گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی، بۆ؟
2020-06-30 13:15:04
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئارامیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ده‌روونی تاكه‌كانیش هه‌یه، ئه‌وا ره‌نگه، له بنه‌ڕه‌تدا، ناكۆكیی نێوان یه‌كێتی و پارتی، ته‌نها بۆ دوو لایه‌ن خوازراو و به‌كه‌ڵك بێ: نه‌یارانی ده‌ره‌كی و هه‌لپه‌رستانی ناوخۆیی!.
ناكۆكی، ئاساییه ئه‌گه‌ر زاده‌ی جیاوازی بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی، له‌رووی سیاسییه‌وه، نائاساییه‌و، ئه‌وه‌ی به كایه‌ی سیاسه‌تیش نامۆیه!، درێژه‌دانه به ناكۆكی و ململانێ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ باك و بایه‌خێك به بڕی ئه‌و زیان و مه‌ترسییانه هه‌بێ كه بۆ سه‌ر ئاسایش و ئارامیی سیاسی و ده‌روونیی گشت/كۆمه‌ڵ، دروستیان ده‌كه‌ن.
هاوكێشه‌كه، له په‌یوه‌ندیدا به هه‌ردوو پارته فه‌رمانڕه‌واكه‌ی هه‌رێمه‌وه، تایبه‌تمه‌ندیی زیاتریشی هه‌یه، چونكه ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مان، ده‌ستبه‌جێ و له‌یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵدا، هه‌م برینی مێژوویی ئهكولێننهوه، هه‌م دابه‌شبوونی جوگرافی و ئیداری، ئه‌مه‌ش بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد كه ته‌نها له‌م به‌شه‌ی باشوور، له یه‌ككاتدا، له عێراقی دوای بهعسیشا، هێشتا به‌شێكی لێ دابڕێنراوه‌و، ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازیی توركیاش، له‌دۆخی له‌شكركێشی و داگیركاریدا، له‌ناو خاكه‌كه‌یدا دامه‌زراون و، له‌ولاشه‌وه، ناوبه‌ناو، تووشی گێچه‌ڵی تۆپیارانی ئێرانییه‌كانیش ده‌بێته‌وه، ناكۆكییه‌كی یه‌كجار ناعه‌قڵانییه.
خۆ ئه‌گه‌ر، له‌م ناكۆكییه‌دا، دیسانه‌وه، مهغرورانهو بێ په‌ند وه‌رگرتن له رابردوو، هه‌وڵ هه‌بێ بۆ ههژموونكردن و تاكڕه‌وی، یان یه‌كتر سڕینه‌وه، له‌وه‌ش زیاتر له‌م خه‌یاڵدانه سیاسیه مه‌ترسیداره‌دا، بویسترێ گره‌و له‌سه‌ر هێزو پاڵپشتیی داگیركه‌ر بكرێ، ئه‌وا بێگومان ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك زۆر له‌وه دڵنیابێ كه ستراتیژی شاراوه‌ی داگیركه‌ران، خۆشبه‌ختانه!، رێك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خهیاڵدانهیه. ئه‌وان، له‌كۆتاییدا، هیچ هێزێكی كوردی، چه‌ند نۆكهرایهتیشی بۆ بكه‌ن، له‌خۆیانی گه‌وره ناكه‌ن!، ئه‌وان ئه‌وه‌ی زۆر به دیققەتهوه ده‌یخوازن و پلانی بۆ داده‌نێن، ته‌نها به‌رپاكردنی شه‌ڕی ناوخۆیی ئیستنزافی و وێرانكه‌ری وڵات و نه‌مانی یه‌كجاریی هه‌ر ئه‌زموونێكی سیاسیی كورده له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا، بۆیه عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی و یه‌كتر سڕینه‌وه، لای هه‌ر هێزێكی كوردی، له هه‌موو دۆخێك‌دا، هه‌ر به ته‌نها گه‌مژه‌یه‌كی سیاسی و كورتبینیهكی ستراتیژی نییه، به‌ڵكو ده‌كرێ بوترێ عه‌قڵییه‌تێكی كه‌متر دۆزه‌خییه بۆ كورد‌و ئه‌زموونی سیاسیی باشووری كوردستان به به‌راورد به‌و دۆزه‌خه گه‌وره‌یه‌ی كه داگیركه‌ران، له ناكۆكی و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی خۆبه‌خۆی تری كورددا، به‌رپای ده‌كه‌ن!.
هه‌ر له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆیانه، به‌ڵێ پێویستیمان به گفتوگۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه، به‌ڵام گفتوگۆیه‌ك كه جیاوازیی تێز‌و سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه له نێوان هه‌ردوولادا، بكاته فره بژارده‌یی، بكاته فراوانكردنی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی، ڕووه‌و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازیی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانی به‌رێ، نه‌ك بیگۆڕێ بۆ كات كوشتن و نمایش و میوەخواردن و پێكه‌نین!، یان تهعهنودی سیاسی و ده‌مارگیری و ده‌ستگرتن به بیروڕاو ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو بیروڕایه‌كی به‌رامبه‌ر.
جیاوازی له‌ناو كایه‌ی سیاسی‌دا، بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه كێشه‌ی شوناسی هه‌یه، كه هێشتا هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خاك و قه‌واره‌ی هه‌یه، كه هێشتا داگیركه‌ر بۆی لهبۆسهو مهڵاسدایه، هه‌ڵوێستێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی بكرێ به ناكۆكی و بایكۆتی سیاسی و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌ی شكاندنی ئیراده‌ی یه‌كتر!.
هیچ لایه‌ك ئه‌زموونی له‌م بواره‌دا نه‌بێ، یه‌كێتی و پارتی هه‌یانه!، دڵنیاشین، هه‌ردوولا، هێشتا توانای - خوانه‌خواسته - چه‌ندین خولی تری شه‌ڕی ناوخۆییان تیا ماوه! به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیشیان كۆتاییان پێ بێ و هیچ بچننه‌وه جگه له مه‌رگی زیاتری رۆڵه‌كان و وێرانكردنی قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان و كۆتایی پێهێنانی، چونكه ڕوونه هێشتنه‌وه‌ی ناكۆكیی به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا، له نزیكه‌ی نیوسهدهی رابردوودا، به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه له ستراتیژی داگیركه‌ران، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان به‌ڵگه‌نامه له ده‌زگاكانی موخابه‌رات و ئه‌من و باره‌گاكانی حزبی به‌عسی رووخا‌و و به‌ڵگه‌نامه‌ی تری دزهكراوی ده‌زگای موخابه‌راتی وڵاتانی تردا هه‌یه!، بۆیه هه‌ر هێزێكی سیاسییش ئاو بكاته‌وه ئاشی ئه‌م ستراتیژه‌دا، هه‌ر حزبێك له پێناوی تاكڕه‌وی و خۆسه‌پاندندا، كۆمه‌كی بكات، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر براوه نابێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌یه‌كی شهرافهندانهی خۆیشی نییه جگه له‌دۆخی نۆكه‌رایه‌تی كه هه‌میشه مه‌رجێكی بابه‌تی بووه له مه‌رجه‌كانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی گه‌لی كورد.
گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی پێویسته، به‌ڵام بۆ ئه‌وه نا ته‌نها كۆببنه‌وه‌و گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی به راشكاوی خاڵی جیاوازی و سروشتیی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ناكۆكیی له‌نێوانیاندا دروست كردۆته‌وه، ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه كۆببنه‌وه كه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی، وه‌ك له میدیای ته‌قلیدی و میدیای نوێNew Media و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئه‌گوزه‌رێ!، له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان، به ره‌هایی، یه‌كتر تۆمه‌تبار بكه‌ن، بێن و به‌رپرسیارێتیی هاوبه‌ش هه‌ڵبگرن، خاڵی هاوبه‌ش بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌لومه‌رجی سه‌ختی دارایی و سیاسی و ته‌ندروستی هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌و بڕیاری بوێرانه بده‌ن.
گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی، گرنگه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه نه‌بێت كه رۆڵی هێزه سیاسییه‌كانی تری گۆڕه‌پانه‌كه فه‌رامۆش بكرێ و بخرێنه په‌راوێزه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێزانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تن. هه‌ر هێزێكی سیاسی كه لانیكه‌م عه‌قڵانی و ستراتیژناس بێت، ئه‌وا هه‌موو پلۆرالیزمێكی سیاسی وه‌ك وزه‌ی نیشتمانی سه‌یر ده‌كات، وه‌ك یه‌ده‌كی هێزو پشتیوانی لێی ده‌ڕوانێت، هه‌وڵی ره‌چاوكردنی تێزی باش و دڵسۆزانه‌ی نه‌ك ته‌نها گروپه سیاسییه جیاجیاكانی نیشتمان ده‌دات، به‌ڵكو حساب بۆ پێشنیاری گونجاو و به‌نرخی هه‌موو هێزه مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییه‌كی ئاسایی-یش ده‌كات.
گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی، باشه، به‌ڵام به‌وه سه‌رده‌كه‌وێت كه له پێناوی پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێم و به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان و باشكردنی ژیان و گوزه‌رانیاندا، گیانی سازشكردنیان بۆ یه‌كتر تیا بێت، به رووی تێز‌و پرۆژه‌ی یه‌كتردا بكرێنه‌وه، ره‌خنه‌ی بابه‌تی و هێمنانه له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌یه‌كتر بگرن و له‌ده‌ره‌وه كۆمه‌ڵگه به‌گژ یه‌كتردا نه‌كه‌ن!، به‌ڵكو بیرۆكه‌و تێزه‌كان، به لۆژیكی دانوستان، بخهنهكارو قه‌یرانه‌كانیان پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌نجامی كردارییانه‌ی گفتوگۆكان، راسته‌وخۆ، له‌سه‌ر گوزه‌رانی هاووڵاتیان ره‌نگ بده‌نه‌وه‌و كاتیان پێ به‌ڕێ نه‌خه‌ن و نائومێدیان ناكه‌ن.