ئایا له سلێمانییه‌وه دژایه‌تیی توركیا ده‌كرێت؟
2020-06-19 11:02:57
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
له‌بنه‌ڕه‌تدا، له‌فه‌رهه‌نگی سیاسیی ده‌وڵه‌تی توركیا، شتێك نییه ناوی هه‌رێمی كوردستان بێت. ئه‌نكه‌ره هێشتا به زاراوه‌ی باكوری عێراق مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه ئاساییه نه‌یه‌وێ هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌و بگره ته‌قلیدیی خه‌ڵكی باشووری كوردستان ببینێت كه به گشتی له‌شكركێشیی توركیایان پێخۆش نییه، ته‌نانه‌ت به جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به ئاشكرا گوزارشی لێ ناكرێ، هۆكاره‌كه، سیاسی و ئابوری و ئه‌منییه، نه‌ك رازیبوون به‌و ته‌راتێن و پشێوییانه‌ی كه سوپای توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا، دروستیان ده‌كات.
ئه‌مه ساده‌ترین فاكته كه ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌ك نایبینێ، به‌ڵكو نایه‌وێ بیبینێت!، ئه‌گینا یاده‌وه‌ری هیچ لایه‌ك هێنده لاواز نییه كه یه‌كه‌مین ناڕه‌زایی توندوتیژ له‌دژی له‌شكركێشیی توركیا له‌ناحیه‌ی شیلادزێ-ی سه‌ربه قه‌زای ئامێدییه‌وه بوو كه ده‌كه‌وێته سنوری بادینانه‌وه. له‌و ناحیه‌یه‌دا، له(26/1/2019)، به‌هۆی شه‌ڕی كوێرانه‌ی سوپای توركیاوه كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی باشووری كوردستانی له‌و ناوچه‌یه ده‌كرده قوربانی، خۆپیشاندەرانی سنوره‌كه هێرشیان برده سەر بنكه‌یه‌كی سوپای توركیا‌و كۆنترۆڵیان كرد، بگره بارەگاو چەند تانك و كەرەستەیەكی سەربازیشیان سوتاند!.
جگه له‌وه، هه‌ر ساڵی پار، له 17ی7دا، جوگرافیای به ئامانجكردنێكی دیكه‌ی توركیا، چێشتخانەی(هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر-ی ناو شاری هه‌ولێر بوو، له‌وێوه بوو كه هێرش كرایە سەر ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا‌و جێگری كونسڵیشی تێدا كوژرا. له‌و رووداوه‌دا، كه ته‌نانه‌ت ده‌ستی PKKیشی تیانه‌بوو، چونكه(هەپەگە)، كە باڵی سەربازی PKKیه، هه‌ر زوو بە ئاژانسه‌كانی جیهانیان ڕاگەیاندبوو كه حزبەكەیان هیچ پەیوەندییەكی پێوه‌ی نییه، به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه كورد، به گشتی، له سیاسه‌ته میللیتارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، ناڕازییه، به‌ڵگه‌ی زۆر زه‌ق و ئاشكراش بۆ ئه‌م راستییه، هه‌م خۆپیشاندانه‌كانی ناوچه جیاجیاكانی چه‌ند ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستانه له دژی له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، هه‌م هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌و نیشتمانیی خه‌ڵكییش له دژی كاڵا‌و كه‌لوپه‌لی توركی و بایكۆتكردنیان، كه به راده‌یه‌ك كاریگه‌ر بوو، زیاتر له جارێك باڵوێزی توركیا له‌عێراق و كونسڵه‌كه‌شیان له هه‌ولێر بێنه سه‌رخه‌ت و داوای كۆتاییهێنان به‌و بایكۆته بكه‌ن كه زیانی بازرگانی له توركیا دابوو و هاواری مایه‌پووچبوونی له چه‌ندین كۆمپانیای بازرگانیی توركی، هه‌ستانبوو.
كه‌واته، هه‌ڵه‌یه به‌رپرسانی ئه‌نكه‌ره له‌م راستییه سادانه نه‌گه‌ن و تازه به تازه، له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورددا، به زه‌قی و ره‌قی، باس له‌وه بكه‌ن كه له سلێمانییه‌وه دژایه‌تیی توركیا ده‌كرێت. ئایا به راستی ئه‌مه زه‌مینه‌سازییه‌كی پڕوپاگه‌نده‌ییه بۆ په‌لاماردانی سه‌ربازیی فراوان بۆ سه‌ر قه‌ندیل و سنوری سلێمانی، یان خۆ گلاندنه نێو ململانێكانی نێوان پارتی و یه‌كێتییه له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌كیان؟ هه‌ر كامییشان بێت، له‌كۆتاییدا هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژییه‌و رای گشتیی خه‌ڵكی باشوری كوردستان زیاتر له دژی توركیا هانده‌دات.
بێگومان راسته كه هاوسه‌نگیی هێز له‌نێوان باشووری كوردستان و ده‌وڵه‌تێكی میللیتاریی گه‌وره‌ی وه‌كو توركیادا نییه. خۆ ئه‌گه‌ر به لۆژیكی دارستانیش ململانێ بكات، ده‌توانێ زۆر ناوچه داگیر بكات، به‌ڵام توركه‌كان خۆشیان ده‌زانن كه نه ئه‌مریكییه‌كان، نه ئێرانییه‌كان، نه ده‌وڵه‌تی عێراق، ته‌نانه‌ت وڵاتانی وه‌ك سعودیه‌و میسر رێگه له‌و لۆژیكه دارستانییه ناده‌ن كه به زه‌بری سه‌ربازی كوێی بوێت، به‌ناوی راوه‌دوونانی PKKو(تیرۆریزم)ه‌وه داگیری بكات، بۆیه ناوبردنی سلێمانییش وه‌ك ناوچه‌یه‌ك كه لێوه‌ی دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا بكرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ریی PKKدا بن، دیدێكی سیاسیی هه‌ڵه‌یه، ترسناكتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر زاری كه‌سێكی وه‌ك مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه بێته‌ده‌ر.
به‌ڵێ، بێگومان سلێمانی و هه‌موو شاره‌كانی تری كوردستانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێبكاته‌وه، نه ده‌وڵه‌تی توركیا‌و نه PKKش درێژه به به‌ریككه‌وتنی سه‌ربازی و جه‌نگ نه‌ده‌ن و دایكانی تورك و كوردیش، له جه‌نگێكی بێ هوده‌ی 35 ساڵیدا، له‌وه زیاتر جه‌رگسووتاو نه‌بن. كورد، له‌هه‌موو دۆخێك‌دا، نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخوازه‌و ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه به مافه سیاسی و كولتورییه‌كانی خۆی بگات، له‌ناو توركیادا ته‌نانه‌ت خه‌باتی په‌رله‌مانیشی هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت له‌وێ سه‌ركرده سیاسی و ئاشتیخوازه‌كانی كورد زیندانی ده‌كات، بێگومان ئه‌مه‌ش نه‌ك ئاشتی و ئارامی ناسازێنێت، به‌ڵكو ره‌واج ده‌داته‌وه به بژارده‌ی به‌رده‌وامبوونی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری كه زیانی بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و تورك هه‌یه.
به‌كان، ئۆغڵۆ، ئه‌گه‌ر بشیه‌وێ وێنه‌كه وا پیشانی جیهان بدات كه له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كورددا، ته‌نها له شاری سلێمانییه‌وه دژایه‌تیی ده‌كرێت، ئه‌وا دووجار به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی رووده‌دات دژایه‌تیكردنی ده‌وڵه‌تی توركیا نییه، به‌ڵكو ناڕه‌زایی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه به‌رامبه‌ر به شكاندنی سه‌روه‌ریی یاسا‌و سنوری هه‌رێم كه سنوری نێوده‌وڵه‌تیی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌ك عێراقیشه كه ئه‌ندامه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. دووه‌م: ئه‌و راستییه ناشێوێنێ كه كورد، له هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌یدا، نه‌ك ته‌نها له سلێمانی، به‌و له‌شكركێشییانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌و رازی نین، هیوادارن رۆژێك زووتریش بنكه‌و باره‌گاكانی توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا نه‌مێنن.
هه‌رچی په‌یوه‌سته به مامه‌ڵه‌ی باشووری كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ PKKدا، بێگومان له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، هه‌ر دوو هێزه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی باشوور، به كرده‌وه چوونه ئه‌زموونی تاڵی شه‌ڕكردنه‌وه له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵام هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه سیاسی و نه سه‌ربازیی نه‌بوو، چونكه كۆنترۆڵكردنی تۆبۆگرافیای ناوچه‌كه ته‌نانه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تی توركیاش ئاسان نییه، ئه‌گه‌ر به‌گریمانه‌ش پێمانوابێ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر قه‌ندیلدا كۆتایی به PKK ده‌هێنێت وه‌ك له حساباتیی سه‌ربازیی په‌تیی جه‌نراڵه‌كانی توركیادا هه‌یه، ئه‌وا بێ دوو دڵی گریمانه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌م هێزه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، چۆته نێو كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌و گه‌مه‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه كه وا ده‌كه‌ن به هیچ جۆرێك له‌ناو نه‌برێن و درێژه‌یان هه‌بێت، ئه‌م راستییه‌ش پێش ئه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسی بیزانن، خودی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌یزانێت!، به تایبه‌تی دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به تیرۆریست ناساندنی هه‌سه‌ده‌و PYD كه توركیا به حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی PKKیان له قه‌ڵه‌م ده‌دات!.