کورد و دەستوور لە عێراقدا
2020-06-30 22:46:03
ئازاد جۆڵا
کورد بەبەردەوامی و لەکاتی ناچاریشدا هەندێک لە لایەنە عێراقیەکان باس لە جێ بەجێکردنی دەستووری عێراق دەکەن و کەم جاریش کاری پێدەکەن ،
دەوڵەتی عێراق لەوەتەی لە سەرەتای بیستەکانەوە دروست بووە بەچەند قۆناغ و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیدا تێپەڕیوە ، هەروەکو چەندین دەستووری کاتی و هەمیشەیی بەخۆوە بینیوە ،
۱ - دەستووری ۱۹۲٥ کە بە دەستوری بنچینەیی ناسراوە لە ۱۹۲٥/۳/۲۱ بڵاوکرایەوە تاوەکو کەوتنی حوکمی پاشایەتی کاری پێکراوە ، لەم دەستورەدا هەوڵی ئەوە دراوە کورد وەک پێکهاتەیەکی عێراقی لە بۆتەی عێراقچیەتیدا بتوێنێتەوە ، دانیشی بەوە دا نەناوە کەوا کورد نەتەوەی دووەمە لە عێراقدا ،
۲ - دەستوری ۱۹٥۸ ی پاش شۆڕشی ۱٤ ی تموزی ۱۹٥۸ و ڕاگەیاندنی کۆماری کەوا بڕیاری نوسینەوەی دەستورێکی کاتیان دا بۆ عێراق و لە ۱۹٥۸/۷/۲۷ دەستوری کاتیان ڕاگەیاند ، لەم دەستورەدا کورد وەک هاوبەش لە عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ کراوە ، بەڵام دانی بە هیچ پێکهاتەو نەتەوەیەکی تر نەناوە جگە لە عەرەب و کورد .
۳ - لە ۱۹٦٤ تاوەکو ۱۹٦۸ دووجار دەستور گۆڕاو نوسرایەوە ،ئەم سەردەمە قۆناغی کودەتا بوو ، لەم دەستورەشدا دانی بە مافی کورد داناوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا ، وە لە مادەی ۲۱ دا باس لە یەکسانی هەموو عێراقیەکاندا دەکات و دەڵێ لە ئەرک و مافدا یەکسانن ،
٤ - دەستوری کاتی ۱۹۷۰ بێ گومان ئەم دەستورە لەدوای کودەتا نوسرا و وەک دەستورێکی کاتی لە ۱۹۷۰/۷/۱٦ ڕاگەیەندرا ،
ئەم دەستورە بە بەراورد بە دەستورەکانی تر هەندێک کراوە ترە لە ڕووی داننان بە ماف و هەبوونی پێکهاتە جیاوازەکانی تر لە عێراقدا ،
بەڵام هەرچی سەبارەت بە نەتەوەی کوردە لە بڕگەی (ب) ی مادەی ٥ دەڵێ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کور پێک دێت ،هەروەها دەڵێت هەموو پێکهاتەکان هەموو مافێکیان پارێزراوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا ،
٥ - دەستوری ۲۰۰٥ ی هەمیشەیی عێراق ، ئەم دەستورە واتە هەمان ئەم دەستورەی ئێستا بە وەرچەرخانێکی گرینگ و مێژویی دادەندرێت بە بەراورد بە دستورەکانی پێشەخۆی چونکە بەشێکی زۆر لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری عێراقی ناساندوەو جێگیرکراوە ،
لە گرینگترین دەستکەوتەکانی ئەم دەستورە هاوبەشی کوردە وەک عەرەب لە عێراق و داننان بە مافی خۆبەڕێوە بردن و شێوازی سیستەمی فیدراڵی و مافە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەنانەت دەستوری سەربەخۆش بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە ..
لێرەدا ئەوەی گرینگە بۆ کورد لەم دۆخەدا ڕەنگە تەنها پێداگری و سووربوون و لانەدان لەدەستوور سوود و قازانج بەکورد بگەیەنێ و لە ئێستادا هیچ لایەنێک و وڵاتێک لەم مافە دەستوریانە زیاتری بۆ کورد پێ نەبێ ، بۆیە گرینگە کورد لە هەموو لایەنەکانی تری عێراق زیاتر پابەندی ئەم دەستوورە بێ و پێداگری جێ بەجێکردنی بکات ...