هەرێم و بەغداد بۆ رێک ناکەون وەڵامێک بۆ جەواد سەعید..
2020-07-02 08:44:36
د. حلمی رەسول رەزا
کەسێک بەناوی " جەواد سەعید" وتارێکی لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوکردۆتەوە بەناو نیشانی " بەرهەم ساڵح لە نێوان خەمی خۆی و مافەکانی کوردا، کە وەک فاڵ گرتنەوە گەڵیک تۆمەتی داوەتە پاڵ دکتۆر بەرهەم، بەپێویستم زانی ئەم سەرنجەی لەسەر بنوسم.
ھەرێم و بەغدا بەرەو کوێ؟
نووسەر لەسەرەتای نوسینەکەیدا باس لەوەکات کە وەفدەکەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەبەراورد لەگەڵ جارەکانی پێشوودا نەرمتر وتووێژیان کردوە، کەچی کازمی بەبێ منەتی قسەی لەگەڵ کردون. دیارە بە هەموو لۆژیک و پێودانێک دەبێ نووسەر ئەو راستیە بزانێ هیچ حکومەتێکی دەستبەکاربووی بەغدا وەک ئەوانەی پیشوو نین و هیچ سەرۆک وەزیرانێک لەم دۆخە ئابوریە داتەپیوەی عێراقدا ناتوانێ رێگە بەخۆی بدات پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە بکات و مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات بەبێ ئەوەی بزانێ داهات و خەرجی ئەم هەرێمە چەندە و چۆن پەیداو سەرف دەکرێت. ئەمە راستیەکە کەسی ئەکادیمی و ئەوانەشی موتابعی دۆخەکەن مەگەر خۆیان گێل بکەن ئەگینا دەزانن دوای خۆپیشاندانەکان و پەتای کۆرۆناو داتەپینی نرخی نەوت چی دەگوزەرێ.
سەرۆك كۆمار و كێشەكانی هەرێم
لە بەشێکی تری وتارەکەی نوسەردا، باس لەوە دەکات یەکێتی و پارتی پاڵیان لێ دابوەوە و مام جەلالی رەحمەتی نەیدەهێشت تەشقەڵە بە کوردستان بکرێت، بێ ئاگا لەوەی یەکێک لەو کۆڵەکانەی مام جەلال پشتی پێ بەستبوو بۆ هەرێم و بەغداش دکتۆر بەرهەم بوو، ئەو بەراوردەشی بیرچوە کە دۆخی ئابوری سەردەمی مام جەلال و ئێستا ئاسمان و ڕێسمانی فەرق بوو، لەگەڵ ئەوەشدا مام جەلال دەیانجار لای دۆست برادەرە نزیکەکانی باسی لەوە کردوە کە ئیدارەی هەرێم چەند سەرئێشەیان بۆ دروست کردوە و ئەو هەر خەریکی پینەکردنی بووە. بۆیە بەراوردێکی بچوکی هەردوو سەردەمەکە دەری دەخات نوسەر چەند پەلە پرۆزێی کردوە بۆ هاویشتنی تیرەکەی و نەک نەیپێکاوە بەڵکو بەلاشیدا نەرۆیشتوە. ئەوجا نوسەر دێتە سەر لۆمەی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بەوەی بەرهەم ساڵحیان کردە نوێنەری ئەو حزبە تێکۆشەرە لە بەغدا، باشە هەڵەی یەکێتی لە چیدا بوو کاتێ ئەو بوە سەرۆک کۆمار یەکێتی بە ژمارەیەکی قورسەوە بردەوە نێو گەمە سیاسیەکان و هاوسەنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ گەڕانەوە. ئەمە قسەی من نیە بەڵکو شرۆڤکارە عێراقی و نێودەوڵەتیەکان وا دەڵێن، ئەوەی گومانی تێدا نیە، پشتگرتنی یەکیتی فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ بۆ سەرکەوتنی دکتۆر بەرهەم لەو هەڵبژاردنەی لەناو پەرلەمانی عێراقدا کرا، بەڵام خودی کەسێتی بەرهەم ساڵح بوو کە توانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات و بەسەر رکابەرەکەیدا سەری بخات. پاشان نوسەر پێی وایە ماڵی کورد ئەوەندە تۆکمەو یەکگرتو بوە، بەرهەم ساڵح بۆتە مایەی لەرزاندنی، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەو دەردە کوشندەیە بکات کە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەرۆکی ئەم خەڵکەی گرتوە، دیارە هۆکاری شەڕی ناوخۆش بەرهەم ساڵح بوو کە ئەسڵەن ئەو لەم وڵاتەدا نەبوو، ئەوەشی لەبیرچوە یەکێک لە فاکتەرەکانی پێکهاتنەوە و کۆتایی هێنان بەو خوێنڕشتنەی پرسەی خستبوە زۆربەی ماڵەکانی ئەم هەرێمەوە، بەرهەم ساڵح بوو، کە بێ ووچان لە واشنتۆن تێدەکۆشا بۆ کۆتایی پێ هێنانی و ئاشتی و ئارامی گەڕانەوە بۆ هەرێمەکە.
كازمی و بەرهەم ساڵح
نووسەر بەوە سەغڵەتە، رۆژێ لە رۆژان دکتۆر بەرهەم و کازمی پەیوەندییان خۆش بوەو ئێستاش پەیوەندیەکە توندو تۆڵە، من نازانم ئەمە مایەی شەرمە یان شانازی بۆ کورد، پێم سەیرە کورد بیت و ئەوەت لەبەرشان ناخۆش بێت کوردێک تواناکەی گەیشتبێتە ئاستێک لەو شەقامە چڕو پڕەی عێراقدا توانای بەسەر ئەوەدا هەبێت چەندین کاندید رەتبکاتەوەو کاندێدێکی شەقام جێگیر بکات.. ئەی بۆ نابێ حوسنی زەنمان بەوە هەبێت کاریگەری کاک بەرهەم لەسەر کازمی دەبێتە خێرو بەرەکەت بۆ کوردستان.. نازانم نوسەر خۆی لەوە لادەدا کە نەزعەی قەومی و ئایینی عێراقیان بەچ دەردێک بردوە، زۆربەی ئەو دروشمانەی جاران بۆ شیعە پیرۆز بوون، ئێستا بونەتە گاڵتەجاڕی شەقام، ئەو دروشمانەی بۆ کوردستان دەوتراو ئێستا لای خەڵک چۆن سەیردەکرێن، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە سایەیدا خەڵک شیری پێ ناکڕدرێ بۆ مناڵەکانی. جا ئەگەر پرۆژەیەکی نیشتمانی هەبێت و هەمومان لە سایەیدا برسی نەبین و کەرامەتمان پارێزراو بێت، چ زیانێکی هەیە؟. نووسەر لە بڕگەیەکی تردا تۆمەتی ئەوەی دەداتە پاڵ گوایە لە رێگەی رێبوار کەریمەوە دەیەوێ مووچەی هەرێم بخاتە سەر بەغدا، لەراستیدا دکتۆر بەرهەم زۆر لەوە زیاتر دەستکراوەترە گەر پرۆژەیەکی هەبێت لەرێگەی پەرلەمانتارێکی کوردەوە بیخاتە بەرچاو، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئەو پرسە هیچ ناڵێم با تەنها لە واڵەکەی خۆیەوە راپرسیەک بکات، بزانێ ئایە خەڵک دەیەوێ مووچە حەڵاڵەکەی لە کوێ وەربگرێ، بۆ فەرمانبەرێکی سادە چ فەرقی هەیە مووچەی لە بەغدا بێت یان هەولێر، ئەدی باشە کێیە ئەوەندە دەست پاکە وای کرد بە عەرەبی لافیتە بنوسرێ و لە عەبادی بپارێنەوە رەحممان پێ بکات.. ئەوەش بەرهەم ساڵح بوو یان دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە خۆماڵییە.
نووسەر، حاشا لەوە ناکات دەسەڵاتدارانی هەرێم خەڵکیان نائومێد کردوە، دیارە هیچ کەسیش قسەی لەسەر ئەم گوزارشتە نیەو کەمیشی وتوە، بەڵام دوای ئەوە یەکسەر فاڵ دەگرێـتەوەو میللەت دەکاتە کاڵاو بەرهەم ساڵحیش بە مەعامەلەچی، و دەیانفرۆشێ، بێ ئاگا لەوەی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵی داهاتوو فرۆشراوەو نەوت و درامەتەکەشی لە بازاڕدا لە نەوت و درامەتی هەموو ناوچەکە هەرزانفرۆشتر دەکرێت.. ئایە نوسەر ئەو دۆخەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێ هەر بە تاوانی بەرهەم ساڵح ی دەزانێ یان ئەوانەی بۆریە نەوتەکانیان بەدەستەوەیە و لەبارخاتری سکی برسی ئەم میللەتە لە کەلـلەی شەیتان نایەنە خوارەوەو ناگەنە رێککەوتن. پاشان نوسەری خەمی ئەوەیەتی، بەرهەم ساڵح و کازمی شەقام بەلای خۆیاندا رادەکێشن، تۆ بڵێ شەقام ئەوەندە کاڵفام بێت تەنها بە وشەو دروشم بکەونە داوی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران، یان ئەوەی بەچاوی خۆیان دەیبینن، وردە وردە دەستە درێژەکان دەبڕن و دەیانەوێ شکۆ بۆ ئەو کەسانە بگێڕنەوە، کە قوتیان کەوتۆتە گەروی نەهەنگەوە، جا گەر ئەوان توانیان کارێکی وابکەن، ئەوکاتە خەڵک خۆیان دەنگیان پێدەدەنەوە نەک بەلۆژیکی پێشووتر، کە ئەمەش دەستکەوتە بۆخەڵک، ئیتر نازانم نووسەر چ داخێکی لەم پرۆسەیە هەیە.
سەبارەت بە رۆڵی بەرهەم ساڵح لە پێکگەیاندنی وەفدەکانی هەرێم، نوسەر توشی تێکەڵ کردنێک بوە، گوایە کاک بەرهەم نایەوێ هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن، وەک ئەوەی یەکێتی و پارتی ئەوەندە دەست کورت بن لە رووی پەیوەندی و کەناڵەوە، تۆ بڵێی ئەو وەفدەی بیەوێ رێکبکەوێ ئەوەندە داماو بێت، تەنها بەرهەم ساڵح لێیان تێکبدات.. باشە، ئەگەر نیەتەکە ئەوەندە پاکە با بەشەفافی لەگەڵ کابینەکەی کازمی بگەنە رێککەوتن بەبێ بەرهەم ساڵح، ئێ خۆ هەندێک ئەگەر مەبەستیان بێت ئەڵێن لەوێ هیچی بەدەست نیەو فەیسبوکەوانەکانی لێ رادەسپێرن تا بەخەڵکی رابگەیەنن سەرۆک پاڵی لێ داوەتەوەو بێ خەم لێی دانیشتوە، یان هەوەسیان لێ بێت ئەڵێن هەموو شت بەدەست ئەوەو کەچی هیممەت ناکات. حەقە خوێنەرو ئەوانەی موتابعن ئەم دوو فاقیە لە گوزارشت کردن بە ویژدانەوە وەربگرن و لەوە هوشیار بن ئەم جۆرە نوسینانە چ مەبەستێکی تاریکی لەپشتەوەیە.
یەكێتی و پارتیی
لە کۆتاییدا نوسەر، پێشنیارێکی زۆر جوانی کردوەو داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات چاکسازی لە نەوت و خاڵە گومرگیەکان بکەن و دەست لە تاڵانی هەڵبگرن، و وشەی ئەگەر بەکاردەهێنێ، من نازانم چۆن رێگەی بەخۆیداوە بڵێ ئەگەر.. چونکە کاتی ئەگەر نەماوەو بە فیعلی دەبێ دەستبەرداری بن. ئێ خۆ هەم حکومەتی عێراق و هەم کاک بەرهەم و هەموشمان هەر ئەو داواکاریەمان هەیەو هیچی تر. ئەی ئەگەر ئەوان دەستیان لەو تاڵانی بڕۆیە هەڵگرتبا، داهات و خەرجی شەفاف با، لە مانگی حەوت مووچەی مانگی دوو بە نیوەو دوومانگ جارێک دابەش نەکرابا، با کاک بەرهەم هەر هەوڵی تێکدانی ماڵی کوردو قەوارەکەی دابا، نەک جێگەی سەرەنج نەبوو، بەڵکو مەگەر لە هەواڵێکدا خەڵک وەبیری هاتباوە.
بەڵام بەم هەموو کەموکوڕی و ماڵوێرانیەی دەسەڵاتدارانی کورد بەسەر کوردیدا هێناوە، و خەڵک بە کورد بوونی خۆشی بێزارە؛ نەخۆشی بەردەرگای پێگرتوە، دیناری پێ نییە، کاروکاسبی وەستاوە، هیچ جوڵەیەکی نەماوەو گەیشتۆتە قۆناغی چەق بەستن؛ هەموو ئەمانەش بەرهەم ساڵح هۆکار بێت، ئەوە بەراستی ویژدان کار ناکات، مەگەر تەنها ئەوکەسانە ئەو قسانە بکەن کە راسپێردراون سپی لەخەڵک بکەن بەرەش و شاباشی خۆیان لەورێگەیەوە دەستبکەوێت.