداو ئەویان  بەرەو توركیا دەڕوات .  قەوارەی هەرێمی كوردستانیش دەكەنە قوربانی بەرژەوەندی و ناكۆكیەكانی خۆیان. 
 ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە ئەم دوو لایەنە بە نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستان ئەم كارانە دەكەن ، كە لە ڕاستێدا زۆرینەی خەڵك ئەوانە بە نوێنەری خۆیان نازانن و زۆریش  ناڕازین لێیان  . 
بۆیە كاتی ئەوە هاتوە هەموو دڵسۆزانی ئەم هەرێمە بێنە دەنگ و چیتر ڕێگا نەدەن  یەكێتی و پارتی  بە  ویست و ئارەزوی خۆیان  لە ژێر ناوی حكومەتی  درۆینەی  هەرێمی كوردستان  سازش بۆ دوژمنانی كوردستان بكەن و قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەناو بەرن . 
باشترین كارێك كە لە ئێستا بكرێت ئەوەیە كە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی ئاسایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەكو یەك تیم  كار بكەن بۆ بەدەست هێنانی ماف و بەرژەوەندییەكانی  هەرێمی كوردستان . 
 ئەگەر یەكێتی و پارتی  ئەوە نەكەن ، نابێ هاوڵاتیان بێدەنگ بن و پێویستە  هەڵوێستی توندیان  هەبێت بەرامبەر هەردوو لایەن و چیتر قبوڵی پێ شێلكاریەكانی  یەكێتی و پارتی نەكەن بەرامبەر بەم گەل و نیشتمانە .  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand