ژیان لە سەردەمی جنێویزمدا
2020-06-17 12:46:10
پەیكار عوسمان
سیاسەت خۆی، بەڕێوەبردنی ژیانی گشتییە. بەڵام سیاسەتی ئێمە، تێکدانی دەروونی گشتییە!
"ژیانی گشتی" ئەکاتە دەرەوەی ئێمەو "دەروونی گشتی" ئەکاتە ناوەوەی ئێمە. کاری سیاسەت لە دەرەوەیەو بۆ ئەوەیە کە فەزای دەرەوە بە باشی ڕێکبخاو ئەوەش ناڕاستەوخۆ ئارامییەکی دەروونی بداتەوە بە ناوەوەی هاوڵاتی.
بەڵام سیاسەتی ئێمە، دوای ئەوەی لە ئیدارەدانی مەلەفی دەرەوەدا فەشەلی هێناو تەواوی فەزای دەرەوەی فاسدو کاولکرد. ئێستا بەتەواوی وازی لە دەرەوە هێناوەوە شەڕەکەی هێناوەتە ناو دەروونی ئێمەوە!
موجەڕەد فەشەلەکەی دەرەوە، کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی ئێمە داناوەو گرژیکردوە. کەچی حیزبی کوردی بەوەش وازت لێناهێنێ و ئەمجارە ڕاستەوخۆ دێتە ناو دەروونتەوەو ئەیکا بە ئاودەسی هەڵڕشتنی پاشەڕۆکانی!
تۆ سەیرکە هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك قەناتی کوالیتی بەرزت هەیە! هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك سایت و دەزگای ڕاگەیاندنی تێرو پڕت هەیە! هەموو شتێك خراپە، کەچی دنیایەك پەیجی حیزبی و موخابەراتی و سێبەرت هەیە! تۆ سەیرکە لە گەرمەی قەیرانی کۆرۆنادا، پارە تەنانەت بۆ کەرتی تەندروستیش نیە، کەچی بۆ دنیایەك ڕاگەیاندنکارو سایتەوان و پەیجەوان هەیەو هەڵڕژاوە!
هەموو ئەمانەش، کاریان هەر ئەوەیە کە دەروونمان بکەن بە حاویەو هاوتای بکەنەوە لەگەڵ زبڵدانەکەی دەرەوە!
سیاسەتی ڕاستەقینە، کە ئیشەکەی چاککردنی دەرەوەیە، ئەگەر ڕەبتێکی بە ناوەوەی ئێمەوە هەبێت، لەگەڵ عەقڵ و هۆشیاری و ویژدانی ئێمەدایە. چونکە ئەمانە نوێنەرایەتی چاکبوونی ناوەکی ئێمە ئەکەن و سیاستیش نوێنەرایەتی چاکبوونی دەرەکیی ئێمە ئەکاو لێرەدا چاکبوونی دەرەکی و ناوەکی یەکانگیرئەبنەوە، کە ئەوەش دۆخە دروستەکەیە.
بەڵام سیاسەتی موزەییەف، کە ئیشەکەی خراپکردنی دەرەوەیە، هەر بەوە ناوەستێ و دێ دەروون و ناوەوەی ئێمەش خراپئەکا. چونکە عەقڵ و ویژدان و چاکەی ناوەکیی ئێمە، ئەو خراپەکارییەی دەرەوە قبوڵناکاو ڕوبەڕوی ئەبێتەوە. جا بۆئەوەی ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە ڕوونەدا، ئەبێ ناوەوەش خراپبکرێ و ئەمجارە خراپەی ناوەکی و دەرەکی یەکانگیر ببنەوە! کە ئەوەش دۆخە هەرە خراپەکەیەو دۆخەکەی ئێمەش بەداخەوە لەو جۆرەیە.
بۆئەوەی دەروونی ئینسان خراپبکرێ و عەقڵ و ویژدان و چاکبوونە ناوەکییەکەی پەکبخرێ. گیرۆدەی ڕقی بکەو بەردەوام ڕقی بەرێ. گیرۆدەی عاتیفەسازیی بکەو بەردەوام کەشی عاتفی و حەماسی بۆ دروستبکە. گیرۆدەی درۆی بکەو بەردەوام وەهم و فەیك و درۆی بۆ دابتاشە. گیرۆدەی نائارامیی بکەو بەردەوام فەوزای بۆ دروسکە. گیرۆدەی شەڕی بکەو مەیەڵە بێ شەڕبێت، نەوەك لە بێ شەڕیدا بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێ. برسی بکە، بۆئەوەی لە گەدەیا سجنیکەیت و نەیەڵیت سەرکەوێ بۆ لای عەقڵ. پۆرنۆگەرایی پەرە پێبدە بۆ ئەوەی ئینسان بچێتە خوار گەدەو زیاتر لە سەر دوورکەوێتەوە. لە هەمووشی خراپتر، دەس بۆ مادەی هۆشبەریش شلکە، با ئەویش بێت وقوڕەکە خەستتربکاتەوە!
بەمجۆرە تاك و کۆمەڵگا، لە عەقڵ و ویژدان و ئیرادەو ئەخلاق و ئازادی و ڕاستی داماڵەو دەروونی بکە بە زبڵدانێك، کە لەگەڵ زبڵدانەکەی دەرەوەیدا، مەنجەڵ و سەرقاپی یەكبن و سیاسەتی موزەییەفیش هیچ کێشەو لەمپەرێکی لەبەردەم نەمێنێت!
یەعنی کە دەرەوە فاسدو خراپبوو، تاکە هیوا، ئەوەیە کە وزەی چاکبوونی ناوەکیی بەگەڕبخەین، بۆئەوەی چاکەی ناوەوەمان بێتە دەرەوەو خراپەی دەرەوەش چاکبکاتەوە. بەڵام بەدبەختی و دێزیی ئێمە لەوەدایە کە، دوای کاولکردنی دەرەوە، ئێستا ڕێك خەریکی کاولکردنی دەروون و ناوەوەشین و خەریکین تاکە هیواکە بکوژین، کە ئەوە ڕێك ئینتیحاری دەستەجەمعییە!
سیاسەتی ئێمە کە لە جۆری موزەییەفە، کاری دەرەوەی لێبۆتەوەو هیچ نەما خراپی نەکا. ئێستا بەتەواوی یەکلابۆتەوە بۆ خراپکردنی ناوەوەی ئێمەیە، لەڕێگای شەڕی دەروونی و هەواڵی فەیك و ناوزڕاندن و ڕقڕشتن و جنێویزمەوە!
چۆن لەکاتی شەڕەتەقەدا پارەی فیشەکەکانیان لە سەر حسابی ئێمەیە، لەکاتی شەڕەجنێویشدا، پارەی جنێوەکان هەر ئێمە ئەیدەین و پەیجەوان و ڕۆژنامەچی و جنێوفرۆشەکانیان بە پارەی گشتی ئەژیێنن!
ئێمە گەیشتوینەتە دۆخێك، کە دوو ڕێگامان لەبەردەمە. یان چاککردن، یان بەربوونە یەکتر بۆ خۆدزینەوە لە چاککردن!
حیزب و دەسەڵاتی ئێمەش، هەمیشە ڕێگای دووەم هەڵئەبژێرێ و لەبری چاکسازیی، ڕقسازیی و کەشی تێكبەربوون و بەدیلی چاککردنت بۆ ئەخولقێنێ! چونکە ئەو لەسەر فەساد دامەزراوەو ئەگەر لە فەساد بدا، لە بوون و بناغەی خۆی ئەدا!
حیزب بوونە گشتییەکە، ئەکاتە قوربانی ئەم بوونەی خۆی و بە مانەوەی ئەزانێ، بێئاگا لەوەی کە بوونی حیزب لەناو بوونە گشتییەکەدایەو کوشتنی بوونە گشتییەکە، ئینتیحاری حیزبیشە!
دەی منو تۆش کە هێشتا ناتوانین ئەوان بخەینە دۆخی چاککردنەوە، هیچنەبێ با نەیەڵین ئەوان ئێمە بخەنە ناو کەشی تێکبەربوون و خراپبوونەوە.
جا لەپێناو دەروونی خۆت و چاکەی گشتی (پەیجی ڕق و قەناتی هەواڵ) لە ژیانی خۆت دەرکە. ئەمە بکە تۆ هێشتا هەر لەناو بەدبەختییەکانی خۆتدایت. بەڵام ئەوکات بواری ئەوەت هەیە بیرێك بکەیتەوەو ئەو بیرکردنەوەیەش دەروازەی دەرچوونە. لەکاتێکا لە گێژاوی ئەو دووانەدا، تۆ جگە لەوەی لەناو بەدبەختیدایت، بواری بیرکردنەوەو ڕێگای دەرچوونیشت نیەو خۆت ئەبیتە کەرەستەی مانەوەو بەردەوامبوونی دۆخەکە!