Draw Media

تورکیا سەرکەوت!!

تورکیا سەرکەوت!!

2020-06-21 08:10:38


مەجید ساڵح

لەم ھەفتەیەدا تورکیا لە سەرجەم ئەو پەلامارانەی کە کردبوویە سەر  Pkk جگە لە شکست توشی جۆرێک لە ریسوا بوونیش ھات، چونکە پەلامارەکەی ھی ئەوە نەبوو بکرێتە سەر  کۆمەڵێک گەریلا بە چیاکانەوە، بەڵکو بەکارھێنانی ئەو ھێزە زەبەلاح و  تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەی سەربازی بۆ داگیرکردنی وڵاتێک و لە ریشە ھەڵکردنی بەس بوو، بەڵام خۆڕاگری گەرێلاکان ژەھری دۆڕانی کرد بە قوڕگیاندا...
هاوکات لە گەڵ پەلامارە سەربازیەکەدا، کاربەدەست و بەرپرەسە باڵاکانی تورک کۆمەڵێک لێدوانیاندا ئامانج لێی قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی کورد و کورد بوو، لەسەروی هەموشیانەوە مەبەست لێی لاواز کردنی ئینتمای نەتەوەیی و قوڵکردنی ناوچەگەرێتی و شارچێتی بوو.. 
بەداخەوە هەر زۆر زوو چالاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کەوتنە داوەکەوە و بەدووبارە کردنەوەی قسە و لیدوانی بەرپرسەکانی تورک بەئاگایی بێ یان لە نائاگایی، رێگەیان بۆ هاتنە دی مەرامەکانی تورکیا خۆش کرد، واتە خۆمان بەدەستی خۆمان ھاوکاری تورکیامان کرد لە گەیشتن بە بەشێک لە ئامانجەکانیی. تورکەکان لەوەدا سەرکەوتوو بوون  ئێمەیان راکێشا بۆ گەورەکردنی ئەو درزەی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستاندا ھەیە و ئەو ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و شار چێتیەی لە کوردستاندا ھەیە بە دەستی خۆمان، بێ یەک تەقە و خۆماندوو کردنی داگیرکەری تورک  ئەوەندەی تر زەق کرایەوە، ئێمە نەزانانە ھێندەی تر کۆمەڵگای کوردیمان چەندین ھەنگاو بۆ دواوە بردەوە. گەورەترین دێوەزمەی تورکەکان یەکێتی نەتەوەیی کورد و گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە، بەڵام لەم ھەفتەیەدا ئەوەی کورد بە خۆی کرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا،  ھەرگیز تورک لە چیاکاندا بۆی نەکرا، بۆیە تکایە با نووسین و کۆمێنت و  بیروڕاکانمان نەچێتە  خانەی بەرژەوەندیی و خواستەکانی تورکیاوە لە جیاتی پەیامی لێک ترازان و دووبەرەکی و شەڕە جوێن و شارچێتی و ناوچەگەری،  با پەیامی برایەتی نیوان کورد و کورد و کورد و گەلانی دنیا بڵاو بکەینەوە...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand