نەیارە ناوخۆییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان
2020-07-01 15:41:12
د.ڤیان سلێمان
قەوارەی دەستوری و سیاسی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتێکی دوورودرێژی پڕ هەوراز و نشێوی لێوانلێو لە قوربانیدانە، بەرهەمی دەریایەک خوێن و ئەنفال و ڕاگواستن و کیمیابارانە، بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و ڕاپەڕینە مەزنەکەیە. بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری گەلی کوردستان و خوێنی گەشی شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش و داستانەکانی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر و خەباتی سەختی سیاسی و دیبلۆماسی و تەحەدای ڕابەری نەتەوە (سەرۆک بارزانی) پارێزراوە.
هەرێمی کوردستان تاکە قەوارەی دەستوری دانپیانراوی نێودەوڵەتی کوردە وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمان، لە سایەی ئەم هەرێمەدا ئاڵای کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان شەکایەوەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرا و دەنگی کورد بە هەموو جیهان گەیەندرا، ئەم ئەزمونە هیوا و پەنای گشت کوردێکە لە سەرانسەری جیهان.
لە چوارچێوەی پرۆژەی گەلەکۆمەی دەرەکی و ناپاکی ناوخۆیی، بەردەوام ئاڕاستەیەک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەک تەواوکاری پرۆژەی داگیرکەرانی کوردستان دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان بە شێوازی جۆراوجۆر کردووە، داواکردن لە دەسەڵاتی ناوەند بۆ بڕینی بودجەی کوردستان، کارکردن بۆ بنکوڵکردنی حکومەت و ئاستەنگ خستنەپێش بەرنامەو پلانەکانی، بلاوکردنەوەی گوتاری دژەنەتەوەیی، بێ بەهاکردنی خاک و نیشتمان و کوردایەتی و سەروەرییەکان، هێرشکردنەسەر سیمبولەکان، پەرەدان بە گوتاری ڕەشبینی و بێ هیواکردن، تا گەیشتە ئەوەی بە ئاشکرا داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێ، داوای هەڵوەشانەوەی ماڵ و پەرتەوازەکردنی خێزان و گەڕانەوە بۆ زەلکاوی داگیرکەر.
کەسانێکی دۆڕاو متمانەی ڕای گشتیان لەدەستداوە و لایەنەکانیشیان ڕوویان نیە پشتگیریان لێبکەن، ئەمانە دەیانەوێ بە بانگەشەی چەواشە و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان دەنگی ناڕازی و مافی ڕەوای خەڵکی هەژار بقۆزنەوە، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بە هەموو توانایەکەوە هەوڵی دەربازبوون لە قەیرانەکان دەدەن و حکومەتی هەرێم ڕێڕەوی چاکسازی و دادپەروەری گرتۆتەبەر، ئەم کەسە بچوکانە هەموو توانایەکیان خستۆتە گەڕ بۆ کاولکردنی نێوماڵمان و لەناوبردنی قەوارەکەمان، ئەمانە جێگای مەترسین چونکە هیچیان نەماوە بۆ لەدەستدان و کەسانێکی دۆڕاون.
ئەوانەی داوای هەڵوەشانەوەی ئەم قەوارەیە دەکەن و دیارە کە پیلانی داگیرکەر جێبەجێ دەکەن و ڕووی تیریان لە پارتی دیموکراتی کوردستانە؛ باش دەزانن ئەم قەوارەیە واتە پارتی، چونکە پارتی سەرچاوە و کانگای خەباتی بزاڤی ئازادیخوازی کوردستانە، پارتی تەنها هێزی کوردستانە کە ڕاستگۆیانە و بنەماییانە و کردەییانە پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان کردووەو دەکا، هەرێمی کوردستان بەرگەی پیلانگێڕییەکانی بەغدا و پاوانخوازی وڵاتانی دەوروبەر و هێرشی سەربازی میلیشیاکان و گەمارۆی ئابووری و شەڕی سەختی تیرۆر لە ڕووی بەرەیی و سەقامگیری ناوخۆیی گرتووە، بە دەنگ و هاواری ناسازی ئەوان نەک هیچی لێ نایە، بەڵکو پارێزەرانی زیاتر و زیاتر دەیپارێزن و بەهێزی دەکەن.