Draw Media

پەیامێك بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان

پەیامێك بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان

2020-06-21 11:22:04


د. كامەران مەنتك

بەڕێزان بەهۆی ئەو دۆخەی كوردستان تێیكەوتووە، واباشە هەرچیەك ئەگەر پێت دەكرێت بیكەیت و درێغی نەكەیت، لەو روانگەیەوە ئەو پەیامەم نووسی، سەرەتا ویستم ژمارەیەك ئیمزا كۆبكەمەوە وەك ژمارەیەك ئەكادیمیستی كورد ئەو كارە بكەین، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی پەیوەندیم پێوەكردن بیانووی زۆر ساویلكەو بێمانایان دەهێنایەوە، بۆیە بڕیارم دا پەیامەكە لەرێگای ئیمڵەكانی یوئێنەوە بە هەردوو زمانی عەرەیی و ئینگلیزی بەناوی خۆم بنێرم، ئەمە واتای ئەوە نیە، كەوا هیچ ئەكادیمیستێكی خاوەن هەلوێست نیە، بەڵكو تەنیا ئاماژەەكە بۆئەوەی ئەوانەی من دەستم پێیان گەیشت ئەوە هەلوێستیان بوو، كە ئەمەش جێگای داخە، داخەكە لەوەش گەورەتر ئەوەیە هەندێكیان پاساو بۆ توركیا دەهێننەوە رەخنە لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەگرن، واتە ئاستی بیركردنەوەیان لە ئاستی بیركردنەوەی دەروێشەكانی حیزبەكان تێناپەڕێت، ئەمەش ئەنجامی ئەو تێكدان و وێرانكردنە رێكخراوەیە، كە حزبەكان لە باشووری كوردستان ئەنجامیان داوە، هەرچۆنێك بێت بە باشم زانی دەقی پەیامەكە وەك خۆی بە زمانی كوردی بۆ خوێنەری كورد بڵاو بكەمەوە:

بەڕێز: ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان
لەلایەك توركیا هێرشی سەرهەرێمی كوردستان دەكات، بە بیانووی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان، دەیەوێت ئەو پشتینە تەواو بكات، كه لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیان پێكردووە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنووریەكانی كوردستان، بەمەبەستی دابەشكردنەوەی كوردستان لەسەر بنەمای دیمۆگرافی، كە ئەم دابەشكردنە قۆناغی دووەمی دابەشكردنی كوردستانە، كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی لەسەر بنەمای جوگرافی ئەنجامدرا، ئەو قۆناغە لە قۆناغی یەكەم ئیجگار مەترسیدارترەو هەرەشە لەسەر بوونی كورد دەكات وەك نەتەوەیەك و بۆ هەتایە هەتایە مۆركی كوردستانی بوون و نەخشەی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهان دەسڕێتەوە. لە لایەكی تر ئێران بە هەموو توانایەكی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات، ئەمە واتای ئەوەیە قۆناغێكی تر لە گەلە كۆمەی هەرێمی دەستپیكردووە، كە دیارە بە هۆی گۆڕانكاریەكان لە هاوسەنگی هێزی جیهانی و سیستەمە هەرێمیەكەدا هاتووە، وا دەكات ئەم هەڵمەتەش زۆر مەترسیدارو چارەنووس سازتر بێت لە هەڵمەتەكانی پێشووتر. بێدەنگی هەموو دنیاش بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیه، كە‌ لەبەرزەقەی چاوانی بەڕیوە دەچێت. پرسیارێكی گەورە لای گەلی كورد دروست دەكات و دایساندنی گڵۆپی سەوزە بۆ توركیاو ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە. هاوكات، شەرمەزایەكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەكەیەكی گەورەیە بەرووی هەموو ئەو هێزانەی‌ پاڵپشتی ئەو دەوڵەتانە دەكەن بۆ ئەنجامدانی ئەو رەشەكوژیە، چونكە ئاشكرایە توركەكان بە فڕۆكەی ئەمریكی و تانك و زرێپۆشی ئەڵمانی و ئێرانیەكان بە چەكی روسی و چینی ئەو پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هەردوو بەرە بەشدارن لەو تاوانانەی دژ بە میللەتێكی بێوەی دەكرێت.

بەڕێزان لاتان روونە ئەم هەلمەتەی لەناوبردنی میللەتێك هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەكات، بۆیە پێویستە ناوچەكە بەگشتی بخرێتە ژێر بەندی حەوتی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوكات بەهۆی ئەو بڕیارەی لە لوتكەی سەركردەكانی جیهان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی (2005) دەرچوو، لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیویستە بەرپرسیاریەتی پاراستنی نەتەوەی كورد بگرێتە ئەستۆ، چونكە ئێستا ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە نەك ناتوانن كورد، كە بەشیكی گرنگە لەدانیشتوانی ئەو وڵاتانە(توركیاو ئێران و سوریاو ئێراق) بپارێزن، بەڵكو ئەوان خۆیان مەترسی سەرەكین و هەڕەشە لە بوونی ئەو نەتەوەیە دەكەن، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نیودەوڵەتی و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەتایبەتی پیویستە بەرۆڵی مێژوویی خۆیان هەڵسن و نەتەوەیەك لە جینۆسایدو پاكتاوی رەگەزی بپارێزن، لەمڕووەوە داوا لە بەڕێزتان بە ئەركی خۆتان هەڵسن ودەستبەجێ داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكەن بۆئەوەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ببەستێت و رێگا لەو تاوانە گەورە دژ بە مرۆڤایەتی بگرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand