Draw Media

ڕێگرمەبن خەڵک ڕایان دەماڵێت

ڕێگرمەبن خەڵک ڕایان دەماڵێت

2020-06-20 09:07:52


  هیوا سەید سەلیم
  لە دوای ڕاپەرین و ئازدبوونی کوردستان لە ژێر چەپۆکی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، بە هۆی ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکە ناوخۆیەکانی کوردستان دەوڵەتی تورکیا چەندین بارەگای سەربازی و هەواڵگەری لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کردۆتەوە.
تورکیا  لە سەرسنوورەکان مۆڵگە و سەربازگەی گەورەی دامەزراندووە،  ئەرکی ئەو بنکە سەربازیانە کارئاسانی و چاوساغیە بۆ هێزە ئاسمانیەکانی وڵاتەکەیان تا ناو ناوە بۆردومانی خاکی کوردستان بکات، و ئەگەر بۆشی بچێتە سەر دەست بەسەر ئەو ناوچانە دا بگرن  و داگیریان بکەن.

هەموومان دەزانین کە کەلتوری نەتەوەی تورک بریتیە لە کەلتوری داگیرکاری، ئەوان ئەو خاکەی ئێستاش لەسەری دەژین هی خۆیان نیە، بگرە داگیریان کرووە، هەر بۆیەشە هەمیشە چاویان لە فراوانخوازی و چاوتێبڕینە لە خاکی دەرودراوسێ و ئەوانی دیکە.
دەوڵەتی تورکیاش وەک دەوڵەت لەسەر بناغەی میراتی داگیرکاری وڵاتانی دیکەو و خوێنی نەتەوە جۆراو جۆرەکان دامەزراوە، شەش سەدە لە حوکمڕانی دەوڵەتی عوسمانی پڕاوپڕە لە ئەزموونی داگیراکاری خاکی ولاتان، لە وڵاتانی دەوروبەری بگرە تا بەشێکی کیشوەری ئەفریقا و ئەوروپا.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم کاتێک  کە کۆماری تورکیا دادمەزرێت،  نایەت پشت لەو میراتە خوێناویە بکات، بگرە کەمالیزم دەکاتە خەونی گێرانەوەی ئەوەی کە حکومی سوڵتانەکان لەدەستیان داوە، بەڵام لەو جەنگە جیهانیە بەخت یاوەری تورکیا نابێت،  و دۆڕان لەو جەنگە وای لێدەکات بە کۆمەڵیک سزای نێودەوڵەتی رازی بێت،  کە لە چوارچێوەی ریکەوتنی لۆزان بەسەریدا سەپێندرا.
لە نێو گرنگترین ئەو سزایانەش قەبوولکردنی سنووری وڵاتانە، کە  لە دوای رێکەوتنی سایکس – بیکۆ دیاریکراون  ئەو سنوورانەی بە  لێکهەڵوەشانانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ( دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکە) کرایە دیفاکتۆ و تورکیاش ناچارکرا پێیەوە پابەند بێت.
ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی بە کۆتاهاتنی رێکەوتنامەی لۆزانە ، لێرەو لەوێ دەبیستین کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەرعیەت بە داگیرکاری بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سوریا و لیبیاش بدات.
پەیوەست بە داگیرکاری هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەی دوایی لە لایەن دەوڵەتی تورکیا لە بوارەکانی سەربازی و کەلتوری و ئابووری کاری زۆری لەسەرکراوە.
 کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی سوپا و میتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە بۆ بیری داگیرکاری تورک، هەروەها وابەستەکردنی ئابووری و کەلتوری هەرێمی کوردستان بەوەی تورکیا،  جۆرێکی دیکەیە لەو داگیرکاریە.
لەوانەیە زۆریک لەوانەی خوێنەری ئەو نووسین دەبن بپرسن بۆچی هەر باس لە داگیرکاری تورکیا دەکرێت؟ خۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی تورکیا بەشێکی داگیرکردووە، ئەوا بەشێکەی دیکەشی لەژێر مەترسی داگیرکاری ئێرانیش دایە .
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێین، دۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی ناوخۆ و سەپاندنی دوو ئیدارەی زەمینەی دەستوەردان داگیرکاری تورکیا و ئێرانی یەکجار خۆش کردووە، ڕکابەری نا شەڕعیانەی  حزبە دەسەلاتدارەکانی هەڕێم لەسەر پۆست و دەسەڵات،  بارودۆخیکی هێناوەتە پێش کە ئەو حزبانە نەتوانن بچووکترین هەڵوێست دژ بە داگیرکاری ئەو دوو دەوڵەتە وەرگرن.
لەوش خرابتر لێرەو لەوێ شەرعیەت بە داگیرکاری دەدرێت، تا دەگاتە ئەوەی بۆ ڕووبەڕوبوونەوی داگیرکەران سنوور بۆ ناڕەزایەکانی خەڵک دادەبندرێت.
زۆربەمان دەزانین بۆ حزبەکانی دەسەڵات ئاسان نیە کە بەرامبەر داگیرکەران بووستنەوە،  بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان و بەشێک لە بەرپرسیارەتی یاسایی و پەیوەندیە حزبی و شەخسیەکانیان لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە ئەو ڕێگەیان پینادات،دەشزانین کە هێزی ئەوەشیان نیە شەڕی سوپای ئەو دەوڵەتانە بکەن.
بەڵام کاتێک حزبەکانی دەسەڵات کە ئەویان پێناکریت و بگرە ناشی کەن، خۆ دەکرێت لەبەرامبەر ناڕەزایەکانی خەڵک هەڵوێستان نەرێنیان نەبێت.
لە ئێستادا کە ئۆپراسیۆنی ئەو دواییەی سوپای تورکیا زیانی زۆری بە هاوڵاتیانی سڤیل گەیاندووە، لەبەرامبەر شەهید کردنی هاوڵاتیان تا دێت دەنگی نارەزایی خەڵکی کوردستان بەرز دەبێتەوە.
 بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەڕێم نەبنە بەربەست لە نارەزایی خەڵکی دژ بە داگیرکاری، با هێزەکانی دەسەڵات دلنیابن ئەگەر ئەوان ڕێگری نەکەن خەڵک بنکە و بارەگای ئەو هێزانە ڕادەماڵێت، هەموو لایەک  لە شیلادزێ هەڵکوتانی خەڵکمان بۆسەر مۆڵگەی داگیرکەران بینی.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand