حیکمەتی گەڕانەوە بۆ بەغدا !
2020-06-18 19:19:35
د. مەیادە نەجار
.
هەندێ پەڕلەمانی دژ بە كوردستان پرۆژەیەكی زۆر سەیرو سەمەرەیان ئامادە كردووە، كەخودی خۆیان باوەڕییان پێی نیە و زۆرباش دەزانن،پرۆژەكە بە مردوویی لە دایك بووە و هەرگیز بواری جێبەجێكردنی نیە،چونكە دژی دەستوور و خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی خەلكی كوردستانە.
دەكرێ بپرسین ئەگەر بەغدا نیازی هەیە موچە و شایستە داراییەكان بنیرێت، ئەوا چ حیكمەیتێكی تیدایە، خۆی دابەشی بكات، ئەوە ئەو پرسیارەیە كەزۆربەی دەستەلاتدرانی بەغداشی توشی سەرسوڕمان كردووە لەو داهێنانە خۆفرۆشیەی ئەو پەڕلەمانتارە كوردانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادەیان كردووە،كە درؽژكراوەی هەمان ئەو عەقلیەت و نەفسیەتە خۆ بەكەم زانی و جاشایەتیەیە كە پێشنیاری بڕینی بودجە و موچەیان بۆ مالیكی كرد،خۆفرۆشی و نەزانی هەندێك نوێنەرانی كورد عەرەبەكانیان تووشی شۆك كردووە، كەدەبینن هەندێك لەو پەرلەمانتارانە نەك نازانن ئەركەكەیان چیە بەڵكوو لەپێناوی خۆ دەرخستن و چوونەپێش پرۆژەی سەیرو سەرمەرە پێشكەش دەكەن كە لەگەل واقعی سیاسی و یاسایدا یەك ناگرێتەوە.
ئەگەر كەمێك لێی وردبینەوە دەبینین گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، نەك كەمكردنەوەیە، بەڵكو لێدانێكی گەورەیە لە سەروەریی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوكات دەبێت ڕاژەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە بەغدا، ئەمەش لەرووی دەستوری و یاساییەوە بابەتێكی رەتكراوەیە و پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەییە.
ئەم هەنگاوە سەیرو سەمەرە و خۆ هەڕاجكردنە یەكەمجار نەبێت، چونكە پێشتر لەسەردەمی حەیدەر عەبادی نەیارانی كورد لەكاتی بودجەی ساڵی٢٠١٧ هەوڵێكی بێوچانیان بۆ هەمان بابەتی نادروست دا، ئامانجی سەرەكیش ئەوەبوو كە هەرێمی كوردستان وەك پاریزگایەكی ئاسایی عیراق مامەڵەی لەگەل بكرێت، هەرچەندە ئەوكاتیش چەند پەرلەمانتارێكی كورد بەبیانوی جیاواز هاوكارییان بوون، بەلام هەر زوو شكستییان هێنا، چونكە خودی بابەتەكە پێچەوانەی یاسایەوە بەغدا خۆی زۆرباش دەزانێت جێبەجی كردنی ئەو كارە پێشیلكردنی دەستوورە بەتایبەتی ماددەكانی ١٧ و ١٢١ ی دەستووری هەمیشەی عێراق.
لەم چوارچیوەیەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم هەوڵەی ئەمجارەش نەزۆكە ، چونكە بەغدا نایەوێت خۆی تووشی كێشەیەكی دەستووری و یاسایی بكات و بەئاشكراو لەم كاتە هەستیارەدا دەستوور و یاسا پێشێل بكات، چونكە شپرزەی باری ئابوری و رەوشی ئالۆزی سیاسی عێراق لەئاستیكدایە رێگەی ئەوەی پێنادات كارێكی لەو جۆرە بكات، لەلایەكی دیكەوە هەرگیز پرۆژەیەكی لەو شێوەیە سەركەوتوو نابێت كە پاڵپشتی دەستووری نەبێت و هۆكاری یاسایی و باوەڕپێكراوی نەبێت.
ئەوەی گرنگە ئەو پەرلەمانتارانەی كە بەداخەوە لەسەر كورد حیسابن ئەم كارە دەكەن، بەهانەیەكی زۆر لاواز و نالۆژیكیان و لە رێگایەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كەدەتوانن موچەی فەرامانبەرانی هەریم مسۆگەر بكەن، بەلام حەقیقەتی بابەتەكە گەڕاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستانە بۆ خاڵی سفڕ، گریمان عێراق ئەو سەركێشیەی كرد و دەستوورو یاسای وڵاتی پێشیلكرد، جگە لەوەی ئەم كارەی دەبێتە هۆی نانبراوكردنی هەزاران فەرمانبەری كوردستان چونكە ئەو ژمارەیەی لە بەغدا هەیە، لە 2014ەشەوە یەك كەسی بۆ زیاد نەكراوە، واتا نزیكەی نیوەی موچەخۆرانی هەرێم نانبڕاو دەكرێن،لەهەمان كاتدا حكومەتی بەغدا بە پێشێلكردنی دەستوور دەكەوێتە دۆخێكی نەخواستراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە روبەڕوبوونەوەی دادگاشدا دۆڕانی مسۆگەرە،بۆیە ئەو كورد بۆرانەی كاریان دەستدۆیی كردنە بۆ نەیاران و ئەوانەش كە پێشنیاریان بۆ دەكەن دەزانن ناتوانن مێژوو بۆ دواوە بگەڕێنەوە و كوردستان و خەڵكەكەی لە مافە دەستووریەكانیان بێبەش بكەن.