Draw Media

ئەردۆغان و ئاکپارتی لە به‌رده‌م بڵاوبوونەوەی دیاردەی دێیزم Deism لە تورکیا

ئەردۆغان و ئاکپارتی لە به‌رده‌م بڵاوبوونەوەی دیاردەی دێیزم Deism لە تورکیا

2020-06-18 20:47:24


د. نەهرۆ زاگرۆس

ئەردۆغان و ئاکپارتی لە به‌رده‌م بڵاوبوونەوەی دیاردەی دیەیزم لە تورکیا
سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (Recep Tayyip Erdoğan) و ئاکپارتی (AKP)، پێیانوایە لەسەر دەستی ئەوان (تورکیا)یەکی پێشکەوتوو بنیاد کراوە، کە نموونەیەکی جوانی وڵاتێکی عیلمانی-ئیسلامی و میانڕەو و مۆدێرنە لەسەر ئاستی جیهاندا. تا دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لە تورکیا، ئاکپارتی بە هێزێکی بێڕکابەر لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی دەبیندرا. دەسەڵاتی حوکمڕانی (ئاکپارتی)یش زۆر بێمنەتانە وەکو گەورەترین دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری تورکیا جێگەی خۆی قایم کردبوو. ئەگەرچی ئێستاش ئاکپارتی خاوەن پێگەیەکەی گەورەی جەماوەرییە، بە بەراورد لەگەڵ پارتەکانی دیکە، بەڵام خەریکە هێدی هێدی داینامیکی ژینگەی سیاسی لە تورکیا دەگۆڕدرێت و ئەندامە تازەکانی (ئاکپارتی)یش لە بیروباوەڕی ئیسلامیی سیاسیی مۆدێرینیزمدا، ئەوەی ئاکپارتی دروستی کردبوو، دوور دەکەونەوە.

بۆ نموونە، دیاردەی بڵاوبوونەوەی دیەیزم (deism)، بە تایبەتی لەنێو گەنجانی شارنشین و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانی ئاکپارتی، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئاکپارتی و ئەردۆگان. دیەیزم وەکو باوەڕبوون بە خودا و پشتکردن لە ئایین و بە سیاسیکردنی ئایین ناسراوە. باوەڕ هێنانە بە خودا و خوداپەرستی لە دەرەوەی ئایین و ئایینزاکان و قورئان و شەریعەتدا. هەروەها باوەڕهێنانە بە خودا لە ڕووی فەلسەفە و زانستی مەنتقەوە (logic)، نەک لە ڕووی وەحی و موعجیزەوە. شوێنکەوتووانی دیەیزم باوەڕیان وایە کە ئایین دروستکراوی مرۆڤە نەک خودا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بیروباوەڕی دیەیزم لەنێو گەنجانی (ئاکپارتی)، ئەردۆگان لە ساڵی 2018 وەزیری پێشووی پەروەردەی تورکیا (عیسمەت یەڵماز)ی راسپارد بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە هەستیارە. دوای کۆکردنەوەی زانیاری و داتاکان، دەرەنجامی بەدواداچوونەکە شۆکێک بوو بۆ ئەردۆغان و ئاکپارتی، کە تێیدا هاتبوو بەشێکی هەرە زۆر و بەرچاوی ئەندامە گەنجەکانی ناو ئاکپارتی باوەڕیان بە دیەیزم هەیە نەک بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی. ئێستا دیەیزم نەک هەر لەناو گەنجانی ئاکپارتی، بەڵکو لە تەواوی تورکیادا لە هەڵکشانێکی بێ وێنەیە و مێژووییە.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژنامە و بەرنامە گفتوگۆئامێزەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوە فیکرییەکان لە تورکیا، باس لە هۆکار و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی دیەیزم ((deism دەکەن. هەندێک لە شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم بیروباوەڕە دەگەڕێننەوە بۆ ناشیرینکردنی ئایینی ئیسلام و وێنەی ئیسلام لە لایەن هێز و بزووتنەوە چەکدارییەکان و کارە تیرۆریستییەکانی وەکو ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و . هتد… هەندێکی دیکە پێیانوایە سیاسەتە چەوتەکانی ئاکپارتی لە دەیەی ڕابردوودا هۆکاری وازهێنانی گەنجانە لە ئیسلامی سیاسی لە تورکیا. هەندێکیش دەڵێن، دیەیزم تەڵەیەکە لە لایەن ڕۆژئاواوە داڕێژراوە بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵگەی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی لە تورکیا.

پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش، گەورەترین مەرجەعی ئایینی و سەرۆکی کاروباری ئایینی لە تورکیا (Diyanet)، لە چەندین وتاری ئایینی و نووسینی ئەکادیمییدا، مەترسی بڵابوونەوەی (دیەیزم)ی خستۆتە ڕوو. بۆماوەیەکی دور و درێژ، ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی تورک ڕەتیان دەکردەوە کە دیاردەی دیەیزم لە تورکیادا هەبێت. بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٨، کاتێک پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش بە ئاشکرا لە وتارێکیدا بۆ قوتابییانی زانکۆی ئولوداغ (Uludağ University) لە شاری بۆرسە پێشکەشی کرد، چەندین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی لە دیاردەی بیروباوەڕی دیەیزم لە تورکیادا کراوە و بەردەوامیش لە کۆبوونەوە گشتی و بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمییدا باسی لێوە دەکرێت. ئەگەرچی دیەیزم لە هەموو شوێنێکی تورکیادا بڵاوبۆتەوە، بەڵام بە گشتی لەنێو گەنجە پارێزگارەکان و دانیشتوانە شارنشینەکانی ڕۆژئاوای تورکیا زیاتر لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردندایە نەک لە ڕۆژهەڵات و لەنێو کۆمەڵگە ترادیشناڵ و گوندنشیینەکان.

مامۆستایانی ئایینی پێیانوایە رۆژئاوا دەستی لە بڵاوبوونەوەی دیەیزمدا هەیە بۆ ناشرینکردنی ئیسلام و گۆڕینی کۆمەڵگەی تورک. لە چەندین وتاردا، عەلی ئێرباش ئاوا دەڵێت: "دیەیزم وەکو تەڵە وایە، سەرەتا دەیانەوێت لە ڕێگه‌ی ئەم تەڵەیەوە رۆڵەکانمان دەستەمۆ بکەن و لە ئاییی پیرۆزی ئیسلام دووریان بخەنەوە، تا دواتر بە ئاسانی ئایینیان پێ بگۆڕن و وەریان گەڕێنن بۆ سەر ئایینی کریستیانی‘'. بەم شێوەیە، دەسەڵاتبەدەست و زانا ئایینییەکانی تورک ئۆباڵی بڵاوبوونەوەی دیەیزم دەخەنە ئەستۆی رۆژئاوا. هەروەها سەرلەبەری دیاردەکە بە پیلانگێری رۆژئاوا لە دژی مێژوو و ناسنامەی تورکیا دەبینن.

لە چەندین داتای نوێدا، وەکو بیرمەند و نووسەری، تورک مستەفا ئاکیۆل (Mustafa Akyol)، لە دوایین نووسینی خۆی لە 12/6/2020 بۆ پەیمانگەی هەدسن لە ئەمەریکا باسی دەکات، "دیەیزم لەم ئان و ساتەدا زۆر بە خێرایی لە تورکیادا بڵاو دەبێتەوە". مەترسی دیەیزم هەر لەوەدا نییە کە ئاکپارتی بەرەو ئاییندەیەکی نادیار دەبات، بەڵکو داینامیکی کۆمەڵگەی تورکیا دەگۆڕێت. مستەفا ئاکیۆل پێیوایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا "تورکیا بەرەو شەڕی کولتووری هەنگاو دەنێت، وەکو شۆڕشی فەرەنسی کاتێک ئایین و دیموکراسی لە بەربەرکانییدا بوون".

مەترسی دیەیزم لەسەر ئاکپارتی هاوکاتە لەگەڵ پارچە پارچەبوونی حزبه‌كه‌ و وازهێنانی بەشێک لە سیاسەتمەدارە ناودارەکانیان، وەکو: داودئۆغڵو، عەلی باباجان و عەبدوڵڵا گیول و چەندانی دیکەش. تەنانەت پارتێکی ئیسلامی بچووکی وەکو (SP)، کە لە هەناوی (ئاکپارتی)یەوە دەرهاتووە، ئێستا لە دژی ئەردۆغان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ کۆمارییەکان لە بەرەیه‌کدایە بۆ خۆ ئامادەکردن. لەسەر بڵاوبوونەوەی دیەیزم، سەرۆکی (SP)، ته‌مه‌ل که‌ره‌موڵلائۆغڵو (Temel Karamollaoglu) پێیوایە کە "ئەردۆغان و حزبەکەی ئایینی ئیسلامییان ناشیرین کردووە و بە دیکتاتۆری دەیانەوێت ڕووی جوانی ئیسلام بشێوێنن و خەڵک لە ئیسلام دوور بکەنەوە‘'.

رۆژنامەنووس و شارەزا لە بواری تورکیا، تۆماس سیبێرت (Thomas Seibert)، پێیوایە کە دوای 17 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئاکپارتی، "تورکیای ئێستا زۆر بێ ئایینترە لە تورکیای جاران" هەروەها باس لەوە دەکات کە "بەشێکی زۆر لە خەڵکی تورکیا دەیانەوێت لە ئایین و ئیسلامی سیاسی دروور بکەوەنەوە". جگە لە هەندێک مامۆستای ئایینی و بەشێک لە دەسەڵاتبەدەستانی تورک، کەس دیاردەی بڵاوبوونەوەی دیەیزم بە پلانی رۆژئاوا نازانێت. ئەو ژینگە پڕ لە ململانێ و رکابەرییەی پێکهاتە و چین و توێژەکانی تورکیای مۆدێرنی تێکەوتووە، داهاتوویەکی نادیاری هەیە. لە هەمان کاتدا، هەست دەکرێت کەشتیی ئاکپارتی بەرە بەرە درزی تێدەکەوێت و بەرەو کەنارێکی تاریك دەڕوات و لە دوورگەیەکی نامۆ لەنگەر دەگرێت. لەسەر ئەم بۆچوونەوە، نووسەری تورک، هەلدون گیولالپ (Haldun Gülalp) پێیوایە لە زوو یان درەنگ، "دیەیزم هەرس بە هەردوو بیروباوەڕی ئیسلامی سیاسی تورکیا و مۆدێلی فەرمانڕەوایی ئاکپارتی دەهێنێت".

 

سەرچاوە:

1. Daily News:

https://www.hurriyetdailynews.com/turkeys-top-religious-off…

2. Mustafa Akyol, Hudson Institute:

https://www.hudson.org/…/16131-how-islamists-are-ruining-is…

3. Duvar Gazete:

https://www.gazeteduvar.com.tr/…/karamollaoglu-deizmin-yuk…/

4. Thomas Seiber, The Arab Weekly:

https://thearabweekly.com/after-16-years-erdogan-rule-turks…

5. Haldun Gülalp, Open Democracy:

https://www.opendemocracy.net/…/perils-mixing-religion-and-…

Mixing religion with politics does not even serve religious purposes.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand