Draw Media

چییە پارتی و یەکێتیی لە یەک نزیکدەکاتەوە؟

چییە پارتی و یەکێتیی لە یەک نزیکدەکاتەوە؟

2020-07-01 21:23:19


كەمال چۆمانی 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە داهاتوی نزیکدا رێژەیەکی زیاتریش موچەی فەرمانبەران دەبڕێت. ئەمجارە یەکێتییش جدییتر پشتیوانیی دەکات. هەرچەندە لاهوڕ تاڵەبانی تویتی کرد و داوایکرد لەگەڵ بەغداد رێکبکەون، بەڵام ئەویش تێگەییشتوە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد ئاسان نییە چونکە بەغداد داوای تەسلیمکردنی یەکێک لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی داهاتی یەکێتیی و پارتیی کردوە؛ گومرگەکان.
بەداخەوە هەندێک ئەندام پارلەمان و سیاسیی پۆپیولیست داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئەم بیانوە دەرفەتی دایە یەکێتیی و پارتیی تا لە نزیکترین کاتدا کۆببنەوە و جارێکی تر پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە نە لە پێناو خەڵکی کوردستانە، نە لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەنها لەپێناو هەڵوێستێکی یەکگرتوی یەکێتیی و پارتییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد تا کاریگەریی خراپ لەسەر سەرچاوەی دارایی یەکێتیی و پارتیی نەکات. هەروەها، ئەگەر رێکنکەوتن لەگەڵ بەغداد، بتوانن جارێکی تریش رێژەی بڕینی موچەی فەرمانبەران کەمبکەنەوە، ئەگەر هەڵوێستی هەردولا بەتەواوی یەک بێت باشتر دەتوانن زاڵ بن بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا.
بۆ ئەوەی خاڵە سنورییەکان تەسلیم نەکەنەوە و خۆیان گومرگ وەربگرن، ئەو دو هێزە بە هەر نرخێک بێت رێنادەن بەغداد کۆنترۆڵی خاڵە سنورییەکان بکاتەوە کە داوایەکی دەستورییە؛ پارتی ئیبڕاهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و یەکێتییش باشماخ و پەرویز خان. هی لاوەکییش هەن بەڵام ئەوانە سەرەکییەکانن. داهاتی ئەو گومرگانە لە ئێستادا لە داهاتی نەوت گرنگترە بۆ یەکێتیی و پارتیی.
لە زوترین دەرفەتدا جارێکی تر یەکێتیی و پارتیی بڕیارە کۆببنەوە و هەوڵدەدەن هەڵوێستەکانیان یەکبخەنەوە. بۆ ئەوەش، یەکێتیی دەستی بە کۆبونەوەکان کردوە و لەو رێیەوە لەگەڵ پارتییش رێکدەکەوێتەوە. لاهوڕ تاڵەبانییش تویتەکەی لەبیردەکات -هیوادارم تا ئەوکات نەیسڕێتەوە- و کشانەوەی یەکێتیی و رێککەوتن لەگەڵ بەغداد دەبنە بڵقی سەر ئاو.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت باش ئەوە بزانە پارتی و یەکێتی چی خراپە بەرانبەر یەکتر و پێکەوە کردویانە، بە تاوانی جەنگیشەوە. هەمو کاتێک ئەو دو هێزە ئەگەری هەیە پێکدابدەن کە خاوەنی میلیشیای حیزبیین و رێنادەن دەزگا عەسکەریی و ئەمنییەکان یەکبگرنەوە. بەڵام هەرگیز نابێت ئەوە لەبیربکەن کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەو دو هێزە زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو دو هێزە دو ئاراستەی سیاسیی جیاواز لە یەک وەربگرن. تا خەڵک لەو راستییە تێنەگات هەمیشە دەکەونە ناو وەهمی گۆڕانکاریی لەڕێی ململانێی میدیایی ئەو دو هێزەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand