Draw Media

بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ، ئێستا کاتێتی

بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ، ئێستا کاتێتی

2020-06-22 12:24:29


پەیمان عزەدین 

لە ٢٩/١/٢٠١١ دا و کە هێشتا دوو ساڵی تەواو بەسەر بەشداری گۆڕان لە پەرلەماندا تێپەڕ نەبوبو وەک یەکەم ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان پێیوابو کە ئەو ماوەیە زۆرە بۆ مۆڵەتدان بە پارتی و یەکێتی و تیایدا سەرکەوتونەبون لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازی . بزوتنەوەی گۆڕان لە پێشەکی بەیاننامەکەیدا ئەڵێت: (خەڵکی کوردستان ئومێدیان وابو کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەخۆیاندا بچنەوە ودەرکەوتنی ئەم ئەزمونە بکەنە دەرفەتێک بۆ دیموکراتیزەکردنی فەرمانڕەوایی و دامەزراندنی سیستمێکی پەرلەمانی راستەقینە و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان ودابینکردنی هەلی کار وخۆپێگەیاندن بۆ گەنجان و بەنیشتیمانیکردنی مەنزومەی ئەمنی و بەرگری هەرێم و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لە دەسەڵاتی حکومەت).
دواتر هەر لەبەیاننامەکەدا هاتووە ( بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خەڵکیەوە دەسەڵاتداران بە بەرنامە کارئەکەن بۆ نابوتکردنی دەزگا نیشتیمانیەکان ،لەسەرو هەموشیانەوە پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆڵی رەقابی بەتەواوی لەدەستداوە ،ئەوە ساڵ و نیوێک بەسەر تەمەنی ئەم خولەی پەرلەماندا تێ ئەپەڕێ تا ئێستا دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە لێپێچینەوە لەگەڵ تاکە بەرپرسێکی ئەم هەرێمەدا بکا . تەنانەت ئەو حکومەتەی کە شەرعیەتی لە پەرلەمان وەرگرتووە ئامادە نیە ئیعتیراف بە دەسەڵاتی پەرلەمان بکا و وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە .)
ئەمە ڕا و هەڵوێست و بەیاننامەی بزوتنەوی گۆڕان بو لە ساڵی ٢٠١١ دا ، ئەو کاتەی هێشتا دوو ساڵی تەواو بەسەر یەکەم ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیدا تێنەپەڕیبوو ، لەو کاتەدا و پاش کەمتر لە دوو ساڵ گۆڕان چاوەڕێی سیستمێکی پەرلەمانی ڕاستەقینە و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و بە نیشتیمانیکردنی مەنزومەی ئەمنی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبی ئەکرد لە دەسەڵات ، لەپاش کەمتر لە دوو ساڵ بۆی مەعلوم بوو کە ئەوانە هیچیان نەکراون و ناکرێن و دەسەڵاتداران واتە یەکێتی و پارتی بە بەرنامە ئیش ئەکەن بۆ بۆ نابوتکردنی دەزگا نیشتیمانیەکان و پێی وابوە کە پەرلەمان ڕۆڵی رەقابی خۆی لەدەستداوە .
بۆیە و لەسەر ئەو بنچینەیەوە چەند داواکاریەکی وەک ڕێگاچارەیەکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستمە حیزبسالاریە پێشکەشکرد ،کە بریتیبو لە :
١-مەنعی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک لە کاروباری حکومەت و دائیرەکان ، پەرلەمان ،دادگا ئاسایش ، پێشمەرگە ،
٢-مەنعی دامەزراوەکانی ئسایش ، زانیاری و پاراستن و پێشمەرگە لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێ لە کاری سیاسی خەڵک و چالاکیە جەماوەریەکان ، گۆڕینی بەڕێوەبەرەکانی ئەم دەزگایانە بە کەسانی بێلایەنی پیشەیی .
٣-هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە حیزبیەکەی ئێستای یەکێتی و پارتی و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتیقالی تەکنۆکراتی بێلایەن.
٤-هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانەی ئێستا.
٥-ئامادەکردنی زەمینەی هەڵبژاردنێکی نەزیهی بێ تەزویربۆ پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣ مانگ تێ نەپەڕێ.
٦-گێڕانەوەی موڵک وماڵی داگیرکراوی حکومەت و خەڵک لەلایەن حیزبەکان و کاربەدەستەکانیانەوە .
٧-کێشانەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم و هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە سیستمی حکومڕانی وڵاتەوە و حەواڵەکردنیان بۆ پەرلەمانی داهاتو .
ئەم ڕا و سەرنج و پێشنیازانەی گۆڕان بو کە ئومێدی گەورەی بە گۆڕانکاری دروستکردبو و هەزاران کەس لەدەوری کۆبوبونەوە، بەڵام ئێستا ساڵی ٢٠٢٠ ە ، ئەگەر دیقەت لە بارودۆخی سیاسی و گوزەرانی هاووڵاتیانیش بەین ،ئاخۆ دوای ٩ ساڵ تێپەڕبون بەسەر ئەو بەیاننامەیەدا چی گۆڕاوەو بەرەو کوێ ڕۆشتووە.
دەسەڵات هیچ ئەزمون و پێشنیاز و ناڕەزایەتیەکیان نەکردە دەرفەت و بە هیچدا نەچونەتەوە و ناچنەوە ، فەرمانڕەوایی نەک هەر دیوکراتیزە نەکراوە ، بەڵکو تادێ دیکتاتۆرەیەت قایمتر و توندتر ئەکەن و بازنەی ئازادی و بیروڕای ئازاد بچوک و بچوکتر ئەبێتەوە ، پەرلەمان نابوتتر کراوە وئەگەر تا ساڵی ٢٠١١ بوێری ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان و قوفڵکردنی پەرلەمانیان نەئەکرد ،ئێستا ئەوە ئاسانترین بژاردەی پارتیە ، ئێستا پەرلەمان جیا لەوەی ڕۆڵی ڕەقابی و لێپرسینەوەی نەماوە ،وا خول و نیوێکە ئاگای لە بودجەش نیە وئەرکی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی بودجەشی پێڕەوا نەبینراوە ، دەزگا ئەمنیەکان حیزبی تر بون و نەک بەڕێوەبەرەکانی ئەو دەزگایانەیان نەکردوە بە کەسانی بێلایەن، بەڵکو بە موبارەکەی گۆڕان خودی بەرپرسی دەزگای پاراستن بووە سەرۆکی هەموو حکومەتەکە ، لە حیزبیشدا سەرۆکی زانیاری ئەبێتە هاوسەرۆکی حیزب و باشتر دەزگا ئەمنیەکان ئەچنە ناو کارو ژیانی سیاسی خەڵکەوە ، لەساڵی ٢٠٢٠ دا تەنیا کێشەمان حکومەتی حیزبی نیە ،ئێستا حیزبی بنەماڵە و حکومەتی بنەماڵەیی هەڕەشە لە دیموکراسیەت ئەکەن.
ئەوەی پەیوەندی بە هاووڵاتیانیشەوە هەیە ،ئەوا گوزەرانی خەڵک بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ لەوپەڕی داڕوخاویدایە و هەلی کار بۆ گەنجان بەتەواوی بنبڕبوە. موڵکی حکومەت و زەویە داگیرکراوەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و تا دێ دۆنم و هیکتاری زیاتری ئەچێتە سەر، ئێستا نەک هەر زەوی بەدەڵان و کشتوکاڵیەکان تاپۆ کراون بەڵکو گردی زەرگەتەشی چۆتەسەر کە ڕەگەزی دارستانە و تاپۆکردنی ناقانونیە .
بۆیە لە ڕاستیدا ، ئەگەر لە ساڵی ٢٠١١ دا هۆکارێک هەبوبێ بۆ داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت ،ئێستا سەدان هۆکار ئامادەن ، ئێستا بە فیعلی هەم حکومەت و هەم پەرلەمان ، شکستیان خواردووە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، ئەگەر لە ٢٠١١ ئومێدێک مابو بۆ گۆڕانکاری، ئێستا بێئومێدیەکی تەواو باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە.
ئەگەر نوزەیەک بۆ چاکسازی مابێ ، کاتی جێبەجێکردنی بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی جارانی گۆڕانە ، لە ئێستاد تاکە چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانە ،هەر گروپ و حیزب و لایەنێک بیەوێ ئیشی لەسەر بکات و هیوایەک بۆ ئەم هەمو بێ هیواییە بگێڕێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand