Draw Media

قەوارەی هۆشیاری

قەوارەی هۆشیاری

2020-07-01 11:18:34


پەیكار عوسمان 

- خودی سیاسەت جۆرێکە لە باڵایی، چونکە تێپەڕاندنی جانبە غەریزییە خۆپەرستەکەی مرۆڤەو ئاشنابوونە بە گشت و هەستکردنە بەوانیتر. ئێمەش سیاسەتمان هەیە، بەڵام لە جانبە نزمە خۆپەرستەکەیدا. لەکاتێکا خودی سیاسەت ئەکەوێتە جانبە باڵا خۆنەویستەکەوە. کەواتە لەڕاستیدا ئێمە هێشتا سیاسەتمان نیە!
ئاخر سیاسەتی ئێمە بریتییە لە ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی. لەکاتێکا سیاسەت خۆی، بریتییە لە ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ گشت.

- لە جانبە نزمە ئاژەڵییەکەدا غەریزە حوکم ئەکاو لە جانبە باڵا مرۆییەکەدا هۆشیاریی حوکم ئەکات. سیاسەتیش سەربە ناوچەی دووەمەو لەسەر دوو پایەی عەقڵ و ئەخلاق وەستاوە. لەکاتێکا ناوچەی یەکەم لەسەر دوو پایەی حەزو ڕق وەستاوەو ئەم دوو قاچەش بۆ سیاسەت نابێ و سیاسەتی لەسەر ڕاناوەستێ!

- خۆپەرستیی سیاسییانەی ئێمە، هەر جانبی پارەو مادە نیە، جانبی دەمارگیرییشە. ئاخر جاری وایە کەسەکە هیچ بەرژەوەندییەکی مادیشی نیە، بەڵام تا دواسنور بەرگری لە حیزبێکی گەندەڵ ئەکات! یان تا دواسنور بەرگری لە ڕای خۆی ئەکات ئەگەر هەڵەشبێت! دەی ئەمە گرێیەکی دەروونییە نەك هەڵوێستێکی سیاسی. هەڵوێستی سیاسی گۆڕاوەو بەپێ ی بنەمای چاکەو خراپە گۆڕانی بەسەردا دێت. بەڵام دەماریگیری سیاسی نەگۆڕەو تۆ بە چاك و بە خراپ هەر ئەوەیت کە هەیت.

- هەیە پارتیبوونەکەی نەگۆڕەو بە باشی و بە جاشی هەر پارتییەو هەرچی ڕووبدا هیچ لە پارتیبوونی ئەو ناگۆڕیت. بەعەکسەوە هەشە دژەپارتیبوونەکەی نەگۆڕەو ئەسڵەن مەسەلەکە ستەم و فەساد نیە، بەڵکو هەر دژەپارتیبوونێکی ڕووتەو هیچی تر. دەی ئەم دووانە هەمان نەخۆشییان هەیە، "نەخۆشیی ناسیاسییبوون"، چونکە نە سیاسەت ئەوەیەو نە سیاسیبوون وایە!

- بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەکە تێبگەیت، سەیرکە لای ئێمە خودی کردە سیاسییەکان مەوزوع نین، بەڵکو بکەرە سیاسییەکان مەوزوعن. واتە هەمان کردە ئەگەر یارەکەت بیکا باش و شانازییە، بەڵام ئەگەر نەیارەکەت بیکا خیانەت و جاشێتییە!

- لە نمونەی ٣١ی ئاب، ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕیفراندۆم.. کە هەریەك لەمانە هێشتا وەکو کردەکە نەبۆتە بابەت لای ئێمە. بەڵکو هەر لە بکەرەکەوە سەیریان ئەکەین و هەمان کردە، ئەگەر بکەرەکەی بگۆڕین بەویتر، لەگەڵ و دژەکەشی ئەگۆڕێت و ئەوەی کە ئێستا دژە، ئەبێتە لەگەڵ و ئەوەشی کە ئەوسا لەگەڵبووە، ئەبێتە دژ! کە ئەمەش خودی نابابەتیبوونەوە ئێمەش تا دیدی بابەتییانە دروست نەکەین، کوێرین ناتوانین بابەتەکان ببینین. بابەتیبوون ئەوەیە کە کردەکە چەقەو بە بنەمای چاکە ئەیپێویت، نەكئەوەی بکەرەکان چەقبن و بە بنەمای لایەنداریی بیپێویت.

- ئەوەی سۆران عومەریش هەر لەم ئیزدیواجییەت و دووفاقییەدایەو پێشوەخت لەگەڵەکان و دژەکانی دیارەو خۆ ئەگەر پەرلەمانتارێکی پارتی وای بوتایە، ئەوکات هەمان دژەکانی ئێستای قەوارە، ئەبوونە بەرگیریکارانی سەرسەختی قەوارە!

- ئەمەوێ بڵێم، کێشەکە ئەم حیزب و ئەو حیزب نیە، بەڵکو هەمووی یەك عەقڵیەتەو کێشەکەش ئەو عەقڵیەتەیە.
سەیرکە پارتی لەگەڵ یەکێتی شەڕیبوو بەعسی بۆ هێناو یەکێتی لەگەڵ پارتی شەڕیبوو پاسداری بۆ هێنا. ئێمەش لەگەڵ پارتی و یەکێتی شەڕمانەو لەناخی خۆماندا حەزئەکەین بەغایان بۆ بێنین. دەی مەگەر ئەمە هەمووی یەك عەقڵ نیە؟؟

- کە نەخۆشی دای لە دەغڵ و دانەکەت، تۆ ئەبێ دەرمانی پیاکەیت و نەخۆشییەکە بکوژی، نەك ئەوەی ئاگری پێوەنێیت و دەغڵەکەت بسوتێنی. هۆشیاریی جیاکردنەوەی تەڕو وشکەو جەهل سوتاندنی تەڕو وشکە پێکەوە. لێرەشدا تەڕی ئێمە قەوارەکەی هەرێمەو وشکی ئێمە ستەم و فەسادەکەی حیزبەکانە. پارتی و یەکێتی بە ستەم و فەسادو "بە کردەیی" سی ساڵە خەریکی سوتاندنی تەڕەکەن. دژەکانیشیان لە جەهل و ڕقی خۆیانەوە، لەبری ئەوەی ستەم و فەسادو وشکەکە بسوتێنن، ئەوانیش دیسان هەر هاتوون بۆ گیانی تەڕەکە!

- دەی دەرمانی فەسادو ستەمەکەی ئەوان و دەرمانی ڕق و جەهلەکەی ئەمان، هەر هۆشیارییەو هۆشیاریش هەر جیاکردنەوەی تەڕو وشکە. جا ئێمە ئەگەر لە ڕقی پارتی و یەکێتی هەرێم بوستێنین و لە ڕقی پەیەدە ڕۆژئاوا بسوتێنین و لە ڕقی پەکەکە قەندیل بسوتێنین، ئیتر دوژمنمان بۆچیە؟!

- ڕقی قەومچێتی و ڕقی دژەکوردایەتی هەر یەکێکە. ڕقی دینی و ڕقی دژەدینی هەر یەکێکە. ئەو ڕقەی پارتی ئەیڕێژێ و ئەو ڕقەی دژەپارتییەکان ئەیڕێژن هەر یەکێکە. ڕقی حیزبایەتی و ڕقی شارچێتی و ڕقی سیاسی و ڕقی کۆمەڵایەتی.. هەمووی لەوەدا یەکە، کە عەقڵکوژەو هۆشیاری لەسەر دانامەزرێ. هۆشیارییش قەوارەی یەکەمی مرۆڤەو ئەم قەوارەیەش پێش هەرشتێك، بە شکاندنی تەوقی ڕق و دەمارگیری دروستئەبێ. تۆ تا دیلی ڕقەکانت بیت و تا دەمارگیربیت لەسەر حەزو ڕاکانت، ناتوانی قەوارەی هۆشیارییت هەبێت. هەموو قەوارەکانی تریش لەم قەوارەی یەکەمەوە مانا وەرئەگرن و لێرەوە دروستئەکرێن و ئەپارێزرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand