Draw Media

قه‌یرانی عەقڵییەتی سیاسی كورد و كێشه‌ی كه‌ركووك

 قه‌یرانی عەقڵییەتی سیاسی كورد و كێشه‌ی كه‌ركووك

2020-06-17 18:27:47


 

د.فاتیح سەنگاوی

قه‌یرانی ئه‌وانه‌ی سێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ پێشڕه‌وێتی دۆزی كورد ده‌كه‌ن زۆره‌، گرنگترین و مه‌ترسیدارترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌عه‌قڵی ده‌وڵه‌تداری و بنیاتی نه‌ته‌وه‌وه‌ كاریان نه‌كردووه‌ و له‌ بازنه‌ی بچوكی عه‌شیره‌ت و گرووپ گه‌ریدا قه‌تیس ماوون و ناشتوانن خۆیانی لێ ده‌ربازكه‌ن... نه‌ك ئه‌و كاته‌ی چه‌كی شۆڕشیان له‌شان بووه‌، بگره‌ ئه‌و كاته‌شی له‌ دانوستاندابوون یان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بووه‌، ئێسته‌ش ده‌بێت ئێمه‌ی كورد له‌باشووردا‌ باجی هه‌ڵه‌ی عه‌قڵییه‌تی پڕ قه‌یرانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی ئه‌وان بده‌ین و به‌ده‌ست حوكمه‌ ناڕه‌شیده‌كه‌ی ئێسته‌یانه‌وه‌ بناڵێنین.... با نموونه‌ به‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بهێنمه‌وه‌:
ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ناشایسته‌ و هه‌ندێجارییش نامرۆڤانه‌ ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدارێكی خاوه‌ن پرۆژه‌ و ئایینده‌ بیین ته‌نانه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیشیان كاری ئیدارییانه‌ی پێویست ئه‌نجام بده‌ن و به‌ مۆركی ده‌وڵه‌تدارییانه‌وه‌‌ هه‌نگاو بنێن چ جای خه‌ڵك، بۆ نموونه‌:
یه‌كه‌م: هه‌موو ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ی كه‌ كاتی خۆی ڕژێمی پێشوو به‌زۆر تاپۆی له‌ خاوه‌نه‌ كورده‌كانیان سه‌ند یان زه‌وییه‌كانیانی داگیركرد و به‌ گرێبه‌ست دای به‌ عه‌ره‌به‌كان، له‌ماوه‌ی 13ساڵدا نه‌یانتوانی به‌ فه‌رمی و به‌ نووسروی ره‌سمی ئه‌و زه‌وییانه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر شكستێكی سیاسییدا ئه‌و خاوه‌ن گرێبه‌ستانه‌ دووباره‌ خۆیان نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خاوه‌نی ئه‌و زه‌وییانه‌!! كه‌ ئێسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌یه‌ و قه‌یرانیتریش به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت...
دووه‌م: هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ توانیان كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان بپارێزن له‌ خانه‌قیین تاوه‌كو كه‌ركووك ، ئه‌وانه‌شی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌یان پاراست تێیاندا هه‌بوو گه‌یشتبووه‌ پله‌ی عه‌قید، كه‌چی له‌گه‌ڵ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌موویان بوونه‌وه‌ پۆلیس و كارمه‌ندێكی ئاسایی چونكه‌ نه‌یانتوانیبوو به‌شێوه‌ی كیتابی ره‌سمی شه‌رعییه‌ت بده‌ن به‌و پۆلیسانه‌ی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌یان پاراستووه‌!! ته‌نانه‌ت ئه‌و پارێزگایه‌ی كه‌ جاران له‌ ده‌ربه‌ندیخان قوتیان كردبووه‌وه‌ و هه‌زاران كه‌س مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیری و هتدی به‌ناوی كه‌ركووكه‌وه‌ كردبوو، ئێسته‌ كه‌ بته‌وێ ناسنامه‌كه‌ت نوێ بكه‌یته‌وه‌ و كارتی نیشتیمانی ده‌ركه‌یت ده‌بێت بچیت له‌ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئه‌لف و بێی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیری و زه‌واجه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌یت و وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆژت بێت؟!! ئه‌مه‌ واته‌ی چییه‌؟ واته‌ ئیداره‌دان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكێكه‌وه‌ كه‌: عه‌قڵییه‌تی ده‌وڵه‌تداری و نووسراوی فه‌رمی و شه‌رعییه‌تی یاسایی نازانێت و ته‌نها مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخێكی سه‌پێنراوی واقعدا ده‌كات‌.... ئه‌مان به‌ حساب باڵاده‌ست و پارێزگاربوون له‌ كه‌ركوك و قایمقام به‌ده‌ستی كوردبوو له‌ دوز خورماتوو، كه‌چی هه‌ر جاره‌ و لیستێكی دامه‌زراندنی خه‌ڵكی تر ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی پارێزگا ده‌هاته‌ كه‌ركوك و دوز و ده‌بوونه‌ فه‌رمانبه‌ر و كاكیشم فه‌رمانبه‌ری هه‌رێمی ده‌نارده‌ كه‌ركووك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تاپۆكردنی سه‌دان دۆنم به‌ناوی ئه‌م ده‌زگا و ئه‌و ده‌زگای تره‌وه‌!!
سێهه‌م: دوواهه‌مین كارێك كه‌ ئه‌مانه‌ تێێیدا ئه‌زموونه‌كه‌ی جاران دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ر وه‌ك پێشوو قسه‌ی عاتیفی ده‌كوروژێنن و هیچی فه‌رمی لێناكه‌وێته‌وه‌ بابه‌تی ته‌عریبی نوێی كه‌ركووكه‌ كه‌ به‌ نووسراووێكی فه‌رمی پارێزگار كراوه‌ و داوای نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ هۆز ده‌كات له‌پارێزگای كه‌ركووكدا و نووسراوەكە هاوپێچە و لە 18ی 5ی2020دەركراوە، براده‌رانی خۆمان له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ نووسراوێكی فه‌رمی ئه‌م كاره‌ چاره‌سه‌ركه‌ن، ده‌ڵێن قسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ و به‌ڵێنیان پێ داوین ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ركه‌ن!! بێزه‌حمه‌ت كووا ئه‌و نوسراوه‌ فه‌رمییه‌ی كه‌ بڕێاره‌كه‌ی پارێزگار هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌وه‌؟! بۆ به‌ نووسراوی فه‌رمی ناینێرن و بڕیاره‌كه‌ی پێ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌؟! ئه‌مه‌ پارێزگارییه‌ له‌ دڵ و قودسه‌كه‌ی كوردستان؟! ئه‌مه‌ عه‌قڵێیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و داكۆكییه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌تان؟! دیاره‌ ئه‌م عه‌قڵییه‌ت و سیاسه‌تكردنه‌ شه‌رعیه‌ت و پاساوی بوونی نه‌ماوه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌دیلی بۆ په‌یدا نه‌بووه‌! ئه‌گینا ئه‌و دۆخه‌ی كوردستانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ئێستا هه‌یه‌تی شایسته‌ی لابردن ودادگه‌یی كردنێكی توندی ئێوه‌یه‌ نه‌ك هێشتنه‌وه‌ و ستایش كردنتان!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand