Draw Media

لەپێش چاکسازیی ولامەرکەزییدا

لەپێش چاکسازیی ولامەرکەزییدا

2020-07-09 11:20:54


د. ئیسماعیل نامیق

پێش ئەوەی باسی چاکسازیی بکرێت، وخەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنرێت، ودەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدریـَت، ومووچەی مووچەخۆرانی راستەقینە (نەک بندیوار ) کەمبکرێتەوە، پێویستە لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوە لەو هەزاران وەزیر وگزیرە بکرێت، کەبەناسروشتی دەوڵەمەند بوون، ئەمانە هەندێکیان خانەنشین وهەندێکی تریان ئێستا بەناونیشانی دیکە لەپۆستی حکومیدان. ئەمانە تۆمەتبارن بەدزینی ملیاران دیناری پارەی فەرمانبەری راستەقینەی بێدەرەتان وخەڵکی برسی. هەموو خەڵکی ئەو راستیە دەزانن، ئاستەمە بەمووچەی هەشت ملیۆن دیناریی لەسەردەمی بەرەکەتدا، یان دوو ملیۆن دیناریی لەسەردەمی پاشەکەوتدا سامانێکی چەند ملیۆن دۆلاریی بەیەکەوە بنرێـت!! کەواتە هەموومان ( جگە لەچاکسازیفرۆشان ) دەبینین ودەزانین ئەو دەوڵەمەند بوونە ناسروشتیە بەدزیی وبەرێگەی نامەشروع نەبێت بەهیچی تر بەدەست نایەت!! بۆیە پێش ئەوەی مووچەی فەرمانبەری راستەقینە کەمبکەنەوە، دەبێت بەپێی بنەمای ( در‌و المفاسد أولی من جلب المنافع ) هەموو دزە فەرمییەکان راپێچی دادگا بکرێن و ئەو ملیاران دینار ودۆلارەی کەدزیویانە لێیان وەربگیرێتەوە وخۆشیان سزا بدرێن، ئەگەر ئەمە نەکرێت چاکسازیی تەنها درۆیەکی گەورەیە وبۆ فریودان وئارایشتکردنە. بەداخەوە لەئێستادا بەشێک لەدزە فەرمییەکان قسە لەسەر چاکسازیی دەکەن وبڕیار لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی بێداد وبێدار دەدەن!!
هەروەها پێش ئەوەی باسی لامەرکەزیی بکرێت، پێویستە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگارکان بدرێت، چونکە ئەم ئەنجوومەنانە هەڵبژێردراوی خەڵکن وماوەیان تەواو بووە، بۆیە دەبێت یان هەڵبوەشێنرێنەوە وجارێکی تر یاسایی ژمارە ( 159 ی ساڵی 1969 ی هەموارکراو ) کارا بکرێتەوە وکار بەو یاسایە بکرێت، یان ئەوەتا هەڵبژاردنیان بۆ بکرێتەوە وشەرعیەتی کۆتایی هاتوویان نوێ بکرێتەوە. راستە پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پارێزگاکان ( ژمارە 2 لە ساڵی 2009 )، تەمەنی ئەم ئەنجوومەنانەی بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکردۆتەوە، بەڵام ئەم یاسایە دەکرێت لە سێ روەوە تانەی لێبدرێـت:
یەکەم/ ماددەی دووی یاسای ژمارە ( 2 ی ساڵی 2019 ) پێچەوانەی برگەی چواری ماددەی سی ویەکی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ( ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ) ، لەبەر ئەوەی بڕگەی چواری ماددەی سی ویەک، بەشێوەی هەڵاَوێردن، رێگەی بەپەرلەمان داوە، تەنها ئەم ئەنجوومەنانە هەڵبوەشێنێتەوە، لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، یان سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان، ئەوەش لەچوار حاڵەتدا: ڕ- زیان گەیاندنی مەزن بەو کارو ئەرکەی کە بەئەنجوومەن سپێردراوە. ب-ئەگەر مانەوەی زیانبەخش بوو بۆ بەرژەوەندی گشتی. ج- ئەگەر نەیتوانی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. د- لەبارێکدا کەلەدەستور لایدا یان سەرپێچی یاسای کرد. راستە پەرلەمان مافی چاودێریی کردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەیە، بەڵام ئەم چاودێریی کردنە چاودێریی کردنێکی ( استپنائیە ) ولەوەدا کورت کراوەتەوە، کەپەرلەمان دەتوانێت ئەنجوومەنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتی هاتنە دی یەکێک لەو چوار حاڵەتە، جگە لەوە پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکی تری نیە، بەتایبەتی درێژکردنەوەی شەرعیەت، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگا شەرعیەتی لەپەرلەمانەوە وەرنەگرتووە، تا بۆی درێژ بکاتەوە بۆ ماوەیەکی نادیار!!
دووەم/ یاسای ژمارە ( 2 ی ساڵی 2019 ) لەگەڵ لۆژیکی یاساییدا دژ دەوەستێت، لەبەرئەوەی شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری گۆڕیوە، هەروەها تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بۆ کاتێکی نادیار درێژ کردۆتەوە، ئەمەشی بەسەر رابردودا جێبەجێ کردووە، لەکاتێکدا ئەم ئەنجوومەنانەی ئێستا بەپێی یاسایەک شەرعیەتیان لەخەڵکەوە وەرگرتووە، هەروەها هەڵبژاردن پارێزگاریش بەپێی شێوازێک بووە بۆ ئەم خولە، لۆژیکی یاساییش وا دەخوازێت، نە شەرعیەت درێژ بکرێتەوە، نە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاریش بەسەر ئەم خولەدا جێبەجێ بکرێت. چونکە کاتێک سیستم یان شێوازی هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا دێت، دەبێت ئەم گۆڕانکارییە بەسەر خولەکانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، نەک خولی رابردوو. بۆیە پێویستە هەمواری یاسای پارێزگاکان بەسەر خولەکانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، نەک ئەم خولە کۆتایی پێهاتووە.
سێیەم/ درێژکردنەوەی شەرعیەت دژی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە. لەرابردوودا فشارێکی زۆر کرا بۆ ئەوەی کۆتایی بەشەرعیەتی شلۆقی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بهێنرێت ولە 2014 هەڵبژاردنیان بۆ بکرێت، بەڵام بەداخەوە، ئێستا دۆخەکە گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم، بەڵکو خراپتریش!!
کەواتە، پێش ئەوەی ئەم ئەنجوومەنانە باسی لامەرکەزیی بکەن، دەبێت خەمێک لەخۆیان بخورێت، یان وەکو بەغداد بەبڕیاڕێک سڕ بکرێن، کە من بەرەهایی لەگەڵ ئەم بژاردەیە نیم، یان یاسای پارێزگاکان هەموار بکرێتەوە ولامەرکەزیی ئیداریی وکارگێڕیی بەتەواوی تیادا جێ بکرێتەوەو بەپێی یاسای هەموار کراو لەزوترین کاتدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێـت، بەدەر لەم چارەسەرە، لامەرکەزییش وەکو چاکسازییەکە، درۆیەکی گەورەی دیکەیە، بۆ هەڵەخەڵەتاندن وئارایشتکردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand