مەرجەعیەتی بارزانی و سەردانەکەی بافێل تاڵەبانی
2020-07-01 19:23:41
ئاسۆ حاجی
چوونی بافێل تالەبانی بۆ پیرمام و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە چەند لایەکەوە گرنگە:
- یەکخستنەوەی توانا و هەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە ژێر بڕیار و رێنوماییەکان سەرۆک بارزانی واتا زاڵبوونەوەی گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەسەر گوتاری سیاسی کوردستانی لە بەرامبەر عێڕاق و لە گفتوگۆکان دەربارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
- کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی یاسای چاکسازی کە جگە لە بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەت ئەوە دەستی هەولێر لە بن سەری بەغدای رەفتار فاشی دەردێنێ و لە قۆناغی ترسی سازشکردن لە سەر مافە دەستوریەکان دەرباز دەبین.
- پەند و وانەیەکی گرنگە بۆ گەلی کوردستان بە هەموو حیزب و پێکهاتەکانیەوە کە تەنها ئەوان بەکەلکی یەکدی دێنن و جیاوازیەکان زۆر گچکەترن و لە وێکچوەکان و هەر چەند رکابەر و دژی یەکتر بین لە کۆتایی هەر تەواوکەری یەکترینە جا بە خۆشی بی یان بە ترشی.ئەوەش وەدیار کەوت کە بێگانە یەک مەیدانە جا مالیکی یان عەبادی و کازمی بێت.
- لەوانەش گرنگتر خەڵکی کوردستان لە رووی نەفسیەوە پشوێک دەدەن و لە جیاتی بیرکردنەوە لە ململانێی ناوخۆیی و عیاندی سیاسی حیزبەکان و نیازی تۆڵەکردنەوە،زیاتر لە ماهیەتی بەغدا و دەوڵەتی بەزۆر دروست کراوی عێڕاق تێدەگەن کە سەت ساڵ زیاترە خێر و بێری بۆ خەڵکی کوردستان تەنها چەوساندنەوە و برسی کردن و داگیرکردن و کوشتن و تاڵان و وێران کردنە.
- لە هەمووشیان گرنگتر و زیاتر جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەوانەی تەنها بۆ دژایەتیکردنی بارزانی و پارتەکەی هیچ نەما نەکەن لە دەستدۆیی داگیرکەر و پێشنیار کردنی بڕینی بودجە و موچەی خەڵک تا دەگاتە پێشنیارکردن و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان،دەرفەتێکیان بۆ خەڵکی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەهێشتەوە جگە لە خۆشویستنی بارزانی و بە گەورەتر تەماشاکردنی لە تەنها سەرۆکی حیزبێک و رابەرێکی سیاسی بەڵکو وەک لێڤەگەڕێک(مەرجەع)پشتگیری بکەن و باوەڕی پێبهێنن.