Draw Media

د. ڕێبوارو مووچەکەی بەغدا

د. ڕێبوارو مووچەکەی بەغدا

2020-07-09 09:45:46


دەشتی ئەنوەر

بەم دوایانە د.ڕێبوار کریم ئەندام پەرلەمانی عێراق پرۆژەیەکی ئاشکرا کرد کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر حکومەتی عێراق.
پرۆژەکە هەنگاوێکی بوێرانەیە کە دەستی بۆ‌ بردووە، هەنگاوێکە بە جێبەجێ کردنی فەرمانبەر ڕزگاری دەبێت لەم دۆخەی کە ئێستا هەر ڕۆژێکی مردنێکە بە هۆی شکستی سیاسەتی حکومڕانی و ئابوری سەربەخۆی هەرێمەوە.

بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆژە بێ ماندوو بوون سەرکەوتوو نابێت، پرۆژەیەکە ئەگەر ساڵانی داهاتووش بچێتە چوارچێوەی جێبێکردنەوە گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام نەیارەکان یاخود دوژمنی پرۆژەکە بێ لەنگەرو کۆسپ نابن و هەروا تەماشا ناکەن ڕزقیان ببڕدرێ دەستیان لە بندیوار و ژێر دیوار ببڕدرێ.

لەگەڵ یەکەم ڕۆژی ئاشکرا کردنی پرۆژەکە کەوتنە دوژمنکاری بێ ئەوەی بیخوێننەوە، ئەوەی ئەو داوای کردووە بۆ چینی فەرمانبەران هەر ئەوەیە کە خۆیان داوای دەکەن بە دیوێکی تردا، بەڵام بۆ ئەم هەڵایان دروست کردووەو بۆ خۆیانیش دونیا ماستی مەییە.

تەماشا بکەن چەند ساڵە هاوار‌ دەکەن مووچەی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەخەینە سەر بەغداد کەس گلەییان لێ ناکات بەڵکو خەڵکی پێشی خۆشە، نزیکەی سێ ساڵە عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێم لە بەغدادەوە دەنێرێ کەس گلەی نیە بەڵام د.ڕێبوار داوای کردووە لە جیاتی ئەم تاک تاک چینانە بخرێتە سەر بەغدا با هەمووی بە یەکجار ڕزگاری بێ، کەچی ئەڵێی شیشڵدانن درزیان پیاکراوە تەقینەتەوەو کوردایەتی دەفرۆشن کە گوایە ئەم پرۆژە بچێتە سەر بەغدا خیانەتە!!!!
ئەم شینەی هەندێک کەس ئەیکات کە نابێ مووچەکە بچێتە سەر بەغداو دەستووری نیەو بیانو دێننەوە هیچی بۆ فەرمانبەر نیە، بەڵکو بۆ بندیوارەکانیانە کە لە تەنیشت چینی فەرمانبەردا قوتی ئەدەن ئەوەیان نامێنێ.

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هەر کەسێک بە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەوە لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا حکومداری کرد بێت مووچەی کاملی بە غدادەوە وەرگردووە کە خانەنشینیش بوونە مانگانە لە بانقەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بێ دواکەوتن مووچە وەردەگرن بۆ ئەوان کوردایەتیەو بۆ فەرمانبەرانیش خیانەتە؟

دڵنیام ڕۆژێک دێ درەنگ یا زوو ئەو پرۆژە سەر دەگرێ چونکە دۆخی هەرێم وا کۆت بەند کراوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا هیچ دەرگایەکی تری نیە بۆ لێدان، بەڵام د.ڕێبوار بناغەکەی بۆ داناون، دووریش نیە لە بری د.ڕێبوار هەرێم خۆی لیستەکە ببات و تەسلیمی بکات تا بەغدا مووچەکە بنێرێ، ڕەنگیشە هەر وا بکەن تا بڵێن ئەوەش دەستکەوتێکی ترمان بۆ خەڵک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand