له پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیاییدا، مه‌ترسیی ناوچه‌گه‌ری له‌باشووری كوردستاندا..
2020-06-17 10:36:08
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا*
به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی
له‌زانستی میدیادا، ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كانی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وه‌ها تیۆریزه‌كراون و ناسێنراون كه، له بنه‌ڕه‌تدا، به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تین. ئه‌م وێناكردنه، زاده‌یه ئه‌وه‌یه كه چه‌ند لایه‌نێك رۆڵیان له چۆنیه‌تی داڕشتن و ئاراسته‌كردنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كاندا هه‌یه، له‌وانه: سیسته‌می سیاسی، یاساكانی راگه‌یاندن، ئیتیكی رۆژنامه‌وانی، سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خۆیان به خواسته پیشه‌یی و ئۆرگانیكه‌كانییه‌وه، په‌یوه‌ندیگران(القائمون بالإتصال)، جه‌ماوه‌ر ..هتد.
هه‌ر یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه ده‌ستیان هه‌یه له‌وه‌ی كه هه‌واڵه‌كان به‌چ شێواز‌و زمان و خستنه‌ڕوویه‌ك و، به چ فۆرمێكی له‌چوارچێوه‌دان Framingو، بگره به چ خواست و ئامانجێكی دیاریكراو گه‌ڵاڵه ده‌كرێن و به‌هایان پێده‌درێت.
ئامانجی سه‌ره‌كیش، بۆ میدیاكان، له‌كۆتاییدا بریتییه له ئاماده‌كردن و بڵاوكردنه‌وه/په‌خشكردنی هه‌واڵێك كه به‌های بۆ وه‌رگرانی هه‌بێت، جا وه‌رگر بینه‌ر بێت، یان بیسه‌ر، یان خوێنه‌ر. ئه‌مه لۆژیكی زاڵی پیشه‌سازیی هه‌واڵه له‌بواری ماسمیدیادا به هه‌موو تایپه‌كانییه‌وه: بینراو، بیستراو، چاپكراو، ئه‌لكترۆنی.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش، له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، له میدیای گشتییه‌وه بیگره بۆ میدیای تایبه‌تمه‌ند Specialized media، له‌به‌ر هۆكاری ركابه‌ریكردنی یه‌كتر بێت، یان به ئامانجی بازاڕسازیی سیاسی Political Marketing بۆ گوتار‌و بیروباوه‌رێكی دیاریكراو، یان بازرگانی و قازانجی په‌تی، به‌م لۆژیكه كارده‌كه‌ن، واته په‌نا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره هه‌واڵێك ده‌به‌ن كه ده‌ربڕی پێویستی و چاوه‌ڕوانیی یه‌كێك یان چه‌ند جۆرێكی ئه‌و فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییانه بێت كه نهێنیی پشت پیشه‌سازیی هه‌واڵ و سازاندنی ناوهڕۆك و به‌های هه‌واڵه‌كانن.
ناهارمۆنییه‌ت و زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی
ئه‌و ده‌ستپێكه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه كه بڵێین، هه‌واڵه‌كان له‌میدیاكاندا، وه‌كچۆن به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تین، ئاوهاش ده‌شێت، له‌بواری پراكتیكدا، به هه‌ردوو دیوی زیان و قازانجی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م بهێنرێن و بشكێنه‌وه!.
به مانایه‌كی روونتر، دروستبوونی هه‌ر ناهاوسه‌نگی و نا هارمۆنییه‌تێك له‌نێوان كۆی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه رۆڵیان له داڕشتنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵی میدیاكاندا هه‌یه، زوو به زوو به‌دیار ده‌كه‌وێت، بگره ده‌بێته هۆی زاڵكردن و زه‌قبوونه‌وه‌ی یه‌كێك یان هه‌ندێك له‌و فاكته‌رانه له‌سه‌ر حسابی فاكته‌ره‌كانی تری پیشه‌سازیی هه‌واڵ، ئه‌مه‌ش میدیاكان وا لێده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی پیشه‌ییبوون Professional بخلیسكێن، له‌وه‌ش زیاتر، له‌پێناوی پێویستی و ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراودا، ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كان پێشێل بكه‌ن.
له بنه‌ڕه‌تیشدا، هۆكارێك له‌هۆكاره‌كانی به زانستیكردنی بواری ماسمیدیاو ئه‌م چالاكییه مرۆییه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، هیچ نییه جگه له پێگه‌یاندنی ئه‌كادیمییانه‌ی هه‌ر كه‌سێك و بكه‌رێك كه بیه‌وێت میدیاكاربێ و گه‌شه‌پێدانی توانا‌و لێوه‌شاوه‌ییه‌كانی و چاندنی هۆشیاریی تیۆری و زانستی تیایدا، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنان و هه‌ڵسوڕاندن و به‌ڕێوه‌بردنی پیشه‌ییانه‌ی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن له قازانجی گشتیدا، یان وه‌رگری تایبه‌ت، ئه‌وه‌ش به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی میدیاكان و ئاراسته‌ی رووماڵ و گوتاریان.
ده‌سكه‌وت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌ترسییش!
له‌ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵ و دامه‌زراندنی داموده‌زگای هه‌مه‌جۆری راگه‌یاندندا واڵا كردووه، به سه‌دان كه‌ناڵ و ده‌زگای راگه‌یاندنمان له بواری بینراو و بیستراو و چاپكراو و ئه‌لكترۆنیدا هه‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر، وه‌ك سه‌ره‌تا Principle، له‌رووی سیاسی و مه‌عنه‌وییه‌وه، ده‌سكه‌وتێك بێت بۆ هه‌رێمه‌كه‌و ره‌گه‌زێكی پیاده‌كردنی تیۆری ئازادی بێت Liberal theory له‌بواری میدیادا، ئه‌وا له رووی پراكتیكییه‌وه، به‌داخه‌وه، بۆته زه‌مینه‌سازیی بۆ دروستبوونی سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌كڕیزیی نیشتمانی و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵگه‌ییانه‌ی كه توانای سوودوه‌رگرتنیان له‌و ماف و ئازادییه‌و، به‌ڕێوه‌بردن و پاره‌داركردن و خاوه‌ندارێتیكردنی داموده‌زگا گه‌وره‌كانی بواری ماسمیدیا له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، زیاتر بریتین له گروپ و پارته سیاسییه‌كان، یان كه‌سایه‌تییه سیاسییه پارهدارو خاوه‌ن پایه‌كانی ناو پارته‌كان.
پارته سیاسییه‌كانیش له ئه‌زموونی باشووری كوردستاندا، هه‌میشه له ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتن و ركابه‌ریی سیاسی‌دا بوون و تا ئێستاش به‌رده‌وامن، ته‌نانه‌ت به هۆی شه‌ڕی شوومی ناوخۆیی نێوان هێزه‌كانه‌وه كه دیارترینیان شه‌ڕی ساڵانی(1994-1998ز)ی نێوان هه‌ردوو پارته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی باشووری كوردستانه:(پ.د.ك) و (ی.ن.ك)، دابه‌شبوونی جوگرافیا‌و ناوچه‌كان و ته‌نانه‌ت سیسته‌می كارگێڕیی هه‌رێمه‌كه‌شی لێكهوتهوه، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه هه‌رێمی كوردستانیش، بۆ چه‌ندین ساڵ، بووبه دوو زۆن و كانتۆنی ئیداری كه تا ئه‌مڕۆش ئاسهوارهكانیان ماون!.
تێوه‌گلانی میدیا له ململانێ سیاسییه‌كاندا
مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ بواری میدیا، كه له پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیایدا ره‌نگده‌داته‌وه، كاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌كانی دابه‌شبوونی هه‌رێمه‌كه‌یه بۆ دوو زۆنی سیاسی و ئیداری و ته‌نانه‌ت كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تیش!. ئه‌م دوو زۆنییه كه زاده‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت و رووداوه‌كانی دوای راپه‌ڕین بووه، ماسمیدیای كوردستانیشی له باشوور، له‌گه‌مه‌و شه‌ڕو ململانێكانی خۆیه‌وه گلاندووه، چونكه، وه‌ك پێشتر وتمان، له بنه‌ڕه‌ندا، خاوه‌ندارێتیی زۆربه‌ی كه‌ناڵ و ده‌زگاكانی ماسمیدیا له باشووری كوردستاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هێزه سیاسییانه‌و میدیا سێبه‌ره‌كانیان كه تا رۆژگاری ئه‌مڕۆش له ململانێی سیاسیدان، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ململانێیه‌شدا، له رووی ره‌مزیه‌وه، دوو شاری سه‌ره‌كیی هه‌رێمه‌كه‌یان كردۆته‌وه چه‌ق و سیمبولی سیاسی و ئیداریی خۆیان كه ئه‌وانیش شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانین.
ره‌نگدانه‌وه‌ی ناوچه‌گه‌رێتی له پیشه‌سازیی هه‌واڵ و داڕشتنی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كانی داموده‌زگا میدیاییه‌كاندا، باكگراوه‌ندێكی مێژویی هه‌یه. ئه‌م دیارده‌یه، بۆته به‌هایه‌كی تایبه‌ت و درێژكراوه‌ی به‌شێك له‌و به‌هایانه‌ش كه ئه‌م پیشه‌سازییه ئاراسته ده‌كه‌ن.
وێنه‌سازی بۆ دوو شاره گه‌وره‌كه
ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م دیارده ترسناكه هه‌ر له‌وه‌دا نییه كه به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خاوه‌نی ده‌زگا میدیاییه‌كان و پاره‌داركارانی هه‌ڵده‌سوڕێت و پێویستی و چاوه‌ڕوانیی ئه‌وان جێبه‌جێده‌كات، به‌ڵكو له‌و درزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌شدایه كه له‌ڕێی داتاشینی وێنه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری بۆ هه‌ردوو شاره گه‌وره‌كه‌ی باشووری كوردستان ده‌یخاته ناو كۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌ر له‌رێگه‌ی ماسمیدیاوه، زۆر به خوێنساردی و بێ هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی كه تیۆرێكی بنه‌ڕه‌تی بواری میدیایه Theory of social responsibility، دێت و ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموگرافییش به دابه‌شبوونه سیاسییه‌كان ده‌دات، به جۆرێك كه، سیمبولییه‌تی سیاسیی هه‌ردوو شاره‌كه، هه‌ولێر و سلێمانی، ته‌نانه‌ت وابه‌سته‌ی ئه‌و گروپه سیاسییانه نه‌بێت كه راسته‌وخۆ له ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتندان، به‌ڵكو رۆژ به رۆژ بكرێته فاكت و بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رجه‌سته بۆ ئه‌و به‌شانه‌ش له‌دانیشتوانی هه‌ردوو پارێزگاكه كه ئه‌ندام و لایه‌نگری هێزه ركابهرو ململانێكاره‌كان نین!.
مه‌ترسییه گه‌وره‌كه‌ش لێره‌دایه!: ماسمیدیای كوردی ده‌بێته هۆكاری بچڕاندنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی رایه‌ڵه كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كان كه ریزبه‌ندی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی نیشتمانی‌یان له‌سه‌ر به‌نده.
میكانیزمی میدیایی بۆ گه‌مه‌ی ناوچه‌گه‌ری..!
میكانیزمه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م جۆره ترسناكه له پیشه‌سازیی هه‌واڵ، كه به ئاگاوه بێ، یان بێ ئاگا، دێت و به‌ها به‌و هه‌واڵانه‌ش ده‌دات كه دابه‌شبوونی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر له‌باشووری كوردستاندا ده‌خوڵقێنن، كۆمه‌ڵێك میزكانیزمن كه بێگومان له رواڵه‌تدا به‌زه‌قی هه‌ستیان پێ ناكرێت، به‌ڵام له سه‌رنجدانی زانستییانه‌ی ئه‌كادیمییان و له‌توێژینه‌وه میدیاییه‌كانی بواری پێوانه‌كردنی كاریگه‌رییه‌كانی میدیا له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵ، به ڕوونی زیانه‌كانیان ئاشكرا ده‌كرێت، هه‌موو ئه‌وه‌ش له پێناوی چی؟ ته‌نها له‌پێناوی جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی ده‌ره -پیشه‌یی و دوور له زانستی میدیا كه یه‌كسانه به ده‌سكه‌وتی حزبی و كه‌سیی په‌تی و، له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریی مه‌ترسیداره‌وه كه رقی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌ناو به‌شه جیاوازه‌كانی دانیشتوانی هه‌رێمدا ده‌چێنێت. دیارترین ئه‌و میكانیزمانه‌ش، به‌داخه‌وه، ئه‌مانه‌ن: -
1) زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه ناخۆشه‌كانی شارێك له شاره‌كان و داپۆشینی هه‌مان بابه‌تی هه‌واڵ له شارێكی تردا.
2) بڵاوكردنه‌وه‌ی راستهوخۆو تۆماركراوی حاڵه‌ت و دیارده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه نێگه‌تیڤه‌كانی شارێك و په‌رده‌پۆشكردنی هه‌مان دیارده‌و حاڵه‌ت له شارێكی تردا.
3) بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر رووداوی شارێك له ڕێی پشتبه‌ستن به هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی دڵخوازو، پشتگوێخستنی زانیاریی تری په‌یوه‌ست له‌سه‌ر هه‌مان رووداو كه ده‌شێت له سه‌رچاوه‌ی تری نزیك و په‌یوه‌ندیدارتره‌وه ده‌ست بكه‌ون.
4) زه‌قكردنه‌وه‌ی دیمه‌نه ناشیرینه‌كانی روخسار‌و رووی ئاوه‌دانیی شارێك و، بڕینی دیمه‌نه جوانه‌كانی تری روخساری هه‌مان شار‌و رووه ئاوه‌دانی و شارستانییه‌كه‌ی.
5) گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی كه له راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه‌و وڵاتانی بیانییه‌وه به نه‌رێنی له‌سه‌ر شارێك بڵاو ده‌بنه‌وه‌و، شاردنه‌وه‌ی(تعتیم/Media blackout) ئه‌و هه‌واڵ و رووداو و زانیارییه ئه‌رێنییانه‌ی كه له‌و راگه‌یاندنانه‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌مان شار، په‌خشده‌كرێن.
6) یاریكردن به زانیاری و فاكت له سه‌ر رووداوه مێژووییه‌كانی شارێك و، ستایشكردن و پێوه‌نانی زانیاری و ریكلامكردن بۆ رووداوه مێژووییه‌كانی شارێكی تر.
7) زه‌قكردنه‌وه‌ی كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان له شارێك و، خۆ دوورگرتن له رووماڵكردنی هه‌مان كه‌موكورتیی خزمه‌تگوزاری له شاری تردا.
8) شێواندنی هۆكاری راسته‌قینه‌ی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری، یا بێده‌نگیی جه‌ماوه‌ریی له شاره‌كان و، دروستكردنی وێنه‌و شیكاریی هه‌ڵه‌و نابابه‌تی له‌باره‌یانه‌وه، چ به ستایشكردن بێت یان سوكایه‌تیپێكردنی ناڕاسته‌وخۆ.
9) فووكردن به‌خاوه‌ندارێتیی سیاسیی شاره‌كان و دیاریكردنی سنوری نفوزی سیاسی، به‌پێی ئه‌و بازاڕسازییه سیاسییه‌ی كه له‌ڕێی پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیاییدا بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌رامی سیاسی و حزبیی به‌رته‌سك، ده‌كرێن.
10) پشتگوێخستنی ئه‌و كاراكته‌ره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رووناكبیرییانهی شارێك كه پێیان ده‌وترێت سه‌ركرده‌ی بیروڕا Opinion leaders و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر رای گشتی هه‌یه‌و، له‌به‌رامبه‌ردا بایه‌خدان به‌وانه‌ی هه‌مان شار كه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگا میدیاییه‌كه‌دا ناكۆك نین و ده‌توانن كۆمه‌كی گه‌مه‌ی په‌رده‌پۆشكردنی جیاوازیكردنی ده‌زگا میدیاییه‌كه بكه‌ن له‌نێوان شاره‌كاندا!.
ئه‌وانه‌و زۆر میكانیزمی تریش له‌پیشه‌سازیی هه‌واڵ و رووماڵی میدیاییدا كه به‌داخه‌وه تا رۆژگاری ئه‌مڕۆ درێژه‌یان هه‌یه، هه‌ر هه‌مووشیان هه‌م له‌سه‌ر حسابی یه‌كڕیزیی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستانن، هه‌م له‌سه‌ر حسابی پرۆفیشالیزه‌كرنی كایه‌ی ماسمیدیاو ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كانی رووماڵی میدیایین.
...................................................
*خ. دكتۆرا له‌بواری ماسمیدیاو27 ساڵ ئه‌زموونی پراكتیكی